په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٨\٢٠٢٦

مشکە زیرەکەکە.

 

 عەبدولڕەزاق دوجەیلی

وەرگێرانی لە عەرەبییەوە: فەرھاد ئەحمەد

ورچ توشی نەخۆشییەکی قورس بوو، ناچار کەوتە سەر جێگا. ئاژەڵەکانی دارستانەکە هەواڵی نەخۆشکەوتنی ئەویان بیست و بڕیاریان دا لە کاتژمێرێکی دیاریکراودا بچن بۆ سەردانی.

​مشکەکە جلی هەرە ڕێک و جوانی پۆشی، کڵاوە خۆڵەمێشییەکەی نایە سەری و چەپکە گوڵێکی کۆکردەوە، پاشان لە کونەکەی هاتە دەرەوە. دوای ئەو زریانە بەهێزەی کە دارستانەکەی گرتبووەوە و لقی زۆرێک لە دارە بەرزەکانی شکاندبوو، با و بۆرانێکی توند هەڵیکردبوو. مشکەکە بەبێ ترس لە با و بارانە بەهێزەکە بەڕێگاوە بوو. لە ڕێگادا کوندەپەپوی هاوڕێی بینی .

کوندە پەپوو​هەر زوو ڕۆژباشی لە هاوڕێ مشکەکەی کرد و پێی گوت: بۆ کوێ دەچیت؟

مشکەکە گوتی: ​دەچم بۆ سەردانی ورچی نەخۆش... حەز دەکەیت لەگەڵم بێیت؟

کوندە پەپو خێرا ​داوای لێبوردنی کردو گوتی: ناتوانم لەگەڵت بێم.. من لە ڕۆژدا کونەکەم جێناهێڵم، چونکە ڕووناکی ڕۆژ ئازاری چاوم دەدات، هەروەها گۆڕانکارییەکانی سروشت و با و بۆرانەکەش زیانم پێدەگەیەنن. هیوادارم بە سەلامەتی بچیت و بێیتەوە..

پاشان  مشکەکەش بەردەوام بوو لە ڕۆیشتن، لەناکاو شووشەیەکی خاڵی بینی کە لە کەناری ڕێگاکەدا کەوتبوو. لێی نزیک بووەوە و سەیریکرد.. دوای بیرکردنەوەیەکی قووڵ، چووە ناو شووشەکەوە و گوڵەکانیشی کێشا بەدوای خۆیدا بۆ ناوەوەی شووشەکە تا جەستە بچووکەکەی لەو با بەهێزە بپارێزێت. دوای ئەوەی لە ناوەوە جێگیر بوو، دەستی کرد بە خلۆرکردنەوەی شووشەکە بە ئاڕاستەی باکە، تا گەیشتە ئەو گۆڕەپانەی کە دەڕوانێتە سەر مۆڵگەی ورچەکە.

​لەوێ لە نێوان کۆمەڵێک لەو ئاژەڵانەدا وەستا کە بۆ سەردانی ورچە نەخۆشەکە هاتبوون. کاتێک ئاژەڵەکان بینییان مشکەکە  لە ناو دەفرێکی  شووشە هاتە دەرەوە، زۆر سەرسامبوون بەو کارەی و سەرسامی خۆیان بۆ لێهاتوویی و زیرەکییەکەی دەربڕی.

 

 

rahanddrwd@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک