په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\١٠\٢٠١٥

موکری.. لە نێوان یادەوەرییەکانمدا.

سەڵاح حەمەئەمین  

 

گەر ئێمە خوێندنەوەیەکی چڕوپڕ بۆ رێڕەۆی ژیانی کەڵە نووسەری گەورەی کورد بەگشتی و کەرکوک بە تایبەتی خوالێخۆشبوو محەمەد موکری بکەین و بە قۆناغەکانی ئەو ژیانەدا گوزەر بکەین ، ئەوە بێگومان ناجار دەبین لە قۆناغی لاوێتی ئەو کەڵە نووسەرەوە دەست پێبکەین لەبەر ئەوەی من بەش بەحاڵی خۆم لەو قۆناغەوە ئەو نووسەرە گەورەیەم ناسیوە ، بەڵام سەبارەت بە قۆناغی منداڵی ئەو کەڵە نووسەرە بەش بەحاڵی خۆم ھیچ نووسـینێکم لە بارەی ئەو قۆناغەوە بەرچاوم نەکەوتووە ، ھەروەھا بەدرێژایی یەکتر ناسینمان نووسەریش خۆی لەبارەی ئەو قۆناغەی ژیانیەوە ھیچی بۆم نەگێڕاوەتەوە. بێگومان لەو خۆیندنەوەیەدا یەکەم رێڕەو کەڕو بەڕومان ئەبێتەوە قۆناغی شـۆڕشی ئەیلولە لەسـاڵی {١٩٦١-١٩٧٠} کە تێدا موکری پێشمەرگەی ئەو شۆڕشە بوو، دوای ئەوە قۆناغی ھەڵگیرسانەوەی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی { ١٩٧٤-١٩٧٥} کە لەو شۆڕشەدا ئەو زاتە پێشمەرگە بوو و لەدوای ئەوەشداکاریگەری نسکۆی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی { ١٩٧٥ }دا لەسەر تاکی کورد بەگشتی و چینی روناکبیران و رۆشنبیران بەتایبەتی و ھەروەھا کارێگەری لەرادەبەدەری ئەو نسکۆیە لەسەر تاکی کوردی کەرکوک بەگشتی و چێنی رۆشنبیران و نووسەران و ھونەرمەندانی کوردی ئەو شارە بەتایبەتی تر و لەدەس دانی ئومێدی گەڕانەوەی ئەو شارە دێرینەی کوردستان بۆ باوەشی خاکی باو باپیرانی . قۆناغ و رێڕەوی سێیەم لە ژیانی کەڵە نووسەری گەورەی کورد محەمەد موکری کە روبەڕومان ئەبێتەوە قۆناغی ھەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێی گەلەکەمانە لەساڵی { ١٩٧٦ } دا و کاردانەوەی ئەو شۆڕشە نوێیە لە سەر تاکی کورد بە گشتی و چینی رۆشنبێران و نووسەران بەتایبەتی و لە رێشە دەرکردنی ئەو رەشبێنی و نائومیدێیەی دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول ناخی تاکی کوردی تەنیبوو . لەلایەکی ترەوە کاردانەوەی ئەو ھەموو نەھامەتییانەی بەدرێژایی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کوردستان بەتایبەتی کارەساتی ئەنفال و کیمیاباران کردنی کوردستان لە ساڵی { ١٩٨٨ } دا و دوای ئەوەش ( ھەرەس ) ھێنانی سەر لە نوی شۆڕشی کورد و کاردانەوەی ئەو کارەساتە لەسەر تاکی کورد بەگشتی و چینی رۆشنبیران بەتایبەتی و بەتایبەتی تریش چینی رۆشنبیرانی کوردی کەرکوک.


ئەو رێڕەوە مێژووێیە و قۆناغانە یەک لەدوای یەکانەی مێژووی رزگاری خوازی گەلی کورد لە سەدەی بێستەمدا وێنەیەکی دەقاو دەقی ژیانی کەڵە نووسەری گەورەی کورد محەمەد موکری بەرجەستە ئەکات کەتێیدا بەجەستەو ھزر ئاوێزانی ئەو میژوو قۆناغ و خەباتانە بووبوو.


لەگەلڕ جێاوازی تەمەن لەنێوانماندا مێژووی یەکەمین ناسینی من و محەمەد موکری بۆ ساڵانی {١٩٦٣-١٩٦٤ } دەگەڕیتەوە ، لەو سەردەمەدا محەمەد موکری پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول بوو ، لەگەل ئەوەی لەو سەردەمەدا من زۆر مندال بووم و تەنانەت نەچووبوومە قوتابخانە و لەگەڕەکی ئازادی شاری کەرکوک دائەنیشتین . لەو سەردەمەدا دوو براکەم پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول بوون یەکێکیان ناوی ( صدیق محەمەد ئەمین ) بوو لەو ساڵانەدا ئەو برایەم نووسەر بوو لە ( مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ) و لە سەرەتای ساڵی { ١٩٦٤ } دا شەھید کرا و محەمەد موکری خەبەری شەھید بوونی ئەو برایەمی بۆمان ھاوردەوە ، تا ئەم دەمە لەیادم ماوەتەوە لەو سەردەمەدا باوکی محەمەد موکری یان راستر بڵین ( باوەپیارەکەی ) لە ھێڵی شەمەندەفەری کەرکوک کاری ئەکرد و لەخانوویەکی نزیک بە ( وێستگەی شەمەندەفەری کەرکوک ) ی ئەو سەردەمەدا ئەژیان کە لە شوێنی گەراج بەغدای ئێستادا بوو . ھەرلەو کاتەوە لەگەل خانەوادەی محەمەد موکریدا پەیوەندی خێزانی بتەومان دروست کرد و سەردانی یەکتریمان ئەکرد ، بە ھۆی ئەوەی لەو تەمەنەدا شەھید بوونی براکەم کاریگەرێیەکی زۆری لە ناخمدا بەجێ ھێَشت محەمەد موکری زۆر لەوکاتانەی بە مۆڵەت لە کاتی پێشمەرگایەتیدا دەھاتەوە شاری کەرکوک لەگەل خۆیدا بەکوچەو کۆڵانەکانی شاری کەرکوکدا گوزەری پێم ئەکرد و شتی بۆم دەکڕی.


دوای ئەوەی لەساڵی {١٩٦٤}دا ناکۆکێیەکانی نێوان ( مەکتەبی سـیاسـی پارتی دیموکراتی کوردسـتان ) و سـەرکردایەتی ( بارزانی نەمر ) پەرەی سەندو گەیشتە بن بەست و لە کۆتاییدا جیابوونەوە ئەوەش بووە ھۆی ئەوەی زۆرێنەی کەسایەتێیە دیار و ناودارەکانی نێو ( مەکتەبی سـیاسـی ئەو سەردەمەی پارتی دیموکراتی کوردسـتان ) رێزەکانی ئەو شۆڕشە بەچێ بھیڵن بەڵام موکری بەردەوام بوو لە پێشمەرگایەتی کردن لە رێزەکانی شۆڕشی ئەیلولدا ، لەکۆتایی شەستەکانی سەدەی رابووردوودا و لەیەکێک لە ھاتنەوەکانی محەمەد موکری بە مۆڵەت بۆ شاری کەرکوک لە لایەن لایەنگرانی ( مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ) وە دەستگیر کرا و تا ماوەیەکی زۆر لەماڵێکدا لە شاری کەرکوک دەست بەسەرکرا.


دوای دەرچوونی بەیاننامەی {١١ ی ئادار لە ساڵی ١٩٧٠}دا محەمەد موکری ژیانی خێزانی پێک ھێنا و ھەر لەو ساڵەدا ناوبانگی وەک شاعریک دەرکرد و بەیەکێک لە شاعیرە ناودارەکانی شاری کەرکوک ئەژمار ئەکرا و ھەروەھا لەو قۆناغەدا موکری یەکێک بوو لە شاعیرە نوێخوازەکانی کورد و بەردەوام ئەو کەڵە نووسەرە لەگەل پۆلە شاعیرو نووسەرەکانی سەردەمی خۆیدا ھەڵنەئەفڕا و بەردەوام ئارەزوومەندی ئەوە بوو بەتەنھا لە ئاسمانی بەرفراوانی ئەدەب و ئەفراندا بفڕی.

 
موکری یەکێک بوو لەوانەی رۆڵێکی بەرچاویان لە ھاندانم بۆ خۆیندنەوەو نووسیندا و ھەبووە و من بەش بەحاڵی خۆم ئەو زاتە گەورەیە بەیەکێک لە مامۆستاکانی خۆم ئەژمار ئەکەم ، زۆر جار کە لە ( کتێبخانەی ئاسۆ ) لە شاری کەرکوکدا یەکتریمان ئەبێنی ئەو کتێبانەی بۆم دەس نیشان ئەکرد کە باش بوون و ھەروەھا خۆیندنەوەیان گرنگ بوون.

 
دوای ئەوەی لە ساڵی {١٩٧٤} دا گفتوگۆی نێوان ( بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد و رژێمی ئەوسای بەعس ) گەیێشتە بەربەست و دەنگۆی ئەوە لەئارادا ھەبوو کە جارێکی تر شەڕ دەست پێ بکاتەوە ئێمە بەخێزانییەوە پەیوەندیمان بەو شۆڕشەوە کرد . دوای ماوەیەک لە شارۆچکەی جۆمان لەگەل موکری دا یەکتریمان بێنییەوە ، لەو سەردەمەدا محەمەد موکری لە دەزگای ( ئینصاتی) شۆڕش کاری ئەکرد . دوای ئەوە ئێمە بەرەو ئیران کۆچمان کرد و لە ئۆردوگای ( زێوە) نێشتە جێ بووین و دوای ماوەیەک خێزانەکەی محەمەد موکری ھاتنە ھەمان ئۆردوگا و لە نزیکی ئێمەدا نێشتە جێ بوون . لەو ئۆردوگایەدا بۆ یەکەمین جار مامۆستایان ئازاد جوندیانی و نەژاد عەزیز سورمێم ناسی ، ھەروەھا کەسایەتێیەکی ترم بەناوی عەبدوللە وە ناسی بەداخەوە ناوی دووەمیم لە یاد نەماوە ئەو کەسایەتێیە کۆمەڵێکی زۆر کتێبی ئەدەبی و سیاسی لەگەل خۆێدا ھاوردبووە ئۆردوگا کە سودێکی زۆرمان لێ وەرگرت ، دوای ئەوەی ھەر کتێبیکمان ئەخۆیندەوە پێکەوە دادەنیشتین و گفتوگۆمان لە بارەیەوە ئەکرد واتە من و عەبدوللە و مامۆستایان ئازاد جوندیانی و نەژاد عەزیز سورمی ئەو عەبدوڵا ناوە لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول ماوەیەک لە ( ئوتێل نزار ) لە بەغدا کاری ئەکرد و لەوسەردەمەدا محەمەد موکری لەو ئوتێلەدا ئەخەوت . کاتێک محەمەد موکری بەمۆڵەت بۆ (ئۆردوگای زیوە) دەھاتەوە فرسەتێکی زۆر باش بوو بۆمان و لەو ماوەیەدا گفتوگۆکانمان لە بارەی ( ئەدەب و سیاسەت ) چڕوپرتڕئەکردەوەو کۆمەڵی سودمان لە رۆشنبیری و راو بۆجوونەکانی ئەو زاتە گەورەیە وەرئەگرت ، موکری ھەڵگری زادەیەکی رۆشنبیری بەربڵاو بوو دەتوانم بڵیم بەش بەحاڵی خۆی ( دائرەیەکی مەعارف ) بوو . تائەم دەمە لەیادمە یەکەم چیرۆکی موکری کە لەو ماوەیەدا نووسێیەوە بەناوی ( کوشتیان وپەیکەریان بۆ دروست کرد ) بوو کەباسی لە کەسایەتێیەکی کوردی ئیران ئەکرد کە گولەیەک بە ناوچەوانی پەێکەرێکی شــای ئیرانەوە ئەنێت و ( ســاڤاکی ئیران ) ئەیگرن و دوای ئەوەی لەسێدارەی ئەدەن بەخۆێنەکەی چێ فیشەگەکەی ناوچاوانی پەێکەرەکە پڕئەکەنەوە.


تائەم دەمە لەیادمە لەو ماوەیەدا موکری شیعرێکی بەناونێشانی (پۆستەبەر) نووسییەوە ئەگەر یادەوەرێیەکانم خیانەتم لی نەکەن ھەندێک لەکۆپلەکانی ئەو شیعرەم لە یاد ماوە کەتێدا ئەڵی:
شەقام ئەکشێ لەگەل ھەنگاوی پۆستەبەر
تەمەن مەرگی خۆر ئەمژێ
سات ئێزگەیەو لەرۆژنامەی یادی ئەم سالڕ
خوێن ھەواڵە


ئەم شیعرەی موکری لە گۆڤاری (نووسەری کورد)دا بڵاوکرایەوە کە (یەکێتی نووسەرانی کورد) لەو قۆناغەی خەباتی چەکداری گەلی کورددا لەشاخ دەری ئەکرد ، ھەروەھا بە دەنگی خۆی لە ئێزگەی دەنگی کوردستان پەخش کرا.

 
لە سەردەمی شادا ھەندێ شت ھەبوو لە ئێراندا ھیڵی سوور بوون و بۆ ھیچ کەسێک نەبوو ئەو ھیڵانە ببزێنی لەوانە (ھەڵگرتنی چەک و ئەو کتێبانەی بیروڕای چەپڕەۆیان لەخۆ ئەگرت) ، لەو سەردەمەدا ئەو برادەرەمان کەناوی عەبدوللە بوو لەرێی کتێبەوە ئەو سنوورەی بەزاند و ژمارەیەکی زۆری لە کتێبەکانی ( ماوتسی تۆنغ ) ی لەگەل خۆیدا ھاوردبووە ئۆردوگا و ھەروەھا موکری لەو سەردەمەدا دەمانجەیەکی لەگەل خۆیدا ھاوردبووە ئۆردوگا و دوای نسکۆی ( شۆڕشی ئەیلول ) و لەکاتی گەڕانەوەماندا بۆ عیراق ئەو دەمانچەیەی خستە نێو بێشکەی یەکێک لەمنداڵەکانێدا ھاوردێیەوە بۆ عێراق.

 
دوای گەڕانەوەمان بۆ عیراق ئێمە بەدزێیەوە گەڕاینەوە بۆ شاری کەرکوک بەڵام موکری بۆ (سەماوە) نەفی کرا ، تاماوەیەک بەر لە کۆچکردنی ئەو زاتە یەکێک لە چێروکەکانی کە لە (سەماوە) بەناوی (خۆکوشتن) وە نووسیبوی بە دەس و خەتی خۆی لەلامدا مابووەوە و تەسلیمی دەستی خۆیم کرد ، برای ئازیزو خۆشەویستم نووسەر حەمە سەعید زەنگەنە شایەدحاڵی ئەو دەس نووسەبوو و چەند جاریک داوای لیکردم بۆ ئەوەی لە بڵاوکراوەی (ئاوێزە) دا بڵاوی بکاتەوە . بە ھۆی ئەوەی موکری شارەزاێیەکی بەربڵاوی لە ( زانستەمرۆیی و دەرونییەکان ) دا ھەبوو و داچۆڕابووە ناخە دەرونێیەکانی ھەردوو رەگەزی تاکی کۆمەڵگای رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی ( لایەنە دەرونێیەکانی کۆمەڵگای کوردەواری) و ھەروەھا کارێگەری ( سێ کوچکە حەرامەکە) واتە (ئاین و جنس و سیاسەت ) بەسەر تاکی کوردەوە ، ئەو شارەزاێیانە وایان کردبوو ئەو زاتە گەورەیە دانایانە بتوانیت داچۆڕیتە ناو ناخی تاکی کۆمەڵگای کوردەواری و ھەروەھا بتوانیت ئەفراندن لە داڕشتنەوەی ناخە دەرونی و سیاسی و خەباتگیڕانەی تاکی کورد بەبی رۆتوش بکات و لەو رووەوە موکری بووە خاوەن رێچکەیەکی تایبەت بە خودی خۆی و گەورەترین بەڵگەش بۆ سەلماندنی ئەو رایە جیرۆکەکانی (موچڕکە و بینۆشە و جۆلانە) ن کە لەدوای ناوەڕستی حەفتاکان و سەرەتای ھەشتاکانی سەدەی رابووردوودا بڵاویانی کردەوە و ھەروەھا چیرۆکی ( ئامیردەکان ) ە کە بووە وەرچەرخانێکی ( نەوعی و میژوویی ) لەژیانی ئەدەبی و خەباتگیڕی ئەو کەڵە نووسەرە گەورەیەی گەلی کورددا.


من لێرەدا حەز ئەکەم شتێکی تر بخەمە سەر وتەکانى برای ئازیزو خۆشەویستم مامۆستا ئازاد جوندیانی کە لە (ژمارە ٢ ی ئەدگار) لەرێکەوتی {٤/٤/٢٠١١}دا بڵاوی کردەوە ، جیاوازی راو بۆچونە ئەدەبی و فیکرییەکانی نێوان موکری و چەپڕەوەکانی نێو (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) بۆ پیش بڵاوکردنەوەی نۆڤلێتی (سەگوەڕ) ئەگەڕیتەوە ئەویش زیاتر بۆ ئەوە ئەگەڕیتەوە کە لایەنگرانی ( کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان یان راستر بڵین لایەنگرانی کۆمەڵەی مارکسی لینینی عیراق لەو قۆناغەدا و ھەروەھاچەپ رەوەکانی کورد ) لەو سەردەمەدا ئیمانێکی بەربڵاویان بەوە ھەبوو کە پێویستە ( ئەدەب و ھونەر لە خزمەتی گەل و شۆڕش ) دا بێت دژایەتی ئەفراندنەکانی موکری و تەنانەت خودی کەسایەتی ئەو زاتەیان ئەکرد و لە زۆرکاتدا لە ناویاندا من تەنھا دەنگی داکۆکی کردن بووم سەبارەت بەو تێکۆشەرە و ئەویش بۆ ئەوە ئەگەڕایەوە کەمن لەو سەردەمەدا زیاتر لەوانی تر ئەو زاتەم لە نزیکەوە دەناسی و ھەروەھا بەش بە حاڵی خۆم لەو قۆناغەدا ھەوڵی ئەوەم ئەدا کە ھزر و راوبۆچونەکانم تەنھا لە چوار چیوەیێکدا حەشار نەدەم و لە زۆرکاتدا بەتایبەتی پێش ساڵی {١٩٧٤}دا لەو کاتانەی موکری و شەھیدی سەرکردە ئازاد ھەورامی لە ماڵماندا یەکترییان ئەبێنی مشت و مڕێکی تیروتەسەلی ئەدەبی و فکری لە نێوانیاندا دەستی پێ ئەکرد و لە زۆر کاتدا ئەو گفتوگۆیانە توند رەویەکی لە رادەبەدەری تێدا بەدی ئەکرا.

 
لە دوای ساڵی (١٩٧٥)دا ھاوڕێیەتی نێوان ( محەمەد موکری ) لەلایەک و لە لایەکی ترەدا ھەر یەک لەھونەرمەندان (جیھاد دڵپاک و عەلی کەریم و فازل جاف و فەھمی کاکەیی) بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەند و ھەموومان چاوەڕوانی رۆژانی پێنج شەممەو ھەینیمان ئەکرد تا موکری لە بەغدا وەیا سەماوە و ( جیھاد دڵپاک و عەلی کەریم ) لە سلێمانی و( فازل جاف) ماوەیەک لە بەغدا و دوای ئەوەش لە سلێمانی بینەوە و لە کتیبخانەی ( ئاسۆ ) یەک بگرین و دوای ئەوە یەکێک لە یانەکانی کەرکوک لە ئامیزمان بگریت.


جارێکی ترئەوە دوبارە ئەکەمەوە لەگەل جیاوازی تەمەن لە نێوانی من و ئەو زاتانەی ئاماژەم پێیدان ھاوڕییەتیم لەگەڵیاندا بەربڵاو بووبوو ئەوەش زیاتر بۆ ئەوە ئەگەڕایەوە کەمن بە ئەندازەیەکی زۆر خولیای ھونەر و ئەدب و خۆیندنەوە وزانین بووبووم ئەوە وای کردبوو لەو گروپەوە نزیک ببمەوە ، لەگەل ئەوەشدا بۆ مێژوو ئەوە ئەڵیم تەنھا لە ھەندێک لەو دیدار و دانیشتنانە من لە گەڵیاندا دەبووم . ھەروەھا بۆ مێژوو ئەوەش ئەڵیم لەو قۆناغەدا لەرێی ھونەرمەند (فازل جاف ) وە ئاشناییم لەگەل شیعرەکانی شاعیری گەورەی عەرەب ( ئەدۆنیس) پەیدا کرد و ھەر لەرێی ئەویشەوە ئاشناییم لەگەل شیعرەکانی شاعیری گەورەی عیراق ( حوسین مەردان ) پەیدا کرد و ھەروەھا لەرێی ئەویشەوە کۆمەڵی کتێبی شانۆێی بە سوودم لەو قۆناغەدا خویندەوە.


وەک لەمەوبەر ئاماژەمان پێدا لەو سەردەمەدا واتە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول لە ساڵی {١٩٧٥}دا بێھودەێیەکی لە ئەندازە بەدەر ناخی تاکی کوردی بەگشتی و کوردی کەرکوکی بە تایبەتی تەنیبوو ، ئەوحاڵەتە بووە ھۆی ئەوەی لەو قۆناغەدا زۆرێنەی گەنجە رۆشنبیرەکانی کورد دەروازەی رزگاربوون لەو دۆخەی کەکورد لەو سەردەمەدا تێکەوتبوو لە نێو کتێبە فەلسەفی و ئەدەبێیەکانی ( ئەلبیر کامۆ و جان پۆل سارتەر و صامۆئیل بیکیت و کافکا) دا ببێننەوەو ئەوە بووە سەرەتایەک بۆ بڵاوبوونەوەی تەوژمی بونگەرایی و عەبەسییەت لەشاری کەرکوکدا ، سەرەڕای ئەوەش چێنێکی تر لە رۆشنبیرە گەنجەکانی کورد لەو قۆناغەدا رزگاربوونیان لە نێو تیور و ھزرو فەلسەفە چەپەکاندا ئەبێنێیەوە و لەو بڕوایەدا بوون کە کێشەی کورد تەنھا لەڕێی ئەوەوە دێتە چارەسەرکردن کەرێکخراوێک وەیا حیزبێکی چەپڕەوی عیراقی راستەقینە لە عیراقدا دەسەڵات بگرێتە دەست.


بەبێ شانازی ئەتوانم بڵیم قۆناغی حەفتاکانی سەدەی رابووردو بە پرشنگدارترین قۆناغی ئەدەب و رۆشنبیری و ھونەر لە شاری کەرکوکدا ئەژمارئەکریت و لەو قۆناغەدا شاری کەرکوک لە بوارەکانی ئەدەب و ھونەردا چەندین ئەزموونی نوێ و ناوی پرشنگداری لە بوارەکانی ئەدەب و ھونەردا پێشکەش بە رێڕەوە میژوویەکەی ئەدەب و ھونەری کوردی کرد و جێ دەستی نووسەران و ھونەرمەندانی کوردی شاری کەرکوک بەو مێژووەوە دیارە و ئەوانەی لێیان لەژیاندا ماون تائەمڕۆ درێژەیان بەو خزمەتکردنە داوە.


چیرۆکەکانی موکری لەو قۆناغەدا بە وەرچەرخانێکی مێژوویی لە بزافی ئەدەبی کوردی ئەژمار ئەکریت و ھیچ کەسێک ناتوانێت نکوڵی لەوە بکات ، لەو سەردەمەدا ھەرچ چیرۆکێکی موکری کەبڵاو ئەبووەوە تا ماوەیەکی زۆر مشت و مڕێکی زۆری لێ ئەکەوتەوە و کاتێک دائەمرکا کەئەو زاتە چیرۆکێکی تری بڵاو ئەکردەوە و ھەروەھا ھیچ کەسێکیش ناتوانێت نکوڵی لەوە بکات کە لەو قۆناغەدا سەرەڕای ئەوەی ناوەڕۆکی چێرۆکەکانی موکری بە شێوەیەکی ئاشکرا ھەڵگری ھێماو لایەنە دەرونی و سیکسێیەکانی تاکی نێو کۆمەڵگای کوردەواری بووە سەرەڕای ئەوەش ئەو زاتە لایەنە نەتەوەیی و سیاسی و خەباتگیڕێیەکەی نەتەوەکەی خۆی فەرامۆش نەکردبوو و لە زۆر کاتدا لە نێو چیرۆکەکانیدا پەردە پۆشیانی کردبوو و لە ھەندی کاتیشدا بەروون و ئاشکرایی بەرجەستەیانی ئەکرد.

 

تا ئەم دەمە لەیادمە کاتێک موکری چیرۆکی ( ئامیردەکان ) ی لە گۆڤاری ( بەیان ) دا بڵاوکردەوە رژێمی ئەو سەردەمە ھەموو نووسخەکانی ئەو ژمارەیەی گۆڤاری (بەیان)ی لە کتێبخانەکاندا کۆکردەوە ، بەڵام (کاک جەبار خاوەنی کتێبخانەی ئاسۆ) وەک ھەردەم راھاتبووین لەگەڵیدا چەن نووسخەیەکی لەو گۆڤارە شاردەوەو بەدزییەوە بەسەرماندا دابەشی کرد . دوای بڵاوبوونەوەی چیرۆکی (ئامیردەکان) دامو دەزگا ئەمنییەکانی رژێمی لە ناوچووی بەعس بە دوای ئەو زاتەدا ئەگەڕان بۆ ئەوەی دەستگیری بکەن، بەڵام موکری توانی ئەو جارەش خۆی دەرباز بکات و ئەم جارەیان سەنگەری خەباتەکەی بگوازێتەوەو بچیتە ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی ( یەکێتی نیشتمانی کوردستان ) و لەوێدا دریژە بەخەباتی ( ئەدەبی و سیاسی ) خۆی بدات.

 
وەک ھەردەم راھاتبووین لەگەل خودی ئەو زاتە و چیرۆک و بابەتە ئەدەبیەکانی ئەتوانم بەخش بەحاڵی خۆم ئەوە بڵیم کە نووسین و بڵاوکردنەوەی نۆڤلێتی (سەگوەڕ)م بەحاڵەتێکی نامۆ لەقەڵەم نەدا لەبەر ئەوەی بەردەوام راھاتبووم لەگەل جورئەت و ئاستی ئەدەبی ورۆشنبیری و بەزاندنی سنوور و ھیڵە سوورەکان لەلایەن ئەو زاتە گەورەیە لە ھەرچ گۆشەیەکی ئەم جیھانەدا بیت و ھەروەھا لە ھەرچ کات و ساتێکدا بێت .


لەو کاتەی بۆ یەکەمین جار (سەگوەڕ ) ی لەشاخدا بڵاوکردەوە ماوەیەکی زۆربوو ھاتووچۆی ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان) م ئەکرد بە تایبەتی (ناوچەکانی ھەڵەدن و قەمچۆغە و چەن شوێنیکی تر) و لەوێدا نۆڤلێتی (سەگوەڕ) م دەست کەوت و بەبێ ترس ھاوردمەوە بۆ کەرکوک و لەو سەردەمەدا دامە چەن برادەرێکم لەوانە چیرۆک نووس حەمە سەعید زەنگەنە ، وەک ھەردەمی چیرۆکەکانی موکری نۆڤلێتی ( سەگوەڕ) یش لە شاخ و لەناوشاردا مشت و مڕێکی زۆری لێکەوتەوە کە پێویست ناکات من لێرەدا ئاماژەی پێبدەم لەبەر ئەوەی زۆری لەبارەوە ووتراوە و نووسراوە.


نووسینی نۆڤلێتی ( سەگوەڕ) بووە سەرەتایەک بۆ ئەوەی موکری بوێرانە خۆی لە قەرەی (رۆمان) نووسین بدات و لەو بوارەشدا ناوبانگ دەربکات ، دوا بەدوای ( سەگوەڕ) موکری کۆمەڵی رۆمانی نووسی کە سەرجەمیان لە شاخ و لە شاردا مشت و مڕێکی (فکری و فەلسەفی و سیاسی) یان لێکەوتەوە لەوانە (تۆڵە ، ھەرەس ، ئەژدیھا).


لەکاتی گفتوگۆکەی نێوان رژێمی لەناوچووی ( بەعس و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ) لە ساڵی {١٩٨٤ }دا چەن چارێک موکری ھاتەوە کەرکوک و سەردانێمانی کرد و لەلاماندا مایەوە و چەن چارێکیش لە سورداش سەردانیم کرد . من بە بەردەوامی کێشەیەکی گەورەم لەگەل ئەو زاتە گەورەو داھێنەرەدا ھەبوو ئەویش ئەوە بوو بەردەوام کتێبەکانی خۆی پێم ئەدا و دوای ماوەیەک بەمەبەستی ئەوەی بە یەکێکی تری بدات لێمی ئەسەندەوەو بەڵینی ئەوەی پێم ئەدا کەنووسخەی ترم بۆ بێنیتەوە بەڵام بەداخەوە بەڵێنەکانی نابردە سەر و ئەو حاڵەتە ھەتی دوای پرۆسەی ئازادی کەرکوکیش بەردەوام بوو.


بەلەدەستدانی کەڵە نووسەری گەورەی کورد محەمەد موکری کەلێنێکی گەورە کەوتە نێو بزافی (ئەدەب و رۆشنبیری ) کورد بەگشتی و کەرکوک بەتایبەتی کە ئەستەمە بە ئاسانی پڕبکریتەوە و ھەروەھا مێژووی رزگاری خوازی گەلی کورد شایەدحاڵێکی مێژووی پتر لە نێو سەدەی لە دەستدا کە بە ئەمانەتەوە توانێبووی زۆر لەو مێژووە بگوازێتەوە نیو رۆمانی کوردیدا.

 

 

salah1325681@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک