١٢\١٢\٢٠١٢
میسر، دیکتاتۆرێکی
چکۆڵە و خەونێکی گەورە!!!

عەبدوڵا ساڵح
موحەمەد مورسی، دیکتاتۆرە چکۆلەکەی ئیخوان ئەلموسلمین، زۆری نەخایاند
کە دەستی خۆی و جەماعەتەکەی ئاشکرا کرد. لە گەرمەی شادی سەرکەوتنە
بەناو دیبلۆماسیەکەی بەڕاگرتنی شەرە دڕندانەکەی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ
سەر خەڵکی بیتاوانی غەزە کە جگە لە پەلاماری ئیسرائیل بە دەست
بزوتنەوەی حەماسیشەوە دەناڵێنن. دوای ھەموو ئەو مەدح و سەنایەی لە
ئەمریکاو وڵاتانی رۆژئاواوە بەسەری داباری بۆ ئەو کارە دیبلۆماسیە،
نییەتی خۆی وجەماعەتەکەی، کە بریتیە لە توند بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات و
ڕۆیشتن بەرەو ئامانجە گەورەکەیان کە لە خەونی دروست کردنی "دەوڵەتی
خەلافەتی ئیسلامی" دا خۆی دەبینێتەوە، ئاشکرا کرد. خەونێک کە
بەدوایەوەن ھەر لەسەرەتای دروستبونیانەوە لە سالی ١٩٢٨ لە شاری
ئیسماعیلیەی میسر لە سەر دەستی (حەسەن بەننا)، کە ئەویش قوتابی (
محەمەد رەشید رەزا) بوو. (محەمەد
رەشید رەزا) لە کتیبکیدا بەناوی (الخلافە او الامامە العوزما)
زۆر بە ئاشکرا باس لە دروستکردنی ئەودەوڵەتە دەکات. دروست کردنی
دەوڵەتیکی ئاوا بێشک پیویستی بە دوو پایەی بنەرەتی ھەیە، یەکێکیان
دەسەڵات و ئەوی تریان پارەیە. دواتر دێمە سەر ئەو باسە.
ئاشکرایە لای ھەموو ئەوانەی بەدوای ئالوگۆرەکانی میسرەوەن کە ئیخوان
ئەلموسلمین خۆیان بەو شۆرشەوە ھەڵواسی، دوای ئەوەی دڵنیابوون لە
سەرکەوتنی لەسەر دەستی لاوانی میسر لە کچ وکور ھیزە سۆشیالیست و
شۆرشگیرەکان، ھەر بۆیە خۆیان خزاندە ژیر باڵی ھێزە سەربازیەکان
وپاڵپیشتی ئەوانیان کرد دوای ڕووخانی حوسنی موبارەک. ئەم
بشداریکردنەیان تەنیا بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات بوو نەک بەدیھێنانی
ئامانجەکانی شۆرش، شۆرشێک کە بەسەدان قوربانی تێدا درابوو بۆ دەرکێشانی
ئەو ووڵاتە لە چنگ دیکتاتۆرێک کە بۆ چەند دەیە حوکمی کرد. ئیخوان
ئەلموسلمین بۆ ئەو ئاماجە ھاتنە ناو شۆرش و ھەر بۆ ئەوەش بەشداری
ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیان کرد، ھەڵبژاردنێک کە ئەگەر (ئەحمەد شەفیق)
نەبوایە بە رکەبەری سەرەکی محمد مورسی ھەرگیز ئەو ھەلبژاردنەکەی بەو
دنگە کەمە نەدەبردەوە چونکە (ئەحمەد شەفیق ) یەکێک بوو لە سەرۆک
وەزیرانی زەمانی حوسنی موبارەک و خەلکیش بە ھیچ جۆرێک نەیان دەویست
پیاوی ڕژێمی لە ناو چوو دووبارە بگەرێتەوە. ئەمرۆ دەبینین زوربەی
قسەکەرەکانی ئەو جەماعەتە لە میدیاکانەوە باس لەوە دەکەن کە مورسی
لەناو سندوقەکانی دەنگەوە ھاتۆتە دەرێ وە پایەی سەرەکی گەمەی"دیموکراتی"
سندوقی دەنگدانە!! کە دەبێ کەمینە بچێتە ژیر باری ڕای زۆرینە، لێرەوە
رەخنە ئاراستەی شۆرشگێرانی میسر دەکەن کە گوایە ڕێز لە "گەمەی
دیموکراتی" ناگرن، دروست وەک حەماسی ھاوسەنگەریان کاتێک ھەڵبژاردنی
چەند ساڵ لەمەوبەری لە فەلەستین بردەوە ھەمان ڕەخنەی لە رێکخراوی فەتح
دەگرت. لای ئەوان دیموکراتیەت بە مانای دیکتاتۆریەتی زۆرینە!!! سیستمی
دیموکراتی بەھەموو کەمو کوریەکانیەوە، وەک سیستمێکی بۆرجوازی کە لە
وڵاتانی رۆژئاوا لە بەرزترین مۆدێلی خۆیدا پیادە دەکرێ، پاکجێکە لێک
جیا ناکریتەوە، تەنیا ھاتنە دەرەوە نیە لە سندوقەکانی دەنگدان، بەڵکو
تا ئەندازەیەک، دابینکردنی ئازادی بیر و ڕا، ئازادی تاک، ئازادی
رۆژنامەگەری، ڕێکخرابوون، خۆپێشاندان، مافی ژنان، منداڵان، دابین کردنی
لانی کەمی خۆشگوزەرانی... ھتد.
ڕاگەیاندنی دەستوری کە لە لایەن محمد مورسیەوە لە ٢١/١١/٢٠١٢
خوێندرایەوە، ئەو قەترەیە بوو کە جامەکەی پر کرد! ئەو دیکتاتۆرە
چکۆڵەیە ھەر لە سەرەتای ھاتنە سەر کاری، وەبێشک بەئاگاداری و ڕەزامەندی
ئەمریکاو ھاوپەیمانانی، کۆمەڵێک لە فەرماندە سەربازیەکانی لا بردوو
ھەندێکی کەی لە گوێلەمستانی خۆی دانا لە بری ئەوان، ئەمجا چووە ناو
تەوەری قەتەر- تورکی- ئەمریکا، ئەو تەوەرەی زامنی لە باربردنی
شۆرشەکانی بەھاری عەرەبی گرتۆتە ئەستۆ، ئەویش بە ھینانە سەر کاری
رژێمگەلێک کە بەرژەوەندیە سترتیجیەکانی ئەمریکاو رۆژئاوا لە ڕژێمە
لەناوچوەکانی جاران باشتربپارێزن. بۆ ئەمریکاو رۆژئاوا گرنگ نیە بە
ئاگر و ئاسن حوکم بکەی، سەرکوتگەر بی، دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی بیت،
دەولەتی فاشستی قەومی بیت، دەست و سەر بپەڕێنی وەک لە سعودیە دەکرێ،
گرنگ ئەوەیە بەرژەوندیەکانیان پارێزراوبێت. دەنا کارتی، پێشێلکردنی
مافی مرۆڤت بەروودا بەرز دەکەنەوە !!! ھاتنە سەر کاری ئیسلامیەکان وەک
بەر ئەنجامی شۆرشەکانی بەھاری عەرەبی لە ئیستادا ھبچ گرفتێک بۆ ئەوان
دروست ناکات، بەڵکە ئۆمێدیشیان دەداتی کە لە دوا ڕۆژدا ڕەنگە بتوانن
ڕەوتە توندرەوکانی دیکەی ناو ئیسلامی سیاسیش لغاو بکەن.
ھەڵکەوتی ستراتیجی میسر لە رۆژھەڵاتی ناوەراست و لە جیھانی عەرەبیدا
وای کردووە جێگای بایەخدانێکی گرنگ بێت، نەک تەنیا لەلایەن ئەمریکاو
رۆژئاواوە، بگرە لە لایەن بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیھان، ئەگەر میسر بۆ
ئەوان ئەوەندە گرنگ بێت، بێشک بۆ ئیسلامی سیاسی گرنگترە چونکە میسر بە
لانکەی ئەو کۆمەڵە لەقەڵەم دراوەو ئیستاش دەدرێ، کەواتە سەرکەوتنیان
لەوێدا سەرکەوتنە بۆ ڕەوتی ئیسلامی سیاسی لە سەرتاسەری ناوچەکە و
پیچەوانەکەشی ڕاستە.
"دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی" پیوستی بە دابین کردنی دەسەڵات ھەیە، ئەو
دەسەڵاتە ئیستا بەدەست ئیخوان ولموسلمینەوەیە، بۆ ئەوەی ئەو دەسەڵاتە
سەقامگیربێت پیوستی بە دەستورە، دەستورێک کە لەسەر بنەمای شەریعەتی
ئیسلامی دامەزرابێت و تەنانەت تاکە سەرچاوەی سەرەگی ئەو دەستورە بێت،
بۆیە دەستوریکی لەو جۆرە پێویستی بە کۆمەلێک (زانای ئایینی "فقھاء")
ھەیە کە دایڕێژن، محمد مورسی دروست ئەو کارەی کرد زۆر بەپەلە
دەستورەکەی تێپەڕاندو ڕایگەیاند کە لە ناوەراستی ئەو مانگەدا ڕاپرسی
لەسەر دەکرێ!!! کەواتە پایەیەکی گرنگی بنیاتنانی دەوڵەتە ئیسلامیەکە
مسۆگەر کرا. ماوەتەوە پایەی دووەم کە پارەیە، ئیسلامیەکان لە میسر
ھاتونەتە سەر خەزێنەیەکی بەتاڵ! جیا لەوەی داھاتی میسر زۆریش بیت بۆ
دروست کردنی "دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی" بەش ناکات چونکە ئەو دەوڵەتە
لە ئایندەدا ھەر بە میسرەوە ناوەستی!! کەواتە باشترین ڕێگا چارە چاو
بڕینە وڵاتانی خەلیجە. قەتەر کە بۆخۆی ئەندامی ئەو میحوەرەیە (میسر-
قەتەر- تورکیا-ئەمریکا) خەزێنەکانی ئاوەڵایە چونکە مەبەستیەتی دەورێکی
ئیقلیمی گەورەتر لە قەبارەی خۆی ببینێ،{ لێرەدا دەوری مەلا (یوسف
ئەلقەرەزاوی) بەڕەگەز میسری و کۆنە ئیخوانی وتیۆرسینی شەرعی ئیسلامی
ئیستای قەتەر نادیدە ناگیرێ،}. قەتەر جیا لەو ئامانجەشی مەبەستیەتی،
بەسەرکەوتنی ئەو میحوەرە، دەوری سعودیە پشتئاو بکات، ململانێی نھێنی و
ئاشکرای ئەو دوو وڵاتە مێژووی خۆی ھەیە، بە سەیرکردن و تێبینیەکی
سەرپێیی کەنالی جەزیرەی قەتەری کە چۆن ڕوداوەکانی میسر عەکس دەکاتەوەو
کەناڵی عەرەبیەی سەر بە سعودیە چۆن عەکسی دەکاتەوە ئەو ڕاستیەمان بۆ
دەردەکەوێ!!!
دەڵین شاخێک ژانگرتی مشکێکی بوو!! ئەوە تەعبیرێکی زۆر دروستە بۆ دوا
پەیامی محمد مورسی بۆ خەڵکی میسر، پەیامێک کە لە ئەنجامی نارەزاتیەکی
ملیۆنی دژ بەو دیکتاتۆرەو جەماعەتەکەی ھاتوە، تاکە خالێک کە جەوھەری
شاردراوەی ئەو پەیامەیە ئەوەیە بە خەڵکی میسر دەڵی: { زۆر بە ئاسانی لە
سەر شانی ئیوە دەسەڵاتمان گرتە دەست و ئامادە نین ھەر وا بە ئاسانی
دەستبەرداریبین، دەسەڵاتێک کە خەونی دەیان ساڵەمانە}. مورسی ھەر لەو
پەیامەدا داوای گفتوگۆ دەکات لەگەڵ نەیارانی ! ئەو بیرۆکەیە ھەر زوو
لەلایەن باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانی لێکرا و تانەت داوای لە
ھەردوو لایەنی کێشەکە کرد کە بەبێ قەیدو شەرت بچنە سەر میزی گفتوگۆ!! ،
مورسی وئۆباما دەزانن کە کۆمەلێک فرسەت تەڵەب ھەن لە ناو ئۆپوزۆسیون دا
دەکرێ وەک کارتی فشار سودیان لێوەرگیرێ و بەرەی ئۆپۆزسیونیان پێ شەق
بکرێ لە وانە (ئەیمەن نور) سەرۆکی حیزبی (غەد ئەلسەورە). بە دوای
ئەوانەشدا سوپای میسر، کە محمد مورسی فەرماندە گشتیەکەیەتی، وەدەنگ
ھاتوو یەکەم بەیانی بڵاو کردەوە کە تیایدا ھوشداری دەدا بە رێگرتن لە
ھەر بارو دۆخێک ئارامی وئاسیشی وڵات تێک بدات !! ئیسلامیەکان ھەر زوو
پیشوازیان لەو بەیانە کرد کە گوایە زۆر بێلایەنە!
ئەمرۆ میسریەکان و لەگەڵیان دا ھەموو ئازادیخوازانی جیھان ڕوبەوڕوی
قوناغێکی زۆر ھەستیار و خەتەرناک دەبنەوە، قۆناغێک کە دەبێ بە گیانی
شۆڕشگێرانەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ لە سەر بنەمای بەردەوامبوونی شۆرش
تا دوا ئامانجەکانی، بە وریایەکی زۆرەوە لە سات و سەودای ھیزە
بۆرجوازیەکانی ناو ئۆپوزۆسیونی میسر. ئیستا ئەم ھیزە شۆرشگیرانە
لەبەردەم دووریانێکدان، یان گەڕانەوە بۆ چواردە قەرن پیش ئیستا و ڕازی
بوون بە یاساو ڕیسای کۆنەپەرستانەی ئیسلامی سیاسی نەک تەنانەت بە سەر
میسر دا، بگرە لە ئایندەدا بەسەر ھەموو ناوچەکەشدا، وەیا فریدانی ئەو
یاساو ڕیسایانە بۆ ناو زبڵدانی مێژوو.
ئەمرۆ بە دەیان ھەزار لاوی میسری لە کوڕو کچ ، پیرو جوان، ژن و پیاو
بەیەک دەنگ ھاوار دەکەن (گەل ڕوخانی ڕژێمی دەوێ)، (مورسی بۆ ژیر کورسی)،
( ئیمە نارۆین، ئەو دەبێ بڕوا) و دەیان شیعاری لەو بابەتە کە لە
ناوەرۆکدا ھەڵگری ئاواتێکن بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سکویلار، مۆدێرن
کە تیایدا ئازادی و یەکسانی و پاراستنی کەرامەتی ئینسانی دەستەبەر
کرابێ و میسر بخاتەوە سەر ڕەوەندی پیشکەوتن و دابین کردنی ژیانێکی
ھاوچەرخ بۆ گشت دانشتوانی بەبێ جیاوازی.
٩\١٢\٢٠١٢
a_salih١١@hotmail.com
|