په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١٠\٢٠٢٢

مرۆڤی بەڕێز.

فه‌رهاد مازێ     


تەمەن تەنیا شەو رۆژێکەو هەفتە و مانگ و ساڵ لە خۆتکەوە، ساڵ و مانگ و هەفتە دوور و درێژن لە رۆژ و شەوێکدا، تا دەکرێ چێژ وەگرە و ئازادبە.

 

دوورکەوە لەو دەمژمێرە بێ گیانەی دەموژەم دەژمێرێ، لە هەست و ناخ ناگا چک، چک، چک، نزیک بوویتەوە لە مردن هێندەت نەماوە چک، چک، چک، بزەیەک و پژمینێک و کۆخینێک بۆ ئاوابوون.

 

لە ژێر کۆنترۆڵی ئەودای و هیچی پێنیە بۆ ژیان، هەواڵی ناخۆش دەدا بەگوێت ئەو، من بە ژیانەوە نووساوم، بیر لە جێهیشتن و ئاوابوون ناکەمەوە، هەر هێندەم دەوێ رێز و خوشەویستیی و تەبایی و پێکەوەبوون، تۆزێ فێنکیی و کەمێ سەوزایی و بڕێ شەونم.

 

ژیان شەو و رۆژێکە، پڕ بووین لە برین، شەو و رۆژێکە ژیان دوور لە ئازار و ژان، دوور لە پژمین و پێشهاتی رووداو، لە جەنگ و ئاین و رەنگ، لە مردنی مرۆڤ و ماسی دوور، لە هەژاریی و چەوساندنەوە و ماندووێتی و سیلاک و سیکراب.

 

خۆشبەختییت بکە بە ئارەزوو مرۆڤبوون گەشە و باڵا دەکا، ئارەزووێکی پاک و بێگەرد، خەونیش بێت پێیدەگەیت گەر هەنگاوی بۆ بنێی.

 

مرۆڤ ماندوو نەبووی لەو هەموو کەوتن و زەلیلەی خۆت، بەو هەموو ژەهر و ڤایرۆسە و خۆپەرستیی و جەنگ و گووکردنەوە بەڕێدادەڕۆی، بێ باکانە لێبووردنێک ناکەی، قوونیشت ناشۆی.

 

ئاین و رەنگ و سنوورت درۆ، خۆشبەختییت بکە ئارەزوو سنوور و جەنگ و رەنگ و ئاین لە خۆتکەوە، لە پیسیی وەرە دەرەوە, پرسیاری ژیان لە خۆت کە، بەختەوەریی بەخشندەیە.

 

ژیان شەو رۆژێکە بڕۆیی و ناگەڕێیتەوە، مەترسە تۆ لە ناو جەنگ و ژەهر و ڤایرۆسدای، وەرە دەرەوە هەنگاو بنێ بۆ خۆشبەختیی، لە بڕین و پارچەبوون لە شکان و وورد بوون لە جەنگ و ئاین و رەنگ دوور، سروشت رزگارکە لە پیسبوون، تا ماسی و درەخت و ئاژەڵ و باڵندە لە ناو سروشتی خۆیان بژین، رابردوو پڕە لە کوشتن و چەوسانەوە و راکردن و راوەدوونان.

 

پەلەمەو دەبێ بگەم بە ژیان، تا بەیانیم گریان نەبێ بۆ ئەمڕۆم، خۆشبەختییت بکە ئارزوو، لەگەڵ ژیان بوەستە، بۆ وێنە نا بۆ خۆت و ژیان.

 

دڵی ماسی بکە بە ماڵ، لە قاچەکانی مامز فێرە رۆیینبە، بە باڵەکانی کۆتر فێرە فڕین، لە هەنار فێرە بەخشینبە و دوور کەوە لە سوتانی هەناسە و رشتنی ژیان.

 

ژیان بڕژێ کۆنابتەوە، پەرتدەبی وەکو مرۆڤ، ژیان بشكێ تا مردن بە خواری دەڕۆی، ژیان بدڕێ وەک ئەمڕۆ پڕین لە کوشتن و ترسان.

 

کات نەماوە دەمەوێ بگەم بە ژیان و پێیبڵێم بمبوورە لە شکان و دڕان و رژان، شەو رۆژێک قەرزارتم، لە رژان و دڕان و شکان ژیام، شەو و رۆژێک زۆرە بۆ ژیان، ژیان شەو و رۆژێکە بۆ بزە و خەندە و پێکەنین.

 

دووربە لە پرسە و ماتەمین، بەو هەموو برین و ژان و زامەوە، بۆ ژیان بوەستە، جوانە شەو رۆژێک بژیت بۆ ژیان، ژیان جوانە شەو و رۆژێک بۆی بژی، شەو و رۆژێک بێ ئاین و رەنگ و دەنگ بە، شەو و رۆژێک خۆتبە، بڕۆ ناو بێدەنگیی، لە ئاین و رەنگت دووربە.

 

سەیری شکان و دڕان و پەرتبوون مەکە و چاوت بڕوا بۆ ژیان، ئاین و رەنگ و زمان و سنوور تێپەڕێنێ، ماسی و مرۆڤ و درەخت و باڵندە و ئاژەڵت خۆشبوێ، ئاڵوودەی ژیان و جوانیی بە.

 

لە ناو جوانیی و ژیاندا تۆ هەی، لە دەرەوەی ژیان و جوانییدا دەسشکێی و دەدڕێی و دەڕژێی، لە ناو وردبوون و لەتبوون و وونبوون باش نی و خراپی.

 

گەر دەتەوێ روون و بێ رەنگبی ببە بە ئاو، لە ناو روونیی و بێ رەنگییدا ئاسمان و سێبەر و ژیانی، ژیانبە، سێبەربە، ئاسمانبە، سێبەر و ئاسمان و ژیانی.

 

شەو و رۆژیك بژی، ژیان شەو و رۆژێکە.

 

بڕۆ ناو ژیان لە ناو ژیاندا جوانی.

 

ماڵپه‌ڕی فه‌‌رهاد مازێ

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک