په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٤\٢٠١٤

مرۆڤ و کۆیلەبوون.

ئەرسەلان سافیە     


لە هەر کات و سەردەمێک مرۆڤانێک هەبوونە کۆیلەی بیری دەوروبەری خۆیان بوونە.. زۆر ئەستەمە ئەو مرۆڤانە بتوانن ئازادانە و سەربەستانە بەرخورد لەگەڵ دەوروبەری خۆیاندا بکەن.. هەردەم ترسیان لە خودی خۆیان و بیرکردنەوەی خۆیان هەیە، هەر تاکێک لەو جۆرە مرۆڤانە بێجگە لەوەی بە پێی رەفتار و رۆڵی خۆی کار دەکاتە سەر خاوبوونەوەی رەوتی بەرەوپێشەوچوونی کۆمەڵ بە گشتیی و بوارە فەرهەنگییەکان بە تایبەتیی.. خودی مرۆڤەکەش هەرگیز لە ناخی خۆیدا هەست بە ئاسوودەیی و کامەرانییەکی تەواو ناکا و هەر خەریکی خەم و خۆخواردنەوە دەبێ و رووکەشانەش خۆی ئاسوودە پیشان دەدا لە ژیان، بەردەوام وا دەکا رارا بێ و نەتوانێ لە بارێکی دەرووونیی جێگیردا بێ.. چونکە رۆژانە ئەو مرۆڤە رۆڵی کارەکتەرێک دەگێرێ کە هی خۆی نییە یاخود ئارەزووی نییە ئەو رۆڵە بگێڕێ، لە هەمان کاتیشدا وا هەست دەکا کارێکی باش و سەرکەوتوانەی ئەنجام داوە.. ئەوەش لە دەرئەنجامی دوو بیرکردنەوەدا هاتوە:


یەکەم: کە گوایە دەوروبەری خۆی لە خۆی رازیی دەکا و بە هیچ جۆرێک داب و نەریتی کۆمەڵ پێشێل ناکا و لە کۆتایدا توانیویەتی دڵی خەڵک بۆ لای خۆی رابکێشی.


‌دووم: کە سەیری دەوروبەری خۆی دەکا مرۆڤەکان هەمان گفتار و رەفتار ئەنجام دەدەن واتە لە چەندایەتیی و چۆنایەتیی کەسایەتییەکەیدا یەکسانە لەگەڵ ئەوان.


‌دەتوانم بڵێم ئەو جۆرە مرۆڤە لە کوردستان زۆربەی چین و توێژەکانی گرتۆتەوە تەنانەت پشکی پەڕیوەتە ناو توێژەکانی بە ناو رۆشنبیران و نووسەران مامۆستایان کە ئەوە بە ئاسانیی و بە ئاشکرایی هەستی پێ دەکرێ، ئەوەش بۆ خۆی لە کۆتاییدا دەبێتە مەترسییەکی زۆر گەورە بۆ ئێستا و دواڕۆژی نەوەکانمان کە هەروەک ئێستا لە کوردستان ئاکارەکانی وەدەرکەوتوون.. بێ هۆ نییە کە خەڵکی کوردستان بەردەوام دەڵێن ئێمە تەنیا لە بورای ئاواکردنی خانوو و باڵاخانەی بەرزەوە بەرەوپێشەوە چووینە نەک بیر و زانست و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووریی و گەشەسەندنی کۆمەڵ.


لەبەرئەوە پێموایە ئێستا کوردستان ئەو شانۆیەیە کە مرۆڤەکان بە گشتیی رۆڵێکی ناڕاستگۆیانە و رووکەشانەیان تێدا هەڵبژادوە کە بە ویست و ئارەزووی خۆیان نییە.


‌بەڵام راستگۆیی لە بیرکردنەوەدا هەرچەند جێگای رەخنەش بێ لە ئەنجامدا مرۆڤێکی سەرکەوتوو و کارامە بەرهەم دەهێنێ لە ژیان، مرۆڤی سەرکەوتووش دەتوانێ کۆمەلگایەکی کامەران و بە سوود بەرهەم بەهێنێ.
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان سافیە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک