مۆنۆپۆل!
بەشدار عهلی
مەبەستم لە مۆنۆپۆل،دەست بەسەراگرتنى ئاو خاک و هەوا و سامان و سەروەت و هەناسەدانى ئەو خەڵکەیە لەلایەن دەسەڵاتى سیاسى کوردستانەوە،کارەکە هێندە قێزەوەن بووە وەزیرێک بە داهاتى خەڵک کە بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەکان دابین کراوە دەچێت پاسى هاتووچۆى پێدەکڕێت و دەیخاتە کار و کاسبى پێدەکات!!!
لایەنێکى ترى دەست بەراگرتن و مۆنۆپۆل کردنى ژیانى رۆژانەى خەڵک کۆنترۆڵ کردنى هێڵەکانى پەیوەندى خەڵکە بە تایبەت هێلى ئەنتەرنێت، لەبەر ئەوەى هەر خۆیان لایەنى جێبەجێکارن و هەر خۆشیان چاودێرن بۆیە لە خراپترین جۆرەکانى خزمەتگوزارییان خستۆتە کار بە شێوەیەک ناتواندرێت سوودى لێوەربگیرێت لەکاتێکدا بەم هۆیەوە زۆرترین پوڵ لە گیرفانى خەڵک دەردەهێنن،سەربارى ئەمانەش چونکە هەموو کۆفى سەنتەرەکانى ئەنتەرنێت و کۆمپانیاکان لەلایەن چەند بەرپرسێکەوە دەستى بەسەردا گیراوە بۆیە رێگە بە کەسى تریش نادەن و لێناگەرێن ململانێى باشترکردن دورست بێت.
بەبێ هیچ زیادەرۆییەک،لەهەر سێ شارەکەى کوردستان کە پارتى یەکێتى دەسەڵاتیان بەدەستە،هیچ پرۆژە و کۆمپانیا و سوپەرمارکێت و مۆتێل و بەڵێندەرایەتییەک بەبێ پشکى شێرى بەرپرسانى ئەو حیزبانە بەرێوەناچێت و هیچ کەسێک بۆى نیە دەم لە بچوکترین پرۆژە بکوتێت ئەگەر سوودى زیاترلە نیوەى بۆ ئەوان نەبێت،بۆیە ئیستا سەیرى پرۆژە و کۆمپانیا و بازار و شوقە و کارگەکان بکەیت ئەمەت بە ئاسانى بۆ روون دەبێتەوە ،لەگەڵ ئەمەشدا هەموو بەڵێندەرایەتیەکانى لە بابەت جێبەجێ کردنى پرۆژەکانى وەکو رێگاوبان و پرد و قوتابخانە و نەخۆشخانە و مزگەوت و تەکیە و خانەقاکان لە هەموو وەزارەتەکان لە هەولێر و سلێمانى دەدرێت بە کۆمپانیا و بەلێندەرێکى سەر بە یەکێک لە بەرپرسەکان،ئەوسا هیچ هێزێک نیە لەبەرامبەر لایەنى جێبەجێکارى پرۆژەکان بپرسێتەوە ئەگەر بە خراپترین جۆر و شێواز جێبەجێ کرد ،لەبەرئەوەى لایەنى چاودێرى و لێپرسینەوەش هەر خۆیانن!(فەشەلى و ناتەواوى زۆربەى هەرە زۆرى پرۆەکان شایەدى ئەو رستانەى سەرەوەن،رێگاوبانەکان بە چەند مانگێک پەکیان دەکەوێت،قوتابخانە و نەخۆشخانەکان پێش کردنەوەیان لە کەلاوەیەک دەچن،لە زۆربەى ئاوەرۆکاندا ئاوى پاک و پیس تێکەڵى یەکتر دەبن،...)لەگەڵ ئەوەشدا گومژەى خەیاڵییان بۆ تەرخان دەکرێت و داهاتێکى بێشومار مانگانە بەرێگا نایاساییانە دەچێتە سەر حیسابى بەرپرسانى کوردستان.
رۆژ لەدواى رۆژ شێواز و رێگاى کۆکردنەوە و دەست بەسەراگرتنى سامان و سەروەتى خەڵک لەلایەن بەرپرسانەوە زیاتر دەبێت،بەرپرسانێک سەرەڕایى پشکیان لە کار و پرۆژەکانى کە پێشتر باسمان کرد،دەست بەسەر کۆمپانیاکانى ئەتنەرنێتدا دەگرن و خەڵک ناتوانێ سەرەتاترین کارەکانى خۆى بەم ئەنتەرنێتانە جێبەجێ بکات،چەند سەنتەرێکى وەهمیان لەژێر ناوى جۆراو جۆرى وەکو رۆشنبیرى و لێکۆڵینەوە و فێرکارى...، لە دەمودەزگاکاندا ناونوسکردووە و مانگانە بەهەزارەها دۆلار و هاوکارى و بۆ وەردەگرن و کەچى لە واقعیشدا بونیشیان نیە،هەندێکى تریان خەریکى دەلاڵى زەوى و خانوبەرەن چونکە مانگانە بەسەدان پارچە زەوى بەدەست دەهێنن و دەیفرۆشنەوە،هەندێکى تریان سوپایەک لە چەکدار و پاسەوان و شۆفێر و بەردەستیان لاى خۆیان تۆمارکردوە و سەرى مانگانان موچەکەیان بۆ خۆیان وەردەگرن بەبێ ئەوەى بوونیان هەبێت ،ئەمە بێجگە لەو باج و گومرگ و رسوماتەى داهاتى کوردستان کەکەس نازانێ چى بەسەر دێت!؟بەپێى راپۆرتێکى رۆژنامەى(واشنتۆن تایمز) داهاتى کوردستان کە بەمەلاین دۆلار دەخەملێندرێت،یەک دینارى ناگەرێندرێتەوە بۆ بەغدا و یەک شەقامیشى پێ چاککناکرێتەوە و موچەى یەک فەرمانبەریشى لێ نادرێت ،چونکە هەموو ئەمانە و پرۆژەکانى ترى کوردستان لەلایەن حکومەتى مەرکەزییەوە دابین دەکرێت،ئەى ئەو داهاتە چى بەسەر دێت؟ بۆ واز لە خەڵک ناهێنن کەمێک بە ئاسانى هەناسە بدات و چەندین سەعات بەدیار شاشەى کۆمپیوتەرەکان دۆش دانەمێنێت بۆ ناردنى نامەیەک!؟
ئەگەر هەنگاوێک هەبێت بۆ بەرەو پێش چوون و چارەسەرى ،دەتواندرێ ئێمەش لە کۆمەڵێک شت چاوپۆشى بکەین،بەڵام رۆژ لەدواى رۆژ ئاستى گوزەرانى خەڵک روو لە لێژیە،کێشەکان روو لە قوڵبوونەوەن، دەست بەسەراگرتن وسامانى بەرپرسانیش روو لەبڵندییە،بۆیە ناکرێت لەمە زیاتر بێ دەنگى و قبوڵ کردن ،بەدرێژەکێشانى ئەو وەزعیەتە سامانى بەرپرسان بەرزتر دەبێتەوە و مانگانە شێواز و جۆرى ڤێلا و سەیارە و ژن و (کاسبیەکانیان)گۆرانکارى بەسەردادێت و ئاستى گوزەرانى ئێمەش زیاتر کێرڤەکەى دێتە خوارەوە،بۆیە بائێمەش لە سەنگەردابین و قۆڵى لێهەڵماڵین بۆ ئاواکردنى ئەو کەسانەى دەیانەوێت ژیانمان لێبکەن بە دۆزەخ.
Bashdar_net@yahoo.com
|