١١\٣\٢٠١١
موعەمەر قەزافی
ئێستاش داکۆکی لە کورد دەکا!

تەحسین عوسمان
ئەمڕۆ رادیۆ و تەلەفزیۆنی تی ئاڕ تی تورکی چاوپێکەوتنێکی سازدا
لەگەڵ سەرکردەی شۆڕش موعەمەر قەزافی کە سەرنجی هەموو لایەکی راکێشا!
سەرکردە لە رۆژی تەنگانە وەدیاردەکەوێ تا چ رادەیەک شیاوی ئەو ناوەیە.
موعەمەر قەزافی سەرەتا ، لەژێر پەردەی دینەوە ، دژایەتییەکی زۆری فیدل
کاسترۆی دەکرد تا گەیاندی بەو رادەیە جارێکیان لە نێو هۆڵی کۆنگرەی
وڵاتانی بێلایەندا هاتە دەرەوە چونکە نۆرەی وتار خوێندنەوەی فیدل
کاسترۆ بوو!
رۆژگار تێپەڕی و بارودۆخی مەسەلە جیهانییەکان رۆژ لەدوای رۆژ توندترو
ئاڵۆزتر دەبوو . موعەمەر قەزافیش ، بەجۆرێک هەڵوێستی گۆڕا ، بوو بە
کەسانێکیتر . کار گەیشتە ئەو رادەیە کە ( ساڵەکەم لەبیر نیە) بەڵام
جارێکیتر کۆنگرەی وڵاتانی بێلایەن لە " هەراری" پایتەختی زیمبابۆی
بەسترایەوە. ئەوکاتە موعەمەر قەزافی خۆی بە شۆڕشگێڕێکی سۆسیالیست
دەزانی و گرێ دەروونییەکانی ئایینی لەلایەن موعەمەر قەزافییەوە ببوون
بە هەڵم و هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی وەرگرتبوو . کە هاتە ناو هۆڵی کۆنگرەکە
دەستیکرد بەم قسانە:" گوێ بدەنێ بزانن من دەڵێم چی .. بڕوا بکەن من بۆ
کۆنگرەی وڵاتانی بێلایەن نەهاتووم بۆ ئێرە ... من بۆ ئەوە هاتووم دوو
برادەری زۆر خۆشەویستی خۆم ، فیدل کاسترۆ و دانیێل ئۆرتێگا ، ببینم.
ئەگەر ئەو دوو کەسە لێرە نەبوان منیش ئەو ماندووبوونەم نەدەدایە بەرخۆم
... ئێوەش ( روو لە بەشداربووان دەکا) چیتر خەڵکی وڵاتانی خۆتان بە
درۆو دەڵەسە هەڵمەخەڵەتێنن .. ئەگەر راست دەکەن فەرموون با هەموومان
بچینە ناو بەرەی وارشۆ .. بە خۆتان دەزانن دوو بەرە هەیە لە دنیادا .
یەکیان بەرەی ناتۆ ، کە بە بەرەی شەڕخوازان ناسراوە ، ئەویتریشیان
بەرەی وارشۆیە کە بەرگری لە چینی چەوساوە و بزووتنەوە ئازدیخوازەکانی
جیهان دەکات .. پێویستە خۆتان یەکاڵا بکەنەوە ، چونکە من دەزانم
زۆربەتان لێرە بە بێ لایەن نێوی خۆتان دەبەن ، کەچی لەژێرەوەش داردەستی
ئەمریکان .. ئیتر بەسە .. چیتر خۆتان و میللەتانی خۆشتان هەڵمەخەڵەتێنن
..) .
لەم چاوپێکەوتنەی ئەمڕۆدا موعەمەر قەزافی ، چونکە خۆی لە رۆژێکی زۆر
تەنگانەدا دەبینێتەوە ، هەندێ قسەی وایکرد وەک پاکانە وابوو کە
نەدەبایە بیکا، چونکە زۆر بە گران لەسەری کەوتەوە . موعەمەر قەزافی ،
وەک کەسانێکی مەلە نەزان کەوتۆتە نێو ئاوێکی قووڵ و خەریکە دەخنکێ ،
بۆیە دەستی پەنای بردە بەر زلەپووشکە! دەیگوت:" ئەگەر لیبیا بڕووخێ
ئەوە ترسێکی گەورە درووست دەبێ بۆ ئەوڕوپا و بۆ ناوچەی دەریای سپی
ناوەڕاست و تەنانەت بۆ " بەناو " ئیسڕائیلیش. موعەمەر قەزافی هەرچەند
نەدەبایە ئەو قسەیەی دوایی بکات بەڵام توانی قەرەبووی ئەم هەڵەیە بە
راستییەکیتر بکاتەوە کاتێ روویکردە ژوورناڵیستە توورکەکەو گوتی: "
ئەوانەی لە دژی من و لیبیادا راپەڕیون وەک ئەو کوردانەی تورکیا وان کە
لە پێناو مافی رەوای خۆیاندا خەبات دەکەن . کوردەکانی تورکیا داوای
دامەزرانی وڵاتێکی سەربەخۆ دەکەن.. ئەوە چەند ساڵە سوپای تورکەکان شەڕی
کوردەکان دەکا.. بۆچی رێگەی ئاسمانی لە تورکیا ناگرن؟! .. نە ئەمریکاو
نە ئەوڕوپا کارێکی لەم شێوەیان لە دژی تورکیادا ئەنجام نەدا.. بۆ ؟ ".
بەڵی جەنابی مەعەمەر قەزافی تۆ زۆر راست دەکەی ئەمریکا لە بەرژەوەندی
خۆی بەولاوە هیچیتری گەڕەک نیە .. لە ساڵی 1991 کاتی کۆچڕەوەکە ، کە
نزیکەی دووسەد هەزار کورد لەنێوچوو ، ئەمریکا رێگەی بە تانکەکانی سەدام
حوسێن دا لە کوێتەوە بەرەو کوردستان بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی راپەڕینی کورد
دابپەڵۆسن . مودیری موخابەراتی ئەوکاتی ئەمریکا ئەوکات لە کەسی
نەشاردەوە گوتی:" ئێمە ئەوە 30 سی ساڵە کورد وەک سەندەویچ بۆ مەبەستی
خۆمان بەکاردێنین" . ئێستاش ئێمەی کوردی کردۆتە قوربانی کۆنە بەعسی و
کۆنە جاش و ئەنفالچییەکان و بەناو سەرکردەکانمان کە لە خزمەتی ئەواندان!
بەڵام ئهی کاکی سەرکردەی شۆڕش موعەمەر قەزافی .. تکات لێدەکەم تۆش
بڕۆ بەسیەتی وازبێنە .. با ئەوانەی ئێمەش چاو لە تۆ نەکەن!
ماڵپهڕی تهحسین عوسمان
|