٢٧\٥\٢٠١٥
نا بۆ شەڕ و
ناتەبایی، بەڵێ بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان!
خەڵکی
کوردستان لە هەموو بەشەکانی دا ئەزموونی چەندین شەڕی نێۆخۆیی و
هەریمایەتی هەیە و لە نێوەدا زەرەرمەندی یەکەم هەر هاوڵاتیانی کوردستان
بوون بە هەموو ڕەنگ و ئایینێکەوە!
چاودێری کوردۆساید- چاک و ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ هەڵویستی
توندی خۆمان بۆ هەڵگیرساندنەوەی شەڕ و کوشتاری نێوان لایەنە سیاسیەکانی
کوردستان دەردەبڕین و داواکارین دەست بە جێ گرژی و ئاڵۆزی نێوان پارتی
کرێکارانی کوردستان و حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران کۆتایی پێ
بهێنرێت و لەوە زیاتر هیچ لایەنێکی سیاسی چەکداری کوردستانی ڕێگای ئەوە
بە خۆی نەدات کە شەڕ دژ بە لایەنەکانی دیکە هەڵگرسینێ و کار ئاسانی
بکات بۆ ڕشتنی خۆێنی هاوڵاتیانی کوردستان و هیچ پاساو و بیانوویەکیش
قەبووڵ ناکرێت لە بە کار هێنانی توند و تیژی لە باتی دانیشتن لە سەر
مێزی وتو وێژ و چارەسەری ئاشتیانە!
خەڵکی کوردستان هەمیشە قوربانی ناکۆکیە نێۆخۆیەکانی خۆی بووە و ئەوەی
لە شەڕی نێۆخۆیی دا سوودی وەرگرتبێت لایەنە دژبەرەکانی خەڵکی کوردستان
بوون. هەر بۆیە دەبێت هەموو ڕێکخراو و حیزبە سیاسیەکان، لە هەر کەس
باشتر ئەوە بزانن کە تەنیا لە ڕێگای ئاشتی و لێک تێگەیشتن و بە
یەکگرتووی دەتوانن لەم سەردەمە ناسکەدا خۆیان و خەڵکەکەیان لە دەستی
ناحەزان و نەیارانی خەڵکی کوردستان بپارێزن!
بەڵێ بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان و پیرۆز ڕاگرتنی خۆێن و گیانی مرۆڤی کورد!

چاودێری کوردۆساید ـ چاک
ناوەندی زاگرۆس بۆ مافەکانی مرۆڤ
٢٥\٥\٢٠١٥
info@zagros-centre.org
|