په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٤\٢٠١٤

میسر: سەرۆکی نوێ قوربانیی دەوێ!
- لە پەراوێزی کاندیدبوونی سیسی و سێدارەی بە کۆمەڵ -


موزەفەر عەبدوڵا    


کۆمەڵگای میسر لە شوباتی ٢٠١١وە، کە جەماوەر دەستیان دایە راپەرین لە دژی دەسەڵاتی ٣٥ ساڵەی موبارەکو لە ماوەی ٢ مانگدا ناچاریان کرد دەست لە سەرۆکایەتی بکیشیتەوە تا ئەمرۆ، بە یەکێک لە پر ئاڵوگۆرترین قوناغەکانیدا تیپەر دەبیت. جا چ خودی روخانی موبارەک ،و پاشان هاتنە سەرکاری ئیخوان و مورسی، و پاشان راپەرینی ٣٠ ملیونی خەڵک لە دژی یان، هەمویان کۆمەڵی روداوو کیشەو ململانیی دراماتیکین کە لە میژووی یەک سەدەی رابردوو کەم وینەیە.خۆ ئەگەر رودواێک هەبیت لەم شیوەیە ئەوە دەکرێت بڵیین شۆرشی ئوکتوبەری ١٩١٧ روسیاو تا رادەیەک ڕاپەرینی بەهمەنی ١٩٧٩ ئیرانە.


لەم ٣ ساڵەدا دوو دەسەڵاتو ٣-٤ سەرۆک کۆمارو حکومەت بەهێزی ڕاپەرین لەسەر کار لابران بە کەمترین قوربانی یەوە لە چاو روخانو لەسەر کار لابرانی دەیان دەسەڵات و سەرۆک لەم ووڵاتانە کە گیرۆدەی دەسەڵاتی رژیمە قەومی و ئیسلامی یەکانە.


هەڵبەت هەتا ئیستاش لە هەناوی کۆمەڵگای میسردا هەڵگری زۆر کیشەو ململانی و ئاڵوگورن کە پیشبینی کردنیان وا ئاسان نی یە.جا هەروەک چۆن راپەرینی جەماوەر لە شوباتی ٢٠١١ لە دژی موبارەک و پاشان راپەرینی ٣٠ ملیونی تەموزی ٢٠١٣ لە دژی دەسەڵاتی هەڵبژیدراوی یەک ساڵەی مورسی و ئیخوان پیشبینی نەدەکراو بونە مایەی سەرسورمانی هەمو لایەک ئاواش ریرەوی سیاسی ئاییندە تەمومژوایی و نادیارە.دیارە ئەمەش جگە لەوەی هەلومەرجی سیاسی جیهانی رۆڵی هەیە بەڵام هاوکات تایبەتمەندی خودی ئەو کۆمەڵگایەش فاکتەری کاریگەرن، بە تایبەتی رەهەندی کیشەو ململانی سیاسی و هزریی و کۆمەلایەتی و چینایەتی یەکان.


کیشەوململانیی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە میسردا تا ئیستاو لە داهاتوشدا بەهەر شیوازیک دەرکەوتبیت هەر تایبەتمەندی چینایەتی یان هەیە.گەرچی لە رویەکەوە وا دەردەکەوێت کە کیشەو ململانیکان لە دەوری کیشەو ناکۆکی هەمەلایەنەی جولانەوەی ناسیونالیستی و ئیسلامی سیاسی و حیزبەکانیان و هاوکات دامەزراوەی سوپا چەقی بەستوە لەسەر دەسەڵاتی سیاسی بەڵام لە رووی بنەمایی یەوە کیشەوململانیی سەرەکی کیشەیەکی چینایەتی نیوان کار و سەرمایەیە. پرسی سەرەکی بۆ هەمو باڵەکانی بۆرژوازی و حیزبەکانی ئەوەیە چۆن پاریزگاری لە سیستەمی سەرمایەو سەرمایەداری لەم وولاتە لەسەر بنەمای کاری هەرزان و کریکاری خامۆش بکەن.


هەڵبەت دامەزراوەی سوپا وکەسایەتی یەکانیان لە هەمو قۆناغەکاندا لە یەک سەدەی رابردودا تا ئیستاش توانیویتی لەم سیستەمەدا پیگەیەکی بەهیزی هەبیت لە رووی سیاسی و ئابوری یەوە و رۆڵی یەکلاکەرەوەو قارەمانیتی ببینی لەم کیشەو ململانی یانەدا .ئەم رۆڵەی سوپاو قارەمانەکانی هەر لە سەردەمی جەمال عەبدولناسرو ئەنوەر سادات و موبارەکو تەنتاویو تا ئیستاش سیسی کە ئەمرۆ بۆتە قارەمانی ئەفسانەیی بۆ زۆربەی باڵەکانی بۆرژوا قەومی و تویژی وردەبۆرژوازی و رۆشنبیرەکانیان هەمویان دەرچوی خویندنگا سەربازی یەکانن.


جا ڕۆڵێک کە ئەمرۆ سیسی وەک قارەمان ئەیگێریت بۆ گەییشتن بە دەسەڵات کە تا روخانی موبارەک لە ‌هیچ کونجیکدا ناوی نەبوو وەک رۆڵی لویس بونابورتی سەردەمە پر ئالوگۆرەکانی فەرەنسای سەدەکانی نۆزدە وایە. جەنەراڵیک کە پیشەکەی سەرکوتی شۆرشە لە تەموزی ٢٠١٣ کاتی ٣٠ ملیون کەس راپەرین لە دژی دەسەڵاتی یەکساڵەی ئیخوان و مورسی ئیستا بۆتە ئەستیرەی درەوشاوەی سوری راپەرینی میلیونی . بەڵام لە راستیدا ئەرکی سەرەکی سیسی بەر لە ڕوخانی دەسەڵاتی مورسی خامۆش کردنەوەی راپەرین و شۆرش بوو. لەمبارەیەوە دەکری بڵێین بە فیشەکیک دوو نیشانی پێکاوە ئەویش روخانی دەسەڵاتی ئیخوان و مورسی لە ریگای سواربونی شەپۆڵەکانی شۆرش. خۆ گەر ئیخوان و مورسی سیسیان نەهینایەتە پیشەوە بە ئومیدی داسەپاندنی دەسەڵاتی رەشی ئیسلامی خۆیان ئەوە سیسی نەدەبو بەم قارەمانە.قارەمان و رابەری راستەقینە ئەوانەن کە بیروبارو ریبازی سیاسی یان و ناکۆکی و جیاوازی یەکانیان هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ نەیارەکانیان رادەگەیەنن ،نەک وەک سیسی کە دەورانیک هاوریی تەنتاوی دۆستی موبارەک و پاشان هاوریی مورسی بوو.


لەم پیگەیەوە دەبینین سیسی بۆ ئەوەی ببی بە سەرۆک دەبیت زۆر بکات بە قوربانی.بە چاو پیاخشان بە قوربانی یەکانی و کارە سەرکوتگەری یەکانی دەبینین کەمتر لە ساڵێک وێرای کوشتنی زیاتر لە ١٠٠٠ کەس بە فەرمانی راستەوخۆی سیسی لە مانگرتوانی ئیخوانی یەکان لە مزگەوتی رابیعەی عەدەویەو مەییدانی نەهزە هاوکات کوشتنی سەدانی تر لە نارەزایەتی یەکان کە لە لایەن ئیسلامی یەکانەوە دژی بەڕیخراوە.


هاوکات قوربانی یەکی تر بریتی بوو لە دانانی یاسای تێستی ئاشکراکردنی پەردەی کچینی ئەو کچانەی بەشداری خۆپیشاندان دەکەن تا ژنان وادار بکەن بەشداری هیچ نارەزایەتی یەک نەکەن .هەروەها دەنگدان لەسەر دەستوریکی ناوەرۆک ئیسلامی کۆنەپەرست کە جیاوازی یەکی وای نی یە لەگەڵ دەستورری ئیخوانی یەکان و تەنها چەند برگەیەکی سادەیان لێ دەسکاری کردوە . ئەمانە سەرەرای بیکارکردنی ملیونی و بەرزکردنەوەی نرخی کالاکان و کەمکردنەوەی کری و موچەو هیرش بۆ سەر مافو ئازادی یە فردی و سیاسی یەکان.


ئیستاش بریاری لەسێدارەدانی بە کۆمەڵی ٥٣٠ کەس لە ئەندامان ولایەنگرانی مورسی و ئیخوان لە دوو دانیشتنی دوو رۆژی دادگا دژە مرۆیی یەکانیان قوربانی ترن. دیارە بەهانەی ئەم بە کۆمەڵ لەسێدارەدانە ئەوەیە کە پۆلیسیکیان کوشتوە لە کاتیکدا چەندین جار لە سایەی دەسەلاتی سوپادا پۆلیس دەیان کوسیان کوشتوە بەڵام تا ئیستا یەک پۆلس لەسێدارە دراوە.


خۆ گەر چاو بخشینین بە میژووی رابردوودا دەبینین لە کاتی تیرۆرکردنی ئەنوەر ساداتدا کە ٥ گەورە ئەفسەری تری لەگەل کوژرا لە سالی ١٩٨١ تەنها ٥ کەسیان لەسێدارە داوە کە بەو کارە هەستان.


ئەمە جگە لەوەی بریارە لە مانگی داهاتودا نزیک بە ٧٠٠ کەسی تر دادگایی بکات کە زۆریک لە سەرانی ئیخوانی تیایە.هەر لە خودی مورسی یەوە تا محمەد بەدیع و هیشام قەندیل و زۆر ئەندامانی تری مەکتەبی سیاسی یان. خۆ گەر لەم قۆناغەدا لەسێدارەدانی ئەم ٥٣٠ کەسەیان بۆ بچیتە سەر ئەوە دەبیتە کار ئاسانی بۆ سزادانی نەیارەکانی تری داهاتویان.


جا گەر لەم گۆشەیەوە بروانین بۆ ئەم روداوانەو ڕۆڵی سوپاو قارەمانەکەی بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی چ قوربانی یەکی دەویت ئەوە بۆمان روون دەبیتەوە کە بە پیچەوانەی زۆریک لە حیزبە چەپو رۆشنبیرە وردەبۆرژواکانو، تەنانەت هەندیک لە سەندیکا کریکاری یەکانیش کە سیسی و سوپا بە قارەمان و رزگارکەری جەماوەرو شۆرش دەزانن ڕێک بە پیچەوانەوە مەرجی سەرکەوتنی راپەرین و شۆرش لە دەسکۆتاکردنی ئەم ڕۆڵەی سوپاو قارەمانەکەیدایە تەنانەت لە هەڵوەشانەوەی سوپادایە.


لێرەدا پیویستە بۆ کرێکاران و جەماوەری ئازادیخواز زیاتر ڕۆشن بیتەوە کە هیچ کات سوپاو هەمو دەزگا چەکدارەکان جگە لە ئامرازێکی کارای سەرکوتگەر بە دەستی هەمو باڵەکانی بۆرژوازی، بە قەومی و ئیسلامی یەوە، هیچی تری نی بۆ پاراستنی سیستەمی سەرمایەداری.


لە کۆتاییدا پیویستە جەخت لەوە بکەینەوە کە لە کاتیکدا سیسی و دەسەڵاتەکەی هەڵدەستن بەم تاوانانە لە ئاستی جیهاندا گەورەترین نارەزایەتی هەیە لە دژی بریاری سێدارە و زیندانی ئەبەدی و رۆژ بە رۆژ دەوڵەتەکانی جیهان لە ژیر نارەزایەتی یەکانی کریکاران و ریکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بەرەی ئازادیخوازی و مرۆڤدۆستی یاساو بریاری سێدارە هەڵدەوەشیننەوە.وە بە پیی راپۆرتو ئامارەکان لە ساڵی ٢٠١٣ دا تەنها ٢٢ دەوڵەت بریاری ئعدامی جیبەجی کردوە کە میسر یەکیکە لەو دەوڵەتانە.


بۆیە پیویستە هەموو لایەک دەنگی نارەزایەتی بەرزکاتەوە بەرامبەر ئەم سێدارە و کۆمەڵکوژییەی سیسی و دەسەڵاتە سەربازی یەکەی و حیزبە قەومی و ئیسلامی یە هاوپەیمانەکانی کە دەیانەوی سیسی بکەن بە سەرۆکو سەقامگیرکردنەوەی دەسەڵاتی بۆرژوا قەومی سەرمایەداری لە ریگای سەرکوتو سێدارەی بە کۆمەڵەوە.


کۆتایی ئاداری ٢٠١٤
ماڵپه‌ڕی موزه‌فه‌ر عه‌بدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک