په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

نابێ بە رەشبینییەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردن بڕوانین!

  
ستار محەمەد قادر

 
ئەمڕۆ زۆرێک لە خەڵکی بە گومانن لە هەر لیستێک کە لەدەرەوەی یەکێتی و پارتی بە جیا لە هەڵبژاردنەکان دادەبەزن، هێندێک وێنەیەکیان لە لا درووست بووە کە گوزارشت لە رەشبینییەکی زۆر مەترسیدار دەکات. خوێندنەوەی ئەوان بۆ هەر لیستێک؛ هەمان خوێندنەوەیە کە بۆ پارتی و یەکێتی هەیانە. ئەوان لە ئەزموونی دەسەڵاتی هەژدە ساڵەی ئەو دوو حزبەوە لە هەموو حزب و بزووتەوەیەکی سیاسیی دەنواڕن. وای لێکدەدەنەوە کاتێک ئەوانیش جڵەوی دەسەڵات بگرنە دەست، هەمان سیاسەتی پەراوێزکردنی خەڵکی بێ لایەن پراکتیزە دەکەن. بۆیە بە چاوی بێ ئومێدییەوە لە بانگەشەی گۆڕان و ئەجێندای ئەو حزبانەی کە لە بەرنامەیاندایە بە لیستێکی هاوبەش بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی کوردستان دەکەن ... بکەن!


زۆرێک لەو خەڵکانە بە گوومانن و ئەوە دوو پاتدەکەنەوە کە هیچ هێزێک لە بارتەقایدا نییە ببێت بە فاکتەرێکی بە هێزی گۆڕان لەم دۆخەی ئێستادا و بتوانێت ململانێی پارتی و یەکێتی بکات، ئەوان وا لە پرۆسەی گۆڕان دەگەن کە دەبێت لە نێوان شەو و رۆژێکدا کوردستان بکات بە شامی شەریف و پاکی بکاتەوە لە هەموو خەوشێک! بە بێ ئەوەی ئەوە لە بەرچاو بگرن کە حاڵی حازر گۆڕانێکی رووکەشیانە باڵی بە سەر کوردستاندا کێشاوەو ترس لە هەڵبژاردن و لە دەستدانی کورسی بۆ جارێکی دیکە کۆمەڵانی خەڵکی خستەوە بیری دەسەڵاتداران و ئەوەی وەبیریاندا هێنایەوە کە لە سیستمی دیمۆکراسیدا دابڕان لە گەل و داخوازییەکانییان بە واتای دوور کەوتنەوە لە دەسەڵات و کورسی دێت!


ئەمەش بمانەوێت یان نا، ئەگەر لیستە سەربەخۆکان بیبەنەوە یان نا؟ خۆی لە خۆیدا ریفۆرمەو بە شێوەیەک لە شێوەکان بەرەنجام و دەرەنجامی ئەو گۆڕانەیە کە بە سەر خودی هەڵبژاردندا هاتووەو هەنگاوێکیشە بۆ درووستکردن و بوونیاتنانی هەیکەلی ئۆپۆزسیۆنێکی حەقیقی لە کوردستاندا. بەم شێوەیەش ئەوەی لە دووای هەڵبژاردنەکان چاوەڕواندەکرێت، دۆخێک بێت جیاواز لەوەی ئێستا. ئەگەر پرۆسەی گۆڕانەکەش رێژەیی بێت، دەبێت هەر بە چاوی ئومێدەوە لێی بڕوانین، چونکە ئەگەر هەر هیچی بۆ ئێمەی میللەت تێدا نەبێت؛ خۆ بووە بە هۆکاری ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی کوردستان ئیدی لە بەرانبەر کۆمەڵانی خەڵکدا بێ منەتی خۆیان پێشان نەدەن و بەهەشتی دەسەڵات وایان لێ بکات پیچێک بە خۆیاندا بچنەوەو بۆ چەند ساتێک ترس لە لەدەستدانی کورسی و دەسەڵات ببێت بە ئەندێشەیان!!

 

star_qadr@yahoo.com