٢٦\٢\٢٠٢٠
مرۆڤ و گوشارەکانى
شار.

ناودار زیاد
(گابریل گارسیا مارکیز) لە کورتە ڕۆمانى (بە یادى سۆزانییە
غەمبەرەکانم)دا باس لە تیاترۆى شارە گەورەکان دەکات، نەک گوند و ئاوایى
و شارۆچکە بچوکەکان، گوند و شارۆچکەکان جێگاى تیاترۆى تێدا نابێتەوە.
ئەدیبى ناودارى مەغریبى (محەممەد شوکرى) لە شارى تەنجە ئاشناى سۆزانى و
دز و قاچاخچییان دەبێت. شاعیرى گەورەى کورد (شێرکۆ بێکەس)یش لەناو
جەنگەى شارى (سلێمانی)دا دڵى دەشکێت و زویر دەبێت، لە کۆتا دیوانى
شیعریدا لەژێر ناونیشانى (ئێستا کچێک نیشتیمانمە) هیچ شتێکى شار هیواى
پێ نابەخشێت و نایخرۆشێنێت جوانى و ناسکى و شەوقى کچێکى بریندار و
دڵشکاو نەبێت.
هەر کاتێک باسى پیسبوونى ژینگە دەکرێت یەکێک لە هۆکارەکان دووکەڵ و
ژاوەژاوى ئۆتۆمبێل و ئامێر و مەکینە بێشومارەکان و ئەو کارگە
پیشەسازییانەیە کە سیماى شارە گەورە و قەرەباڵغەکانى ئەم ڕۆژگارەن.
ڤایرۆسى (کۆرۆنا)ى کوشندە لە (وۆهان)ى گەورە شار و حەشاماتنشینى (صین)ەوە
سەردەردێنێت و تەشەنەدەکات. نەخۆشییە دەروونییەکانى وەک خەمۆکى و
شیزۆفرینیا و ڕاڕایى و ترس بە هەمان شێوە زادەى ژیانى شارنشینە. مرۆڤ
کاتێک پێ دەنێتە ناو شارێکى گەورەوە یەکەم هەست کە هوروژمى بۆدێنێت و
بەریدەکەوێت هەستکردنە بە غەریبى و نامۆیى، ئەو هەستە قوڵە وجودییەى
درزێکى بەرین دەخاتە ڕۆحى بونیادەمەوە و پێیوایە بێکەسترین و تەنیاترین
مرۆڤى سەر زەوییە.
شار ئەگەر لەسەرێکەوە شوێنێک بێت بۆ خۆڕۆشنبیرکردن و بەرزکردنەوەى
ئاستى هۆشیاریى و گەشەپێدانى خودیى بەهۆى دەرگیربوونى تاک لەگەڵ کلتور
و نەریتى فرە و جۆراوجۆر و، دەرفەتى بەشداریکردن لە چالاکییە
زۆروزەوەندەکان و، دەستڕاگەیشتن بە ناوەند و سەنتەر و ڕێکخراو و
دامەزراوە هەمەجۆرەکان، ئەوا لە چەندین لاوە شوێنێکە بۆ گڕبەردان لە
هەڵپە و چاوچنۆکى و خواستە لەبننەهاتووەکانى ئینسان، ڕووبەرێکە بۆ چنگ
گیربوون لە بەرژەوەندییەکان و، پانتاییەکە تێیدا هەر کردەیەک و هەموو
شتێک بە ئەژمارى پارە و نرخ و ڕەواج و بازاڕ دەپێورێت.
لە شاردا سڵاوى ئینسانییانە ونە، ڕۆژێک دەیبینیت و، تا هەفتە و مانگی
تر بەرچاوت ناکەوێتەوە. بەهاکان بەئاسانى دەرناکەون، لاى یەکێک هەیە و،
لاى دەیان و سەدانى تر گاڵتەجاڕییە. خۆپەرستى و لەززەت و دەستکەوتە
فەردییەکان جێگاى هەماهەنگى و هاوکارییە دوولایەنى و
دەستەجەمعییەکانیان گرتووەتەوە. شار ئازارى ئەو هەستى مرۆڤایەتیبوونە
دەدات کە لە ناخى هەموو کەسێکدایە. وانییە ئەگەر بڵێین تاک لە شاردا
بەئاسانى بۆى دەچێتە سەر چاوقاییم و پێداگر و مکوڕ بێت، نەخێر، هەمیشە
و هەر سات شیمانەى پاشەکشە و سازش و دەسبەرداربوون بە ئەندازەى
پاڵەپەستۆ و گوشارەکانی چاوەڕوانکراوە.
لێرەدا هێندەى دەمەوێت باسى ئەو مەینەتییانە بکەم کە بونیادەم بەدەست
شارەوە دەیچێژێت، هێندە نامەوێت تەفسیرى شار بکەم، لێکۆڵینەوە و ناسینى
شار ئیشى ئەو پسپۆڕییەى زانستە کە ناوى (شارناسى)یە. پەیوەندى نێوان
شار و دڵڕەقى بەتوندى بەیەکترەوە گرێدراون. (یەشار کەمال)ى ڕۆماننووس
لە ئاواییەکەى خۆیانەوە (گۆگچەلى) بەمەبەستى دۆزینەوەى کار ڕوو لە شارى
(ئورفا) دەکات، کەچى بۆ ماوەى ساڵێک و زیاتر دایک و خزم و کەسەکانیى
گوندەکەى بیرنامێنێت. زۆربەى ئەو کاراکتەرانەى لە ڕۆمانەکانى (دۆستۆیڤسکى)دا
تاوان ئەنجام دەدەن خەڵکانى نیشتەجێى شارن، (راسکۆڵینکۆف) لە ڕۆمانى (تاوان
و سزا)دا پیرەژنێکى سووخۆر دەکوژێت، هەم سووخۆریى یەکێکە لە سیماکانى
شار، هەم ژینگەى جەنجاڵ و سەرقاڵى شار یارمەتیدەرى کردەى کوشتنەکەن.
نووسەرى بەناوبانگى یۆنانى (نیکۆس کازانتزاکیس) باڵدەگرێت و تەرەى شار
و وڵاتان دەبێت، داناسەکنێ و لە (کرێت) نەبێ لە هیچ کوێ ئۆقرە ناگرێت.
(مارتین هایدیگەر)ى فەیلەسوفى سەدەى بیستەم پلە و سەنگ و پێگەى شار توڕ
دەدات و، ڕوودەکاتە کوخێکى لادێیى و بە جلوبەرگى جووتیارانەوە ژیان
لەگەڵ جووتیار و خەڵکى سادە و خۆشمەشرەفى لادێنشین سەرمەستى دەکات و
سووکنایى پێدەبەخشێت. (محەممەد عومەر عوسمان)ى شاعیریش جوانى و
سەرنجڕاکێشى شارەکانى سوید ئارامى پێنابەخشن و، هەڵتەک هەڵتەک
دەگەڕێتەوە سلێمانى، چونکە بیرى هەر لاى کوچە و شەقام و چایخانە
شەعبییەکانى ئەو شارەیە کە هێشتا دەستى پیشەسازى و تەکنۆلۆژیا و
سەرمایەدارى نەگەیشتووە پێى و، فکرى هەر لاى دایک و خانووە کۆنەکەى
گەڕەکە میللییەکەى خۆیانە، کاتێکیش خەیاڵى شارەکەى بەرەو کوێرەوەبوون
و، خەونیى بەرەو نەزۆکبوون دەڕوات ئیدى چاوى بەرایى نادا و بەرگە
ناگرێت و خۆى دەکوژێت، (محەممەد عومەر عوسمان) کەس نەیکوشت دڵڕەقى شار
نەبێت.
znawdar910@gmail.com
|