٢١\٦\٢٠١٣
نا بۆ بەھاری
عەرەبی و حکومەتی لیبراڵ،
بەڵێ بۆ خۆڕێکخستن
و خۆبەڕێوەبردنی کۆمەڵایەتی.

زاھیر باھیر
ئەوە ٢ ساڵ و نیو بەسەر یەکەم چەخماخەی ھەوری دەنگی ناڕەزایی و جۆش و
خرۆشی ھەموو بەشەکانی جەماوەری چەوساوەی وڵاتی تونس و ڕژانە
سەرشەقامەکانی خەڵکی لەو وڵاتەدا دژی گەندەڵی و بێکاری و گرانی و
ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی، کە ھەموو ئەمانە کرۆکی سیاسەتی لیبراڵ و
نیو-لییبراڵن، تێپەڕی و کۆتایی بە ڕژێمی پێشینەی ئەو وڵاتە ھێنا.
لەھەمان کاتیشدا ئەم شەپۆلی ناڕەزایییە ھەندێکی تری لە وڵاتە
عەرەبییەکان گرتەوە و تا ئێستاش لە سوریا زیاتر لە ٢ ساڵە بەردەوامەو
ناو بەناویش لە شێوەی جیاجایادا لە کوێت و بەحرەینیش سەر ھەڵدەدات لە
(ئەردەن) یش لە وادەو ساتی خۆیدایە.
لە کاتێکدا ئەوەی بە بەھاری عەرەبی ناودەبرێت و ماسمیدیای ئەمەریکاو
وڵاتانی خۆراوا پاگەندەیەکی چڕوپڕی بۆ دەکەن و بەو پەڕی خۆشییەوە
بەرەوپیری ڕوداوەکان چوون و دەچن ، ھاوکاتیش لە کوردستانی ئێمەشدا
ڕەوتێکی سیاسی فراوان لە سەرجەمی پارتە ئۆپۆسۆێنەکاندا لە ڕێگای
ماڵپەڕو ڕۆژنامەو گۆڤارە کوردیەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە
شانوباڵی ئەو " بەھارەی عەرەب" دا ھەڵدەدەن و ئاواتەخوازی ئەوەن کە
"بەھاری کورد" یش لە کوردستان دا ڕوبدات بە بێ ئەوەی دووربین بن لە
ئایندەی ڕووداوەکان و دەستتێوەردان و ململانێی ھێزە گەوەرکان و
وڵاتانی خۆراواو پاوانکردنی بزوتنەوەکە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان
بێگوێدانە وێرانکردنی تەواوی ئەو وڵاتەو کوژران و لەناوچونی خەڵکانێکی
زۆرو دەربەدەربوونی زۆری تریش. بە داخەوە کە ئەزموونەکانی میسرو لیبیاو
بەحرەین و سوریا زیاتر ئەمانەیان پێڕاگەیاندین ، نە ئومێدێک و
پاشەڕۆژێکی باشتر . ئەمە جگە لەوەی کە ڕەچاوی ئایندەی ڕوداووەکان و
سەرئەنجام کێ دەسەڵات دەگرێتە دەست و بەرەو چ ئاقارێک دەبرێت ، لەلای
ئەم ڕەوتە سیاسییانەوە گرنگ نییە، یا ڕەنگە بۆیان ئەستەم بێت، تاکو
خوێندنەوەیەکی تەواوی ئەوەی، کە لە سەرەوە ھێمام پێکرد، بۆ بکەن.
گومانی تیادا نییە، داخوازییەکانی خەڵکانی چەوساوەو بەشخوراو لە ھەر
شوێنێکی ئەم جیھانەدا بێت، دەبێت لەلایەن ئازادخوازەکان و
سۆشیالیستەکانەوە پێداگرییان لێبکرێت ولە بواری جیاجیاشدا بەپێی توانا
دەبێت کۆمەکیان پێبکرێت.
ئەوەی کە گرنگە لێرەدا بەتایبەت لەبەرەو ڕووبوونەوەی جەماوەری ناڕازی
وڵاتانی عەرەبی، "بەھاری عەرەبی" بینینی چەند فاکتەرێک و پەیوەندی
نێوانی ئەو فاکتەرانەیەو تێگەیشتن لێیان، گرنگە. لەوانەش بارودۆخەکەو
شیکردنەوەیەکی ڕاستی واقیعیانە، لەتەک ناسین وھەڵسەنگاندنی کێش و
سەنگی ئەو ھێزانەی کە لەنێو ئەو گۆڕەپان و مەیدانەدان. ھەروەھا
داخوازییەکانیان، مەیل و مامەڵەیان لەگەڵ ھێزە سەرکییەکانی جیھان و
وڵاتانی خۆراوا، شکانەوەی دەسەڵات بە لای کێداو و کێ دەسەڵات دەگرێتە
دەست و گەلێکی تر لەم ھاوکێشانە خاڵی گرنگن کە قسەی لەسەر بکرێت و
ھەڵوێستیان لەسەر وەرگیرێت و دواتریش ھیوایان پێوەگرێبدرێت. ئەمە بێ
لەوەی کە بە حوکمی گۆڕانی ئەو ھاوکێشانەی سەرەوە، دەبێت سەرئەنجامی
بۆچوون و بڕیارەکانیش سەبارەت بەو ڕاپەڕین و جۆشوخرۆشانەی جەماوەری
ناڕازی، بگۆڕێت.
بەڕای من لە ھەڵسەنگاندنی ھەر ڕوداوێکی ئاوادا دوو خاڵ گرنگن کە
یەکەمیان ئەسڵی کێشەکانە کە ململانێکانی ناو کۆمەڵگە دەیانکاتە ھۆی
ڕودانی ناڕەزایی و ھاتنە سەرشەقامی خەڵکی، کە لەم حاڵەتەدا وەکو لە
سەرەوە پەنجەم بۆ ڕاکێشا ئەرکی سۆشیالیست و ئازادیخوازەکانە پشتگیری
لێبکەن و کۆمەکی پێبکەن. خاڵی دووھەمیشیان ئایە ڕووداوەکان بەرەو کوێ
دەڕۆن و دەیانەوەێت چی بەدەستبھێنن؟ بە واتایەکی تر ھەر دەربڕینی
ناڕەزایی و ھاتنە سەر شەقام ھەموو شتێک نییە.
کەواتە خاڵی یەکەم ، بەتەنھا، کافی نییە بۆ وەرگرتنی ھەڵوێستی سەرومڕی
و سەرانسەری و کۆمەککردنی تەواوی بزوتنەوەیەک ھەتا سەر. گەرچی ئەو
کێشە کۆمەڵایەتییانە، ڕەوایەتی بە کرۆکی دروستبووونی ڕوداوەکان یا
بزوتنەوەکان، دەدەن، بەڵام لە پرۆسەی پێشەوەچونیدا گۆڕانکاری ھەمە
جۆرەی بەسەردا دێت. ئەوە گرنگە کە لەوە بگەین کە دروستبوونی ناڕەزایی و
ڕژانە سەر شەقامەکان و ڕاپەڕین ھەمیشە ھۆکاری خۆیان ھەیەو ھەمیشەش
زەمینەیەکی ئاوا لەبار ھەیە تاکو ببێتە ھاندەری خەڵکی بۆ ئەو مەبەستە.
بەڵام ئەوەی بەرەو کوێ دەڕوات ، لەلایەن لایەنی جیاجیاوە چۆن
دەقۆزرێتەوە بۆ چ مەبەستێکی تایبەتی و چ ھێزێک و چ دەسەڵاتێک بەدووی
خۆیدا بەکێشیدەکات ئەمەیان لە سەرەتادا، ئاشکرا نییە، بۆیە
ھەڵوێستەکردنێک ئا لێرەدا و بە وردی ھەڵسەنگاندنەوەی بارودۆخەکە ئا لەو
حاڵەتەدا زۆر پێویستە.
کەواتە کۆپیکردنی کتومتی "بەھاری عەرەبی" و بەزۆر خولقاندنی زەمینەیەک
بۆ ھاتنە سەر شەقام، یا بە ھاندان و ویستی پارتێکی سیاسی کە زیاتر
دەسکەوتی سیاسی بۆ خۆیان و ڕابەرەکانی، نەک دەستکەوتی خەڵکی ، لە پشتی
ئەم کارەوەیە، نەک ھەر ماڵوێرانکاری و کوشتن و بڕینێکی زۆریش ڕەنگە
بەدووی خۆیدا بھێنێت، بەڵکوئەگەری ئەوەش ھەیە کە بۆ چەند دەیەیەکیش
بمانباتە دواوە و ئەوەشی کە بەدەستمان ھێناوە یا ھەمانە لە دەستی
بدەین، وەکو ئەوەی کە لە لیبیادا ڕویدا یاخود ئەوەی کە لە ئایندەدا لە
سوریادا ڕوودەدات، دیارە ئەمەش نە بەرگریکردنە لە ڕژێمی کۆنی لیبی و
ئێستای سوریاو نە ھەرێمی کوردستانیش، نە پشتتێکردن و دژایەتیکردنی
بزوتنەوەی خەڵکە. بەڵکو ئەوەی لێرەدا گرنگە بوترێت لێوەفێربوون و
خۆپاراستنە لەو ئەزموونە فاشیلەی کە چ لە لیبیا ڕویداو چ لە سوریاش
ڕوودەدات.
ئەی دەبێت چی بکەین، تاکو ئەو ئەزموونانەی ئەو وڵاتانە دووبارە
نەبنەوە؟
ئەوەی کە ڕویداوەو ڕودەدات لەو وڵاتانەی کە بە" بەھاری عەرەبی"
ناسراوەو دەناسرێت، کارێکی ئەوەندە گران نییە تاکو ھەر بە تەنھا
شیکەرەوانی سیاسی و ئابوریناسان و خەڵکانی ئاوەزدار پەی پێبەرن و بزانن
سەرئەنجامەکەی، بەرەو کوێ دەڕوات. ناڕەزایی دەربڕین و ھاتنە سە ر
شەقامی خەڵکی پێش خۆڕێکخستنیان ڕووداوێکەو لە زۆربەی وەختدا درێژە
ناکێشێت و لەوبەپەڕی سەرکەوتنیشیانا گۆڕینی دەمووچاوەکانە و کردنی
چەند ڕیفۆرمێکە کە ھەر خودی زۆربەی ئەو ڕیفۆرمانە لە ئایندەدا بە
زەرەر لەسەر خەڵکانی زەحمەتکێش و کرێکاران و لەسەرو ھەمووشیانەوە
ئافرەتان، دەشکێتەوە. خۆ ئەگەر ناڕەزایی خەڵک و ھاتنە سەرجادەشیان
کۆتاییەکەی بە جەنگی ئەھلی ھەروەکو لە لیبیا و ئێستاش لە سوریا کۆتایی
ھات ، ئەمەش خۆی لە خۆیدا یانی لەباربردنی داخوازییەکانی خەڵکی و
قۆستنەوەو بەکارھێنانیان چ لەلایەن چەند لایەنێکی موعارەزەی نێوخۆوە و
چ لەلایەن وڵاتانی دەوروبەرەوە بۆ بەرژەوندی تایبەتی خۆیان . ئیدی ئا
لێرەدا جگە لە ماڵوێرانی، دەربەدەری و کوشتن و بڕین و ھەڵکەندنی خەڵکی
لە شوێنی خۆیان و دواکەوتنی ژیان و تەشەنەکردنی ھەست و ڕۆحی نەتەوەیی و
دینی و مەزھەبی و خێڵەکی و گەلێکی تر لەمانە ، شتێکی تر نادات
بەدەستەوە ، کە لە ھەر ھەموو ئەمانەشدا منداڵان و ئافرەتان و پیرو
پەککەوتان، کە ھەرە توێژە بارخوارەکانی کۆمەڵگەن، بەشی شێری ئەو
نەھامەتییانە بەر ئەوان دەکەون.
لەمەش گرنگتر زانینی ئەو ڕاستییە کە شۆڕش ڕووداو نییە، ڕاپەڕینی چەند
ڕۆژێک یان چەند ھەفتەیەک نییە ، کودەتایەکی سەربازی و پیلانگێڕانێکی
پارتیانە نییە. شۆڕش پرۆسێسێکی ڕۆژانەیە ، پرۆسێسێکی درێژخایەنە ،
پرۆسەیەکە کە لەسەرەوەی کۆمەڵگەوە دەست پێناکات بەڵکو لە خوارەوە لە
بنی کۆمەڵگەوە دەست پێدەکات ، لە کێشەی سییاسییەوە دەست پێناکات بە ڵکو
لە کێشە ئابوورییەکان و کۆمەڵایەتییەکانەوە دەست پێدەکات. پرۆسەیەکی
کۆمەڵایەتییە نەک پارتایەتی ، پرۆسەیەکە کە بە کردنی رێفۆرم لە دەوڵەت
و بەڕیوەبەرانی دەوڵەت و یاساکان و سیستەمی پەروەردەو خۆێندن و
تەندروستی و چارەسەرکردن و ریفۆرم لە شوێنە کۆمەڵایەتی و
خزمەتگوزارییەکانی تردا، تەواو نابێت و کۆتایشی نایەت. پرۆسەیەکە کە
خەڵکی پێشوەخت دەبێت خۆی لە گروپی ڕادیکاڵی ناقوچکەیی (ناھیراشی) وەکو
دژە سەروەرێتی، دژ بە دەسەڵات لە ھەموو بوارەکاندا، لە سەرانسەری
شوێنەکاندا بۆ ڕێکبخات . گروپانێک کە سەپۆرتی گەڕانەوەی کەسایەتی تاکی
نێو کۆمەڵگەو بڕابوون بەخۆیان لە کۆنترۆڵکردنی کۆمۆنێتییەکانیان، شوێنی
کاریان، لە ھاوپشتی یەکتری و ھاوکاری یەکتر ، ھاندانی سۆڵیدارێتی
نێوانیان بە کردەوە، شەیرکردنی بەھرەو تواناو زانیاری لە نێوانی
یەکتریدا لە خەبات کردن بۆ خولقاندنی بزوتنەوەیەکی جەماوەری یەکگرتو.
بۆ ئەوەی کە خۆمان لە ھەمان تاقیکردنەوە و ھەمان ڕێڕەو ھەمان سەرئەنجام
بپارێزین، من تەنھا لێرەدا دەمەوێت جەدەلێک لە لای خوێنەری کورد دروست
بکەم بە کردنی چەند پرسیارێک و دروستکردنی حیوارێک لایان. باشە ئێمە
چەند ساڵی ترمان دەوێت، چەند وەچەی ترمان دەوێت تاکو فێری ئەوە ببین،
کە سەربەخۆ لە پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان خۆمان ڕێکبخەین و چیتر پشت
بەوان و ڕابەرو سەرکردەکانیان نەبەستین؟! با ھەڵوێستەیەک بکەین و چاوێک
بگێڕین بە مێژوی حیزبەکاندا چ لە کوردستان و چ لە دەرەوەی کوردستان ،
لە ئێستاو لە کۆنیشدا کە کاتێک لەسەر تەختی فەرمانڕەوایی بوون، لە چ
شوێنێکدا لە چ کاتێکدا توانیویانە نوێنەرایەتی خەڵکانی کرێکارو
ھەژارانی وڵات بکەن؟! باشە ھەڵبژاردن و گەمەی ھەڵبژاردن لە چ وڵاتیکدا
توانیوێتی گۆڕانکارییەکی بەرچاوو سەرەکی لە ژیانی زۆربەی زۆری
ھاووڵاتیانیدا، بکات؟! ئێمە دەوڵەتگەلێکی زۆرمان لە دیمۆکراسی،
دیکاتۆری حیزب و دیکتاتۆری جێنڕاڵەکان و لیبراڵ و دینی و کرێکاری یا
پڕۆلیتاری و نەتەوەیی و چەپ و سۆشیالیستی و کۆماری و پاشایەتی و .. ھتد
بینیوون ، بەرگوێمان کەوتوون یاخود خوێندومانەتەوە ، نەک ھەر لە
کوردستاندا بەڵکو لە جیھاندا، با تەماشایەکی مێژویان بکەین و بزانین
کامەیان دۆستی ڕاستەقینەی ھەرە زۆرینەکەی کۆمەڵگە بوون؟! باشە گەر
باوەڕمان بەوە ھەبێت کە دەوڵەت ئامرازێکی چینایەتییەو ھەر بەو شێوەیەش
کار لە بەرژەوەندی چینێک یا توێژاڵێکی کۆمەڵایەتی دژی ئەوانی تر دەکات،
باشە لە کوێی ئەم جیھانەدا دەوڵەتێک دروست بووە یاخود ئێستا ھەیە کە
پشتگیری خەڵکانی کرێکارو ھەژارانی کردبێت یا بیکات؟ با سەرنجێک لە
واژەی بێمانای " کۆمەڵگە" بدەین لە چاوی پارت یاخود پارتانی
فەرمانڕەواوە، با بزانین ئایە لە کەتواردا ئەو پارتە یا ئەو پارتانە
نوێنەری کۆمەڵگەن، یا نوێنەری چەند توێژاڵێکی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵە
خەڵکێکی تایبەتی؟! ئایا لەو بارەدا نابینین کە وشەی " کۆمەڵگە" تەنھا
دەبێتە خاکەنازێک و خۆڵ ڕۆدەکاتە چاوماناوە، ئایا دێوجامەیەک نییەو
نابێت بۆ شاردنەوەی ڕواڵەتی ڕاستی ئەو پارتانە؟! لە سیستەمی
نوێنەرایەتی کردندا ئیدی لە پەڕلەماندا بێت یاخوود لە شارەوانییەکاندا،
بۆچی دەبێت ئێمە دەنگ بەم نوێنەرە سیاسیانە بدەین تاکو
نوێنەرایەتمیان بکەن بۆ ئەوەی بەژەوەندییەکانمان بپارێزن؟! بۆچی دەبێت
ئەوە تێنەگەین کە کردنی ئەم کارە یانی بەکەمگرتنی خۆمان ، بەوەی کە
ڕاپەڕاندنی کارو فرمانەکانی خۆمان و داکۆکیکردن لە بەرژوەندییەکانی
خۆمان دەبێت بدەینە دەست یەکێکی تر چونکە بەخۆمان توانای ئەو کارەمان
نییە؟!! لەمەش خراپتر چۆن دەتوانرێت زەمانەتی ئەوە بکرێت کە نوێنەرە
سییاسییەکانمان لە لایەن کۆمپانیاو بانقەکان و خەڵکانی پایەدارو
دەوڵەمەندانی ناو کۆمەڵگە، ناکڕرین و گەندەڵ نابن؟! لەوەش واوە تر ئەی
خۆ ئێمە نەک ھەر لە کوردستاندا بەڵکو لە زۆربەی ئەو شوێنانەی کە ئەم
گەمە سییاسییە بەردەوامە ، ھەمان پارت چەند جارێک دەسەڵاتیان گرتۆتە
دەست و ھیچ گۆڕنکاریەکی جەوھەرییشیان نەکردوەو کەچی ھەر
ھەڵیاندەبژێرینەوە، ئەمە بۆ؟! باشە بۆ بیرلەوە ناکەینەوە کە ھەموو
گۆڕانە سیاسییەکانی نێو کۆمەڵگە کە لە سەرەوە دەستی پێکردوە، ئایا بۆ
چرکەیەکیش توانیویانە مەترسی بۆ سەر ئەم سیستەمە دروست بکەن ؟ باشە
کەسێک دەتوانێت بۆمان بسەلمێنێت کە ئەو گۆڕانە سیاسییانەی کە لە
کۆنیش و ئێستاشدا ڕویانداوەو دەموو چاوەکانیان گۆڕیوە، ئەم سیستەمەی
بەھێزترنەکردبێت؟! بۆچی ئێمە بۆ تەنھا ساتێکی کەمیش بیرناکەینەوە
بزانین جیاوازی نێوانی حوکمی دیمۆکراسی، دیکتاتۆری یا لیبراڵ و ئەم
دوانەی تر چییە جگە لە ھەبوونی مافی گۆڕانی بکوژەکانی خۆمان ھەموو ٤ تا
٥ ساڵێک؟! باشە با بیر لە سەروەرێتی یاسا بکەینەوە و بزانین چییە؟!
یاسا چیانیەتی نییە؟ کێ یاسا دادەنێت و لە بەرژەوندی کێدەشکێتەوە؟ باشە
گێلێتیش بەوە دەرجەیە کە وا بزانرێت کە دەوڵەمەندەکان ، دەسەڵاتداران
بکوژەکانمان ، یاسایەک دادەنێن لە دژی خۆیان بێت؟!!! باشە ئێمە
لەسەروەختی ھەڵبژاردندا گەر ئیختیاری ھەڵبژاردنی یەک پارت (مان) ھەبێت
لە نێوان چەند پارتێکدا، باشە بۆچی ناتوانیین، کە بەبێ ھەڵبژاردنی
ئەو یەکەش بژین ، کاروباری ژیانی خۆمان بە ھەرەوەزی لە بەرژەوەندی
خۆمان بەڕیوەبەرین و بڕیاریان لەسەر بدەین؟ باشە با تەماشایەکی مێژوی
بەشەرییەت بکەین کە بۆ ماوەیەکی یەکجار درێژ دەگەڕیتەوە، کە بەشەرییەت
کاروباری ژیانی خۆی بە بێ پارت و بە بێ دەوڵەت، تیادا ڕێکخستوە ، کە لە
کاتێکدا مێژوی تەمەنی پارت و دەوڵەت لە ٢٠٠٠ ساڵ زیاتر نییە؟!!
ئەمانەی سەرەوە ھەندێک پرسیارە لە پرسیارگەلێکی بێ کۆتاییانەن ، کە
ھەقە بیریان لێبکەینەوە و لە سەریان ھەڵوێستەیەک بکەین پێش ئەوەی دوا
بڕیارمان لەسەر کردنی ھەر کارێک بدەین.
_____________________________________
•
خوێنەری ھێژا تکایە تێبینی
ئەوە بکە کە ئەم وتارە لە پێش خۆپیشاندان و ڕاپەڕینی خەڵکییەوە لە
تورکیا نوسراوە (٢٠\٥\٢٠١٣)،
بەڵام لەکاتی خۆیدا بواری ناردنیم بۆ بڵاوکردنەوە، نەبوو.
لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|