مرۆڤ
و تەکنەلۆژیا،
تەنهایی مۆدێلێکی نوێی ژیان!

سامان عەلا
لەگەڵ ئەوەی ئەم سەردەمە مرۆڤ لەلوتکەی پێشکەوتنی زانستیدایە،
تەکنەلۆژیا توانیویەتی زۆر شتی سەیروسەمەرە
بۆ مرۆڤ دەستەبەربکات، بەشێوەیەک کەمرۆڤ لەهەر کونجێکی ئەم ژیانەدابێت،
دەتوانێت بەئاسانترین شێوە پەیوەندیبکات، هەواڵ
ببیستێ، ئاگاداری بارودۆخی یەکتری
ببن، ئەوە جگەلەوەی تەکنەلۆژیا لەگەڵ خۆیدا دنیایەکی بۆ مرۆڤ
دروستکردوە کەهەر لەخەون و خەیاڵ دەچێت. چەند دەیەیەک لەمەوبەر لەفیلمە
زانستی خەیاڵیەکاندا"علمی تخیلی" دەبینرا کەفەنتازیای زانست سەرەنجام
چی جۆرە ژیانێکی پڕ بەختەوەری بۆ مرۆڤ فەراهەم دەکات. هەرلەو فیلمانەدا
دەبینرا کەلەسایەی زانست و تەکنەلۆژیادا مرۆڤ دەستڕەسی بەزۆر
لەنهێنیەکانی ژیان دەبات. بۆ نموونە: دەیزانی لەبۆشایی ئاسماندا
چەندجۆر هەسارە و ژیانی مرۆڤگەلێکی تر هەن و دەبن، زانستی ئەلەکترۆنی و
پەیوەندی و هاتوچۆ و وزانستی پزیشکی چەندە پێشدەکەوێت، کەئەمە بۆخۆی
بیرۆکەیەکی لێوە سەردەردێنێت کەژیانی مرۆڤ بەرەو جاویدانی بەرێت و ئیدی
لەسایەی ئەم تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنەدا، کێشە
و گیروگرفتەکانی مرۆڤایەتی کەمدەبنەوە و
یاخود هەرنامێنێت، لەم رێگەیەشەوە ژیان پڕدەبێت لەبەختەوەری و کەسێک
نامێنێت لەسەر گۆی ئەم زەویە بیر لەکێشەی هەژاری و نەداری بکاتەوە.
لەگەڵ ئەمانەشدا زانست بەدەر لەلایەنەکانی تری ژیان، توانی زۆر زیاتر
لە فەنتازیا و خەیاڵاتەکانی جاران بەدی بێنێت و کارئاسانیەکی زۆر بۆ
ژیان و خۆشگوزەرانی مرۆڤ بکات. بەڵام بەداخەوە کێشەی سەرەکی و جدیش
هەمیشە لەگەڵ پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیادا سەرهەڵدەدات. گەورەترین
کێشەش کە لەگەڵ پێشکەوتنی زانستیدا سەریهەڵدا، هەڵوەشاندنەوەی زۆرێک
لەپێکهاتە کۆمەڵایەتیەکانە و دروستکردنی مۆدێلێکی نوێی ژیانە کەئەویش
تەنهاییە.
تەنهایی گەورەترین کێشەی ژیانی مرۆڤەکانە
لەم سەردەمەدا. مرۆڤی ئەمڕۆ لەگەڵ دەسڕەسی بەوهەموو پێشکەوتنە، تەنهایە،
تەنهاییەک کەخەریکە بەهێواشی رۆحی دەکرۆژێت و دەیکاتە ئامێرێک وەک
ئامێرەکانی دیکەی سەردەم. ئەم مۆدێلە نوێیە لەژیان دەشآ بۆماوەیەک چێژ
و لەزەت لەو پێشکەوتن و ئامێرە نوێیانەی زانست بۆ مرۆڤ ئامادەکات،
بەڵام سەرەنجام پاکی دەکاتەوە لەهەموو مەهام و وەزیفە ئینسانیەکانی،
مرۆڤ دەکاتە بونەوەرێکی بێگیان و بێدڵ و هەست، مرۆڤ دەخاتە خانەیەکی
خۆویستی و خۆ بەزلزان و سەرئەنجامیش بێ
ویژدان. بەکورتی مرۆڤ لەنێو تۆڕێکی گەورە و بەرفراوانی کۆمەڵایەتیەوە
فڕێدەداتە نێو ژورێکی بچوک و هەموو پەیوەندیە رۆحی و کۆمەڵایەتیەکانی
لێدەستێنێتەوە و لەبری ئەوە ساڵەها لەبەردەم شاشەی تەلەفزیۆن و
کۆمپیوتەرەکاندا دەیکاتە کۆیلە. لێرەشەوە کەمرۆڤ ئامادەبوو کەببێتە
ئەربابی ئامێرەکانی تەکنەلۆژیا و خۆبەخۆ راهات کەلەژوورە بچوکەکاندا
بەتەنهایی ژیان بەسەربەرێت، کێشەی گەورەی دەروونی بۆ دروست دەبێت و
کاتێک بەخۆی دەزانێت کەئەم تەکنەلۆژیایە چەندە کارئاسانی بۆ ژیان
دابیندەکات، بەڵام کردویەتیە مرۆڤێکی تەنها و،چۆن تەنها و تەنها
لەکونجی ژوورێکی بچوکدا قەتیسی کردوە. سیحری ئامێرەکانی تەکنەلۆژیاش
لەوەدایە کە چیدی بەئاسانی رێنادا مرۆڤەکان دەستبەرداریبن، تابگەڕێنەوە
بۆ پەیوەندیە ئاساییەکانی. لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام کارگەکانی ئەم
پێشکەوتنە زانستیانە هێندە بەخێرایی و بەشێوەیەکی هێندە جوان، ئامێرە
نوێیەکانیان پێشکەش دەکەن، کەمرۆڤ لەبری عاشقبوون بەژیان و جوانیەکانی
ژیان، عاشقیاندەبێت و هەموو ژیانی خۆی بۆ تەرخاندەکات تا بەدەستیان
بێنێت.
لێرەوە دەکرێ بڵێین: ئەگەر تادوێنآ،
ئایدۆلۆژیا جۆراوجۆرەکان ملیۆنان کەسیان
دەکردە دەروێشی خۆیان، ئەوا ئەمڕۆ تەکنەلۆژیا ملیارەها دەکاتە موریدی
خۆی، ئەگەر ئایدۆلۆژیا ئەندامەکانی کۆمەڵگەی لەخانەیەکدا کۆدەکردەوە،
ئەوا ئەمڕۆ، تەکنەلۆژیا هەمووی هەڵدەوەشێنێتەوە. گەر تادوێنآ مرۆڤەکان
بەهەر هۆیەک بوایە لەدەوری یەکدی کۆدەبونەوە، بەڵام ئەمڕۆ
ئیمپڕاتۆریەتی تەکنەلۆژیا، مۆدێلێکی نوآ لەژیان رەنگڕێژ دەکات و
بەمرۆڤەکان دەڵێت: پێتانخۆشبێت یان نا، بتانەوێت یاخودنا، من هاتووم و
هەمووتان لەکونجی ماڵ و سەرکارەکانتاندا بەتەنهایی توند دەکەم.
مرۆڤی ئەم سەردەمە لەسایەی زانست و تەکنەلۆژیادا توانی جوانترین و
پێشکەوتوترین پێشکەوتنەکانی زانستى بەدەستبێنێ،
بەڵام لەبەرامبەردا زۆر شتی جوان و مرۆیى لەدەست دەدات،مرۆڤەکان
تەنهان،ماڵ و نەخۆشخانەکان پڕن
لەنەخۆش،بازارەکان شێواون و مرۆڤ بەهاونرخى
راستەقینەى خۆى لەدەست داوەو....هتد.
ئەمڕۆ کەمرۆڤ لەلوتکەی پێشکەوتنی زانستدایە، زۆرترین رێژەی هەژار و
نەدار و بێ نان و
ئاو لەسەر گۆی ئەم زەمینەیە کەهەرگیز مرۆڤایەتی بەخۆیەوە نەیدیوە.
هەرلەسایەی ئەم پێشکەوتن و تەنهاییەدا، زۆرترین رێژەی خۆکوشتن و
ستەمکاری و بێڕێزی بەرامبەر بەمرۆڤایەتی دەکرێت. گومان لەوەشدانیە،
کەهەرئەم پێشکەوتنانەی زانست و تەکنەلۆژیا کەئەمڕۆ زۆرێک لەکۆمپانیا زل
و زەبەلاحەکانی جیهان و لەسەرێکیشەوە کەڕاستەوخۆ و
ناراستەوخۆ پەیوەستن بە سیاسەتمەدار و وڵاتە زلهێزەکانی دونیاوە
رابەرایەتی دەکرێن. لەبەرخاتری دەستکەوتی زیاتر و پاراستنی دەسەڵات و
پلەوپایەکانیان. دەرئەنجامی کێشمەکێشی سیاسی و ئابوریەکانیان، بۆ
دواجار نەک بەتەنها ژیانی ئاسایی تاکەکان بشێوێنێ،
بەڵکو ئەگەری ئەوەش هەیە سەرجەمی ژیان لەسەرگۆی ئەم هەسارەیە لەناوببات.
کەئێستا هەرلەسایەی زانستدا زانراوە، کەژیان تەنها لەسەر گۆی ئەم زەویە
هەیە.
ستۆکهولم
|