مۆسیقای
کوردی
لەنێوان مێژوو
و
لاساییکردنەوەى ....؟!!
دەلیل میرساز
بێ گومان لەڕۆژى ئەمڕۆماندا هەلێکی باش ڕەخساوە بۆ هونەرمەندانى کورد
کە بتوانن خزمەت بەهونەرى رەسەنى کوردی خۆمان بکەن کەبەسەدان ساڵ نیرى
قەدەخەکردن وسڕینەوەى لەسەر ملی هونەرى رەسەنى نەتەوەیمان ئێستەشى
لەگەڵدابێت سەپێنراوە.
ئەمڕۆ لەهەرچوار پارچەى کوردستان هونەرمەندانى کورد دەتوانن بەزمانى
کوردی بەرهەمەکانی خۆیان بچڕن و داهێنان بکەن وەببن بەخاوەنى بەرهەمی
هونەرى رەسەنى نەتەوەیى خۆیان لەسەر ئەو بنەمایە کاربکرێ بۆیە پێویست و
گرنگە هونەرمەندانی کورد بزانن چی دەکەن، لەکوێ دێنەوە و بەرەو کوێ
دەچن.
ئەوەى من دەمەوێ باسی لێوە بکەم، بەتایبەتى هونەرو مۆسیقا و گۆرانى
کوردییە کە بەڕاستى زۆر سەرەنجی منی ڕاکێشاوە و پێم وایە هەڵەیەکی
گەورەو مەترسى لەناوچوونى هونەرى کوردى لەئارادا هەیە.
هەر بۆیە کاتێک گوێ لەمۆسیقا و گۆرانی کوردى ئەمڕۆ دەگری، هەست ناکەى
کە ئەم گۆرانیە کوردییە ئەگەر زمان نەزانی، ئەم دیاردەیە کاریگەرى خۆى
لەسەرانسەرى کوردستان و بەتایبەتى لەباشوورى کوردستان کردووە بەناوى
تازەگەرییەوە کەوتوونەتەلاسایکردنەوەى هونەرى بێگانەى گەلان دوور
لەهەموو رەسەنیەتى یەکى هونەرى خۆماڵى چاولێکردنێکى زۆر سەقەت و دوور
لە هەموو سەلیقەو رەسەنایەتى هونەرى مۆسیقاى کوردى وای لێهاتووە
کەمۆسیقا لەبوارە رەسەنایەتى یەکەى و راستەقینیەکەى خۆی دەرچووەو بووە
بەهونەرى بێگانە.
گومانى تێدا نیە کەناسینی هەر شتێک بەگەڕانەوە بەدواى سەرچاوەکەی دەبێت،
بۆ نموونە ئەگەر بمانەوێت کەسێک بناسین دەبێ بە دواى باب و باپیرانى دا
بگەڕێین.
بۆ ئەوەى ڕاستى مۆسیقا بناسین بێ گومان دەبێت بەدواى سەرچاوەکەیدا
بگەرێین،واتە بەدواى رەسەنایەتى ومێژویى و سەلیقەتى وهونەرى خۆیدا
بگەڕێین، ئێمە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ قۆناخی شارستانیەتى مرۆڤایەتی
وچاوێک بخشێنین بەیەکەم چاخى شارستانیەت کە بۆیەکەم جارشارستانیەتى
تێدا ئاوابوو ئەویش چاخى بەردینى نوێیە"نیۆلۆتیک" دەبینین لەم قۆناخەدا
مرۆڤ توانى نیشتە جێ ببێ وکەوتە بیرکردنەوە کەبەعەقلى خۆی هەڵس و کەوت
بکات، وردە وردە بەرەو جێگیر بوون (استقرار) بوون هەنگاوى نا لێرەدا
حەز دەکەم ئاماژە بەوە بکەم کەجێگیر بوون لەسەرەتادا لەڕێگاى ژنەوە
ئەنجام درا کەتوانى دەست بەکشت کاڵکردن و بکات خۆى بژێنێ ، ئەمەش بۆ
ئەو تایبەتمەندییە سروشتى یەى ژن دەگەڕێتەوە، چەند هۆیەک،
لەتایبەتمەندی دەسەڵاتى دایک دا بەشێوەیەکى سروشتى بەدی دەکرێن.
لەبەر ئەوەى کە داییکە و کاتى منداڵ بوون پێویستى بەشوێنێکی ئارام دەبێ
تێدا بحەسێتەوەو مناڵەکەى بەخێو بکات.
ژن لەبەر ئەوەى کە ووتمان داییکە، دایک هەستى بەرامبەر بەهەموو
بوونەوەرێک ناسکە ودڕ نیە، بەپێچەوانەى پیاو کە هەمیشە لەگەڵ ڕاو و
کوشتن و خوێن و بڕین دا بەدرێژایی مێژوو ژیاوە،ئەمەش ئەوکاتە دەرکەوت
کە موڵکیەت لەدەستى ژن کەوتە دەستى پیاوەوە.
تایبەتمەندی یەکەم واى کردووە کە ژن، لەو شوێنەى کەتێیدا
دەحەسێتەوە،هونەرى رەمزى بخوڵقێنێت لەسەر دیوارى ئەشکەوتەکان وێنەى
ئاژەڵەکان بکێشێت وهتد...
ئەگەر بگەرێنەوە بۆ سەر باسی مۆسیقا، هەڵبەتە مۆسیقا پێش هەموو شتێک
لەدەنگی مرۆڤ خۆی وەرگیراوە کەلاسایی دەنگی سروشتى کردووەو لەقۆناخی
نێۆلۆتیک بەدواوە مرۆڤەکان بۆ بەکارهێنانەوەی دەنگ، قۆچی ئاژەڵەکانیان
بۆئاگادارکردنەوەو بانکردنى یەکتر بەکاربهێنن و بەرەو بەکارهێًنانى
تاڵی کلکی ئەسپ و کوولەکەو هتد.....
کە ئەمڕۆ هەر ئەو قۆچانە بوون بەشمشاڵ و باڵەبان وناى و بوق و کوولەکە
و کلکی ئەسپیش بوون بەئامێرە وەتەرییەکان لە ( تەمبورە وساز و قیسارە و
هەتا دواى دروست دەکرێت.
لەبیرمان نەچێت کەدەنگی مرۆڤ ماوەیەکی زۆر بە کار هاتووە بۆ تقوساتى
دینی و ترس و عیبادەت کردن بەرامبەر ڕۆژ و مانگ و هەروەها بەرامبەر بە
ئاژەڵە زلەکانی کە لێیان ترساون .
هەروەها دەنگەکانى مۆسیقا بۆ چەند مەبەستێک بەکارهاتوون.
بۆ ئەوى ورەى مرۆڤەکان نەڕوخێت، هەمیشە مۆسیقا یان بەکارهێناوە، بۆ
ئەوەى بتوانن لەڕاو کردنى ئاژەڵەزلەکان سەرکەوتن بەدەست بهێنن دیسان
مۆسیقایان بەکارهێناوە، هەروەها هەر کاتێک کە مرۆڤەکان، هاتبن بۆ لاى
یەکترى دەستیان کردووە بەهەڵپەڕکێ و گۆرانى و مۆسیقا بۆ ئەوەى لەژیانى
ڕۆژانەیاندا گورج و گۆڵ بن.
سەرچاوەو دەرکەوتەو ئاواکردنى شارستانیەت وپێشکەوتنى هونەر بەگشتى بۆ
ئەم ناوچە گرنگەى مرۆڤایەتى دگەڕێتەوە ئەویش " میزۆپۆتامیا"یە کە دایکى
شارستانییەتەکانە، لێرەدا دەگەینە ئەو راستیەى کە مۆسیقا بۆ خزمەتى
مرۆڤ بەکارهاتووەو ئەرکی یەکەمی مۆسیقا ئەوەیە کە خزمەتى مرۆڤ بکات،
کەواتا ئەگەر بێینەوە بۆ ئەمڕۆو سەیرى مەیدانى مۆسیقای کوردی بکەین چی
دەبینین؟ بێ شک ئێمەى کورد خەڵکی ڕەسەنی وڵاتى میزۆپۆتامیاین،
مێژوویەکی دوورو درێژو مۆسیقایەکى رەسەنمان هەیە، ئەو مۆسیقا رەسەنە
چینە سەردەستەکانى ناو کۆمەڵگا زۆر هەوڵیان داوە تێکی بدەن و بیکەنە
خزمەتى چینە باڵاکانى سەرکۆمەڵگا پاشا و سەرایەکان و چینی سەردەست
بەگشتى ، هێلێکی هونەرى سەردەستیان دروست کرد و کاریان بۆ کرد، بەڵام
هونەرى راستەقینە هەر لەبەرژەوەندی گەل و کۆمەڵگا دا بوو نامەوێ زۆر
بکەومە سەر ووردەکارییەکانى ئەم بابەتە.
ئەمڕۆ هونەرمەندانى ئێمە بەتایبەتى لەباشوورى کوردستان ئەو هێڵەیان
گرتووەتە بەر کە سەردەستەکان دروستیان کردووە، نموونەی ئەم دیاریدەیە
زۆرن.
پێش هەموو شتێک ئێمە باسی ئەوەمان کرد کە هونەر بۆ ورەى کۆمەڵگا ڕۆڵێکی
زۆر گرنگی هەبووە، لەکاتى تەنگانەو یاخود لەشەرکاندا دەنگ و مۆسیقایان
بەکاردەهێنا، ئەمڕۆ ئێمەى کورد دواى هەزاران ساڵ بووین بەخاوەنى
حکومەتێک کە دەوڵەتى تورکیا وەک مەترسیەک بۆ خۆى دەبینێت هێرش دەهێنێتە
سەر باشوورى کوردستان دەبێت هەموو کەسێک بەتایبەتى هونەرمەندان هونەرى
بەرگرى نەتەوەیى رەسەنى خۆمان بەرز راگرین و خاوەن هەڵوێستى نەتەوەى
بین، هونەرمەندانى ئێمە لەگوێجکەى گا دا خەوتوون.
لەلایەکى ترەوە ئێمە ووتمان وکو میللەتێکی کۆ ن و ڕەسەن لەم ناوچەیەدا
خاوەن مۆسیقا و گۆرانی زۆر رەسەنین، کەلە ئاستى دا لە هیچ میللەتێک دا
بەدی ناکرێت، نموونەلە دیالەکتیکى کرمانجی سەروو دا بەهەزاران گۆرانى و
داستان کەبەشێوەى لاوک و حەیران ووتراوە وهەر یەکێک لەو گۆرانیانە لە
سێ کاتژمێر کەمتر نییەو بە شیعر و وێژەیەکی زۆر بەرز بەکارهێنراوە کە
بەداخەوە هونەمەندان ئەم بەرهەمە شاکارەیان پشت گۆی خستووەو کەوتوونەتە
بەر لاسایی کردنى مۆسیقاى تورکی،کەخۆی لەخۆیدا لاسایی کردنی مۆسیقای
خەڵکی ترە، بەم حاڵەش ناویان ناوە گۆڕانکارى.
لێرەدا من دەمەوێت کەمێک لەسەر مۆسیقاى تورکی چەند خاڵ بڵێم، میللەتى
تورک میللەتێکە زۆر درەنگ هاتووەتە ئەم ناوچەیە بەداگیر کردن و
لەناوبردنى میللەتانى ئەم ناوچەیە هاتۆتە ئێرە، کاتێک کەهاتوون لەسەر
پشتى ئەسپەکان دابەزیون و لێرەدا نیشتەجێبوون، کەئەم میللەتە خەڵکێکی
ڕەسەن و خاوەن داب و نەریت و کەلتوورى تایبەت بەخۆیان نین، لەبەر ئەمەش
زوو دینی ئیسلام پەسەند دەکەن و دەگەنە ناو دەستەڵات و خۆیان بەرز
دەکەنەوە.
لێرەدا ناچار دەبن و کولتوورو داب و نەریتی میللەتانى ناوچەکە بۆ خۆیان
کارى لەسەر بکەن، ئەگەر تەماشاى زمانى ئەمڕۆی تورکی بکرێت دەبینرێت
لەسەدا هەفتاى ووتەکان هی خەڵکی ناوچەن، وەکو عەرەبی و کوردى و فارسی و
زۆریش لاتینیان تێ کردووە هەر وەها لەجل و بەرگ و گۆرانى و مۆسیقا و
هتد...
ئەو مۆسیقایەى کە ئەوان ناویان ناوە "هاڵک مۆزیک" واتا مۆسیقاى گەلەرى
سەد لەسەرسەد هی کوردیە، بەڵام تورکەکان بۆ خۆیان بەکاری دەهێنن
هەروەها مۆسیقاى لاز و ئەرمەنی و ئاسوورى و چەرکەزى ئەمانە هەموویان
لەتورکیا قەدەخەن ئەگەر لەتورکیا ئازادى و دیموکراسی دروست ببێت
میللەتى تورک هیچی بۆ نامێنێت.
لەبەر ئەمەش ئەمڕۆ تورکیا قەبوڵ ناکات قەزییەى کورد لەوێ بەشێوەی ئاشتى
چارەسەر بکرێ، سەرەڕاى ئەم هەموو شتانەش هونەرمەندانى ئێمە وازیان
لەهەموو مۆسیقا ڕەسەنەکەی خۆیان هێناوە، کەوتوونەتە لاسایی کردنەوەى
مۆسیقای تورکی خۆرئاوایى، کەخۆی لە خۆى دا لاسایى کردنی مۆسیقاى ئێمەیە.
هیوادارم بتوانین لەسەر مۆسیقاى ئارابێسک لێکۆلین بکەین و بزانین
کەتورکیا بۆچی ئەم مۆسیقایە زۆر ئیشی بۆ کرد و پشتگیرى یەکى بێ سنوورو
بەربڵاوى بۆ دەکات ئەمڕۆ بووەتە مۆسیقای تازا لەناو هونەرمەندانى
ئێمەدا.
mirsazafrin@yahoo.com
|