په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٣\٢٠٢٢

نا بۆ ئەمەریکا و ناتۆ و نا بۆ رووسیا.


کامیل ئەحمەد      


کۆمەڵگای بەشەری ئەمڕۆ لە نێو جەنگێکدایە. ئەم جەنگە بە ھیچ شێوەیەک جەنگی تەقلیدی نێوان دوو ووڵات نی یە ، ئەگەر چی لە ڕووی ڕووکەشەوە وەکو جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا دەردەکەوێت و زوڕنا ژەنانی بورژوازیش دەیانەوێت ئاوھا وێنای بکەن. ئەم جەنگە جەنگی نێوان دوو زلھێزی سەرمایەداری جیھانە و شەڕی نێوان ئەمەریکا و رووسیایە، بەڵام مەیدانی جەنگەکە ئۆکرانیایە. ئەم جەنگە نە پەیونەدی بە مافی ھاوڵاتیانی ئۆکرانیاوە ھەیە و نە تەنانەت ئەو ناوچانەشی کە رووسیا دەیەوێت بیانکات بە دەوڵەتی پەنادەستی خۆی بە ناوی پارێزگاریکردن لە مافی نیشتەجێبووانی، بەڵکو ڕاستەوخۆ شەڕە لەسەر بردنەڕێوەی جیھانەوە. جیھانێک کە چیتر ئەمەریکا، وێڕای ھەر ھەوڵێکی، ناتوانێت ھێزی یەکەم و قولدری جیھانبێت و بتوانێت جیھان بە تەنیا بەڕێوەبەرێت و پیادەی بکات. لەم کارەیدا شەریکی بۆ دروستبووە و شەریکەکانیشی نەیارەکانی دوێنێین کە بریتین لە رووسیا و چین. ئەم شەڕە یەکێکە لە ئاکامەکانی ئەو بارە ڕاگوزەرەی کە ئێستا جیھانی پیاداتێدەپەڕێت. جیھانێک کە ھێزی پێشوو وێڕای ھەر ھەوڵێکی ناتوانێت ڕابەری جیھانبێت و ھێزی تری لێ قووتبۆتەوە لە قۆناغێکی ڕاگوزەردا کە سەرمایەی جیھان بەجۆرێک تێکەڵاوە کە ھەم شکاندنی بەرامبەر و ھەم جێگرتنەوەی قورسترە لە چاو سەدەی پێشوودا. بۆیە جیھان لە گۆشەنیگای بەرژوەندییە جیاوازەکانی سەرمایەوە پێوسیتی بە ئارایشتدانەوە بە خۆی ھەیە و بە داخەوە بەشێکیش لەم دووبارە دابەشبوونەوە و دەستبەرکردنی بەرژەوەندیانە پێویستی بە جەنگە بۆ یەکلاییکردنەوەی. جەنگێک لە ڕاستیدا دەمێکە بە شێوەی ئابوری و شەڕی بە وەکالەت دەستیپێکردووە.


رووسیا لە دوای ساڵی ١٩٩٧ ەوەو بە دوای ئەوەی کە زۆرێک لە ووڵاتە دراوسێکانی و بە تایبەتی ئەوانەشی کە بەشێکبوون لە خۆی پێش ڕووخانی دیواری بەرلین، ھەمیشە نیگەرانی خۆی لە بەرفراوانبوونەوەی ھاوپەیمانی ناتۆ دەربڕیوە و جێگەی نیگەرانی بووە و بە مەترسی لەسەر خۆی چاویلێکردووە، وە لە ڕاستیشدا ھەروابووە و ئەم ھاوپەیمانیەش بە ڕابەری ئەمەریکا ھەمیشە یەکێک لە ئامانجەکانی ئابڵوقەدانی رووسیا بووە بە ھێزەکانی و خودی دامەزراندنیشی ھەر بۆ ئەو مەبەستە بووە بۆ ئەوەی ھەرکاتێک بیانەوێت و بتوانن دەستیان ئاواڵابێت بۆ تەدەخولی سەربازی. ھاوکات بە دوای ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و بەڵێننامەی مینسک دا و ھەوڵدانی ھاوپەیمانی ناتۆ بۆ ئەوەی بتوانێت ئۆکرانیا لە خۆ بگرێت رووسیای لەبەرامبەر ھەڕەشەیەکی گەورەتردا ڕاگرتووە کە وای لە ورچە سپی یەکە کردووە بەخەبەربێتەوە. رووسیا بە ئاشکرا دەزانێت کە ئەمەریکا و ئەوروپا ناکۆکن، وێڕای ئەوەی کە لە ئێستادا وا دەردەکەوێت کە کۆکبن، بەڵام خۆری ئەم کۆکبوونە دەمێکە ئاوابووە و زۆرێک لە ووڵاتەکانی ئەوروپا و بە تایبەتی فەرەنسا و ئەڵمانیا ھەمیشە لە مۆلەقەییدا ژیاون و ھەوڵی ئەوەیان داوە کە ئەوەندەی بۆیانبکرێت بای باڵی خۆیانبدەن و لەژێرڕکێفی تەواوی ئەمەریکادا نەبن. ئەمە وێڕای قووتبوونەو و گەشەکردنی چەندین ھێزی ناوچەییو تر وچەندین کێشەی تر. لە ڕاستیدا ئەم شەڕە نزیک بە دوو دەیەیە لەژێر ناوی دانانی ئابڵوقەی ئابوری و لێدان لە بەرژەوەندییە ئابورییەکانی یەکتردەستیپێکردووە و ڕۆژ دوای رۆژیش بواری بەردەم رووسیای تەسکترکرۆتەوە، ھەر بۆیە کاتێک کە شەڕی بۆرسە و پشکەکاکن و بانکەکان بە بنبەست دەگات و ناتوانێت ڕیگاچارە خوازراوەکەبێت، ئەوا شەڕی مەیدانی و جیۆسیاسی دێتە پێشەوە بۆ بەدەستھێنانەوەی ئەو پشک و سەروەریە ئابورییانە، سەرمایەداری جەنگ دەکات و دەیەوێت لە دوای جەنگ لە بەرووبوومەکەی بخوات. ئەم جەنگە ڕاستەوخۆ جەنگی بۆرسەو سەرمایەیە و چ لایەنێکیش ھێزی زیاتربێت سەرمایەکەی زیاتردەبێت. ھەر بە پێی ئەم ھاوکێشەیەش کە بۆرسەکان و بەرژوەندییە بازرگانی و سەرمایەدارییەکان جیھانین و ھەموو شتێک جیھانی یە، ھەر بۆیە ئەم شەڕەش جیھانی یەو تەنھا وەکو پێشتریش ووتمان مەیدانەکەی ئۆکرانیایە. رووسیا و پۆتین داوای بەشی زیاتردەکەن و ئەوانیش نایدەن و بەربەستی بۆ دروستدەکەن، بۆیە بە شەڕ ساغدەکرێتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ لە مەیدانی شەڕدا بە ئاشکرا دەیبینین گەواھی لەسەر ئەمە دەدات و بە ئاشکرا و ڕۆشنی ھەموو ڕۆژێک لە میدیاکانی خودی بورژوازییەوە گوێبیستی دەبین کە چۆن ئەم دوو بلۆکە بورژوازییە جیھانییە خەریکی ساغکردنەوەی ناکۆکیەکانی خۆیان لە شوێنێکدا کە ناوی ئۆکرانیایە، ھەر لە بلۆککردن و ئابڵوقەی ئابوری یەوە بگرە تا دەگاتە نوردستریم و ناردنی چەک و تەقەمنی بۆ ئۆکرانیا. تەنانەت بارەکە بە شوێنێک گەیشتووە کە بورژوازی جیھانی چۆن لە ئەفغانستان و عێراق و ووڵاتانی عەرەبی و ئەفریقی دا خەریکی دروستکردنی مورتەزەقە بوون، ھەر وا لە ناو دڵی ئەوروپاش دا خەریکن ئەم جۆرە لە سیاسەت بەڕێوەبەرن لە ژێر ناوی جەنگاوەری خۆبەخش وبەرگریکار لە ئەوروپا و ئۆکرانیا و بێ شەرمانەش سەرۆکی ووڵاتەکان یان بانگەشەی بۆ دەکەن یان ڕەزامەندی لەسەر دەدەن و دەیانەوێت جەنگێک کە ھیچ پەیوەندییەکی نە بە ئەوروپی بوون و ئۆکرانی بوونەوە ھەیە، بە خەڵک بقەبڵێنن و بۆ بووکەڵە جوانەکەی دیموکراسی فرمێسکبڕژن و خەڵک بکەنە قوربانی. ئەم شەڕە تەنانەت بە واتا سوواوەکەشی ھییچ پەیوەندییەکی بەو بەھا سوواوانەوە نییە و شەڕە لەسەر پێگەی دوو ڕەقیب و زلھێزی جیھانی کە دەیانەوێت زۆرترین بەشیان لە سەرمایەی جیھاندا ھەبێت بە تایبەتی کە ئەم کێبەرکێیانەیان لە چوارچێوەی دانوستان و ڕێکەوتن دا بۆ ناچێتە پیش، ئەو کات شەڕ بە تاکە گریمانە دەمێنێتەوە بۆ ئەم یەکلاییکردنەوەیە.


مەیدانی جەنگێک کە ئۆکرانیایە، ھیچ پەیوەندییەکی بە خەڵکی ئۆکرانیاوە نییە و ئەوێ تەنھا وەک مەیدانێکی ڕووبەڕووبوونەوەکە ھەڵبژێردراوە یان ناچاربوون ھەڵیبژێرن. ئەم جەنگە جەنگی نێوان "ئەمەریکای دیموکراسی" و "رووسیای دیکتاتۆری" نی یە، بەڵکو لەڕاستیدا جەنەگی نێوان دوو سەرمایەی جیاوازە بە پشتبەستن بە ئایدۆلۆژی درۆزنانە و ھەر بۆیە ھەڵوێستوەرگرتن لەبەرامبەر جەنگیشدا ئەگەر دژ بەم دوو جەمسەرە و ھاوپەیمانەکانیان نەبێت نە مانایەکی دەبێت و نە دەتوانێت سیاسەتێکی دروست بێت. وە ئەگەر ھەر کەس و ھێز و لایەنێکیش بە یاسا و ڕێساکانی جەنگی ئەم دوو زلھێزە ووشیارنەبێت، ئەوا زۆر ئاسان دەکەوێتە بەرەی یەکێکیانەوەو یان دەبێت بە پارێزگاریکەر لە "ئەمەریکا و خۆرئاوای دیموکراتی" و دەچێتە سەنگەری خەڵکی ئۆکرانیاوە و تەنانەت وەک دەوڵەتە ڕاستڕەوەکانیشیان بانگەوازی ھەڵگرتنی چەک دەکات بۆ پارێزگاریکردن لە "ئۆکرانیا" و تەنانەت بەرزکردنەوەی ئاڵای ئۆکرانیاش تا بەوە دەگات کە ھاوڕای وەزیر و گوزیرەکانی ئەوروپا بچێت لە خۆپیشاندانەکاندا بەشداربێت و چەپڵە بۆ ناتۆ و ئەمەریکا لێبدات و ھاوپشتی خۆی بۆ "خەڵکی ئۆکرانیا" نیشانبدات دژ بە "رووسیای دیکتاتۆر" و یان دەبێت بچێت پشتگیری لە "رووسیای دیکتاتۆر" بکات و فرمێسکە تیمساحاوییەکانی پوتین قبوڵبکات کە سەبارەت بە خەڵکی ئەو ناوچە جێناکۆکانە دەیڕێژێت و دەیەوێت "سەروەرییان" بۆ بگێڕێتەوە!.


لەم جەنگەدا پڕۆلیتاریای ڕوسی و ئۆکرانی وجیھانی زەرەرمەند دەبن. ئەوەتا لەو ڕۆژەوەی کە جەنگ دەستپێکردووە، نرخی ھەموو کولوپەل و خۆراک و پێداویستیەکان و سووتەمەنی و ھتد لە بازاڕەکانی جیھاندا زیادیانکردووە و رۆژ لە دوای رۆژ توانایی کڕینی ئەم چینە بۆ ئەم پێداویستیانە دێتە خوارەوە و باری شانی قورستردەبێت. دەبێت ئەوەشمان لە یادبێت ئەم جەنگە چۆن بۆ بورژوازی و ھێزەکانی جیھانییە و گڵۆباڵە ئاوھاشە بۆ پڕۆلیتاریا، بۆیە ناتوانرێت لە چوارچێوەی ئاسۆ و ئایندەیەکی "نەتەوەیی" کە خۆی ھیچ جێگایەکی نییە لەم ھاوکێشانەدا لێکبدرێتەوە. وەستانەوە بە دژی جەنگیش تەنھا و تەنھا کاتێک مانا پەیدا دەکات کە پڕۆلیتاریا توانیبێتی بە دژی ئەم زلھێزانە لە گۆشەیەکی ئەم جیھانەدا ھێزی خۆی نمایش بکات و ڕیزی خۆی لە ڕیزی ئەم جانبازانەی سەرمەیاداری و دەسەڵاتە گڵۆباڵی و ناوخۆییەکانی جیابکاتەوە. ئەگەر نا ھەر جۆرە ھەڵوێستگرتنێکی تر بە بێ خەباتی چینایەتی پڕۆلیتاریا بە ڕیزی سەربەخۆی چیانیەتی خۆیەوە، دەبێتە ئاو و دەڕژێتە ئاشی یەکێک لە لایەناکنی ئەم کێشمەکێشەوە. ھەر بۆیە جەنگ و ماڵوێرانی و بۆمبارانکردنی شوێنی کار و ژیانی خەڵک بە گشتی جێگای ئیدانەکردنە لە لایەن ھەر ھێزێکەوە بێت، بەڵام ئەگەر ئەم جەنگانە بە ڕیزی پڕۆلیتاریای یەکگرتوو قڵپنەکرێتەوە بەسەر لایەنەکانی جەنگدا، ئەوا لە ھەڵوێست دەربڕینێکی بێ کاریگەر زیاتر نابێت چونکە ئیدانەکردنیش ئەگەر بتوانێت مانایەکی ھەبێت تەنھا لەنێو ئەم ھاوکێشە چینایەتیەدا ماناپەیدادەکات. ئیدانەکردن دەبێت "نا" یەکی گەورەی چینایەتی و یەکگرتوو بێت دژ بە ھەموو لایەنەکانی ئەم جەنگە بە ئەمەریکا و ناتۆ و رووسیاشەوە، وە ھەر ئەمەش دروشمی ئەنتەرناسیۆنالیستی پڕۆلیتاریای ھۆشیارە.

 


١\٣\٢٠٢٢
kamil.ahmed.f@gmail.com


 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک