په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٢\٢٠١٦

مرۆڤی ستەملێکراو و چەوساوەی کوردستان چۆن رزگاری دەبێ؟


جیهاد محەمەد     


کارڵ یاسبرز دەڵێت: خەڵک ـ بە بەردەوامی ـ لە میانەی زانست و دین و فەلسەفەوە لە هەوڵی ئەوەدان سنوری ژیانی خۆیان تێپەڕێنن، بۆ ئەو ئاستەی کە بەختەوەریی تێیدا بە دەستدێنن، بەڵام لە دواجاردا تووشی تێشکان و رشبینی دەبن.


ئەم فەیلەسوفە دەڵێت: مرۆڤەکان لە کاتەکانی تەنگانە و نەخۆشییەکانیان و ئازاری تاقەتپڕوکێن، ئازاری ویژدان و نائاسوودەییان و تێشکانیان فێر دەبن. مرۆڤەکان لەم ئەزموونانەوە گەورەترین وانە فێر دەبن. ئەم رۆژە ناهەموار و تەنگانانەی ژیانی مرۆڤەکان، گەورەترین سەرچاوەی فێربوونە، لە هەموو فەلسەفەکان و زانستەکان و زانینەکان گەورەتر و مەزنترە. لەم حاڵەتانەدا مرۆڤەکان دەگەڕێنەوە بۆ ناخی خۆڕسکی خۆیان، مرۆڤەکان لەم حاڵەتانەدا کوڕی سەردەم و بارودۆخی خۆیان نین، سەردەم و بارودۆخی خۆیان تێدەپەڕێنن. هەموو بارودۆخەکان دروستکراوی دەستی مرۆڤەکانن، مرۆڤەکان چۆن خۆیان بارودۆخەکەیان دروستکردووە، بە هەمان شێوە کاریگەری هەیە لەسەریان و بۆ جارێکی دیکە دروستیان دەکاتەوە و رایان دەهێنێت و لەگەڵ خۆیدا دەیانگونجێنێت و تووشی نامۆییەکی نوێیان دەکات. بەڵام مرۆڤ زۆر لەوە گەورەترە کە مێژووکرد و دروستکراوی دەستی مێژوو بارودۆخ بێت، ئەم گەورەییەش لە کاتی تەنگانە و ناهەمواری ژیاندا دەردەکەوێت. مرۆڤی مێژووکرد و دروستکراوی بارودۆخ رزگاری نابێت و راستەقینەی خۆی نادۆزێتەوە تا خۆی ئازاد نەکات و تونا شاراوەکانی خۆی دەرنەخات.


بارودۆخی ناهەمواری ژیانی مرۆڤەکان کە دروستکراوی دەسەڵاتە سیاسییە ستەمکارو و چەوسێنەرەکەیە، بە هاوکاری خودی مرۆڤە ستەملێکرا و چەوساوەکان خۆیان، واتە بارودۆخی ناهەموار بە تەنها بە دەستی کەمینە دەسەڵاتگەرییە ستەمکار و چەوسێنەرەکە دروستنابێت، ئەوەی کە هاوکارییان دەکات هاوەبەشە لەگەڵیاندا خودی مرۆڤگەلە ستەملێکراو و چەوساوەکەیە.


ئەوانەی سودیان لەم بارودۆخە بینیوە کەمیەنەیەکی کەمن و بوون بە سۆبێکت و هەموو خەڵکیشیان کردووە بە ئۆبێکت. ئەم سۆبێکتە کەمینەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و بەردەوامیی دەسەڵاتگەرییەکەی خۆی، ئۆبێکتە زۆرینەکە بە دوای خۆیاندا بەکێش دەکەن، ئەویش بە بەکارهێنانی میکانیزمگەلێکی ئەفسانەیی، کەلەم بابەتەدا جێگەی باسکردنی نییە. بەڵام لە رۆژانی خەبات و تێکۆشان، لە رۆژانی نەخۆشییە قورسەکان و ناڵە وئازارەکاندا، لە رۆژانی هەستکردن بە ئازاری ویژدان و ناڕەحتیەکان و نزیکبوونەوە لە مردن، زەوینە خۆشدەبێت کە مرۆڤەکان بگەڕێنەوە سەر خۆرسکی خۆیان و ببن بە مرۆڤگەلێکی ئازاد. واتە لەم رۆژە ناهەموارانەدا زۆرینە ئۆبێکتەکە پێویستە خۆیان ببن بە سۆبێکت و خۆیان ئازد بکەن لە کەمیەن سۆبێکتە دروستکراو و ئەفسانەییەکە.


مرۆڤەکان لەم حاڵەتانەدا پێویستە شۆرشگێرانە و رایدکاڵانە رەفتاربکەن و خۆیان لە ئۆبێکتبوونی دەستی سۆبێکتە ساختەکە رزگار و ئازاد بکەن. مرۆڤ چ وەک تاک و چ وەک کۆمەڵیش تا نەبن بە خود، تا نەگەڕێنەوە بۆ خودی راستەقیەنی خۆیان، خودی خۆیان نەسەپێنن و لەسەر قاچی خۆیان نەوەستن، ناتوانن ئازادبن و ئازادی و رزگاری لەسەر دەستی سۆبێکتێکی کەمینەی ستەمکار و چەوسێنەردا مەحاڵە.


بە گوێرەی لێکدانەوەی ئەم فەیلەسوفە و هەموو ئەو فەیلەسوف و زانایانەی کە قسەیان لەسەر ئازادی کردووە وەک هێگڵ، مارکس کە نموونەی دیاری ئەو فەیلەسوفانەن، هەروەها وەک پاوڵۆ فرێری کە نموونەی دیاری پێکهێنانی پەروەردیەکەی فەلسەفەیانە و دیالۆگکارانەیە:


مرۆڤەکانی ئێستای کوردستان، هەموو ئەوانەی کە ئازار دەچێژن بە دەست ستەمکاریی و چەوساندنەوەی سەتمکارە حیزبییەکان و دەسەڵاتە سیاسییەکەی کوردستانەوە، تا دەرنەچن لەم بارودۆخە و تا شۆرش بەرپا نەکەن دژی ئەم بارودۆخە ئازد نابن.


ئەوەی من تێبینی دەکەم، هەموو هەوڵەکان، هەموو بایکۆتەکان، هەموو خۆپیشاندانەکان، هەموو پرۆژە حیزبییەکان، هەموو کۆڕ وکۆبوونەوە و چاوپێکەوەتنە تەلفزوێنیی و رۆژنامەوانییەکان، زۆربەی نووسینەکان، زۆربەی رەخنەکان لە بازنەی کولتوورە سیاسیی و کۆمەڵایەتیە داگیرکراوەکەدا دەرنەچووە و نەیتوانیوە ئەو فەزایە تێپەرێنێت. بۆیە خەڵکی کوردستان لە خولگەیەکدا دەسوڕێتەوە، کە هەموو جار دێتەوە سەر بای بەڕە کۆن و هەمان تاس و حەمام دروستدەکاتەوە و هێندەش ناهوۆشیارە وا دەزانێت گۆڕانکاریی دروستکردووە.


هەتا هەموو حیزبییەکان بە ئەندامان و لایانگرانیانەوە، هەموو دەنگدەرە بە پەرۆشەکانی سەر سندوقی دەنگدانەکان، تەڵاقی خۆیان وەرنەگرن لە حیزبەکان و لە دەسەڵاتە سیاسییە ستەمکارەکە، لەم کولتوورە رزییو و ناشایستەیە بە مرۆڤ ـ کولتووری دین، کولتووری کۆمەڵایەتی باو، کولتووری سیاسیی خۆ سەپێن، کولتووری بێدەنگی، کولتووری تووندوتیژی، کولتووری تۆڵەسەندنەوە، کولتووری دەسەڵاتگەریی، کولتووری پەروەردەی دۆگما و مەنەلۆگ، کولتووری خۆپەرستی و خۆ بەزلزان، کولتووری ئەفسانەی ناسیونالستی و "کوردایەتی" ـ رزگاری و ئازدی مەحاڵە.


خەڵکی کوردستان، بە دەستی خۆی مێردەزمەیەکی ناشیرین و دزێو و ستەمکاری بۆ خۆی دروستکردووە و خۆی لێ مارەبڕیوە، هەتا تەڵاق وەرنەگرێت لەم مێردەزمەیە ڕزگاریی و ئازادیی و شکۆمەندی بە خۆیەوە نابینێت.


ئەو مارەییەی کە خەڵکی کوردستان لەم مێردەزمەیە وەریگرت، ئەم ڕەوشە ناهەموارە بێ سەروبەرە بوو، کە هەموومان تیایدا دەژین، ئەگەر بەم مارەییە رازیت ئەم دەسەڵاتە ستەمکارەت پێرۆزبێت، ئەگەر ئەم رەوشە خراپە رایچڵەکانویت، دەبێت راچڵەکانەکەت بەو جۆرە بێت، کە تەڵاقی خۆتی لێوەرگریت و ئازادانە خۆت خۆت بەڕیوە بەرە، خۆت خۆت بە، خۆت رادەستی ستەمکار و چەوسێنەران مەکەرەوە جارێکی دیکە. دنیاییەکی بەختەوەر و یەکسان و دادپەروەر بە دەستی خۆت و بۆ خۆت و بۆ هەموو مرۆڤەکان بە بێ جیاوازی دروستبکە.


ئەگەر ئەمە نەکرێت، هەموو گۆرانکارییەکان خۆی لە ئەمسەر و ئەوسەر پێکردنی هاوکێشەکەدا زیاتر هیچی تر نابێت، واتە ئەنجامی خەبات و تیکۆشانەکان ئەوەی لێ دەکەوێتەوە، کە لای راستی هاوکێشەکە بچێتە لای چەپ یان بە پێچەوانەوە، واتە هاوکێشەکە وەک خۆی دەمێنێتەوە و ناکۆکیەکان هەڵناوەشێتەوە، تا هاوکێشەی ناکۆکییەکانیش هەڵنەوەشێتەوە ستەملێکراو هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە بە بەرگێکی رووکەش و ئەفساناویی ئازادییەوە لە نامۆییەکی قوڵتر و تەنگەژەیەکی ئاڵۆزتردا یاری بە ژیان و کەسایەتیی و کەرامەتییەوە دەکرێت.


١٦\٢\٢٠١٦ - کوردستان
ماڵپه‌ڕی جیهاد محه‌مه‌د که‌ریم

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک