۴\٥\٢٠١٠
موزەفەر عهبدوڵا:
لە هەلومەرجی ئەمڕۆی کوردستان، هیچ کەس و لایەنێک
ناتوانێت
بانگەشەی ئۆپۆزیسیۆن بکات و ببیت بە ئۆپۆزیسیۆنی
ڕاستەقینە.

سا: بەشدار عهلی
ئۆپۆزسیون چیە،کێن
ئەو هێزانەى دەتوانن نوێنەرایەتى ئۆپۆزسیون بکەن،ئەرگ و کاریان لە
قۆناغە جیاوازییەکان چیە،کام کەیس و کێشەى سیاسى و کۆمەڵایەتى و
فەرهەنگ...،ئۆپۆزسیون دەبێت هەڵوێستەى لەسەر بکات،ئەو هێزانەى لە
رۆژگارى ئەمرۆ لە ساحەى کوردستان بە ئۆپۆزسیون خۆیان نیشان دەدەن
دەتوانن نوێنەرایەتى بکەن و ئەو ئەرکەى لەسەر شانیانە جێبەجێ
بکەن...،رۆشنکردنەوەى زۆرێک پرسیار و لایەنى تر ئامانجى تەورێکى
رۆژنامەوانیمانە ،بۆ ئەم جارە موزەفەر عهبدوڵا رۆژنامەنوس و چاودێرى
سیاسى لەگەڵمان بەشدارە و بەم شێوەیە دید و بۆچونەکانى خستە روو:
بەشدار عهلی: کێ دەتوانیت ببیت بە
هیزیکی بەرهەلستکاری راستەقینەو نوینەرایەتی بکات لە کوردستان؟
موزەفەر
عهبدوڵا: لەگەڵ رێزو سوپاسی زۆرم بۆتان .هەوڵ دەدەم زۆر بە
ڕۆشنی و کورتی دوا مەبەستی خۆمتان لە وەڵامەکانم پێ رابگەیەنم.
بەبروای من هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت و مەیسەر نی یە لە هەلومەرجی
ئەمڕۆی کوردستان بانگشەی ئۆپۆزیسیۆن بکات و ببیت بە ئۆپۆزیسیۆنی
ڕاستەقینە.چونکە ئەگەر مەبەستەکە حزبی دەسەڵاتدار و حزبی ئۆپۆزیسیۆنی
هاوشێوەی ئەوروپاو ئەمریکاو چەند وڵاتی تری جهانە، تەنانەت لە چەشنی
تورکیاش ،ئەوە لە کوردستان ئەو سیستەمە دەسەڵاتداری یە پەرلەمانتاری یە
پلورالیزمە بوونی نی یە. لە بنەرەتدا ئەوەی ئەمرۆ هەیە کۆمەڵێ دەستەو
تاقمی قومی _عەشیرەتی و ئیسلامی _ تایەفی و ملیشیایی یە. بەرنامەو
ئەجندەیی هەمویان ڕەنگ دانەوەی کارو پراتیکی سیاسی و کۆمەڵایەتی
ڕۆژانەیانە.ئەمانە بە بەناو لیبرالی و سۆسیال دیموکراتی و عەلمانیانەوە
هەڵگری هەمان بەرنامەو ئەجندە و کارەکتەرەکانی ئەو حزبانە نین کە
پڕوپاگەندەی دەکەن.دیارە هەموومان ئەوەمان لا ڕۆشنە کە ئەمانە لە ناو
یەک تۆمەتباری یەکتر دەکەن بەو چەمک و دەربرینانە.بۆ نمونە قومی یەکانی
بە ئیسلامی یەکان دەڵین ئیسلامی راستەقینە نین. یاخود ئیسلامی یەکان
زۆر جار بە پارتی و یەکیتی دەڵین عەلمانی نین .بەڵام لە ڕاستیدا
پڕوپاگەندەی هیچ یەکێکیان لەبەرانبەر ئەوی تریان راست نی یە.
ئەمانە زادەی هەلومەرجێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی میژووین ناکۆکن بە
بنەماکانی شێوە دەسەڵاتی پەرلەمانی و فرە حزبی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ
مەدەنیەت و مۆدیرنیزم و سکولایزم. تەنانەت بە هیچ شێوازیک ناکرێت ئەم
بنەمایانە بکەیتە تای تەرازووەیەکەوە لەگەڵ ئەم حزبانەو بیان پێوی.
دیارە من لەم سەردەمە سەرنجی رەخنەیی ریشەیم هەیە لەسەر خودی ئەو حزبە
عەلمانیانەش .من لەو ڕوانگەیەوەش ناڵێم کە خۆم بە لایەنگری ڕاستەقینەی
شێوە دەسەڵاتی پەرلمانی بزانم .نەخیر !بەلکو ڕاستی یەکی میژوویی کە وەک
ڕووی داوە ڕون دەکەوە.تەنانەت من شێوە دەسەڵاتی پەرلەمانیش ئەمرۆ بۆ
مرۆڤایەتی بە ناکۆک و کەم دەبینم بۆ بەریوە چونی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی.
راستی یەکەی من بەر لە سیناریۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە
تەموزی ساڵی پار لە مانگی شوباتدا وتاریکم نوسی و بانگەشەی ئۆپۆزیسیۆن
بوونم بە سەراب ناو برد.
بۆ نمونە ئێوە تەماشای ئاکامی هەڵبژاردنی پەلەمانی عیراق بکەن پاش
ئەوەی خەڵکی عیراقیان، بە کوردستانیشەوە، ڕاکیشایە پای هەڵبژاردن،
ئیستا دوای زیاتر لە مانگیگ تیپەر بوونی هەڵبژاردن و ئاکامەکەی
حکومەتیان پێک نەهینا. ئیستا ژیر بە ژیر خەریکی رێکەوتنن .بەم شیوەیەش
گالتە بە دەنگی خەڵکی دەکەن.
جگە لەوەش خۆمان تاقی کردنەوەی زۆرمان لەگەڵ پارتی و یەکیتی هەیە و
هەرگیز چاوەری مەکەن گواستنەوەی دەسەڵات لەم حزبەوە بۆ ئەو حزب لای
ئەمانە ئەوەندە کاریکی سەلس و ئاسان بیت.ئەوانەی ئەمڕۆش پروپاگەندەی
ئۆپۆزیسیۆن دەکەن لە هەناوی ئەمانە هاتونەتە دەر و هەڵگری هەمانە
تایبەتیمەندی ئەوانەن.
بەشدار عهلی: ئەرکی بەرهەلستکار لە
کوردستان دەبیت چی بیت ،کامە پەیام بکاتە دەسپیکی کارو پرۆژەکانی؟
موزەفەر عهبدوڵا: من پێشتر ئاماژەم بە
ئۆپۆزیسۆن لە کوردستان کرد لە چوارچیوەی دیدگاو بۆچۆنی واقعی و ئەوانەی
خۆیان بە ئۆپۆزیسیۆن دادەنین.
ئەگەر قسە لەسەر پەیامی ئۆپۆزیسۆنە، لە روانگەى ئەوان و، یاخود روانگەی
باوە میژویی یەکەی جهانیش، ئەوە من ناتوانم قسەو پەیامی ئەوانە دیار
بکەم .ئەوە خۆیان سەرپشکن چ پەیامیکیان هەیە و نی یە .بەلام ئەگەر قسە
لە حزب و هیزیکی کۆمەڵایەتی بەرهەڵستکار، بە مانا فراوانە سیاسی و
کۆمەڵایەتی یەکەی کە تەواو ناکۆک و دژ بێت بە هەلومەرجی باووی ئیستاو
دەسەڵاتی ئەم حزبانە بە قومی و ئیسلامیانەوە، ئەوە پیویستە پەیامی ئەو
هێزە بەرهەڵستکارە راستەقینەیە زۆر پەیامێکی رۆشن و جیاواز و ریشەیی
بێت لەگەڵ هەموو ئەمانەی ئێستا لە دەسەڵاتداران یا خۆیان بە ئۆپۆزیسۆنی
چوارچیوەی ئاسۆی سیاسی و فکری ئەمانە دەزانن. ئەو پەیامەش بە لای منەوە
دەبێت لەو ستراتیژە سیاسی یەوە سەرچاوە بگریت کە پێی وابیت کە ئالوگۆڕی
ریشەیی لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی خەڵکی کوردستاندا هەرگیز
رووو نادات تا کۆتایی نەهێنریت بەو هەلومەجەی کە سایەی کردووە بەسەر
خەڵکی دا و وای کردووە ئەمانە دەسەلات وەرگرن کە نزیک بە بیست سالە
بەردەوامە.بە کورتی پەیامەکە دەبیت کۆتایی هینان بیت بە دوبارە
لکانەوە(الحاق)ی کوردستان بە عیراقی ئیسلامی و عروبی و پیک هینانی
ولاتیکی سەربەخۆ و دامەزراندی دەولەتیکی هاوچەرخ سکولار. جا ئەوکات
بنیاد نانی پەرلەمان و حکومەتی هەڵبژیردراو و بوونی ئۆپۆزیسیۆن رەنگە
کارێکی زۆر ئاسانتر و واقعی تر بیت.
بەشدار عهلی: لە ئێستا دا گۆڕان و
ئیسلامی یەکان خۆیان بە بەرهەڵستکار دادەنین،تۆ لەم بارەیەوە چی دەڵێی؟
موزەفەر عهبدوڵا: هەڵبەت لە چەند ساڵی
دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دا جار بەجار ڕۆشنبیرانی بە فکر لیبرال و نیو
لیبرال و هەندێکی ناو یەکیتیش باسی ئۆپۆزیسیۆنیان دەکرد .بەڵام پاش
کێشمە کیشەکانی یەکیتی و زویر بوونی نەوشیروان و کۆمەڵی کەسی تری
سەرکردایەتی و کادری تریان ،ئەم چەمکو دەستەواژەی ئۆپۆزیسیۆنیان
قۆستەوەو بە وەعدەو وەعیدی ناراست بە خەلکی نارازی کوردستان توانیان
ریرەوەی نارەزایەتی یان وەرگیرن بۆ خۆیان و ئاویتەی سیاسەتەکانی گروپی
گۆران بکەن و بەلاریدا بەرن و بەمە شیوەیە دەستەواژەی ئۆپۆزیسیۆنیان بۆ
مەبەستی سیاسی گروپی خۆیان کردە واقعیکی کۆمەلایەتی فەرزیان کردە بەسەر
دەسەلاتی هەردوو حزبی دەسەلاتدارداو بیکەنە قسەی رۆژی کۆمەلگاو
میدیاکان..ئەمە جگە لەوەی خودی پارتی لە کێشەی لەگەڵ یەکێتی سودی لەم
ململانێ یەی نێوان نەوشیروان و تاڵەبانی وەرگرت و توانی زیاتر فشار
بێنی بۆ یەکیتی و پاشەکشەی زیاتری پی بکات.
بۆیە زیاتر ئەم مەسەلەی ئۆپۆزیسۆن بوونە ئەوانە کردیان بە باو نەک
ئیسلامی یەکان. ئیسلامی یەکان هیچ کات، سەرەرای هەر ئاڵوگۆرێکی سیاسی،
نە توانیویانەو نە دەتوانن ببنە نە بەناو ئۆپۆزیسیۆن و نە هێزی
دەسەڵاتیش.ئیسلامی یەکانی کوردستان و سەرانیان هەرگیز ناتوانن ببنە
ئۆردوگان و عبداللە گوڵ و حزبی داد و گەشە پیدانی ئەوانە. چونکە لە دوو
هەلومەرجی تەواو ڕیشەیی جیاوازدان.ئەمانە وەک رێوی وان هەمیشە لە
لاتەنیشەوە دەیانەویت برێک لە گۆشتی ئەو نێچیرە بپچڕن کە لەبەردەمی
گورگەکاندان.ئەگەر گروپەکەی نەوشیروان دەیەویت بە ناوی ئۆپۆزیسیۆنەوە
کەڵک وەرگرێت لە ململانێی نیوان پارتی و یەکیتی و بەناوی خواستی
خەڵکەوە و بە بەهانەی گەندەڵی یەوە سودمەند بیت .ئەوە ئیسلامی یەکان
بونەتە تۆپی نێوان گۆڕانی ئۆپۆزیسیۆن و هەردوو حزبی دەسەڵاتدارەوە.
بۆیە هیچ ناکرێت حیسابی چارەنوسساز بۆ ئیسلامی یەکان بگرێت. ئەوانە
ئەگەر پێگەی کۆمەڵایەتیشیان زۆر فراوان بێتەوە ئەوە هەرگیز ناتوانن
ببنە نە هێزی دەسەڵات ونە بەناو ئۆپۆزیسیۆنێکی وەک گروپی نەوشیروانیش.
بەشدار عهلی: پیت وایە بەرهەڵستکار لە
کوردستان بونی هەیە یاخود سەرەتاکانی دەرکەوتنی بەڕێوەیە وەکو میدیاکان
باس دەکەن؟
موزەفەر عهبدوڵا: پێشتر ووتم ئەگەر
ئۆپۆزیسیۆن بەو شێوە واقعی یەی من تێی گەیشتوم و ناساندم کە وەک لە
وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکاو..هتد هەیە ئەوە هەرگیز لە کوردستان نە هەیەو
نەدەشبێت. نمونەکەشم هەر بە خودی حزبەکان هێناوەیە و وتم با سەیری حزبە
لیبرالی و سۆسیال دیموکراسی و یاخود زۆر جار بەناوی دیموکراتی و
کریکاری یەوە ناویان لینراوە .وەک حزبی کرێکاران و محافز و لیبرالی
بەریتانیاو ئوسترالیا، بەراود بکەین بە حزبەکانی کوردستان لە چەشنی
پارتی و یەکیتی دەبینین جیاوازی زۆریان هەیە هەر بەیەک ناچن.ئەو حزبانە
خۆیان زادەی بزوتنەوەی واقعی لیبرالیزم و سۆسیال دیموراسی بونەوەو
لەسەر دەستی ئەوانە شێوازی دەسەڵاتی پەرلمانتاریزم و پلورالیزم
هاتۆتەدی دی.ئێستا کە خودی ئەم شێوازە پیر بووە و نایەتەوە لەگەڵ ئاوات
و ئامانجەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی چۆن دەکرێت ئەم شێوازە لە دەسەڵات بە
کەڵکی خەڵکی کوردستان بیت.بۆیە بە بروای من ئەوەی کە میدیاکان
پروپاگەندەی بۆ دەکەن زیاتر بۆ زیاتر گەرم کردنی بازاری فرۆشی خۆیانە.
ئێوە تەماشاکەن جاری وا هەیە میدیا لە ئەوروپاش بۆ گەرم کردنی بازاری
خۆی دەخاڵەت لە ژیانی کەسێتی کەسەکانیش دەکات بە بەهانەی ئەوەی گوایە
ئەم کارەی بۆ خزمەتی خەڵکەو بەشێکە لە ئازادی رۆژنامەگەری. بە تایبەتی
هێشتا میدیا لە کوردستان زۆر پاشکۆی ئەحزابی دەسەڵاتدارە و زیاتر رەنگ
دانەوەی سیاسەت و ئامانجی ئەوانە.
بۆیە بە بروای من ئەوەی پێ دەڵین ئۆپۆزیسیۆن لە کوردستان تەنانەت بە
تێگەیشتنە ئەوروپی یە باوەکەشی نی یە .هەموو ئەوانە ئەمڕۆ کاریکاتۆرێکن
لە ئۆپۆزیسیۆن.من دلینیام لەوەی کە خەلکی چۆن پیش راپەرنینی 1991 هیشتا
بە کردەوەی دەسەڵاتی سیاسی یەکیتی و پارتیان نە دەناسی و تەنها دەنگی
دەهۆلیان لە دور پی خۆش بوو بەلام ئیستا 19 سالە ناوەرۆکی ئەوانیان
ناسی ئاواش پاش ماوەیەکی زۆر کەم ناوەڕۆکی سیاسی ئەوەی ناویان ناون
بەرهەڵستکار دەناسن و ڕێگای ڕۆشنی سیاسی دەگرنە بەر.تونێڵێک کە ئەم
بەرهەڵستکارانە ئەمڕۆ بۆ خەڵکی کوردستانی لێ دەدەن هیچ جیاواز نی یە
لەو تونێڵەی هێزی دەسەڵاتدار 19 ساڵە ملی خەڵکیان پیادا کردووە.بمانەوێ
و نەمانەوێ لە ئایندەدا هێزی نوێی سیاسی و کۆمەڵایەتی زۆر ڕادیکاڵ
دەردەکەوێت.چونکە کۆمەڵگای کوردستانیش کۆمەڵگایەکی چینایەتی یەو
کرێکارو بۆرژوا بوونی هەیە و هەمیشە کێشمەکیشی نێوان ئەو چینە تەحەکوم
دەکات بە بزاوتنی کۆمەڵگاوە. جا ئەمرۆبا هەر بە پەنهانی بیت بەڵام
هەمیشە ئەو هێزو ناکۆکی یە ژیلەمۆی ژێر خۆڵەمیشەکەیە.
ماڵپهڕی موزهفهر عهبدوڵا
|