نا بۆ له خاچدانی قه‌ڵه‌م.
ڕووناك شوانی
تیرۆرکردنی ڕۆشنبیر و قه‌ڵه‌می ئازاد له بار و دۆخی ئاسایشی ناجێگیردا له وڵاتێکی بێسه‌ره و به‌ره‌دا ، هه‌واڵێکی چاوه‌ڕوان نه‌کراو نییه . له مێژووی دوور و نزیکدا نموونه‌ی ئه‌و جۆره تاوانانه گه‌لیک زۆرن که نزیکترینیان تاوانی ڕفاندن و تیرۆرکردنی ڕۆشنبیران و مامۆستایانی زانکۆ و ڕۆژنامه‌نووسانی ئێراقی پاش ڕووخانی ڕژێمی له ناوچووی به‌عس بوو . له سه‌ره‌تای شۆڕشی گه‌لانی ئێرانیشدا و هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی جمهوری ئیسلامی‌دا هه‌مان تاوان دژ به ڕووناکبیرانی ئێران ئه‌نجامدرا ، که به ( قتلهای زنجیرهای ) ناو ده‌برا و ئه‌مڕۆیش ڕژێمی تیرۆری ئیسلامی به ئاشکرا به بێ سڵکردنه‌وه سزای له سێداره‌دانی قه‌ڵه‌م ده‌دا و ڕۆژنامه‌نووسان له زیندانه‌کاندا قایم ده‌کات . له لوبنان و ئه‌فغانستان و زۆربه‌ی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا تیرۆرکردنی هزر و قه‌ڵه‌می ئازاد ، یه‌کێک له هۆکاره‌کانی کۆچی به کۆمه‌ڵی ڕووناکبیران و خاوه‌ن قه‌ڵه‌م بووه بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات . دیاره کوردستانیش له‌م دیارده قێزه‌وه‌نه بێبه‌ش نه‌بووه ، نووسه‌ر و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامه‌نووسان له‌لایه‌ن نه‌یاران و دوژمنانیانه‌وه ، تووشی تیرۆر و هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتن و ئه‌شکه‌نجه و لێدان و به دادگایی‌کردنی ناڕه‌وا بوونه‌ته‌وه . هه‌واڵی دڵتزێنی تیرۆرکردنی ڕۆژنامه‌نووسی بوێر و ماندوونه‌ناس ، ئه‌ندامی ناوه‌ندی چاک کاك سۆرانی مامه حه‌مه درێژه‌ی ده‌ستپێکی ئه‌و تاوانه‌یه که له شێخ ستار تایه‌ره‌وه و له که‌رکووك ده‌ستی پێ‌کرد (هه‌رچه‌نده تیرۆرکردنی شێخ ستار هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به ڕابردوویه‌وه نه‌بووه) و ڕۆژنامه‌نووس و ڕووناکبیرانی سه‌رانسه‌ری کوردستانی پێ چاوترسێن ده‌کرێت و که‌س نازانێت چه‌ند سۆرانی دیکه‌یش له لیسته‌که‌دا ڕیزکراون .
زۆر ئاسته‌مه مرۆڤ بتوانێت له شارێکی پڕ ململانێ و کێشه‌ی وه‌کو که‌رکووکدا ده‌ستی تاوان دژ به لایه‌نێکی دیاریکراو درێژ بکات ، ئه‌وه ئه‌رکی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته سیاسیه‌یه که به‌رپرسی ئه‌منییه‌تی هاووڵاتیانه که ژیانیان بپارێزێت و تاوانبار بخاته به‌ر ده‌ستی یاسا بۆ ئه‌وه‌ی سزای خۆی وه‌ربگرێت . هه‌رچه‌نده له ڕووی ئیدارییه‌وه که‌رکووك دووره ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه ، به‌ڵام به‌رپرسی یه‌که‌می ئاسایشی که‌رکووك و به تایبه‌تیش له گه‌ڕه‌که کوردنشینه‌کانی که‌رکووکدا ، له ژێرچاودێری لایه‌نه کوردستانیه‌کانه و وه‌کو کهرکووکییهك هینده‌ی ئاگادارم ، له پاش نیوه‌ڕۆ به‌دواوه غه‌یره کورد نا‌وێرن بچنه گه‌ڕه‌که کوردنشینه‌کانه‌وه و به پێچه‌وانه‌شه‌وه ، بۆیه به دواداچوون و ئاشکرا کردنی ئه‌و ده‌سته‌ی که کاك سۆرانی مامه حه‌مه‌ی تیرۆرکرد هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌کاته‌وه و کراسه‌که‌ی عوسمان ناکرێته به‌ر هیچ لایه‌ن و که‌سێکه‌وه ، چونکه مێژوو ڕه‌حم به که‌س ناکات و ڕۆژێك دادێت ئه‌و ده‌سته ئاشکرا ده‌بێت که چووه خوێنی شێخ ستار و تیرۆرکردنه‌که‌ی کاك سۆران . له‌م قۆناغه‌دا به پێویستی ئه‌زانم که هه‌ڵوێست و په‌رچه‌کرداری ڕۆژنامه‌نووسان و ڕووناکبیرانی کورد له ناو وڵات‌دا زۆر له ڕه‌شکردنه‌وه‌ی گۆشه‌ی ڕۆژنامه‌کان به بابه‌تی هاوسۆزی زیاتر بێت ، له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه ڕووی بابه‌ته‌که‌م له ڕۆژنامه‌ی لڤینه و ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌یه که خۆیان به بێلایه‌ن و ئازاد داده‌نین که به کردار پرۆتێستی تیرۆری قه‌ڵه‌م بکه‌ن له هه‌ر لایه‌که‌وه بێت ، چونکه له خاچدانی قه‌ڵه‌مه‌کان ڕاڕایی له به‌رده‌وامی به‌و خه‌باته ده‌کات که له پێناو ڕیفۆرمدا ده‌ستی پیکردووه و سه‌دان قوربانی بۆ دراوه ، ئه‌مڕۆ کوردستان له ململانێیه‌کی سه‌ختدایه له نێوان دوو به‌رداشی تاریکی و ڕووناکیدا گه‌ر ترس و دڵه ڕاوکێ وامان لێبکات پاشه‌کشه بکه‌ین و بێده‌نگی هه‌ڵبژێرین ئه‌و کاته شه‌مشه‌مه‌کوێره‌کان هه‌ناوی نیشتیمان به تاریکی سیخناخ ده‌که‌ن ، ئێمه‌یش ده‌بێت فاتیحه‌ی هه‌تا هه‌تایی بۆ ئازادی بخوێنین .
ستۆکهۆڵم 22/7/2008
|