په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

نا بۆ هەڵبژاردنەکان، بەڵی بۆ سەربەخۆیی.

 

عه‌بدوڵا مەحمود  

 

تەنها چەند ڕۆژێکی کەم ماوە، کەچی خەڵکی کوردستان مەیلیان بە چوون بۆ بنکەکانی کۆمۆیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بەمەبەستی خۆ تۆمارکردن، نییە.

 

نەچونی خەڵکی کوردستان بۆخۆ ناونووسکردن لە بنکەکانی باڵای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان تا بتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەشدار دەنگدان بکەن، نیگەرانییەکی زۆری لای حزبەکانی کوردستان لەوانەش هەردوو حزبی باڵادەست دروستکردووە. بۆیە بۆ ئەو ماوە کەمەی کە ماوە کەوتونەتە خۆ تا بتوانن خەڵک ڕاپێچی بنکەکانی کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکان بکەن.

 

نەچونی خەڵک بۆ بنکەکان بۆ خۆتۆمارکردن، ئاماژەدانە بەچەند دەلالەتێک، کە پێویستە هەڵوێستەی لەبارەوە بکرێت.

 

ئەگەر لەوە بگوزەرێین کە هەڵبژاردن لە عێراق و کوردستان چ مەغزایەکی هەیە و چ کاریکاتۆریکەو چ درۆیەکی دیموکراسی میلیشیاکانە، وە ئەمە بەفەرز وەربگرین کە هەڵبژاردنێک دەکرێت و پرۆسەیەکی دیموکراسی بەڕێوەیە، ئەوکاتە دەبێ بپرسین بۆچی خەڵک لە ئێستاوە نیشانی ئەدەن کەنایانەوی بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن. نەچونی خەڵک بۆ خۆتۆمارکردن یانی ئامادەنەبوون بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.

 

خەڵکی کوردستان، کە چەندین پرۆسەی بە ناو هەڵبژاردنیان بینیووە، کاریکاتۆری بوونی هەڵبژاردنەکان و ئەنجومەنی نیشتمانی!! کوردستان و عێراقیان لەبەرچاوە. هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمارو سەرۆکی کوردستان و هەڵبژاردنی شارەوانیەکان و دەنگدانی هەموو ڕۆژەی ئەندامانی ئەنجومەنیان لەسەر بڕگەو یاسای هەمەچەشنە بینیووە. ئەوەی کە وەکو ڕۆژی ڕۆشن بۆیان ڕۆشن بووە، درۆی دیموکراسی و گاڵتەجاری بووە. بۆ هەموو خەڵک دیار بووە نەک لە عێراقی داڕوخاوەوە بۆ بنیات نانەوە، بەڵکو لە کوردستانیش کە 18 ساڵە هەرێمێکی جیاو تاڕادەیەک لە باری ئەمنیەوە ئارام بووە، هەمیشە هەڵبژاردنەکان و پرۆسەی بەناو دیموکراسی، هەڵبژاردن و....تاد، لە سەری رەش و هاوینەهەواری دوکان بەپێی تەوازنی هێز، و بەتونێلی ڕێکەوتنامەی سەرۆکەکاندا گوزەری کردووە. تا ئەم ساتە وەختەش حکومەت و پەرلەمان، موچەخۆری حزبن. تا ئەم ساتە وەختەش نەک لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە تەنانەت بە ڕێکەوتنیش نەیانتوانیوە دووئیدارەی ناو هەرێمێک کەخۆیان وەک و شوتی لە ناوەڕاستەوە بەچەقۆی شەڕی دەسەڵات لە یەکیان دابڕیوە، ڕیک بخەنەوە. وەزارەتی! ناوخۆ، پێشمەرگە، دارایی، .... تا ئێستا لێک جیان. هەڵبژاردنەکان و تەنانەت رێکەوتننامەکانیشیان لەسەر مەسەلە گرنگەکان لای خودی یەکێتی و پارتی بایی پولێکی قەڵب ڕێزیان لێنەگیراوە. ئیتر باسی کام پرۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردن.

 

هەروەها، دەسەڵاتێک لە تەمەنی 18 ساڵەی خۆیدا، بەو تونایە لە ئیمکانیات کە لەبەردەستی بووەو بەو هەموو داهاتەی خەڵک کە یەکێتی و پارتی قۆرغیان کردووە، ئاوی خواردنەوەیان بۆ خەڵک دابین نەکردبێت، خەڵک لە تاریکستاندا بژین و لە 24سەعاتداچەند سەعاتێک کارەبای ڕێک و پێکیان نەبێت، خەڵک موحتاجی سەرەتاییترین خزمەتگوزاریەکان بێت. دەسەڵات و ژمارەیەکی کەم لەسەرمایەدارانی سەر بەحزب هەموو داهات و ئیمکاناتی کۆمەڵگایان فەرهود کردبێت وزوربەی هەرەزۆری خەڵکیش برسی و هەژارو نەخۆش و بێکار بن، و گرانی بازار دەستی نابێتە بینەقاقای خەڵک و مواد و خواراک و دەرمانی ئێکسپایەریان پێ بفرۆشرێت، دەبێ چ دڵێکیان بە دەسەڵات و وادەو بەڵێنە بەدرۆ داڕێژراوەکانیان خۆش بێت و جارێکی تر بچنەوە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان.

 

ژنانێک کە ڕۆژنە قەسابی دەکرێن ولە سەرەتاییترین ماف و حورمەتی ئینسانی بێبەش بن، لاوانێک کە ئایندەیان کرابێتە قوربانی چاوچنۆکی دەسەڵات و لەهەموو ماف و پێداویستیەکی لاوی بێبەش بن، گەورەکان کە تەمەنێک خزمەتی کۆمەڵگایان کردووە فڕێدرابنە کەنار کۆمەڵگا.... دەبێ دڵی چیان بە هەڵبژاردن خۆش بێت.

 

خەڵکی کوردستان دڵی بەچی ئەم دەسەڵاتەی ئێستا خۆش بێت، بە کوشتنی ڕۆژنامەنووسەکانی، بە سەربڕینی ئازادیە سیاسیەیەکانی، بە ژێر پێخستنی سەرەتاییترین مافە فەردی و مەدەنیەکانیان، بە تەقەکردن و زیندانیکردنی ئەوانەی داوای ئاو کارەباو سوتەمەنی و ڕێگاوبان دەکەن و دەڵێن بەسە دزی و تاڵانی و گەندەڵی و تیرۆی داهاتی کۆمەڵگا؟ لەهەموو ئەوانەش واوەتر زیاتر لە 4 ساڵە ئەم دەسەڵاتە کوردیە، خەریکی چنینی نەخشەی گێڕانەوەی کوردستانە بۆ ژێرسایەی دەسەڵاتێکی عروبی و ئیسلامی. بەو هەموو موسیبەتەی دەسەڵاتی خۆی رازی نییە کە بەسەر سەری خەڵکی هێناوە، خەریکە جارێکی تر چارەنووسی سیاسی خەڵکی کوردستان و دەخاتەوە بەردەم دەسەڵاتێکی ڕەشی تری عروبی و ئیسلامییەوە؟

 

خەڵکی کوردستان، بەنەچوونیان بۆ خۆتۆمارکردن لە بنکەکانی کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، پەیامی خۆیان ڕادەگەیەنن، پەیامی ئیتر بەسە، نە وادەو بەڵێنتان، نە سیاسەت و کارکردو کارنامەتان، نە ڕێگای چارەی سبەینێتان... هیچی پەیوەندی بە ئێمەوە نییە. بانگەوازێکە بۆ دەسەڵات تا دەست لەیەخەیان بکاتەوە.

 

خەڵکی کوردستان هاوکات لەگەڵ نەچونیان بۆ بنکەکانی دەنگدان، پێویستە ووریابن و فریوی بانگەشە و هەڕەشەی دەرەکی نەخۆن. ڕاستە هەڕەشەی دەرەکی لەسەر خەڵکی کوردستان هەیە، بەڵام ئەمە هەڕەشەی ئەو هێزو لایەنانەیە کە هەر ئەم یەکێتی و پارتییە بە دۆست و هاوپەیمان و خەڵکی کوردستانیان دەناساندن، بۆیە خەڵکی کوردستان دەبێ لە ڕیزی سەربەخۆی خۆیاندا و دژی هەڕەشەی دەرەکی و ئەو هێزانە بوەستنەوە، بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکان و گوێنەدان بەوادەو بەڵێنی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و کۆبونەوە وخۆڕێکخستن لەدەوری سیاسەت و ڕێگاچارەی سەربەخۆیی کوردستان و پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆی عەلمانی و غەیرە قەومی ئەو ڕێگاچارە کارسازو تەندروستەیە، کە دەتوانێت باسی هەڵبژاردن و موئەسەسات و پێکهاتە یاسایەکان تیایدا مانای هەبێت. بۆیە خەڵکی کوردستان پێویستە دروشمی "نا" بۆ هەڵبژاردنەکان، "نا" بۆ لکاندنەوەی کوردستان بە عێراقی عروبی ئیسلامیەوە، بەڵێ بۆ سەربەخۆی هەرێمی کوردستان، بەرزبکەنەوە.

 

 

14-8-2008

abdulla.mahmud@gmail.com