١٢\١٠\٢٠١٢
نا بۆ ئازادکردنی
ژنکوژان بە یاسای لێبووردنی گشتیی.
بەڕێزان:
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردوستان،
ئەنجومەنی دادوەری ھەرێمی کوردوستان،
کوشتنی ژنان و کچان بەبیانوی شەرەف و کەلتور و دابونەریت مەترسیەکی
گەورەیە لەپاڵ شێوازەکانی دیکەی توندوتیژی و لە ئاستی ناوخۆو
نێودەوڵەتیدا ناوبانگی ھەرێمی کوردوستانی خستۆتە ژێر پرسیارەوە.
یەکێک لە ھۆکارەکانی بەردەوامبونی حاڵەتەکانی کوشتن و کوشتنی ژنان
لێبوردنی گشتیی و تایبەتیە، لە نمونەی یاسای لێبوردنی گشتیی ژمارە (٢ی
ساڵی ٢٠١٢) کە لەلایەن پەرلەمانی
کوردوستان دەرچوە . بێگومان ئێمە لەگەڵ بنەمای ئاشتەوایی و لێبوردنداین
بەڵام کاتێک لەمێژوی ٢٠ ساڵی ھەرێمی کوردوستاندا بە ھەزاران ژ ن
کوژراون و تاوانباران زۆرینەیان لێپرسینەوەیان لەگەڵ نەکراوە و
ئەوانەشی کە دەستگیر کراون بەر بەر لێبوردنی گشتیی و تایبەتی کەوتون
ھیچ ڕێگریەک لەبەردەم ئەو کەسانەدا دروست نەبوە کە سڵ لە ئەنجامدانی
ئەم تاوانە بکەنەوە تەنانەت خێزان و بنەماڵەش داکۆکیکار بوون لە
پەردەپۆشکردنی تاوانەکان وەک لە کەیسی مامۆستا ساکار و پەروین و چەندین
کەیسی دیکەدا ڕویداوە.
ھەربۆیە لێرەدا ناڕەزایی خۆمان لە دەرکردنی ئەم جۆرە یاسایانە
دەرئەبڕین و داواکارین لە داھاتودا ھیچ یاسایەکی لەو شێوەیە لە
پەرلەمانی کوردوستانەوە دەرنەکرێت چونکە ئەم لێبوردنانە دژ بە
بنەماکانی مافی مرۆڤی تاوان لێکراوە بەتایبەتی ڕێگەخۆشکەرە بۆ
دەربازبون و ئازادکردنی سەرجەم ژنکوژان لە قۆناغەکانی لێکۆڵینەوەو
دادگایی کردن و بەندیخانەکاندا و ئەمەش دەستوەردانە بۆ بەدینەھاتنی
دادوەری و نەمانی شکۆی دەسەڵاتی دادگاکانە لە پاراستنی مافی گشتیی لە
ڕونەدان و دوبارەبونەوەی تاواندا.
بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم کێشەیەش ھاوپێچ، چەند تێبینیەکی کورت لەسەر
یاسای لێبوردنی گشتیی ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠١٢
ئاراستەی جەنابتان ئەکەین کە لە لایەن
ڕێکخراوی DHRD ئامادەکراوە بۆ گرووپەکەمان:
چەند تێبینیەک لەسەر یاسای لێبوردنی گشتیی ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠١٢.
سەرەتا:
وەک تێگەیەکی گشتیی دەوڵەت خاوەنی دەسەڵاتی دیاریکردنی تاوان و
سزایە،ئەوە فەلسەفە و ئایدۆلۆژی دەولەتە ئەوە دیاری ئەکات کام کردار و
ھەڵسوکەوتی ھاوڵاتی دروستە و کامە دروست نییە یاخود مەبەستی دەولەتە بۆ
رەواییدان بە کۆمەڵێ کردار و قەدەغەی کۆمەڵێکی تر.لە ھەمان کاتدا ئەوەی
مانای راستەقینەی دەوڵەت دیاری دەکات بریتیە لەو دادپەروەریەی دەوڵەت
بەرجەستەی دەکات .بەشێکی گرنگی ئەمەش دادپەروەری بواری یاسایە لەم
نێوەندەشدا یەکسانی لە رووی سەپاندنی سزاوە بۆ کردارە
چوونیەکەکان.ئەوەی ھەمیشە جێگەی سەرنجە ئەوەیە لەسەر چ بنەمایەک
یاسادانەران تاوانەکان و سزاکان دیاریدەکەن؟ بەڵگە و فەلسەفەیان لەم
رووەوە چییە؟بە دڵنیاییەوە ئەم پرسیارانە وەڵامی خۆی لەلایەن فەلسەفەی
یاساوە ھەیە.بەڵام پرسیاری ئێمە ئەوەیە یاسادانەری کورد لەسەر بنەمای چ
فەلسەفەیەک ئەم کارە دەکات ؟ بە دیاریکراویش ؛دواتریش ئایا لەسەر چ
بنەمایەک پەرلەمان یاسای لێبووردن دەردەکات؟.مەبەست و ئامانج لەم
یاسایە چیە؟
تێبینیەکان لەسەر یاسای ژمارە ٢ ی ساڵی ٢٠١٢.
ئەوەی لە یاسای ژمارە ٢ ی ساڵی ٢٠١٢ تێبینی دەکرێت ،پەرلەمان لە ھەموو
ئەو تاوانانە خۆش بووە کە لە رابردوودا روویانداوە جگە لەوانەی
بەدەرکراون بە گوێرەی مادەی شەشەم لە یاساکە.بە گوێرەی یاساکە ھەموو
تاوانەکانی (دزی، کوشتن،
تەزویر، فێڵ و تەلەکەبازی
و دەیان تاوانی تریش بەر لێبووردن ئەکەون.
ئێمە مەبەستمانە ئەم
خاڵانە روونبکەینەوە:
١. ئەگەر تاوانباران بەو تاوانانەی بەر لێبووردن ئەکەون لەبەر ئەوەی
کردارەکانیان دژی بەرژەوەوەندییەکی کۆمەڵایەتییە و ئەو کەسەی تاوانەکەی
کردوە لە سیستمی گشتیی لایداوە و شەرەنگێزە..؛ئیتر بۆ دەبێت لێیببوررێت؟
٢. تۆمەتبار ھەیە دەیان تاوانی کردوە ؛بەڵام بەبێ ھیچ سزایەک رزگاری
دەبێت؟
٣. ئەم لێبووردنە بریتیە لە تەدەخولی پەرلەمان لە کاری دادگا.و
بێڕێزیکردنە بە کاری دادوەری.
٤. ھاندانێکی ناراستەوخۆیە بۆ تاوان لە داھاتوو .چونکە ھەمیشە لێبوردن
لە بەرچاوە.
٥.دەیان سزادراو کە سزاکانیان تەواو نەکردوە .بەبێ ئەوەی چاکسازی بکرێن
دێنەوە بۆ ناو کۆمەلگا.؟.
٦. مەسەلەی تەنازولی سکالاکار بۆ تاوانەکانی مافی کەسی مانای ئەوە نیە
کە تاوانبار بە برێک پارە ئیتر ئازادە لەو تاوانەی دەیکات
٦. لەگەڵ ئەمەشدا پەرلەمان چەندین ھەڵەی یاسایی کردوە
٧. بە ھیچ شێوەیەک باسی لەو کەتنانە نەکردوە کە سکاڵاکەر تیایدا
دەوڵەتە
٨. بە ھیچ شێوەیەک باسی لەو کەتنانە نەکردوە کە سکاڵاکەر تیایدا
دەوڵەتە.
٩. شمولی ئەو کەسانە ناکات کە پێشتر بەر لێبووردنی گشتیی یان تایبەت
کەوتوون.بەبێ ئەوەی ئەوە روونبکاتەوە کە چۆن دادگا لەمە دڵنیا بێت.
لە ھەمویشی مەترسیدارتر کوشتنی ژنانە چونکە یاساکە ئەو تاوانبارانەی
ژنیان کوشتووە بەدەر نەکردووە، بە مەش ئەوانەی کە لەژێر ھەر ناوێکدا
ژنیان کوشتووە ئەگەر تنازولیان بۆ کرابێت ئەوا بەر لێبوردنەکە
کەوتوون،کە زۆربەی حالەتەکانی ژن کوشتنیش ھەر کەسە نزیکەکانی خۆیانن،
واتە ئەوەی کە سکالاکار دەبێت بەسەر بکوژەکەوە کەسی نزیکی خۆیەتی کە
زۆربەی جارەکان سکاڵاکارانی کەیسەکە (داواکاران بە مافی کەسێتی)
تنازولیان بۆ دەکەن، ئەمەش ھاندەرێکی سلبیە لەسەر کۆمەڵگا کە بە ناوی
شەرەفەوە ژن بکوژرێتء بکوژەکەیش کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەی ئەوەی
لەبیردا بێت کە ھیچ سزا نادرێت، یاخود سزا دەدرێتء دوای ماوەیەکی کەم
بەر لێبوردنی گشتیی دەکەوێت.
١٠. پێویستە ئەو لیژنەیەی یاساکە جێبەجێدەکات لە ماوەی چوار مانگ
کارەکانی تەواو بکات بێ ئەوەی باس لەوە بکات ئەگەر لەو ماوە کارەکانی
تەواو نەبوو چ لایەنێک شوێنی بگرێتەوە... لە کۆتاییدا ئەم یاسایە
نایەکسانیەکی تەواوە لە نێوان تۆمەتباران و کەسانێک کە ھیچ تاوان ناکەن
ھەروەھا لەگەڵ ئەوانەش کە لەمەو دوا تاوان دەکەن .
خوێندنەوە بۆ یاساکە.
بەگوێرەی مادەی یەکەم لە یاساکە،ئەم یاسایە ھەموو حوکمدراو و
دەستبەسەرکراوان دەگرێتەوە، ھەروەھا سەبارەت بە ئەو کەیسانەی ئاشتەوایی
تیادەکرێت ،ئەگەر سزای حوکمدراو سێدارە بوو،ئەوا دەبێت بە زیندانی
ھەتاھەتایی،بۆ بەدەر لەم حوکمەش، ئەگەر ئاشتەوایی لە نێوان لایەنەکان
بکرێت یان پێشتر کرابێت ،راستەوخۆ حوکمدراو ئازاددەکرێت.بەڵام ئەگەر
ئاشتەوایی نەکرابێت ئەوا رێژەی (٢٠٪)
لە ماوەی حوکمەکە،کەمدەکرێتەوە.
سەبارەت بەو کەیسانەش لە قۆناغی لێکۆڵینەوەن یان دادگایی،ئەگەر لە
تاوانەکانی مافی کەسی بوون،ئەوا لەباری ئەنجامدانی ئاشتەوایی،کارسازی
لەسەریان دەوەستێت و کێشەکە بە شێوەی کۆتایی دادەخرێت.بۆ ھەموو ئەو
تاوانانەش کە مافی گشتیین،ئەوا کارسازیەکان دەستبەجێ دەوەستێنرێن و
کێشەکان بەشێوەی کۆتایی دادەخرێن.
بەڵام یاساکە ئەوانە ناگرێتەوە کە بەر لێبووردنی ساڵی (٢٠٠٧) کەوتوون
یان لە ھەر
لێبووردنێکی گشتیی پێشتر یان تایبەت سوودمەندبوون.
ھەروەھا ئەمانەی خوارەوەش ناگرێتەوە:
١- ئەو تاوانانەی یاسای پاراستنی بێگانەکان
ژمارە ٦ ساڵی ١٩٩٢ بەسەردا دەسەپێت لەگەڵ یاسای ژمارە ٨ ساڵی١٩٩٢ و
یاسای نەھێشتنی تیرۆر ژمارە ٣ ساڵی ٢٠٠٦.
٢- تاوانەکانی گرێدراو بە ئاسایشی ھەرێم ناوخۆ و دەرەوە.
٣- بازرگانیکردن بە ھۆشبەرەکان.بازرگانیکردن
بە داو و دەرمان و خۆراکی تێکچوو.
٤- بەرتیل و دزینی سامانی گشتیی.
٥- تەزویرکردنی دراو و پارەی کاغەز و بانەکۆت.
٦- زینا لەگەڵ پێنەشیاوەکاندا.
٧- دەستدرێژیی سێکسیی و نێربازیی و ھەتکی
ناموس.
٨- تاوانی کوشتن بە بیانووی ئابڕو سڕینەوە.
ھەروەھا حوکمدراوی پاشملەش سوود لەم لێبووردنەوە وەردەگرێت بە مەرجێک
لەماوەی (٤) مانگ خۆی رادەست
بکات و تاوانەکەشی لەوانە نەبێت یاساکە بەدەریکردوون.
چەند نموونەیەک لەو تاوانبارانەی کە بەم
دواییە بە یاسای لێبوردنی گشتیی ئازاد کراون:
١- دۆسیەی ٣٤٦/ج/٢٠١٢ باوکێک کچەکەی خۆی کوشتوەو دادگایی کراوە بەپێی
مادەی ٤٠٦ یاسای سزادانی عێراقی، ئازاد کراوە بەلێبوردنی گشتیی ژمارە ٢
ساڵی ٢٠١٢ دوای ئەوەی دایک تەنازولی کردوە .
٢-دۆسیەی ٣٥٤/ج/٢٠١٢ باوکێک ژنێکی دووگیانی کوشتوەو دادگایی کراوە
بەپێی مادەی ٤٠٦ یاسای سزادانی عێراقی،
دانپێدانانی راشکاوانەی تێدا بووە بە
تاوانەکە ئازاد کراوە بەلێبوردنی گشتیی ساڵی ٢٠٠٤ لە بەرواری ١٢-٩-٢٠١٢
.
٣-دۆسیەی ٣٢٨/ج/٢٠١٢ کچێک لەلایەن ئامۆزاکەی کوژراوە و بێ دایک و باوک
بوە و لەماڵی مامی ژیاوە بەپێی مادەی ٤٠٥، ئازاد کراوە بەلێبوردنی
گشتیی ژمارە ٢ ساڵی ٢٠١٢.
٤- دۆسیەی ٨٦/ج/٢٠١٢ ژنێک لەلایەن پیاوێکەوە کوژراوە و دادگا بە غیابی
بڕیاری لە سێدارەدانی دەرکردوە لە ١٣/٨/٢٠١٢ بە م ٤٠٦ ڕ غیابی ئێستا
تاوانبار خۆی ڕادەست کردوە و دووبارە دادگایی ئەکرێتەوەو بڕیار وایە لە
١٧-١٠-٢٠١٢ بەربێت .
سەنتەری پەرەپێدانی
دیموکراتی و مافی مرۆڤ DHRD
سەرنج: ئەم ڕاپۆرتە لەسەر داوای گرووپی
ژیان ئامادەکراوە.
گرووپی ژیان
چەندین رێکخراو و کەسایەتی ھەرێمی کوردستان
١١\١٠\٢٠١٢
|