|
٢٠\١١\٢٠٢٥
میرزا حەسەن
کوردستانی، نووسەرە ونەکەی ڕواندزێ.

یاسین برایم
ئەو نووسەرە، لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ساڵانی بیستی سەدەی بیستەم، ناوی
هەیە، بەڵام لەنێو ڕا و بۆچوونی توێژەران و نووسەران، ون کراوە؛ کەسێکی
چالاک و ڕۆشنبیر و کوردپەروەر و باوەڕپێکراو و نووسەری تایبەتی سەید
تەها بووە لە ڕواندز. ئەو لە نێو شۆڕش و بزوتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی،
نازناوی کوردستانی هەڵدەگرێت و شانازی پێوە دەکات و بەو ناوەش نووسینی
بڵاوکردۆتەوە.
حەسەن کوردستانی: ناوی ڕاستەقینەی میرزا حەسەن عەبدولقادر گەیلانییە.
ئەو میرزایە*١، لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕشەکەی سمکۆ شکاک، لە زێدی خۆی
نامینێت، لە ڕواندز نیشتەجێ دەبێت. ژیانی هاوسەری لەگەڵ کچێکی شکاک
پێکهێناوە، خێزانی ناوی (مەمیخان ئەحمەد شاهین ١/٧/١٩٠٣-١٢/١١/١٩٨٦)،
لە هۆزی شکاک بووە، لە ڕواندز ژنێکی بەناوبانگ بوو. میرزا حەسەن، لەگەڵ
سەید تەها بووە، خێزانی دووەمی سەید تەهاش، ناوی گولیزارخان*٢بووە،
کچی جەعفەر ئاغای شکاک، برای سمکۆ شکاک. ئەو ژنەش لەو خێزانە بووە،
شکاک بووینە. میرزا حەسەن لە ڕێگەی ژنیەوە، تێکەڵی ئەو بنەماڵەیە دەبێت،
کە خزمی ماڵی سەید تەها، قائیمقامی ڕواندز (١٩٢٣-١٩٢٨) و (سەید
عەبدوڵڵای شەمزینی) بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر بووە. کاتێ سەید تەها
دەبێتە قائیمقامی ڕواندز، ئەو دەبێتە نووسەری ئەو. ڕۆح بە ڕۆح بووە
لەگەڵ ئەو، هەموو پرس و ڕایەکانی بە ئەو کردووە، لەسەردەمی خۆی زۆر
چالاک بووە. زمانی تورکی و عەرەبی و فارسی باش زانیووە، شتی نووسیوە،
شاعیر و وەرگێڕ بووە، خوێندەوارێکی باشی هەبووە، پیاوێکی بەدین و ئەهلی
مزگەوت بووە.
دەربارەی ساڵی لەدایکبوون و مردنی، نەوەیێکی ئەو دەڵێت: "باپیرم
تاقانەبووە بە جاحێلی ژنی هێناوە، باوکم بە ڕەحمەت بی دەیگوت، ئەوکاتەی
باوکم مرد، تەمەنم حەوت ساڵان بوو، ئەویش تاقانەبوو، لە ڕواندز، کچیکی
هەبووە بەناوی نەجیبە، هاوسەری محەمەد قودسی بووە لە ڕواندز مردووە و
لە گۆڕستانی گەردەگەرد نێژراوە*٣. هەر ئەو کوڕ و کچەی هەبووە، داپیرەم
لەسەر ئەو دوو منداڵە دانیشتوەو زۆر بەجوانی بەخێوی کردوون. باوکم
حوسێن کە بە حوسینی مەمی خانێ ڕواندزی*٤ ناسراوە، لە ساڵی ١٩٢٤ لە
ڕواندز لە دایکبووە، ساڵیک یا دوو ساڵ لە خوشکی خۆی نەجیبە گەورەتر
بووە، براگەورە بووەو لە ڕواندز دەچنە بەرخوێندن"١.
دەربارەی مردنی میرزا حەسەن، بەڵگە و سەرچاوەیەکی نووسراوم دەستنەکەوت،
ئەوەی لە نەوەکەی میرزا حەسەن پێم گەیشتووە:"لە هەولێر مردووە، لەناو
بازاڕی هەولێر پیاوچاکێک هەیە لەوی نێژرابوو، بەس گۆڕەکەی بەر شەقامی
گشتیی کەوتووە و نەماوە"٢ پێدەچێت سەرەتای ساڵی سییەکان مردبێت، چونکە
بە پێی تەمەنی لە دایکبووی حوسێنی کوڕی، کە وتویەتی ئەو تەمەنی حەوت
ساڵ بووە کە باوکی مردووە، ئەویش لە ساڵی ١٩٢٤ لەدایکبووە. ڕەنگ بێ لە
١٨٩٠ بەسەرەوە تا سەرەتایی سەدەی بیستەم، کە نێزیکە لەتەمەنی
هاوسەرەکەش، لەدایکبووبوونی نێزیک بێت، لە کۆمەڵگەی کوردەواریش، وا
باوە منداڵی تاقانە، زوو ژنی بۆدێنن. ڕەنگە تەمەنی (٣٥-٤٠) ساڵێک
بووبێت. زۆر سۆراغی زانینی مێژووی لە دایکبوون و مردنم کرد، چ
بەڵگەیەکی وام دەستنەکەوت. ئەو کتێبانەی لەسەر ڕواندزیش نوسراون،
بەداخەوە چی وام بەرچاو نەکەوت. زیاتر باس لە ڕۆشنبیری و کوردپەروەری
کوڕەکەی دەکەن و بنەماڵەکەیان لە ڕواندز ناسراون. "میرزا حەسەن،
پیاویکی کوردپەروەر و شۆڕشگێڕبووە، یەکێک بووە لە کەسە ناسراوەکانی
سمکۆ شکاک و بەرانبەر داگیرکەرانی ئەوسای ئێران جەنگاوەو بەشداری
شۆڕشەکەی ئەوی کردووە؛ هەروەها میرزا حەسەن سەرکردەیەکی سەربازیی بووە
لە هاوکاریکردن و بەرگیریکردنی لە چیاکانی ڕواندز و کوردەکانی ئەو
دەڤەرە و باوەڕپێکراو و پشتیوانی گەورەی هێزەکەی سەید تەها بووە
لەناوچەکە، لەبەرئەوەی سەید تەها لە بنەماڵەیێکی دینی بووە، بۆ کێشەی
هۆز و عەشیرەتەکانی ناوچەکە، سوودی لە پێگە ئایینی و سیاسییەکەی
وەردەگرت لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ڕوویان دەدا، میرزا حەسەن لەم
بوارە ڕۆڵی دەگێڕا و ڕێزیان لێدەگرت و بەو ئیشانەی سەیە تەها هەڵدەستا
و کێشەی خەڵکی چارەسەر دەکردن"٣.
نەوشیروان مستەفا، لەبارەی ئەم ڕۆشنبیرە، دەڵێت: "ئەبێ نازناوی یەکێ لە
ڕۆشنبیرەکانی ئەو سەردەمە بێ"٤ هەروەها لە بەرگی یەکەمی ڕۆژنامەی ژیان،
لە باسکردنی ناوی نووسەران و شاعیرانی ئەو ڕۆژنامەیە ناوی دێ، بەڵام
زانیارییەکان ئامانجی خۆیان ناپێکن و تەنها هەر گومان و ڕا و بۆچوونە.
بەم شێوەیە ئاماژەی بۆ کراوە "دوور نییە، ئەگەر ڕاست ڕەواندزی بووبێ،
ناوی خواستراوی (ئەمین ڕواندزییە) ی نیشتمانپەروەری کوردی بی، کە
ئەوکات ئەفسەری سوپا بووە، بە ناوی مەلا حەسەنی باوکی نووسیبێتی. (وەطەن-میللەت،
وەطەنی، میللەت) ئەی ئەو مەبەستە لە ژمارە (١٦) ی (دیاری کوردستان) یش
بڵاوبویتەوە، ئەگەر واشنەبێ، لەوانەیە یەکێ تر بێ بۆ شوێنونی
ونەناسرانەوە، کە جێ و ڕێ و ناوی خۆی گوڕیبێ"٥.
بە دووری ئەزانم ئەوە ناوە ڕاستەقینە بێ، ڕەواندزی ناوەندی ساڵانی بیست
کەسی ناسراویان بەو ناوە تێدا نەبوە. بۆیە زۆرتر پێئەچێ خواستراو بێ،
بە گومانەوە بیرم بۆ "حوسێن حوزنی موکریانی" چووە. برای نووسەر بەڕێز
عەبدوڵڵا زەنگەنە ٢١/١/٢٠٠١ پشت بەستوو بە چەند بەڵگە و شیکردنەوەیەک
جەختی کرد کە ئەوە "سەید تەهای نەهری"یە. حەسەن کوردستانی لە "ژیانەوە"
و "ژیان" و (زاری کرمانجی) شدا نووسینی بڵاوکردۆتەوە.٦
"حەسەن کوردستانی" لە وتاری "چەند خۆشە ئینسان چشتی کە لە دڵیایە بە
ئەزمانی مادەرزادی خۆی بەیانی بکا" دا جەختی کردووە کە "مەکاتب و
مەعاریفمان زۆر لازمە چونکە مەداری حەیات، ئەم نەختە ماڵ و مەڕ و جووت
نییە. کورد بە عمومی موحتاجی عیلم و مەعاریف وتەربیەیە تاکە ئەقللا
ئەولاد و ئەحفادمان قەدری دین و قیمەتی وەطەنی خۆیان بزانن". لە وتاری
"وەطەن، میللەت-وەطەنی میللەت"یشدا بەو پەری حەسرەتەوە وتوویە"خوڵاصە
هەر شتێ بە قەدەر زەڕڕەیێ نەفەع و تەرقی میللەت و مەملەکەنی تێدا بێ:
زراعەت، تیجارەت، صەناعەت و... هەموو موقەددەساتن و هەمووشیان فەرعن لە
بۆ مەعاریف، چونکە عموومەن بە واسیطەی سەعی و مەعاریف مومکین دەبن. بێ
مەعاریف مەعریفەت نابێ، تا مەعریفەش نەبێت ڕێ بە مەنزڵ بردن و مەقسەد
گەیشتن هیچ مومکین نییە. بەس مەعلووم بوو نەجاتمان بە مەعاریفە،
حەیاتمان بە مەعاریفە بێ مەعاریف کارمان زەحمەتە (ئاخ بۆ مەعاریف)،
مەعاریف بۆچی فەقەط لە وڵات و مەملەکەتی ئێمەدا حوکمی عەنقا و صوورەتی
کیمیات هەیە".٧
میرزا حەسەن، کەسێکی ڕۆشنبیر و تێگەیشتوو و ئاگاداربووە لە بارودۆخی
سیاسیی و ڕۆشنبیری سەردەمەکەی خۆی، لە ساڵانی بیستی سەدەی ڕابردوو،
دێتە مەیدان و قەڵەمەکەی دەخاتە خزمەتی گەل و نیشتمان، نووسین لە
ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەوکات بڵاودەکاتەوە. ئەگەر ئاوڕێک بۆ هەندێک
نووسینی ئەم ڕۆشنبیرە بدەینەوە، گەورەی ئەو مرۆڤەمان بۆ دەردەکەوێت، لە
ڕۆژنامەی ژیان، بابەتی (شەرم و عار زۆر عەزیزن، لەوانیش عەزیتر غیرەت و
عیبرەتە) ژمارە (٣) و لە ژمارە (١٦) و (١٧) بابەتی (وەطەن، میللەت،
وەطەنی، میللەت) بە دووجار دابەزیوە. لە (گۆڤاری دیاری کوردستان)، سێ
بابەتی بەرچاو دەکەون. وەک (چەند خۆشە ئینسان چشتی کە لە دڵیایە بە
ئەزمانی مادەرزادی خۆی بەیانی کا)، لە ژمارە (٧) ی ١٨ی حوزەیرانی ١٩٢٥
بڵاوکردۆتەوەو گۆڤارەکەش لەژێر هەمان بابەت وەڵامیکی جوان و دەستخۆشیان
بۆ حەسەن کوردستانی نووسیوە. هەر لەو ژمارەیە، بابەتێکی سەید عەبدوڵڵای
شەمزینی هەیە؛ ڕێی تێدەچێت پێکەوە ئەو بابەتانەیان بۆ ئەو گۆڤارە نووسی
بێت، چونکە ئەم کەسایەتییە، دۆستیکی نێزیکی ئەو بووە. لە ژمارە (١٦) ی
دوو بابەتی ئەوی بەناوی (وەطەن، میللەت- وەطەنی، میللەت)، (لە حەقی
نووسینی تازە)٨ هەیە. هەروەها لە ژیانەوە و زاری کرمانجی وتاری دەبینین.
لەسەردەمی سەید تەهای شەمزینی، ماڵی میرزا حەسەن لە ڕواندز بووە، حوزنی
موکریانیش دۆستی ئەو و میرزا بووە، بابەتی لە گۆڤاری زاری کرمانجی
بەرچاو دەکەوێت، لەوانە: (التی دیفاعیەمان گازاندەیە)٩، (مقام انسان
زور بلندە (ما انسان»١٠، هەروەها بابەتێکی دیکە بە پیت نوسراوە (م. ح)
بەناوی ردیە بو وکیلیکی.... ملت)١١ پێدچێ ئەمە ناوی کورتکراوی میرزا
حەسەن بێت! لە ڕووی شێوازەوە لە نووسینی ئەو نێزیکە. هەروەها لە ژمارەی
دواتر بە هەمان ناونیشان، گۆڤارەکە، بابەتێکی ڕۆژنامەی (الاوقات
البغدادیة)، ژمارە (٤٢٤٧)، بۆ خوێنەرانی گۆڤارەکە کردووە بە کوردی.
ئەوەی بۆ ئێمە گرینگە و هیچ گومانێکیش هەڵناگرێ، ناساندنی بەرهەمی
میرزا حەسەن کوردستانییە لە گوڤاری زاری کرمانجی. دوو ڕیکلام بۆ دوو
کتێب کراوە لە یەک لاپەڕە، وەک مژدەیەکی خۆش بە خوێنەران دراوە، بە
بایەخەوە باسی سوودەکەی دەکات. گۆڤارەکە دەڵێت: "کتیبانیکی کە بو چاپ
کردن حاضر کراون:
(ترازن)
(لە سر لهجەی شمالیە، سد و پازدە سربهوردی
واقعی یە نەک خیالی، بە مناسبتی هر سربهوردەی رسمیکی تیدایە، بو لاوانی
مکتب زور بە کەلک و باشە، لە نشریاتی زار کرمانجی یە).
(خیوی رازان)
(کتیبیکی سد و چل حکایتی خیالی یە نەک واقعی،
لە سر لهجەی جنوبە، بە مناسبتی هر حکایتەی رسمیکی تیدایە، لە طرف حضرت
غبور, فاضلی محترم (میرزا حسن کوردستانی) یەوە ترجمە و ریکخراوە،
اثریکی گەلیک چاک و بە قازانجە بو لاوانی ریزی چوارەم و پینجەم. لە
مزرەکەی زار کرمانجی دا بەو زوانە دەست بە کلیشە کولان و دامزراندنی
دەکریت.)١٢
ئەگەر لەم دوو ناونیشانە و وردبینەوە بۆمان دەردەکەوێت، ئەمە دوو کتێبی
جیاوازن، کەچی لە ڕووی ناونیشانەکە، نێزیکایەتیان هەیە، یەکەم (ترازن)
و دووەم (رازان)، هیچ گومانی تێدانییە، ئەمە هی یەک نووسەرە، ئەویش
میرزا حەسەنە. من نازانم (د. کوردستان موکریانی) لەسەر ئەم هەواڵە،
بەرهەمەکە دەداتە پاڵ کەسێکی دیکە، کە ناوی لە هەواڵەکە نەهاتووە. لە
پێشەکی گۆڤاری زار کرمانجی دەبێژێت "تەرازن یادگاری سەید طەهایە"١٣سەید
تەها پیاویکی ڕۆشنبیر بووە و بەڵام نووسەر نەبووە! "هەموو شتەکانی ئەو
پارێزرابوون و نووسین و شتەکانی، بەداخەوە لە ساڵی ١٩٧٤ لە ڕواندز ئێمە
ئاوارەی ئێران بووین و هەموو شتەکان فەوتان و ماڵ و خانوومان ڕوخا و
سووتا. ئەو شتانەی هەیبوو هیچی دەرنەچوو، نەک هی باپیرم بەڵکو هی
باوکیشم، کە ژیاننامەی خۆی و شیعریشی هەموو لەناو چوو. لەسەردەمی خۆی
شتی نووسیوە. باوکم ئەو شتانەی خۆشدەویستن، نەیدەهێشت لێیان نێزیک
بکەوینەوە"١٤
ڕێبین سەعید مەلا، لە ماستەرنامەکەی خۆیدا لەسەر (سەید تەهای نەهری)،
زۆر بەجوانی ئاماژەی بە ڕۆڵی سەید تەها داوە لە بواری ڕۆشنبیری؛ لە سەر
نووسینیش، دەڵێت: "بەشێک لە نووسەران پێیان وایە سەید تەها دەستی
نووسینی بەهێزی هەبووە، لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاردا بابەتی هەمەڕەنگی
بەناوی خواستراو بڵاوکردۆتەوە"١٥، هیچ بەڵگەیەکی نەخستۆتە ڕوو، کە
دەڵیت (چەندین یا دەستی نووسینی بەهێزی) هەبوو، دەکرا ئاماژەی بە یەک
نووسین بکردبوایە؛ دەگەڕیتەوە سەر ڕای نووسەرێکی دیارکراو، ئەویش
بەڵگەکانی باوەڕپێکراو نین. بۆ گەڕانەوە بۆ ڕایەکەی عەبدوڵڵا زەنگەنە،
لەسەر زاری ئەو دەڵێت:"دەمێک بوو بە دوای کەسێتی (حەسەن کوردستانی) وێل
بووم، ئەو پیاوەی کە چەندین نووسین و بابەتی هەمەڕەنگی لە ڕۆژنامە و
گۆڤارەکانی کوردی بڵاوکردۆتەوە، ئەوەی سەرنجی زیاتری منی ڕاکیشا ئەوە
بوو، کە نەژادی عەبدوڵڵای عەزیز بابەتێکی لە ژمارەی ٢٣ی گۆڤاری گولانی
عەرەبی بڵاوکردبۆوە. لە ژمارە (٥٥) ژیانەوە بابەتێک بەناونیشانی (مهاجرام
انصار) لە نووسینی حەسەن کوردستانی بڵاوکرایتەوە، نووسەر پێی وایە
حەسەن کوردستانی ناوی خواستراوی ڕۆژنامەنووس و مێژوونووس حوسێن حوزنیی
خاوەنی زاری کرمانجییە. بەڵام عەبدوڵڵا زەنگەنە بە پشتبەستن بە چەند
بەڵگەیەک پێی وایە ئەو حەسەن کوردستانییە سەید تەهای نەهرییە، لەسەر
هەمان بابەت عەبدوڵڵا زەنگەنە بەڵگەکان لەگەڵ نووسەر تاوتوێ دەکات
پاشان ئەویش بەڵگەکانی پێ ماقوول بووە، کە حەسەن کوردستانی سەید تەهایە"١٦.
دوای ڕۆیشتنی سەید تەهای شەمزینی لە ساڵی ١٩٢٨ بۆ ئێران، شەهیدکردنی
سمکۆ شکاک لە ساڵی ١٩٣٠، ئەمانە کاریگەری خراپ دەکەنە سەر ژیانی میرزا
حەسەن، وەلی ئەو لەگەڵ سەید تەها ناچێت و لە ڕواندز دەمێنێتەوە. ئیدی
لە دوای ئەو ڕووداوانە بارودۆخ و گوزەرانی بەرەو خراپی دەچێت، دواتر بە
هۆی نەخۆشی لە هەولێر دەمرێت، ئەمە سەرەتایی سییەکانە و ئیدی نووسینی
ئەویش نامینێت، خێزانەکەشی لەسەر دوو منداڵەکەی دادەنیشێت. دەربارەی
شیعرەکانی چم دەستنەکەوت، تەنها لە پارچە نووسینێک، چوارینەیەکی
بەکارهێناوە، پێدەچێت ئەمە هی خۆی بێت!
بو حەیات و ژین و شخصی کم بکوشە ئەی رزیل
تا بە چنک اغیار خو نخوارت نبی خوار و زەلیل
توامندە زلتت دی چاوی عبرت هل برە
شرمە بی شرمی هتا کی بسیە امارە و دەلیل١٧
لە ئەنجامی ئەو نووسینە، ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، هەموو ئەو
نووسینانەی باسی حەسەن کوردستانی دەکەن و دەیدەنە پاڵ نووسەری دیکە،
دوورن لە ڕاستیی، پاش مردنی کوڕەکەی بڵاوکراونەتەوە و یان کوڕەکەی
نەیبینوون، بۆ ئەوەی ڕاستییەکانیان بۆ دەربخات. زۆر لە وێنەکانی سەید
تەهای شەمزینی و بنەماڵەکەیم ڕوانی، وێنەی ئەوەم دەستنەکەوت، کەسێکی
دیکە بە ناوی (فەقێ حەسەن گەیلانی)، کە ئەویش لەگەڵ سەید تەها بووە،
بوونی هەیە. ڕەنگە هەر ئەم ناوەش بێت وایکردبیت ناوی خۆی میرزا حەسەن
عەبدولقادر گەیلانی، کردبێتە حەسەن کوردستانی، بۆ جیاکردنەوە لە
حەسەنەکەی دیکە! بەداخەوە ئەگەر هاتبوایە، لە ساڵانی هەشتاو بەر لە
مردنی (مەمیخان) ی هاوسەری و کوڕەکەی فریای ئەوە کەوتباینەو چەندین
ڕاستیی دیکەمان لەسەر ئەو مرۆڤە مەزنە بۆ بەدیار دەکەوت.
--------------------------------------------------
سەرچاوە و پەڕاوێز:
*١ کاتی خۆی یەکێک زۆر خوێندەوار بوایە
ئەفەندیان پێ دەوت یا میرزا، لە ڕواندز و دەڤەرەکەی میرزا بەکارناهێت،
بۆیە زوو گومانم لە ڕواندزبوونی ئەو نووسەرە هەبوو، تا نیشتمان خان
نەوەی میرزا حەسەن ددانی پیدانا و وتی بەڕەچەک باپیرم خەڵکی پێنجوین
بووە، ئێمە دایک و باوکمان و خوشک وبرایەکان لە ڕواندز لە دایکبووین و
شانازی بە شاری خۆمان دەکەین و هەتا دەمرین ڕواندزین و بنەماڵەکەشمان
بە حەسەنی مەمیخانی ڕواندزی ناسراون.
*٢ گولیزارخان کچی جەعفەر ئاغای شکاک، لە گوندی (جارێ) ی ڕۆژهەڵات لە
دایکبووە، ژنێکی بەناوبانگ و ناسراو بوو لە ڕواندز و دەڤەرەکەی، بە
دەستهەڵات و خاوەن پێگەی گەورە بوو؛ زمانی تورکی و فارسی و عەرەبی
زانیوە و ژنێکی خێرخوازو هەژاردۆست بووە. سێ کوڕی لە سەید تەهای هەبوون،
لەوانە: (سەید عیزەددین (چەیتۆ)، سەید ئەحمەد (هەکۆ)، سەید ساڵح (دارۆجان).
لە ساڵی ١٩٧٥ مردووە. ڕێبین سەعید مەلا، (سەید تەهای نەهری)، ل٦١-٦٥؛
عەقیلە ڕواندزی، (یاد و ئافەرین)، ٢٠٠٥، چاپی یەکەم، هەولێر، ٢٢-٢٣.
*٣ نەجیبە میرزا حەسەن: کچێکی تاقانە و جوان و وشیاربووە، (١٩٢٦!-١٩٤٤)
لە ڕواندز لە دایک بووە، هاوسەری محەمەد قودسی بووە. یەکەمین کچ بووە
کە ساڵی ١٩٣٤ چووە قوتابخانە و خوێندوویە، تا پۆلی شەشەمی سەرەتایی
تەواو کردووە، پاشان بووە بە مامۆستا لە ڕواندز. کچێکی ڕۆشنبیر و زیرەک
بووە. لە ژمارە (٨) ی ساڵی ١٩٤٤ گۆڤاری گەڵاوێژ، بابەتیکی ئەو
دەبیندرێت، بەناوی (اوریکی پاشەوە). ساڵی ١٩٤٣ محەمەد قودسی پلەکەی
بەرز دەکرێتەوە بە ئەفسەری سەربازگرتن (تەجنید)، پاش شەش مانگ
هاوسەرگیری لەگەڵ نەجیبەخان پێکدەهێنێ. بەڵام تەمەنی ئەو هاوسەرگیرییە،
کەم و خەمناک دەبێت. نەجیبە خان بە منداڵبوونەوە دەمرێت. لە گۆڕستانی
گەردەگەرد، خۆی منداڵەکەی دەنێژرێن، لەو شوێنەی کە مەزارگەی کوردۆی
باویل ئاغای لێیە. بەداخەوە زۆر گەڕاین، گۆڕەکەمان نەدۆزیەوە، گوایە
بەر شەقام کەوتووە. لە بەڵگەنامەی (عقد زواج) ی محەمەد و نەجیبەخان، کە
لە دادگای ڕواندز کراوە لە ٢٠/٣/١٩٤٣، بە بڕی مارەیی پێشەکیی (٦٠)
دینار و بڕی مارەیی دواخراو (٤٠) مسقاڵ زێڕە. محەمەد قودسی، لە
جوانترین نامەی ئەڤینداریدا، کە بۆ نەجیبە خان نوسیویەتی. لە گۆڤاری
گەڵاویژ بەناوی (گەڵاڕێزانە)، لە کۆتاییەکەی دەڵێت: "تۆ ڕۆیشتیت خەم و
خەفەتت بۆ منی قور بەسەر بەجێ هێشت.. ئاە لەم ساڵە چەند شومە... چەند
ناخۆشە.. بەڕاستی گەڵاڕیزانە.. کەوابوو بنو گیانەکەم.. نوستنیکی ئەبەدی.
بنو.." بۆ خوێندنەوەی ئەم نامەیە بگەڕێوە بۆ گۆڤاری (گەڵاوێژ)، ژ (٨) ی
ساڵی١٩٤٤، ل٤٣-٤٦.
*٤ حاجی حوسین میرزا حەسەن (حوسێنە فەندی-حوسینی مەمی خانێ) لە ١/٧
/١٩٢٤ لە ڕواندز لە دایکبووەو ١٩٤٣ ژیانی هاوسەری پێکدەهێنێت. لە ساڵی
١٩٤٥ دەبێتە فەرمانبەری پۆستە لە سیدەکان. لە حیزبی هیوا کاری کردووە،
ساڵی ١٩٤٧ بە هۆی کاری سیاسییەوە دەزگیر دەکرێت بۆ ماوەی ساڵێک و سێ
مانگ لە کەرکووک دەمینێتەوە. دواتر ١٩٥٧ دەبێتە فەرمانبەری تەندروستی
لە شەقڵاوە. لە ساڵی ١٩٦١ لە وەزیفە دەردەکرێت، جاری سێیەم لە شارەوانی
ڕواندز بۆ ماوەی دە ساڵ خزمەت دەکات. دواتر ئاوارەی ئێران دەبێت. ساڵی
١٩٧٦ دەیگوازنەوە بۆ ناوەڕاستی عێراق لە شاری هیت نیشتەجێ دەبێت و
دەستبەسەر دەبێت. تا ساڵی ١٩٨٥ لەو ماوەیە لە شارەوانی هیت دەبێتە
فەرمانبەر. دووجار سەردانی ماڵی خوای کردووە. کابرایەکی کوردپەروە و
ڕۆشنبیر و بەدین بووە، شێوەکارێکی دەسترڕەنگین و لێهاتوو بووە. ساڵی
١٩٨٥ گەڕایەوە هەولێر و ساڵی ١٩٨٩ خۆی خانەنشین دەکات. لە بەرەبەیانی
٧/٦/ ٢٠٠٤ بە شێوەیەکی کتوپر گیانی دەسپێرێت و لە هەولێر دەنێژرێت.
منداڵەکانی (نەریمان، دڵشاد، دلاوەر، لوقمان، خەسرەو، نیشتمان،
کوردستان، نازەنین، نەسرین).
١. نیشتمان حاجی حوسێن میرزا حەسەن،١٩٦٧، ڕواندز، دیمانە، دانیشتووی
هەولێر. ٢٠٢٤.
٢. دیمانە، نیشتمان.
٣. خەسرەوە حاجی حوسێن میرزا حەسەن، ١٩٧١، ڕواندز، دووشەممە /١٧/٣/
٢٠٢٥، نامەی تایبەت، دانیشتووی سوید.
٤. ژیان بەتەمەنترین ڕۆژنامەی کوردی ١٩٢٦-١٩٣٨، نەوشیروان مستەفا ئەمین،
چاپی یەکەم، سلێمانی، ٢٠٠٢، ل١٨.
٥. ڕۆژنامەی ژیان، ئا: ڕەفیق ساڵح و لێکۆڵینەوە: سەدیق ساڵح، بنکەی ژین،
سلێمانی، بەرگی یەکەم، ٢٠٠٢، ل١١،
٦. گۆڤاری دیاری کوردستان (١٩٢٥-١٩٢٦) ئامادەکردنی ڕەفیق ساڵح و
لێکۆڵینەوەی نەوشیروان مستەفا ئەمین، سەدیق ساڵح، دەزگای چاپ و پەخشی
سەردەم، سلێمانی، ٢٠٠١، ل٤٢.
٧. سەرچاوەی پێشوو، ل٤٩.
٨. گۆڤاری دیاری کوردستان، ژ (١٦) ی مایسی ١٩٢٦.
٩. زار کرمانجی، ژ (٢)، ١٩٢٦، ل٣-٤.
١٠. زار کرمانجی، ژ (٣)، ١٩٢٦، ٤-٥.
١١. زار کرمانجی، ژ (٩)، ١٩٢٧، ل٢٢-٢٣.
١٢. زار کرمانجی، ژ (١٢)، ٢٥/١/ ١٩٢٨، ل١٦.
١٣. زار کرمانجی، ئامادەکردن و پێشەکی، د. کوردستان موکریانی، چاپی
یەکەم، هەولێر، ٢٠٢٠، ل ٥٤.
١٤. دیمانە، نیشتمان.
١٥. ڕێبین سەعید مەلا، سەید تەهای نەهری، هەولێر، ٢٠١٦، ل٢٤٩.
١٦. سەرچاوەی پێشوو، ل٢٤٩-٢٥٠.
١٧. گۆڤاری دیاری کوردستان.
ماڵپهڕی یاسین
برایم
|