په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٦\٢٠١٢

میوە و فریشتەکانی بەھەشت.


شێرکۆ عادل     


قەوامی سەڵتەنەت و پایەداری شانشینی و تەشریفاتی ئەمیر و ئومەڕای سەردەمانی چەندین سەدەی لەمەوبەر ؛ بەردەوام ڕازاوە بوون بە کچی جوان جوانی فریشتەیی و میوەھاتی ھەمە جۆری باخی بەھەشتی لە ھەموو بۆن و ڕەنگ و تامێ ، لە جیھاندا لەم سەری ڕۆژھەڵات تا ئەوسەری ڕۆژاوا لە دەستەڵاتە جۆراوجۆرەکانی سەدەکانی پێشوو درێخی نەکراوە لە ڕازاندنەوەی مێزی بەردەم پایەدار و خانەیانەکان ، ئەم کلتورە شاھانەیە لەسەدان سەدەی ڕابردوو تا ئێستاکە بە ھەر جۆر و شێوازێک بێت بەردەوامی ھەیە و بۆنە فەرمی و دانیشتنەکانی دەستەڵات داران و پیاوانی دەوڵەتی پێ ئەڕازێنرێتەوە.


ئەوە بە تەنھا دەستەڵات دارە کلاسیکیی و خاوەن شکۆکان نین بەم نەرێتە سەرمەستن و لە سەر مێزی تەشریفاتی میوەی بەھەشتی ئەڕازێنەوە و لەبەردەم بۆنەکاندا کچی فریشتەیی نمایشەکەن ، ئەمڕۆ لە زۆر لە ووڵاتانی جیھانی دواکەوتوو وە لە ناویشیاندا خۆر ھەڵاتی ناوەڕاست وھەرێمی کوردستان ؛ ئەم نەرێتە بۆتە دەست پێکی کار و بەرنامە و پڕۆگرامەکانی تەشریفاتی حکومی و حزبی و سیاسی لە کۆبونەوە و کۆڕەکانیاندا لەلای ھەموو قەوارە سیاسیە بچوک و گەورەکان بە " دەستەڵات و ئۆپۆزسیۆن " و ھەموو حزب و ڕێکخراو و گروپ و ھەروەھا لایەن و بەڕێوە بەرایەتیە فەرمیەکانی حکومەتی ھەرێم ؛ ھەرھەموویان بە شێوەی داھێنان و کێبڕکێ لەسەر خۆشترین میوە ی سەرمێز و جوانترین کچی بەر بۆنەکان کێبڕکێیانە بۆ جوانترین ڕازانەوە.


ئێمە بەچ ڕوویەکەوە میوە بڕازێنینەوە لە بۆنەی تەشریفاتی حکومی و حزبیەکاندا ! کە لە کاتێکا ووڵات و خاکەکەمان لە % ١ی میوەکانمان بۆ وەبەرھەم نایەت و کشتوکاڵ کۆڵەوارە ؛ وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاو و ئاوەدانی بە کام چاو سەیری میوەی ڕازاوەی سەرمێزەکان بکات ، بە چ دوور بینێ سەیری باخ و کشتووکاڵ و بەرھەمە نیشتمانیەکانمان بکەین ! ، ئەرێ کەسێ نیە بڵێ لەسەر گۆی ئەم جیھانە پان و بەرینە حکومەتێ یان حزبێک ھەبوە و ھەیە بۆ میوانێکی نەدیو و نەناس بەربەلەمێ " خەیار " ی ووڵاتانی دراوسێ دانێ بۆ میوانی سیاسی ! ؛ ئێمە بۆمان نیە و ناکرێ باسی کشتوکاڵ و میوە و مزرەمەنیەکان بکەین چونکە نیمانە ؛ یان چۆن چۆنی بتوانین لەپاش کۆبونەوە سیاسیەکان شەرم بکەین و دەستی بۆ درێژ کەین ؛ بەتایبەتیش خەیار کەلە گروپی سەوزەیە نەک میوە.


باوادانێین وا چەند ساڵێکە ووشکە ساڵیە و نەھامەتیە و تازە لەشەر بوینەتەوە ؛ کەچی پۆل بە پۆل جوتیارەکانمان ، خوێندکارانی زانکۆکان تازە وا ئەچنەوە ناو جیھانی سەربازی و ئاسایش و پۆلیس و دەزگا حکومیەکانی تر دور لە ئاوەدان کردنەوە و کشتووکاڵ و بەرھەم ھێنانی مزرەمەنی ، ئیتر چۆن لەڕومان بێ بەرھەمی میوەی ووڵاتانی دراوسێ لەبەردەم میوانی حزب و حکومەت و نیشتمانا بڕازێنینەوە ! ؛ ئەزانن لە علوەی سلێمانی و دھۆک و ھەولێر و کەرکووک گوێمان لە ووشەی کوردستان و خۆمانە و خۆماڵی نیە ، ھەر دوکانەو بەرھەمەکانی بەناوی ووڵاتانی دراوسێوە بەیانەکات و ناوی باخەکەکانیان ئەھێنن.


ئەی فریشتەکانی بەھەشت و کچە جوانەکان ! ؛ زۆربەی بۆنە و یاد و کۆڕ و کۆبونەوەی حزبی و حکومی یەکانە لە ھەموو شار و شارۆچکە و ناوچەیەک ؛ جوانترین کچ و ژن و ئافرەت ھەڵەبژێرێت بۆ ڕازاندنە و و دەست پێک و بەگەڕ خستنی ؛ قردێلە قرتاندنێکمان نیشان بدەن کە بە کچی جوان نەڕازابێتەوە ، دەست پێکی کٶڕێکمان پێبڵێنن کە بەکچ و ژنانی ئاڵاو واڵا جوان نەکرابێ ، ئەوە سەردانی کام سەرۆک و بەرپرس بوە بەکچی منداڵ کار و گوڵەکانی دەستیانەوە لە فڕۆکە خانەکان ھەڵنەپەڕیبن ، تەشریفاتی ناو کام کۆڕ و کۆبونەوە و کۆنفرانسە کچان و ژنان بەڕێوەیان نەبردبێ ، تەنانەت توالێتی زۆربەی ئەو شوێنانەش ھەر ئافرەتی داماوی فەڕاشەکانن لە " دادە و باجیەکان " بۆ پاکردنەوەی دایرە و بارەگا حزبیەکان دادەنرێن ، ڕاستە ئەو شێوازەی جاری جارانی سڵتەنەت و پاشاکان نەماوە ، بەڵام ھەمان ناوەڕۆک و ئەخلاقیاتی تەشریفاتی یاد و بۆنە و کۆڕ و کۆبونەوە کانە پەیڕەو دەکرێنەوە و بە " سکرتێرە و کارمەند و باجی و دادە " کانی سەپێرن و دەیڕازێننەوە.


گۆڕینی ئەم نەرێتە گاڵتە جاڕیە ، سەردەمێک ، بیرێک ، لایەنێک یان کەسێکی ئەوێ وەک عیسا بە جورئەتبێ " کاتێ ھەموو سەبەتەی توجارەکانی ناو ئوڕشەلیمی ھەڵگەڕانەوە و توڕی دان و دەری کردن " ، کەسێکمان ئەوێ ، حزبێکمان ئەوێ ، وەزیرێکمان ئەوێ ھەموو سینی و سەبەتی میوەی بەردەم مەسئولین و خانەدانەکان توڕ فڕێدات و ئەم نەرێتی تەشریفاتیە کلاسیکانە توڕدات ، حزبێک و لایەنێک و حکومەتێکمان ئەوێ کشتوکاڵ ئاوەدانکاتەوە نەک زەوی و خاکمان کوێرکاتەوە و ھەمووی بکەنە باڵەخانەی بەرز بەرز ؛ پەرلەمانێ ، حکومەتێ ، حزبێ ، وەزیرێکمان ئەوێ چیدی نەھێڵێت ئافرەتان وەک کاڵای ڕازاندنەوەی کۆڕ و کۆبونەوە کان سەیر کرێن ، و سینی بەدەستی بەردەم قردێلە قرتێنەرەکان بکرێنە کەنیزەکی شاھانە لە بەر دەرگاکانا ، کچێک و ژنێک و فریشتەیەکمان ئەوێ کە لە پلە و پایەی سەرەوەی ناو حزب و حکومەت و پەرلەمانابێت و خاوەن قسە و دەستەڵاتبن ، نەوەک جوانەکان کۆڕ و کۆبونەوەکان بڕازێنەوە و بەتەمەنەکانیش لە دادە و باجیەکان سەرمێزو توالێتەکانیان پاکەنەوە.


لەندەن
ماڵپەڕی شێرکۆ عادل
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک