په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٥\٢٠١٤

مۆسۆلینی چۆن کوژرا؟ کۆتایی دیکتاتۆرێک.


ئامادەکردنی: رێبوار  


دیکتاتۆری ئیتالی (بەنیتۆ مۆسۆلینی) لە ٢٨ی نیسانی ساڵی ١٩٤٥ لەگەڵ ژنە دۆستەکەیدا کە ناوی (کلارا پەتاججی) بوو هەردوکیان بەیەکەوە گوللەباران کران و گاڵتەجاری بە لاشەکانیان کراو بۆ ئەوەی ببن بە عیبرەت بۆ هەموو جیهان لاشەی هەردوکیان لە بەنزینخانەی (ئیسسۆ) لە شاری (میلانۆ) لە ئیتالیا سەربەرەوخوار هەڵواسێنران.


لەدوا ڕۆژانی جەنگی جیهانی دووەم مۆسۆلینی لە ٢٥ی نیسانی ساڵی ١٩٤٥ چاوەڕێی نێردراوەکانی ئەڵمان دەکات ، بەڵام پێی سەیرە کەکەس نایەبەلایدا، لەوکاتەدا مۆسۆلینی دەڵێت (فریودراین جارێکیتر لەلایەن ئەڵمانەکانەوە فریودراین) مۆسۆلینی لە ٢٧ ی نیسانی ١٩٤٥ بە ماشینێکی تایبەتی خۆی و بەیاوەری ٢٥ ماشێنی سەربازییەوە کەوتە ڕێ ، دەیویست خۆی بگەهێنێتە سویسراو لەوێشەوە بە فڕۆکەیەک بچێت بۆ ئیسپانیا ، لەڕێگادا دەکەونە بۆسەی پارتیزانەکانی پارتێک کە ناوی (موسسۆ) بووە ، دەکەونە شەڕەوە ، دەرەنجام سەربازەکانی مۆسۆلینی خۆیان ئەدەن بەدەستەوە بەڵام مۆسۆلینی دەتوانێت خۆی ڕزگار بکات، پاشان لە نزیک گوندێک بەناوی (دۆنگۆ) دەکەونە ناو خاڵی پشکنینی پارتیزانە کۆمۆنیستەکانەوە ئەم گروپە لەلایەن وربانۆ لاززارۆ وە فەرماندەیی کراوە، کاتێک پارتیزانەکان ماشێنەکە دەپشکنن دەبینن پیاوێک لە بەتانییەکەوە پێچراوە ، هەرچەندە کەسانی ناو ماشێنەکە وتویانە گوایە ئەم زەلامە سەرخۆشێکی بەستەزمانە بەڵام پارتیزانەکان مۆسۆلینیان ناسیوەتەوە و دەستبەسەریان کردووە ، دوای گرتنی مۆسۆلینی دەبرێتە گوندێک بە ناوی  (مێززەگرا) و لێرەدا دەیبەنە ماڵی خانەوادەیەک بەناوی (دیماریا)، بۆڕۆژی دوایی واتا ٢٨ی نیسانی ساڵی ١٩٤٥ کۆمیتەی ڕزگاری نەتەوەیی بڕیاردەدات کە مۆسۆلینی بکوژن، هەربۆیە یەکێک لە ئەفسەرەکانی پاریزانەکانی کۆمۆنیست بۆ ئەم کارە تەرخان دەکرێت کە نازناوی (کۆلۆننەللۆ ڤالەریۆ) بووە ناوە ڕاستەقینەکەشی (والتەر ئاودیسیۆ) بووە ، ناوبراو هەریەک لە مۆسۆلینی و ژنە دۆستەکەی لەیەک شوێندا دەکوژێت ، لە بەڵگە فەرمێکاندا ئەم کوشتنە بەم شێوەیە تۆمارکراوە.. پارتیزان (والتەر ئاودیسیۆ) دەچیتە ئەو ژوورەی کە مۆسۆلینی و خۆشەویستەکەی تێدا دەستبەسەر کرابوون ، ناوبراو بە کورتی پێیانی وتوە کە ڕاسپێردراوم دەبێت جارێکی تر عەدالەتی نەتەوەیی بۆ گەلی ئیتالیا بەرجەستە بکەمەوە ، فەرمانی پێکردوون کە هەردوکیان بەچۆکدا بێن ، بەڵام کلاریای دۆستی مۆسۆلینی ئەمەی ڕەتکردۆتەوە و باوەشی بە مۆسۆلینیدا کردووە ، سەرەتا چەکی دەستی ئاودیسیۆ چروکی کرد و تەقەی نەکرد ، دووەمین چەکیش هەر تەقەی نەکرد ، هەربۆیە ئاودیسیۆ بە ڕقداهات و چەکی یەکێک لە پاسەوانەکانی هەڵگرت و لوولەی کردە ڕووی هەردوکیان ، ئاودیسیۆ سەرەتا تەقەی لە کلارا کردو کوشتی لەوکاتەدا مۆسۆلینی کراسەکەی خۆی دادڕی و سنگی دەرپەڕاند و هاواریکرد من بکوژن ، ئاودیسیۆ بەبێ هیچ تەرەدودێک فیشەکی نا بە سنگی موسۆلینەوە و مۆسۆلینی بەلادا هات ، بەڵام هێشتا گیانی دەرنەچوبو هەناسەی دەدا پاشان ئەویش مرد.


لەدوای کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانی فەرماندەی پارتیزان (ئاودیسیۆ) لەبیرەوەریەکانی خۆیدا بەم شێوەیە باس لەم مەسەلەیە دەکات (مۆسۆلینی و ژنە دۆستەکەی هەردوکیانم بە ٥ فیشەک کوشت) دوای کوشتی مۆسۆلینی وەزیر و بەڕێوبەرە باڵا دەستەکانی مۆسۆلینی هەموویان بەیەکەوە و لەیەک کاتدا لەسێدارە دران ، بۆ ڕۆژی دوایش لاشەی مۆسۆلینی و خۆشەویستەکەی و چەند کەسێکی باڵادەست نزیک لە مۆسۆلینی لە مەیدانی (لۆریتۆ) لە شاری (میلانۆ) لەسەر بەنزینخانەی (ئیسسۆ) سەربەرەو خوار هەڵواسێنران ، گەل تفیان لە لاشەی مۆسۆلینی دەکرد و شێواندیان ، دوای ئەوەی لاشەکانیان بۆخەڵک نمایشکرد لەباکوری شاری (میلانۆ) لە گۆڕستانی (موسۆککۆ) خرایە چاڵێکەوە.

_________________________
تێبینیی: لە رۆژنامەی (سۆزجو) وەرگیراوە.
 

ماڵپه‌ڕی رێبوار

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک