په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١٠\٢٠٢٦

مۆتەکـەی خـەیـام.


 هێمن عەلی         

دەگـەڵ خـەونـەکـانـتـدا مـەجـەنگە، لـە تـۆ زۆر بـەھێـزترن.
ئـەگـەر دەتـەوێت لـە دەستیان ڕزگاربی، دەبێت قبووڵیان بکـەیت.
«پاولۆ کۆیلیۆ»


کات سپێدەیەکی زۆرزووبوو، تازە ڕۆژ لەو شاخە ڕووتانەی بەردەمان بەئەستەم سەری دەرھێنابوو، تەپۆڵکەی شاخەکانش لە بەر پرشنگی بەرەبەیان نیوەی سنگیان زەردھەڵگەڕابوون . تیشکەکانیش لەسەر گردەڵۆڵکەکان وەک ژنێکی خەمبار خۆی دەنواند، کە لەژیانیدا بەبەبێ بەختی و دەردەسەری تەمەنی بواردبێت.. لەو سەرەوەش گەواڵە ھەورێکی ڕۆشن لەگۆڕەپانی ئاسمان ھێورھێور خانمانە دەکشان بەرەو لای خۆرەکە دەھاتن لە دوورەوە بزەی خۆشەوستیان بۆ خۆر دەپژان، لێزانانە نمایشیان بە جەستەی لەشی لاری خۆیان دەکرد، بەڵانسی حەزی گڕگرتووی خۆری بەو سەمایە ئەفسونایە وەجۆشدەھێنا، یەکبار خۆریش بە ھەمان ڕیتم و ھارمۆنی سەری لە نێو سنگ و مەمکەتۆزاویەکانی تەپۆڵکەکان بەرزدەکردەوە ڕووی گەشی خۆی دەردەخست، لە تەپوتۆزی شەو خۆی دادەکوتا.. خۆی ئامادە دەکرد بۆ ژوانی گزەنگ، ئامێزی بۆ جوانی و خۆشەویستی سروشت دەکردەوە. سا لە پێش ئەو ژوانە سەر لەبەری گیانلەبەرەکان پاکانەی ئۆباڵداریان دەکرد؛ " باڵندەکان بە جریوە و قریوەی بەیانیان سەمفۆنیا و ئۆپێرای سروشتیان دەژەنی، دار و درەخت و دەوەنەکانش دەگەڵ کزەبای ئەزەل خۆیان بەملاوئەولا بادەدا و دەستی یەکترییان گرتبوو گەڕ گەڕ چەپکە شاییان دەکرد بەبێ ئەوەی مەی بنۆشن تەواو مەست و سەرخۆشببوون"

 

پەیکەری ھۆمەر خەییام (١٠٤٨ - ١١٢٣) لە نیشانپوور، ئێران.

 

بەو کازیوەیە تەنھا خۆم و حاجیەکی پیری بارییکەلەی ڕەنگپەڕیوو لەناو ماشێنێکی " پەیکان " ی مۆدێل کۆنابووین، بە ناو ئەو سروشتە دڵڕفێنە دەسووڕاینەوە . حاجیەکە شوفێربوو، ئەزیش بە حایرمانەوە لەتەنیشتی دانیشتبووم . حاجیەکە، سەرجەم لەشی لەبەری پێیەوە تا تۆقی سەری بە دەستە جلکوبەرگێکی سپی خۆی پۆشتە کردبوو، تەنانەت پێڵاوەکانشی ڕەنگیان سپیبوون، کە جووتە کەوشێکی نازداری ھەورەمانی لەپێدابوون . ناو ماشێنەکەشی بە ناسکە بۆنی شەراب بۆنداربوو، مامەحاجی ئارەزووی یەکەم و ئاخیری لەژیانیدا "مەی" بوو، پێیوابوو "مەی" دەرمانی ھەموو دەردێکی بێدەرمانە؛ "دەرمانی دڵبریندارەکانە، ھەروا دەرمانی ڕۆح سووتاوەکان و ئاشقەکان و پەرۆشەکانی ژیانە . فرەخاسیش دڵارامی دڵبەرەکان و گەورەکچانە " . لەلای مامە حاجی ھەموو ئەوانەی لەو بەخشیشە خودایە "مەی" بێبەشن لەڕووی سایکۆلۆجیەوە شێواون« شادمان نیین»، بەڵکە ڕۆحیان تەپخ و ھشکە، دڵیان ساردوخوساوە و ئیرۆسشیان فتداوە).. مامەحاجی بێ پسانەوە مەی دەنۆشی . سا، لەبەر زۆر خواردنەوەی شەراب، ھاڵاوی مەی لە سەرجەم خانەکانی لەشی بەرزدەبەوە، کە ترمۆزێک شەرابی سوری تازەی لە کەمەریدا گرێدابوو، زۆر بەبێدەنگی جاروبار ترمۆزەکەی بەدەمییەوە دەنا لێوە وشکەکانی پێتەڕدەکردەوە، ڕووی زەردبووەکەی بەو شەرابە سوردەکردەوە.. دەمنادەمێکیش لەشوێنی خۆی وەک کەسێکی بریندار یان ئاشقێکی ھەراش، جا لە تاو ئازارەکانی ھاوار و ناڵەی لێ ھەڵبسێت، وەھا گۆرانی دەچڕینەوە. ئا ئەم کۆپلە چوارینانە نموونەیەکن لە گۆرانییەکانی.. باشتر لە نەغمە خوانەکانێتین:


ڕابوێرە بەسەر بەرزی بە نان و ئاوێک
سەردامە نوێنە بۆ ھەموو نا پیاوێک
لەم ژینە کە ھەر دەمێکە دێت و دەڕوا
مەردایەتی مەفرۆشە لە پێناو تاوێک
یان دەیووت :
بۆ ژانی دڵان ھەر مەیە دەرمانی بێ
زانا ئەوەیە تامی لە مەی زانی بێ
ئەو کۆنە پەرۆی لێوی لەمەی پێدەسڕن
بەرماڵی ھەزار ..... بەقوربان بێ

چوارینەکانم زۆر پێخۆشبوون، وەلێ ئاوازەکەیان بەدەمی مامە حاجی زیاد لە ڕادە خەمگینبوو، کە ھەستی مرۆڤی زامدار دەکرد.. ئارەزووم دەکرد، بزانم ئەو چوارینانە ھیی کێنە؛ ھیی خۆیەتی یان ھیی کەسێکی دیکەن ؟ ووزەم وەبەرخۆدا بۆ پرسیارکردن، ھەروەھا لە دواھەمین دێری چوارینی دووەمیش باش نەگەیشتم، ئاخۆ بەرماڵی ھەزار پیرەژنە، پیرەمێرد، دەروێش، پادشایە.... بە لوتفەوە دەنگم ھەڵبڕی کۆمەڵە پرسیارێکم بە ڕوویدا چەپاند پێموت: " حاجی گیان ببورە ئایا ئەو چوارخشتەکییانە ھیی تۆنە ؟ وەڵڵاھی ئەگەر تۆ ھۆنیوتنەوە ئەوا گەلێک خۆشن، دەستت خۆشبی ! ئەی مامە حاجی ئەرێ دەشێی توخوا باسی ئەو بەرماڵەم بۆ بکەی، پێمخۆشە بزانم ئەو بەرماڵە ھیی کێیە؛ کە دەیکەیە قوربانی دەسماڵی مەیخۆران ؟".


دەمێک چاوەڕێی بەرسڤی حاجیم کرد، تاکو وەرامی لێوەربگرم . وەلێ حاجی ھەر تەماشای نەکردم دەتووت: پرسیارم لە دیوار یان تاشەبەردێک کردووە، دەگەڵ پرسیارەکانمدا بۆ چەند ئان و ساتێک لە گۆرانی ووتن داما و برۆیەکانی ھاتنەوەیەک و چاوەمەستەکانی بەسەر لاڕوومەتە تووکنەکانی بچوکبوونەوە . وەلێ توڕەبوونەکەشی جوانبوو، شێوەوڕوخسارەکەی تێکنەدابوو، کە لە چوارشێوەکەیت دەڕوانی ھەستت بە ھێمنی دەکرد .. بەڵام بە ھەمە حاڵ زۆربەخۆم داچووومەوە، کە وەرامی پرسیارەکانی منی نەدایەوە، موچڕکێکی گەرم بە ھەموو لەشمدا گەڕا، چونکە لەوە ناخۆشتر نییە تۆ پرسیار یان قسە یان سڵاوکردن، ھەر شتێک ئاراستەی کەسانێک بکەی بەرسڤت نەدەنەوە، با کەسەکە بەتەمەن منداڵ یان شێت، نەفام و گەلحۆش بێ؛ دەبێت ڕێز کەمێک لەخۆت بگری زۆرنـــــا.. سوکایەتی بە ئینسان نەکەی .. تا ھەنووکەش دەگەڵدابێت، کە ئێستا گەورەش بوومە، ڕقم لەو کەسانە ھەرماوە کە لەتەمەنیی منداڵیمدا قسەیەکی منیان نەداوەتەوە وەرامی قسەیان یان بە چەمۆڵە و گشکتێگرتن بەرسڤی پرسیارێکییان داوەتەوە.

لەدوای ئەو تەریق بوونەوەیە بە ئاگا ھاتمەوە، دڵەخورپەیەکی لەناکاو ڕایچڵەکاندم، ترسێکی تۆقێنەر لەشی داپۆشیم، کە ھێز و توانام لەبەر برا پەرپووباڵم وەخۆبەردانەوە .. دەھەدەوڵدا وامدەزانی خێوە یان ھەر خەونێکە ئاسا مۆتەکە ختۆکەم دەدات .. چاوەکانم ھەڵگڵۆفتن، خۆم دڵنیاکردەوە لەوەی کە خەون و خەوەکوتکێ نییە، نەھەمەش نیم .. سەیرە، دوێنێ شەو تا درەنگی شەو لە ڕێستورانتی "تورکەکان" قاپم دەشۆرین، لە دوایی قاپشۆرینش بە ئارامی لەسەر تەختی نووستن ڕاکەتم .. ئارامی چی و تەڕەماشی چی؟ تـا چاوم چوونە خەو لە تەقەتەق و ڕەقەڕەقی قاپ شوشتن زیاترم لە ناو مێشک نەدەھات، ھیچ پیرەمێرد و حاجیاتی وام نەک لە ڕێستورانت، بەڵکە لە خەونیشمدا نەبینیوە..

ئەوەش قەیناکە ئەی کوا ماشێنی " پەیکان "(١) لە ئەوروپا ھەیە؟! ئەی بۆ ناڵێی ئەو ڕێگا و بانانە لە سویسرا چ دەکەن ؟! بەخوای سەیرە، من کەسێکی بێدڵ و نەوێرۆک نییم، ئەگەر بشترسێم ھەقم نییە ؟ لەرزوتا و ھەڵامەتشم لێ نییە بێژم؛ "شڵەپەتێ"م گرتییە، وەڕێنە دەکەم .. نـەء، نـەء .. ئەی دەبێت ئەو پیرەمێردە خوداگرتووە کێبێت؟ "خدری زیندە" بێ، یان "بەعلەزبول"(٢) کامەیانە ؟ بە بۆچوونی من "بەعلەزبول" ە، ئەگەر بەخۆشی نەبێت ئەوا یەکێکە لە فەرزەندەکانێتی .. بەقینم خدری زیندە نییە، چونکە"خدری زیندە" ئەلکھولست نییە، شەراب ناخواتەوە»موسڵمانە» .. نـا، نـا .. کێ ناڵێت ئەویش ئەلکھولست نەبێ؟ ئەی ناڵێن: لە بەھەشت ڕووباری شەراب ھەیە، مرۆڤەکان لە جیاتی ئاو بەس شەراب دەخۆنەوە، ئاو بۆ دەرمانیش لە بە ھەشت بەدەست ناکەوێت، تەنانەت«عەیب نەبێت» دەستاوش بە شەراب ھەڵدەگرن و ھەمدیس غوسڵش بە شەراب دەردەکەن ؟! زانیم؛ ئەرێ وەڵا زانیم؛ خدری زیندە خۆیەتی، ھەبێ و نەبێ ئەو شەرابەی نۆشیشی دەکات، شەرابی بەھەشتە دەگەڵە خۆی ھانیوە، خۆ بۆنشی خاسە؛ دیارە بۆن و بەرامەی بەھەشت لێدێ.


دڵی خۆم بەو بیرە ناچیزە دایەوە، ھەردوو دەستەکانم زۆر بە ھەژاری بۆ ئاسمان بەرزکردنەوە، پڕ بەسییەکانم داوای سۆز و بەزییم لە باری تەعالا کرد، (خوشک و برایەکانم) ھەر تەنێ من وانیم ھەمووموان واین کە دەگەینە حاڵەتی تەنگانە و ئاستەنگی گەورە پەنا دەبەینە بەر خودا، ئاسمانمان لەو کاتدا وەبیردێتەوە .. پشتم بە خودا بەست و خۆم دایە دەست قەدەر، ئەو جارەیان لە ھەموو تشتێک بێ باکم .. ھەرچی ھات، بەخێر بێ .. ئەی فەلەک بۆ وەھا زووت لێکردم؟! تـا دوێنێ بۆخۆم بە دڵشادی قاپ و پەرداخم دەشوشتن، سفرەی مێوانانم پاککدەکردەوە . بە ئازادی کارم دەکرد، کەچی ئەوڕۆ ھەوسارم کەوتۆتە دەست کێ؟

ئەوە دنیایە زاڵمە، دنیا بۆ حەسەن و حوسێن، مەلیک مەحمود و سمکۆ و نازانم کێ و کێ نەمایە ؟ ئەوجا بۆ کەرەکرمانجێکی وەک من ! دەواز لەو وڕێنانە بھێنە، ئاخۆ دەبێت ئەو پیرھەڤۆکە چ بەڵایەکم بەسەر سەربھێنێت؛ " دەمبات لەو کەور و کەندەڵانانەم فرێدەدات یان بۆ شارێکی ئاوەدانم دەبات "؟ کوڕە نازانم (!) ھیچیانم ناوێت دەگەڕێمەوە سەر کارەکەی خۆم و بەس، ئاخر ئەگەر چەند خولەکێک لە وادەی کارکردن دوابکەوم؛ خڕ ڕۆژ لە کاژێر نۆی سەرلەبەیانی ئامادەنەبم، شێفەکەم«پیاوە تورکەکە» (خودا سەلامەتی نەکات) دەرمدەکات، لە کارنامەکەیدا وای بۆ نووسیوم، کە ئیمزام لەسەر کردووە..

دیسان بێکاردەمێنمەوە، چلۆن کارم پێ ئەدۆزرێتەوە، دواتر قوڕەشێنەکەی کام چڵپاوی دنیا بێنم وەسەری خۆم بکەم، کە بە ھەزار نارەی عەلی ئەو ئیشۆکەم چنگکەوتوە . ئەویش لەدەست بڕوات .. سا، لە تاوچارەنووسی خۆمدا لە جینگەڵمدەدا، بە پێیەکانم توند پاڵم بە بنمیچی کووشنی کورسی ماشێنەکە وەنا، یەکەیەکە دڵی پەنجەکانی دەستتشم لەناو لەپی دەستم گووشین، کەمێک ھێرسم ڕەواندەوە.


من ئەوەم باشە لەکاتی تووڕەبوونمدا زوو دانبەخۆمدائەنێم و ساردەبمەوە، ناھێڵم وەک گرکانەکانی ھەڵچوو بتەقمەوە، منداڵە وردکە قەشمەرییم پێبکەن .. بۆ چەند جارێکش بە خەیاڵمداھات پەلاماری بدەم و تێر شەقی بکەم، پاشان چوار پەلی بیگرم و لە ماشێنەکەی فەڕێبدەمە خوارەوە و پەڕوباڵی تێکبشکێنم، ھەلا بە ھەلای ببێ . ئینجا بە خوایشتی خۆم ماشێنەکە لێبخورم، ھەوساری خۆم بەدەستە خۆم بگرم .. بەڵام زوو لەو بیرۆکەیەش پەژیوان بوومەوە و دانام بەخۆمدانا و لە دڵی خۆمدا ووتم: " کوڕە خۆ شێت نەبووی دەست بوەشێنی، تا ئەو عومرە لە کێتداوە، خۆت بکەیتە تاوانبار، دواتر خەڵک چمان پێدەبێژن؟".

سەرخۆشبە بە مەی، لە سەرت دەراوێژە کەسەر
ئەم کورتە ژیانە ڕێی خەمانی مەخەبەر «خەیام»

مامە حاجی چاک لە حاڵی منی دەڕوانی؛ کە زانی لە حەد بەدەر پەشۆکاوم، چیتر خۆم پێناگیرێت .. قوڕگم پڕببوو لە گریانێکی کووڵ، تەڕای ناو دەمم دەگەڵ سرپەی ھەنسک و نوزەی گریانم قووتدەدا، چاوەکانم فرمێسکی تێزان (وەیـــش!) .. مامە حاجی کە چاوی بەو دیمەنەی من کەوت بەڵانسی بەزەیی جوڵا، ئاورێکی تیژی لە نیگای من دایەوە .. ھاوسات دەگەڵ ئاوڕدانەوەکەشی ماشێنەکەشی لەسەر لاتەریکە ڕێگایاکی بەردەڵان وەستاند، کە شۆڕەبۆوە بۆ ناو زەندەدۆڵێکی زۆر قووڵ .. سا بەدرێژایی ئەو گەڕیانەمان بۆ یەکەمینجار "مامە حاجی" ھاتەگۆ کە بە دەنگێکی سفت و سادە ووتی: " کاکە وانێک ئەوە بۆ ئەگری؟ ئەوە بۆچی ھێندە خۆت دڕدۆنگ کردووە، چما ئەتوو من ناناسی من کێم؟ من" ھۆمەری خەییام"م .. براڵە کەمێک سەبرت ھەبێت ھاکا گەیشتنەجێ .. لەدوای قسەکانیشدا شانێکی دۆستانەی بۆ ھەڵتەکاندم، ئیجا ماشێنەکەی ڕاپێچی سەر سەرڕێگایەکەی کرد و لۆغر لۆغر لێیخوڕی..

دەگەڵ ڕێژنەی پەیڤەکانی مامەحاجی سەرجەم ئەندامەکانی لەشم چوستبوونەوە، پاڵەپەستۆی خوێنم نزم بۆیەوە، ھەروەھا ئەو تەمە ڕەشەی دەنێو سەرشمدا چێببوو، ڕەویەوە.. ھەناسەیەکی دوورودرێژم ھەڵکێشا، دەستێکم بە ڕۆندکەکانی خۆ داھێنا، دیسان بۆ پرسیارەسڕبووەکانم وەخۆکەوتمە.. تازە بت و تابووتەکانی بێدەنگیمان شکاندوون.


- ببورە مامە گیان تێنەگەیشتم ووتت کێم؟ بەڕێزت ھۆمەری خاوری؟!


- نەء، من ئەو نییم، ئەرێ وانێک بەو بەیانییە بۆ تەبیعەتم تێکدەدەی، ئەرێ چ خێرێکت پێبڕا پەرێشانت کردم ؟ ئەی وێڵاشە خۆشەوستەکەم "ھۆمەری خاور" ڕەوانتان شاد، ئاخۆ دەبێت ئێستا پەری ڕۆحی پاکتان لە کام باخی فیردۆس باڵ لێکبدەن...


- ببورە دووبارە دەبێژمەوە ئێوەکێن؛ ئایا ناکرێت خۆتان ناسبکەن؟


- (بە پێکەنینەوە)، ئەرێ بەڕاست نەوەی ھەنووکەی کورد "خەییام" دەناسن؟


- بەڵێ . ئەی چلۆن ؟ لە سەتەی ڕابردوو ھەردوو نووسەری قەدرزان (ھەژاری موکریانی و کامەران بەدرخان) چوارخشتەکییەکانی "خەییام"یان وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی یەکەمیان زۆربەی چوارینەکانی کردۆتە دیالێکتی سۆرانی، دووەمیان تەنێ (٣٥) چوارخشتەکی گەیاندۆتە خوێندەڤانانی شێوەزاراوەی کورمانجی.


- ئێ دەباشە، ئەگەر من ئەوبم چ دەبێژی؟


دەگەڵ ئەو سەرەپرسیارەیدا دووبارە دڵەکوتکەی جارانم تووشبۆیەوە، بەڵام ئەوجارەیان لە جاری پێشوو خراپتر مەلول و دڵتەنگ بووم، ئەو خۆشنگیینیە کورتخایەنەم زوو ھەر بە فەریکی دەگەڵ دوایەمیین پەیڤی ئەو لێ پرووکا .. زمانم گیرا قودرەتی ئەوەوم نەما بە نوزەیەکیش وەرامی بدەمەوە، تەواو وەک کەسێک زمانی گرتبێتم وابوو . لاشەکەم خاوبۆوە، بە دەنگێکی نیوە گریان بە لاڵەپەتە ووت :


- مام ھۆمەر. ئەرێ ئێمە لە کام دنیادانە؛ ئایا ئەمە ئەو دنیایەیە یان دنیایەکەی تر؟


- کوڕێژگە، پێمناڵێی بۆ ئەوەندە پەشۆکاوی، ئەوە چتە ؟ گوێ لە مامی خۆت بگرە: دیارە تۆ لە ھۆنراوەکانی من تێنەگەیشتووی ھەر بەسەرپێیی خوێندۆتەوە .. تۆ ھزری سەیر دەکەیەوە ئاخر پێمناڵێی (کێ لە دونیایەکەی تر ھاتۆتەوە) باسی دنیایی دیکەم بۆ دەکەی ! ئەو نووسینانەشی لەسەر بوونی بەھەشت دنیایەکەی دیکە ھەن، کۆمەڵە دەقێکن و تەنیا بۆ گەوجکردن و حۆلکردنی مرۆڤ نووسراون و بەس (٣).


- ئەرێ، دەباشە واتە ئێمە لەو دنیایەی داینە (زیندوومە، ھێشتان نەمردیمە) خودایە سپاس کە گیانم لە لەشادا ماوە .. بەڵێ مام خەییام ئەو چوارینەی تۆم لە یاددگەدا ماوە، کە ووتووتە:


بۆ بیری بەھەشت ئاگرێ کەوتیە چاڵ
خۆشتر لە خەیاڵی شیرنە بادەی تاڵ
بەس ترس و ھومێدی بێ نیشان و بەڵگە
پێشینە دەڵێن: کەس بە خەیاڵ نەبوە بە ماڵ


- ھەی ئافەرم ! گریمان بەھەشت (ئەگەر ھەبێت) پێموایە ھەروەک ئەو دنیایە کە بەنیئادەمەکان ئێستە تیایدادەژین، ھیچ جیاوازیەکی ئەوتۆی نییە . بۆ ئێمە بەھەشتێک لێرە بۆخۆمان بە سانایی سازنەدەین، دوور لە خەون و خەیاڵ بە بەختیاری لەسەر ڕووی زەمین بەھەشتێک بۆخۆمان دروستبکەین . خۆ ھەمموو شتێکمان لەبەر دەستە؛ " شیر و ھەنگوینە مشەیە، دیژیتالینە (مەبەستم، مەیە) ئەوە ھەر لەبرانە .. ھەرچی چاوجوانە ئەوە نیوەی کۆمەڵە، با ھەریەکێکمان بۆخۆمان چاوجوانێک «حۆریەک» ھەڵبژێرین بازیی دەگەڵدا بکەین ". کاکە، ئەگەر بەھەشت بوون (وجود)شی ھەبێت ھەر ئەو شتانەی لێیە.. پێشینە ووتویانە: (تا پیاوی ھەژار دەگاتە بەغدا دوورە).


- مام خەییام دەگەڵتە چیتە دیژیتالین؟ مەبەستت لە دیجیتالە یان.....


- (بە پێکەنینەوە) نەء. دیژیتالین جۆرە دەرمانێکە بۆ نەخۆشی دڵ بەکاردێ.. جا دیژیتالینی منیش بادەی مەییە، من ھەر ڕۆژێک ئەو دەرمانە نەنۆشم دڵم نەخۆش دەکەوێت . ئەھا بەڕاست، ببورە خۆ من لە یاددم چوو ترمۆزە شەرابەکەم پێبدەم، فەرموو بینۆشە.


- ببورە من ئەلکھول ناخۆمەوە نەک لەبەرئەوەی پێم کفر و حەرام بێت، نەخێر . بەڵکە بڕوام بە داو و دەرمانێک نییە، ئازارەکانم بەنجبکەن .. پێم خۆشە ژان و برینەکانم بەسروشتی خۆیان ساڕێژببن نەک بە بەنجکردن . ئاخر دەزانی گەلێک پیتۆڵ و زانا لە گێتییدا لەسەر شەراب خواردنەوە دژایەتی بۆچوونەکانی تۆیان کردووە، لە جیھانیشدا ناوبانگیان ڕۆییوە.. لەوانە فەیلەسوفی مەزنی ئەڵمانی" نیتشە" کە بە بڕوای ئەو ئەلکھولخواردنەوە بە پلەی یەکەم واتە: "بیرنەکردنەوە و قبوڵکردنێکی بێتێفکرینی لاوازیەکانی ژیانە" (٤).


- نازانم، ئەو کابرایەی تۆ باسی دەکەی شەرابی خواردۆتەوە یاخود نـا، لەلای منیش گرنگ نییە ئاخۆ شەرابی خواردۆتەوە یان نـا . بەڵام پێدەچێت لەڕووی گوزەرانەوە کەم دەرامەت بێت؛ بۆیە شەرابی نەخواردۆتەوە؟ ئەگینا کێ ھەیە لەسەر ڕووی ئەو زەمیینەدا حەز لە خۆشگوزەرانی نەکات ؟! لەسەر ئەو جۆرە کەسانە پەندێک ھەیە کە دەڵێت: (ڕێوی دەمی نە دەگەیشتە ترێ ئەیووت ترشە).


- مامە خەییام ئەی ئێستا ئێمە بۆ کوێ دەڕۆین ؟ ئەی چ کار و خزمەتێکت بەمنە؟


- وانێک، نۆکە دەچینە شاری بەھار پایتەختی کوردستان، لەوێشڕا دەچیینە ڕەزێکی گەورە کە ساڵانە بۆ خۆم لەوێندەر ترێ دەھێنم . جا بۆیە تۆم بانگکردووی بۆ ئەوەی لە ڕنینەوەی ترێ یارمەتیم بدەی، خۆت دەزانی من پیربووم تاقەتی کارکردنم نەماوە .. دوای ئەوەی لە کارەکەمان تەواوبووین من دەگەڕێمەوە زێدی خۆم ئوستانی خۆراسان، شاری نیشانپوور . تۆش بگەڕێیەوە سەر ئیشەکەت لە ڕێستورانتی تورکەکان ھەر قاپان بشۆ، خۆشت دوودڵ مەکە ئەوڕۆ لە شێفەکەشتم مۆڵەتم بۆ وەرگرتووی، ئەوجا چیت دەوێ کوڕە؟ دەبی خەنیببی، بۆ خۆت تێر تێر ڕەشمیلی بخۆ.


لە ھیکرا دەستێکی قورس لە دوواوە بە ئاگای ھێنامەوە، کە ئاوڕم دایەوە، مام خەییام نەماوە، لە بڕی مام خەییام خزمەتچی تسووگەکە ( شەمەندەفەر) بە دەستێک جلکی پرتەقالیەوە لەبەردەم من وەستاوە، کیسەیەکی ڕەشی بە دەستەوەبوو زبڵی ناو زبڵدانەکانی شەمەندەفەرەکەی کۆدەکردەوە . بە زمانی ئەڵمانی ووتی: (ئینتشولدیگوون زی، ئاوف شتێھن) (بەڕێزم ببورە، ھەڵسەوە).


شەمەندەفەرەکە دەمێک بوو گەیبووە دوایەمین وێستگەی شەمەندەفەری ناو شاری " لوسێرن " لە نەفەر چۆڵ و ھۆڵ بوو تەنێ منی تێدامابوو، کە تەماشای میللی کاژمێرەکەم کرد پێنج دەقیقە لە کاژێر نۆ لایداوە، زەندەقم چوو لە دەمی کارکردن دواکەوتووم ئاخر لەو وڵاتانانەی ئەوروپی خاوەن کارەکان بێئینسافن و ویژدانایان تۆپیوە، کرێکارەکانی خۆیان لەسەر چەند باوێشکێک دەردەکەن، جا نەخاسمە چەند دەقیقەیەک لە کاتی کارکردن دوابکەوی!
______________________________________________________
(١) پەیکان، جۆرە ماشێنێکی خۆماڵی ئێرانییە، کە لە دروستکردنی ( تێنیع ) ناوەخۆیە .
(٢) بەعلەزبول، یەکێکە لە ناوەکانی شیتان، سەرۆکی ڕۆحە پیسەکانە .
(٣) لە پێشەکی کۆمەڵە کورتە چیرۆکەکانی (نھێنییەکانی سەری زمانی من و گۆی مەمکەکانی تۆ)، " دکتۆر جەزا چنگیانی " وەرگیراوە.
(٤) نیتشە لە ژیانی تایبەتی خۆیدا بە شێوەیەکی سۆفیانە ژیاوە و دژایەتیەکی گەورەی خواردنەوەی ئەلکھولی کردووە . نیتشە لەھەموو ژیانیدا جارێک چوار پەرداخ بیرەی خواردۆتەوە، لە ھەر شوێنێک دانیشتبێت ھەمیشە شیری داواکردووە.. بۆ زیاتر زانیاری دەربارەی دیدی نیتشە بەرانبەر ئەلکھولخواردنەوە بڕوانە: ( مەریوان وریا قانع، ڕەھەند، ژمارە ١١، ل ٢٤٠ - ٢٤١).

 


٧\١٠\٢٠٢٦ - لوسێرن

hemn.abdulhaq@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک