موحسین جوامێر! یا ئا یا با یا نا.
حه‌سه‌نی قازی
ماوه‌یه‌که به‌ڕێز موحسین جوامێر له‌به‌ر بۆچوونی زمانیمان و له‌سه‌ر کردنه‌وه‌ی فره‌چه‌شنێتی زمانیی له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان، به‌ربینگی به من و هێندێک له دۆستانم گرتووه وله هیچ خۆی لێ کردووینه فرۆشیاری" کوردایه‌تی " و گزیری " زمانی دایه‌گه‌وره"! جارێک به لێکۆڵینه‌وه و لێکدانه‌وه‌ی پشت به‌ستوو به تیۆری و به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گر ده‌ڵێ " "کا" له " پووش" بژاردن" "،ساتێک ناساندنه‌کانی کۆمه‌ڵناسیی زمانی " به فێڵ" و فه‌ره‌ج له قه‌ڵه‌م ده‌دا، له‌و دواییانه‌شدا خۆی ده‌کاته قسه وێژی من و فه‌رمان ده‌رده‌کا " باوه‌ڕم به هیچی کورد" نییه و، هه‌ر ئه‌وه‌ش نا ده‌مکاته نموونه‌ی ئه‌و بێ باوه‌ڕییه.
ئه‌من له‌وباره‌یه‌وه داوه‌ری به‌جێدێڵم بۆ خوێنه‌ره‌وان و ته‌نیا داوخوازییه‌کم لێی هه‌یه؛ ئه‌ویش وڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ی خواره‌وه‌یه به ئا، با، یان نا، هه‌ر ئه‌وه‌نده.
1- گه‌لۆ شێوه‌زارێک/زمانێک به نێوی کوردیی سه‌روو/ کرمانجی هه‌یه یان نا؟ 2- گه‌لۆ ناوچه‌یه‌ک ، شێوه‌زاڕێک/زمانێک به نێوی هه‌ورامان ، هه‌ورامی/ گۆرانی هه‌یه یان نا؟ 3- گه‌لۆ له کوردستانی ترکییه له چه‌ند مه‌ڵبه‌ندی جیاواز به شێوه‌زارێک/زمانێک قسه ده‌کرێ، که له کرمانجی (زمانی دایه‌گه‌وره‌ی دایه‌گه‌وره)جیاوازه یان نا؟ 4- گه‌لۆ له کرماشان، ئیلام، خانه‌قی و به‌رده و جه‌سان شێوه‌زارێک/ زمانێک هه‌یه که جیاوازه له زمانی "دایه گه‌وره" و " دایه‌گه‌وره‌ی دایه گه‌وره" یان نا؟ 5- گه‌لۆ ده‌قه‌کلاسیکه ئه‌دبییه کوردییه‌کان به‌و شێوه‌زاره/زمانه نین که له پنتی 1 دا ده‌ستنیشان کراوه؟ 6- گه‌لۆ ده‌قی ئه‌ده‌بی به شێوه‌زار/ زمانی هه‌ورامی/گۆرانی پێشینه‌ی مێژووی [ که ئه‌مه خۆی له خۆیدا هیچ نادرکێنێ] له ده‌قه‌کانی شێوه‌زار/ زمانی " دایه‌گه‌وره " کۆنتر نییه؟ 7- گه‌لۆ هێزێکی بان ده‌سته‌ڵاتی مرۆ هه‌یه بتوانێ شێوه‌زارێک/زمانێک له سه‌راوه‌ردی تاقه جوگرافییایه‌ک دا به‌رته‌نگ و قه‌تیس بکا؟ 8- گه‌لۆ یه‌که‌م ڕۆژنامه‌ی "کوردی" به شێوه‌زار/زمانی کرمانجی بڵاو نه‌کراوه‌ته‌وه؟ 9- گه‌لۆ شێوه‌زار/ زمانی پێڕۆیانی "شاهی نه‌خشبه‌ند" به ڕێڕه‌وه جیاوازه‌کانیانه‌وه کرمانجی سه‌روو، هه‌ورامی / گۆرانی نه‌بووه و نییه ؟ 10- گه‌لۆ " شێخ سه‌عید"، "سه‌ید ڕزا"، "عه‌لی شێر" ، " دوکتور فوئادی جوبرانلی" ، " ئێحسان نووری پاشا" ،" سه‌عید قرمزی تۆپراق"، " نه‌جمه‌دین بۆیۆک کایا"، " مه‌عسووم قورقماز" ، "عه‌بدوسه‌لام بارزانی" ، "شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانی"، " مه‌لا مسته‌فای بارزانی "، " شێخ عوسمانی بیاره"، " جه‌لاده‌ت عا‌لی به‌درخان "، " کامران عا‌لی به‌درخان "، " عوسمان سه‌بری"، " جگه‌رخوێن " ، "قه‌دری جان"، " عه‌ڕه‌بێ شه‌مۆ"، " قه‌ناتێ کوردۆ"، " جاسمێ جه‌لیل " ، " عێزه‌ت عه‌بدولعه‌زیز"، " میرحاج ئه‌حمه‌د ئاکره‌یی" ، " سادق به‌هائه‌دین "، " هه‌مزه عه‌بدوڵا " ، " سالح یووسفی "، " محه‌مه‌د عارفێ جزیری " ، "برایمی نادری" ،" دوکتور جه‌عفه‌ری ڕه‌حمانی"، "له‌یلا قاسم "، " ئازاد هه‌ورامی"، " عه‌لی کاشف‌پوور" و کێ و کێ زمانی زکماکییان سۆرانی بووه ؟ 11- گه‌لۆهه‌وه‌ڵین تێلێڤیزیۆنی مانگیله‌ی کوردی به کرمانجی ده‌ستی به چالاکی نه‌کردووه؟ 12- گه‌لۆ ئه‌و شێوه‌زار/ زمانه‌ی که تا ئێستاش به ته‌واوی قه‌ده‌غه‌ی له سه‌ر لا نه‌چووه کرمانجی نییه؟ 13- گه‌لۆ دیوانی مه‌وله‌وی تاوگۆزی به هه‌ورامی نه‌نووسراوه ؟ 14- گه‌لۆ ئه‌و کورته چیرۆک/ ڕۆمانانه‌ی به زمانه ئوڕووپاییه‌کان وه‌رگێڕدراون زۆربه‌یان به کرمانجی نین ؟ 15- گه‌لۆ ده‌زانی " شوانی کورد" یه‌که‌م ڕۆمانی کوردی عه‌ڕه‌بێ شه‌مۆ به کرمانجی نووسیویه ؟ 16- گه‌لۆ ئاگات لێیه ڕۆمانی " تفه‌نگه‌که‌ی باوکم "، له نووسینی هنه‌ر سه‌لیم سینه‌ماکارو نووسه‌ری خه‌ڵکی ئاکرێی مه‌ڵبه‌ندی بادینان له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا به زیاتر له بیست زمانی دنیا وه‌رگێڕدراوه و له چه‌ندین ڕۆژنامه و گۆواری به‌نێوبانگی جیهانیدا پێداچوونه‌وه‌ی له سه‌ر نووسراوه؟ 17- گه‌لۆ زۆربه‌ی ئه‌و کتێب و نامیلکانه‌ی له سوێد بڵاو بوونه‌ته‌وه به کرمانجی نین ؟ 18- گه‌لۆ محه‌مه‌د ئوزوون و مه‌ده‌نی فه‌رحۆ ڕۆمانه‌کانی خویان به کرمانجی نه نووسیوه؟ 19- گه‌لۆشێوه‌زار/ زمانی ئێزه‌دیان کرمانجی نییه؟ 20- گه‌لۆ مامۆستا سه‌لاحه‌دین موحه‌مه‌د به‌هائه‌دین نکووڵی له زمانی زگماکی خۆی ده‌کا؟ 21- گه‌لۆ کوردی ئه‌وتۆ هه‌ن که بۆ نووسینی زمانی کوردی ئه‌لفوپێتکه‌ی ڕۆمی [ لاتینی] به‌کاربهێنن؟ 22- گه‌لۆ جه‌لاده‌ت عا‌لی به‌درخان و کامران عا‌لی به‌درخان چه‌ندین ڕێزمان و قامووسیان به کرمانجی دانه‌ناوه ؟ 23- گه‌لۆ " عه‌لی ئه‌شره‌فی ده‌روێشییان"، به کوردیی که‌لوڕی نانووسێ ؟ 24- گه‌لۆ " شه‌هرامی نازری"، به کوردیی که‌لوڕی و به‌زمانی ئه‌هلی حه‌ق ناچرێ ؟ 25- گه‌لۆ ژماره‌یه‌کی زۆر فه‌رهه‌نگ و قامووس به شێوه‌زار/ زمانی کرمانجی گرده‌وه کۆیی نه‌کراون وبڵاو نه‌کراونه‌ته‌وه؟ 26- گه‌لۆ هه‌ژاری موکریانی دیوانی مه‌لایێ جزیری و مه‌م و زینی ئه‌حمه‌دێ خانی به سۆرانی لێکنه‌داوه‌ته‌وه؟ 27- گه‌لۆ زۆربه‌ی نێوه‌رۆکی گۆڤاری "هاوار" به کرمانجی نییه ؟ 28- گه‌لۆ ئه‌م ڕۆژنامه و حه‌وته‌نامه و مانگانه‌یانه‌ی خۆاره‌وه که ئێستا له کوردستانی عێراق ده‌رده‌چن به کرمانجی بڵاو نابنه‌وه: ئه‌ڤڕۆ، به‌هدینان، ڕاسان ... ؟ 29- گه‌لۆ له هه‌موو ئه‌و شه‌رح و لێکدانه‌وانه‌ی وا سه‌باره‌ت به زمانی کوردی به زۆر زمانان بڵاو بوونه‌ته‌وه باس له‌وه ناکرێ کوردان چه‌ندین " له‌هجه‌ی ئه‌ده‌بی" یان هه‌یه؟ 30- گه‌لۆ ئاگات لێیه له ساڵی 2004وه تائێستا " ئێکه‌تییا نڤیسه‌رێن کورد – دهۆک" 146 کتێبیان به شێوه‌زار/زمانی کرمانجی بڵاو کردووه‌ته‌وه؟ 31- گه‌لۆ ئه‌و زنجیره کتێبه‌ی منداڵان که له وڵاتی سوێد وه‌رگێڕدراونه ته سه‌ر شێوه‌زار/زمانی دملکی به کوردی داده‌نێی ؟ 32- گه‌لۆ هێندێک له‌و ڕۆژنامه و حه‌وتوونامانه‌ی له سلێمانی و هه‌ولێر چاپ و بڵاو ده‌کرێنه‌وه هێندێک له بابه‌ته‌کانیان به کوردیی بادینی نییه ؟ 33- گه‌لۆ له شاری یۆته‌بۆری کاتێک کوردێک ڕێی له داییره ڕه‌سمییه‌کان بکه‌وێ به‌پێی ئه‌وه‌ی به‌چ شێوه‌زارێک / زمانێک بدوێ دیلمانجی لۆ ناهێنن؟ 34- گه‌لۆ دیار دێرسیمی که ده‌زانم ده‌نگیت زۆر پێ خۆشه به کرمانجی نا‌چڕێ؟ 35- گه‌لۆ شێوه‌ی هه‌ڵپه‌ڕکێی بادینان و به‌ری سۆران و بابان وه‌ک یه‌ک وایه؟ 36- گه‌لۆ کوردی که‌لاماکێ و پشتکوو وه‌کوو یه‌کتر ده‌دوێن ؟ 37- گه‌لۆ ئه‌و زمانه‌ی چوار ده‌نگ و نیشانه‌کانی له نووسین دا له ترکییه قه‌ده‌غه‌یه و خه‌ڵکی له سه‌ر ده‌گیرێ زمانی " دایه‌گه‌وره" یه ؟ 38- گه‌لۆ ئه‌وانه‌ی به هه‌زاران ده‌ڕژێنه گۆڕه‌پان و کۆڵانان و ده‌ڵێن " ئیدی به‌سه" و داوای په‌روه‌رده و به ڕه‌سمی ناسینی زمانی خۆیان ده‌که‌ن. ئه‌و شێوه‌زاره/زمانه‌ی ده‌یانه‌وێ به ڕه‌سمی ددانی پێدا بهێندرێ کرمانجی و دملکی نییه ؟ 39- گه‌لۆ جه‌نابت سیاسه‌تێکت بیستووه به نێوی " زمانکوژی" که به‌ساڵانی درێژ له سه‌ر به‌شێکی گه‌وره له نه‌ته‌وه‌ی کورد تاقی کراوه‌ته‌وه؟ 40- گه‌لۆ ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی " زمانکوژی" له لایه‌ن غه‌یری کورد و کورده‌وه خۆی په‌یڕه‌و بکرێ هیچ جیاوازییان ده‌ناو دا ده‌بینی؟ 41- گه‌لۆ زمانی عه‌ڕه‌بی به ئه‌فزه‌لی زمانی کوردی ده‌زانی؟ 42- گه‌لۆ " له‌یلا قاسم" وه فه‌یلی نه‌دواوه ؟ 43- گه‌لۆ زمان له کۆڵه‌که‌کانی ناسێنه ( ناسنامه) ی کوردی یه؟ 44- ئه‌گه‌ر وڵامت ئایه، گه‌لۆ ئه‌و کوردانه‌ی خۆیان وه‌ک کورد هه‌ست پێده‌که‌ن ، به‌ڵام شێوه‌زاری "دایه‌گه‌وره یان شێوه‌زاره‌کانی دی جا چ ئی"کابانی ماڵێ" یان ئی "خه‌سوو" یان " پێخه‌سوو" بێ نازانن، کوردن یان نا؟ 45- گه‌لۆ داسه‌پاندنی "شێوه‌زارێک" به سه‌ر ئه‌وانیدیدا ئه‌گه‌ر ئاخێوه‌رانی " ئه‌وانیدی" به دڵ و دا‌و نه‌یپه‌رژێین به پێی پرێنسیپی ئه‌خلاقی ، زانستی و بنه‌ماکانی مافی مرۆ ڕه‌وایه؟ 46- گه‌لۆ ده‌کرێ کورد ته‌نێ به شێوه‌زار/ زمانێک بنووسن ؟ 47- ئه‌گه‌ر وڵامت ئایه، ئه‌ی ئه‌و به هه‌زاران کتێب و نووسراوه‌ی به شێوه‌زار/زمانی بێ له دایه گه‌وره چاپ کراون ده‌بێ کۆبکرێنه‌وه و له ڕێوڕسێمی " سووتمانه کتێب" دا له نێو ببردرێن؟ 48- ڕه‌نگه وڵامت ئا بێ، ئه‌گه‌ر وابێ نکوولی لێکردنیان ناڕه‌وا نییه ؟ 49- گه‌لۆ ، ئاگات لێیه زۆربه‌ی تێلێڤیزیۆنه مانگیله کوردییه‌کان به کرمانجی و سۆرانی ده‌نگووباس و به‌رنامه بڵاو ده‌که‌نه‌وه؟ 50- گه‌لۆ ده‌زانی ئه‌و شێوه‌زاره‌ی له بادینان قسه‌ی پێ ده‌کرێ و پێی ده‌نووسرێ درێژه‌ی شێوه‌زاری جزیری – بۆتی یه؟
وابزانم وڵامی ئه‌و گه‌لۆیانه یان "ئا" و " با" ن ، یان " نا " جا به‌ڕێزت به هه‌ر بارێک دا وڵام بده‌یه‌وه فه‌رق ناکا، چونکوو ئاکامی زۆر ئاشکرا له‌م تێسته ده‌رده‌که‌وێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئێستا کورد زیاد له یه‌ک ستانداردی نووسینیان هه‌یه و ئه‌وه‌ش هێنده ئاشکرا و به‌ده‌ره‌وه‌یه ئیدی شێروڕێوی هێنانه‌وه‌ی زیاتری ناوێ. ئه‌وه‌ی گرینگ بێ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رییه‌کی ئینسانییه بۆ کێشه‌ی زمانی له‌کوردستانی عێراق و دامه‌زراندنی سیستمێکی په‌روه‌رده‌ی ئه‌وتۆ که جێی ئاخێوه‌رانی هه‌موو شێوه‌زاره‌کان بکاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موان به ئی خۆیانی بزانن.
http://www.ruwange.blogspot.com
|