په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\١٢\٢٠١١

نا بۆ پڕۆژەی ئەخوان موسلمین، بەعسی، قاعیدە و شوفێنیستەکان!

 


حکومەت و حیزبەکانی ھەرێمی کوردستان چەندین ھەڵەی کوشندەیان، ئەنجامداوە، وەک:

١- کشانەوەی ھێزی پێشمەرگە و ئاسایش لە جەلەولا و سەعدیە.

٢- پەراوێزخستنی ناوچەکە لە ھەموو روویەکەوە.

٣- بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی پارێزگای دیالە.

٤- رێککەوتن لەسەر راگرتنی ھێزی پێشمەرگە لە(ناودۆمان).

لەم رۆژانەشدا ھەڵەیەکی کوشندەی تریان بۆ زیاد کرد: پشتیوانیکردن لە بەھەرێم کردنی پارێزگای دیالە.

راستە(بەھەرێمبوون)مافێکی دەستوورییە، بەڵام داواکەرانی ھێزگەلی دیموکراسی و پێشکەوتنخواز نین تا یەکێک پشتیوانیان لێ بکات. ئەخوانی موسلمین، بەعس، قاعیدەو تەواوی شوفێنیستەکان، مێژوویەکی رەشیان ھەیە و پشتیوانیکردنی ھەر لایەنێکی کوردستانی لە ھەر داخوازی و ھەوڵێکیان(بادەستورییش بێت)، دەبێتە پەڵەیەکی رەش لەنێوچەوانی. بەھێزکردنی ئەم جۆرە ھێزانە، بەھێزکردنی جیھانبینی سەربڕین، ئەنفال و فاشییەتە. ئەو داخوازییە بووە بە داخوازییەکی تائیفی و لایەنە سوننەکانی بەدواوەیە. ئێمە دژ بە ھەموو شێوەو ئەقڵێکی تایفەگەرین.

ساوێلکەیی و جەھالاتە بۆ لایەنێک یان کەسێک بیەوێ بەناوی(پشتیوانی بە مەرج)خۆڵی(بەڵێندان)ی ئەو جۆرە ھێزانە بە چاوی خواست و چاوەڕوانی کوردستانیانی قەزای خانەقین و مەندەلی، بکات. ھیچ بنەمایەکی عەقلانی نییە بۆ متمانەکردن بەو لایەنانە. نابێ دیموکراسی بکرێت بە پردێک بۆ بەھێزکردنی پێگەی تایفەگەری و بەعس و ئێمە دەبین بە چقڵ لەناو چاوی ھەر کەس و لایەنێک بیەوێ لەژێر ھەر بیانو و مەبەستێک، پێگەیان بەھێزبکات.

ئێمە توڕەیی و ناڕەزایەتی خۆمان دژ بە دواخستن و پێشگوێخستنی ماددەی دەستوری١٤٠دەردەبڕین و جێبەجێنەکردنی لەکاتی دیاریکراوی خۆی، زەنگێکی مەترسیدارەو بۆنی شوفێنیستی نا دیموکراسی لێدێتە دەر.

لە وڵامی ئەو ملیشیاتانە کە لە سەعدیە بەزمانی چەک و ھەڕەشە و چاوسورکردنەوە لەگەل کوردستانیان دەدوێن، دەڵێین: زەبروزەنگتان لە زەبروزەنگی رژێمی بەعس توندتر نابێت و بەدرێژەدان بەو سیاسەتە، رووبەڕووی ھەمان موقاوەت و خۆبەختکردنی کوردستانیان دەبنەوە.

ئێمە لە گەرمەسێر کێشەی گەڕانەوەی دەڤەرەکەمان ھەیە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان و دەبێ ھەموو ھەوڵەکانمان لەم داخوازییە چڕبکەینەوەو ھەنگاوی عەمه‌لی بۆ جێبەجێکردنی بنێین.

 


لێژنەی بەرگریکردن له‌ بەرژەوەندییە گشتییەکان
١٦
\١٢\٢٠١١
خانەقین

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک