په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\١\٢٠١٤

کەمپین:

نا بۆ قڕکردنی ژنان و سێدارە لە ئێران.



لە ئێراندا، رژیم و لایەنەکانی خاوەن زھنییەتی رەگەزگەرایی کۆمەڵایەتی، لە مێژە بە شێوازێکی سیستەماتیک، ھەر چەشنە توندوتیژی و سەرکوت دژ بە ژنان، بەڕێوە دەبەن و پێداگری لە سەر دەکەن. لە ھەموو گۆڕەپانەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی، ھێرشی ھەمە لایەنەی جەستەیی، دەروونی و فەرھەنگی دەکرێتە سەر ژنان. لە بواری یاسا و مافدا ژن و پیاو یەکسان نین. لە زۆر گۆڕەپانی وەکوو، پەروەردە، مافی ھەڵبژاردنی کار و بڕیارگرتن، ژنان رووبەرووی کۆسپ و بەربەستی زۆرە دەبنەوە. کۆماری ئیسلامی ئێران، بە داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتگەلێک وەک، پەرەپێدانی ھاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا، بەفەرمی کردنی فەحشا و لەش فرۆشی لە ژێر ناوی سیغە، پێشخستنی بەکرێگیراوی لە رێگای رێکخستنی بەسیج و خستنە ناو زەلکاوی مادە ھۆشبەرەکان، شێوازێکی قڕکردنی ژنان و بەواتایەکی دیکە قڕکردنی کۆمەڵگا پێشدەخات.

لە ئاکامی ئەم چەشنە سیاسەتانەدا، رۆژانە ئاماری خۆکوشتن و خۆسووتانی ژنان بەرز دەبێتەوە. گەلانی کورد، بەلووچ، عەرەب و ھەموو ئەو کەسانەی کە بە دوای ژیانێکی ئازاد و ناسنامەی نەتەوەیی وفەرھەنگی خۆیاندان، دەستبەسەر و رووبەرووی ئەشکەنجەگەلی قورس دەبنەوە؛ بێ دادگایی کردنێکی دادپەروەرانە و بێ مافی پاراستن، سزای سێدارەیان بە سەردا دەسەپێت. ژنانێک وەکوو ندا ئاغاسۆڵتان، ئەوین عۆسمانی و پەروانە ئیسکەندەری و ھتد، بە دەستی ھێزەکانی(لباس شخێی) رژیم قەتڵ کران. شیرین عەلەم ھولی تەنیا لە بەر ئازادیخوازی بۆ گەلەکەی، لە ساڵی ٢٠١٠- لە زیندانی ئێوین و ھەروەھا نەسرین و شەھلا کەعبی لە دەیەکانی ٦٠ دا لە سێدارەدران. ھەنووکەش کەسانێک وەکوو بەھارە ھەدایەت، قەدریە قادری، مەھدیە گولروو و بە دەیان ژنی دیکە ھەن کە تەنیا بە ھۆی بیروباوەڕی سیاسیان لە زینداندا ژیان بە سەر دەبەن. زەینەب جەلالیان سەرەڕای نالەبار بوونی دۆخی جستەیی و بەتایبەت بینایی، ھێشتا حوکمی زیندانی ھەتاھەتایی لە سەرە. فەرزاد کەمانگەر، فەرھاد وەکیلی، عەلی حەیدەریان، حەسەن حیکمەت دەمیر، ئیحسان فەتاحیان، حوسەین خزری، فەسیح یاسەمەنی، حەبیبوڵڵا گوڵپەریپوور، رەزا مامەدی و شێرکۆ

مەعارفی کە خوازیاری مافی گەلی کورد بوون، لە سێدارە دران. ھەروەھا بە دەیان زیندانی سیاسی سەر بە گەلانی دیکەی ئێران، لە سەرووی ھەموویان گەلی عەرەب الاھواز و بەلووچ، تەنیا بە ھۆی بیری سیاسی لە سێدارە دراون. بە سەدان کەسی دیکەش ھەنووکە لە زیندانەکانی ئێران ژیان بە سەر دەبەن.

ھەڵوێست گرتن لە بەرامبەر قڕکردنی ژنان و کۆمەڵگا، لە لایەن ھەموو ئەو کەسانەی کە بڕوایان بە ژیانێکی دادپەروەرانە، یەکسان، ئازاد و دیموکراتیک ھەیە، ئەرکێکی مرۆڤدوستانەیە. لە سەر ئەم بنەمایە دەڵێن نا بۆ "قڕکردنی ژنان و کۆمەڵگا". بانگ لە ھەموو کەسایەتی و چین و توێژێکی کۆمەڵگا، رێکخراوەکانی مەدەنی و پارێزەرانی مافی مروڤ و دیموکراسی دەکین، دژ بە یاساکانی نادیموکراتیک، توندوتیژی دژ بە ژنان و سێدارە، ناڕەزاییەتی خۆیان دەبڕن و خاوەن ھەڵوێست بن. سەرەڕای جیاوازی باوەڕی، زمان، چاند، ئەتنیسیتە و بۆچوونی سیاسی، وەکوو کەسانێک کە بڕوامان بە ئازادی ژن ھەیە، رای گشتی نێونەتەوەیی و دامودەزگا پێوەندیدارەکان بانگھێشتی ھەڵوێست گرتن لە بەرامبەر سێدارە و سیاسەتگەلی دژە ژنی کۆماری ئیسلامی دەکەین. با بە زانیاری وتێکۆشانی ئازادیخوازی ھاوبەش و یەکگرتوو،قڕکردنی ژنان و لە سێدارەدان کۆتایی پێبھێنین.

لە سەر بنەمای کەمپەینی "نا بۆ قڕکردنی ژنان و سێدارە" و بە واژۆکانتان، دەمانھەوێت داوا لە ھەموو سازی و رێخستنەکانی نێونەتەوەیی بکەین، دژ بە رژیمی نادیموکراتیکی کۆماری ئیسلامی ئێران و سیاسەتی سێدارە و ھەرچەشنە سەرکوتی ژنان لە لایەن ئەم رژیمەوە، ھەنگاوی کردەوەیی بنێن.

 


پلاتفورمی ژنانی رۆژھەڵاتی کوردستان
٩\١\٢٠١٤

 

تکایە لێرە واژۆی خۆتان بکەن:

https://secure.avaaz.org/en/petition/Womens_Rights_and_Gender_Equality_European

_Parliament_No_for_Executions_and_Genocide_of_Women_in_Iran_Campaign/?dQalecb

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک