مۆدێلێکى تر،لە
پەیڕەوکردنى (دیموکراسى)لە کوردستاندا!

بەشدار عهلی
کەم دەسەڵات و حکومەت و حیزبى دونیا هەیە کە راستەوخۆ کاربکات بۆ
دورستکردنى جیاوازى و نا یەکسانى و شەڕ و ئاژاوە و نا ئارامى،کەم
دەسەڵات و حکومەت هەیە رەفاهیەت و خۆشگوزەرانى و چارەسەرکردنى کێشە و
گرفتەکان و دابین کردنى خزمەتگوزارییەکان و مافە فەردى و مەدەنیەکان
نەخاتە چوارچێوەى کار و پرۆژەکانى و بەڵێنى گەورە گەورە تەخشان و
پەخشان نەکات لە راگەیاندنەکانیاندا.دەسەڵات و حکومەتى کوردى و ئەحزابى
ناسونالیستى کوردییەکانیش لەم بارەیەوە زۆریان گوت و زۆرمان بیست،بەڵام
ئەوەى لە واقعى وەزع دەگوزەرێ شتێکى ترە و کار و پرۆژەکانیش روویەکى
ترى نیشانداوین واتە ئەوەى گوتراوە شتێک بوو ئەوەشى کە خوێندراوەتەوە
شتێکى ترە،لەژێر بەهانەى( ناسکى ئەزمونەکە و ساواى حکومەت )شانى خۆیان
لە دابین کردى سەرەتاترین پێداویستیەکان خالى کردۆتەوە،لەبەر کارى(
تیرۆرستى و ئاژاوەگێرى )رێگە بە بچوکترین نارەزایەتى و کۆڕ و کۆبوونەوە
و رێپێوان نادەن،لە ژێر سەردێرى (رێزگرتن لە داب و نەریت)مێشکى
هەزارەها لاوى کچ و کوڕیان ئاخنى و هەزارەها مرۆڤیان ناچار بە خۆکوژى
کرد،لە دوا مۆدێل و رێگا بۆ دەمکوت کردنەوەى دەنگە جیاواز و
نارازییەکان راپێچ کردنیانە بۆ دادگا و لێکۆڵینەوە،گوایە نوسەران و
رۆژنامەنوسان بە نوسینەکانیان راستیەکان ئاوەژوودەکەنەوە و ئەزمونوکە
لە باردەبەن و ئەمنیەتى خەڵک دەخەنە مەترسیەوە!
ماوەى چەند مانگێکە کۆمەڵێک نوسەر و رۆژنامەنوس ئەوانەى کە دەستیان
پێیان دەگات لەلایەن کەس و دامودەزگا حکومى و حیزبیەکان،سکاڵایان لەسەر
تۆمار دەکرێت و پۆل پۆل بەرەو دادگاکان راپێچیان دەکەن.
رێگا و شێوازى سەرکوت و دەمکوت کردنەوەکانى خەڵک بەگشتى و رۆشنبیران و
سیاسیەکان بە تایبەت ،زۆر گیرایە بەر،موڵک و سامانى هەموو کۆمەڵگا
خرایە خزمەتى جوانکردنى ناشیرینیەکانیان ،بەڵام خۆشبەختانە
نەیانتوانى،چونکە ناشیرینیەکانیان هێندە زۆرە ناتواندرێ پەردەپۆش بکرێ
و زیادەرۆیى بەرپرسەکانیش هەموو سنوورێکى بەزاند و هۆشیارى خەڵکیش لە
ئاستێکە لاپەرەى سپى دەخوێنێتەوە!،لە لێدان و رفاندن و ترس و تۆقاندنیش
مەلەف گەلێکى بێ کۆتا لەبەردەستدایە،ئەمجارەشیان گوایە دیموکراسیەکەیان
گەیشتۆتە لوتکە بە رێگاى(یاساوە) دەستەمۆمان دەکەن و دەرگاى زیندانیان
لێ گرتوین.
هەموو ئەورۆژنامەنوسانەى لەم چەند مانگەى رابردووە راپێچى دادگا کراون
و داوایان لەسەر تۆمار کراوە،لە نوسینەکانیانیاندا باسیان لە گەندەڵى و
راووڕوتى بەرپرسان و بە هەدەردانى سامانى خەڵک کردووە(کە ئەمە هیچ کە
تەنانەت خۆشیان ناتوانن نکۆڵى لێ بکەن)،باسیان لە نەبوونى
خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان کردوە،رەخنەیان لە نەبوونى یاسا و
دەستورێکى مۆدێرن گرتووە،نیگەرانن بەرامبەر بە فەرهەنگى زاڵى نێو
کۆمەڵگا و بەرتەسک کردنەوەى ئازادییەکانى تاک... .
ئەگەر ئاشکراکردنى رۆتین و گەندەڵیەکان،داواکردنى ئاو و کارەبا و
سوتەمەنى و رێگاوبان،باس کردنى پێشهاتە مەترسیدارەکان و
ئاگادارکردنەوەى دەسەڵاتێکى خەوتوو لێى،رەخنەگرتن و تور هەڵدانى
پیسترین داب ونەریت ،داواکردنى یاسایەکى پێشکەوتوو کە مافو
ئازادیییەکانمان دەستەبەربکات و حورمەت وشەخسیاتمان بپارێزێ، دەست
راگەیشتن لە ئامێرەکانى سەردەم و بەهرەمەند بوون لە خانووبەرەى
گونجاو،بوونى سیستەم و پرۆگرامێکى مەدەنى و شارستانى و ئینسانى کە
مێشکى ئینسانەکان ئازار نەدات و دەیانى تر...،زبادەرۆیى و نا راستگۆیى
و سوکایەتى و تێکدانى ئەمنیەت و ئاسایشى خەڵک بێت!! ئەوا بۆ هەر کەسێک
لە ئێمە جێگاى شانازییە کە هەر هەفتەى چەند جارێک بچێتە دادگا و
پەیڕەوکردنى ئەو دیموکراسیەش با پیرۆزى دەسەڵات و حکومەتێکى سەیر و
سەمەرەى وەکو ئەوەى کوردستان بێت،چونکە ئەو کردەوانە تەنها لە
دەسەڵاتێکى نا مۆدێرن و تۆتالیتى و تاکڕەوى کاولکار،دووبارە دەبێتەوە.
Bashdar_net@yahoo.com
|