په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٣\٢٠١٨

مرۆڤ و کۆیلەبوون.

ئاری محەمەد سابیر  


مرۆڤ ھەمیشە پرسیارگەلێکی ھەبووە کە دواجار وەکو خەمێک خۆی نواندووە کە دواتر قسەوباس وخواسی جددیان لەسەر کراوە،بەسەدان بگرە ھەزاران کتێب وتێکست و وتاریان لە سەر نووسراوە ئەم ھەڵەش تائەم چرکە ساتەش ھەر بەردەوامە چونکە لە خەمی مرۆڤ دەدوێت و رەنگە کۆتایی پێنێت. ئەوانەی ژیانیان بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەی بەخت کردووە لە دواجار ھەوڵەکانیان رۆڵی سەرەکی بینیوە لە ئاراستە کردنی کۆمەلگەو بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری ودەوڵەمەندکرنی کەلتووری نەتەوەکەیان،یەکێک لەو پرسیارانەی کە بە درێژایی مێژوو ھەمیشە قسەوباسی زۆری لەسەرکراوە (ئازادی وکۆیلەیی مرۆڤ) لە ھەرسەردەم وھەر کۆمەڵگەیەکدا تایبەتمەندی خۆیان ھەبووە بەتایبەت ئەو داب و نەریتە کۆمەلایەتیانەی ھەیە کە کەش وفەزایەکی ئارەزوومەندانە دەڕەخسێنێت کە بە کۆیلەبوون بگۆڕنەوە. لیرەدا مەبەستی ئێمە ئەو فۆڕمە کۆیلەبوونە نییە کە سەردەمانێکی زوو ھەبووە وەک (مرۆڤ کڕین و ئەسیری شەڕ) ئەوەی مەبەستمانە ئەوەیە کە پەیوەندی بە داب و نەریت و دۆخی کۆمەلایەتی کە ھەوڵی دەستەمۆیی و بە کۆیلەکردنی مرۆڤەکانیان داوە نیو ئەوەندە ھەوڵی ئازادکردنیان نەداوە ھەرچەند داب و نەریتی کۆمەلایەتی رۆلی سەرەکی دەبینن لە دروستکردنی ھاوپەیمانی کۆمەلایەتی بەلام زۆرجاریش دەبنە ئامرازێک بۆ سنووردارکردنی ئازادی مرۆڤ بەرەو کۆیلەبوونی دەبات واتە دەبێتە کۆیلەی دەستکردی خۆی!

(جان جاک ڕۆسۆ)،لە پەیمانی کۆمەلایەتی دەڵێ ( مرۆڤ بە ئازادانە ھاتووەتە دونیاوە بەلام بە کۆیلەیی دەژی) بەڵام خوێندنەوەی من لە دەرەوەی سیاقی (رۆسۆ) یە بەوەی وای دەبینم لە کۆمەلگەی ئێمەدا کۆمەلێک خوونەریتی کۆمەلایەتی ھەن سنووری خۆیان تێپەڕاندووە بوون بە (بەھاونۆرم) بە قوڵی بەناخ و نەستمان رۆچوونە وایان کردووە ژیانی ئێمە پەیوەستبێت بە پابەندبوون وپەیڕەوکردنیان بەبێ ئەوەی پرسیاربکەین بۆ پەیڕەوی دەکەین وسوودوکەڵکیان چیە؟ بەرەو کوێمان دەبەن؟. باشی داب و نەریت ئەوەیە ناھێلن کۆمەڵگە تووشی داڕمان بێت شیرازەی خێزان بشیوێ بەلام تائەوکاتەی ئازادیەکانمان لە دەست نەدەین دەبێ پارێزگاریشیان لێبکەین. لە سەرەتا دەبێت ئەوە بزانین کە ئەم داب و نەریتە واقیعێکی کۆمەلایەتی وای دروستکردووە کە مرۆڤەکان وەکو کەرەستە مامەڵەیان لە گەڵ بکرێت بەو واتایە مرۆڤەکان دەتوانن بوونی مرۆیی خۆیان بە مادەوماتڕیالەوە بکڕنەوە مرۆڤەکان دەتوانن نرخ لەسەرخۆیان دابنێن بەبێ ئەوەی ھەست بەوەش بکەن کە خەریکن مرۆڤبوونی خۆیان دەخەنە بازاڕەوە.لێرەدا دەتوانین (دوو) نموونەی زیندوو بەرجەستە بھێنینەوە بۆ ئەم باسە وەکو:


یەکەم: لەم سەردەمەداو بەتایبەتی لە کۆمەڵگەی کوردی ئەو فۆڕمەی کە (ھاوسەرگیری) کە گەیشتۆتە لوتکەی درەوشانەوەی خۆی جگە لە بازاڕیکی گەرم و گوڕی فرۆشتنی مرۆڤ و کردنی مرۆڤەکان بە شتوومەک و ھیچی تر! بەواتایەکیتر دەرخستنی دیوە دزێووناشرینەی ئەم داب ونەریتەی کە ڕەوایەتی بەم مامەڵە قێزەوەنە دەدات، لەژێر کاریگەری داب و نەریت خاتوونێک بە خۆشحالیەوە باس لەوە دەکات کە دوو کیلۆ زێڕی بە مێردەکەی کڕیوە وەک ئەوەی سەرکەوتنی گەورەی بە دەستھێنابێت غافڵ لەوەی بەھایی مرۆڤبوونی خۆی بە کانزا گۆریوەتەوەو دەپێوێت،نەگبەتیەکەش لەوەیە زۆر ھەنە ببن بەو خاتوونە ! ئەم داب ونەریتە وادەکات خاتوونێکی تر بڵَێت من لەوەندە زێڕە کەمتر ڕازی نابم بۆ ھاوسەرگیری ھەروەک حیزبەکان بە پارەوعەرزەو ئیمتیازات ئازادی خۆیان دەفرۆشنەوە.


دووەم: (حیزبەکان) کۆیلایەتی دەڕازێننەوە و مرۆڤەکان دەکڕنەوە وەھا بانگەشەی بۆ دەکەن تا زووتر مرۆڤبوونی خۆیان بفرۆشنەوە دەبێت گلەییان لێبکرێت کە چوونەتە ناو ئەو مامەڵەی ئەو داب و نەریتە، بەو پێیەی ئەوەی ھەوڵی بەکۆیلەبوونی ئەوانیتر دەدات خۆی پێشتر کۆیلە بووە خۆشحالین بەوەی کەدەتوانین کۆیلە بکڕین و دەمانکڕن. ئەو داب و نەریتە واپێناسەی ئازادی دەکات (ئازادی ئەوەیە کە زۆرترین داھاتت ھەبێت و بەرزترین پلە و پایەت ھەبێت خەڵکی بە گەورە و گرنگترت بزانن) بۆیە لە پێناوی ئەوانەی سەرەوە ھەموو ڕێگەیەک دەگرنە بەر تاکو کار دەگاتە ئەوەی مرۆڤبوونی خۆیان بخەنە بازاڕەوەو بیفرۆشن لەو کاتەدا وا ھەست دەکات ئازادی بە دەستھێناوە کەچی نازانێت بووەتە کۆیلەی عەیار یەک، بە داخەوەش بۆ ئەم داب و نەریتەش وا ڕۆچوەتە ناخمان رووبەرێکی گەورەی درووستکردووە بووەتە بەشێک لە شوناسمان، گومان دەکەم ریگەیەک پێدەزانم بۆ ئەوەی مرۆڤبوونی خۆمان بە دەستبھێنینەوە ئەویش ئەوەیە کە ئازایەتی ئەوەمان ھەبێت دان بە کۆیلەیەتی خۆمان بنێن نەوەک لە ترۆپکی کۆیلایەتیدا پێمان وابێت کە ئازادترین بوونەوەری سەر رووی زەوین.

 

 

areezendiny40@yahoo.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک