ناکامیی رۆشنبیری
عەرەب و کەوشەکانی ئەلزەیدی.

د.ناسح قەرەداخی
مرۆڤی ئازارچەشتوو، لە هەمان کاتدا کە ئەبێ هەقی ئەوەی بدرێتێ توورەیی
خۆی دەرببرێ بەرامبەر بەو زوڵمەی هەست دەکا لێی کراوە، پێویستە
چاوەروانی ئەوەشی لی َبکرێ ئامادەبێ ئەنجامی توورەییەکەی بگرێتە ئەستۆ.
لەسایەی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤدا مونتەزەر ئەلزەیدی وەک تاکێک مافی
خۆیەتی نارەزایی و توورەیی خۆی بەرامبەر جۆرج بوش دەببرێت با سەرۆکی
تاکە زلهَیزی جیهان و میوانی سەرەک وەزیرانی عێراقیش بێت. پێڵاو تێگرتن
کە ئەلزەیدی بەمەبەستی نیشاندانی ئەوپەری بێزو سووکایەتی پێکرندن
بەکاری هێناوە، رەنگە بە هەندێ لێکدانەوەی یاسا بخرێتە بەر لێپێچینەوە
و سزادان بەتایبەتی ئەگەر پێڵاوتێگیراو یا میواندار سکاڵای لەسەر تۆمار
بکەن. پاڵنەرەکانی زوبەیدی بۆ ئەم کارە، کە وەک لە جوانی
نیشانەگرتنەکەیەوە دیاربوو، پێدەچوو تەمرینێکی باشی بۆکردبێ، ئەشێ
تاکەکەسی بێ بەمەبەستی ناودەرکردن بە ئەنجامدانی کارێکی گرنگی کەس
نەکردوو، رەنگیشە تەنیا بەهۆی قین و تینووبوون بێ بەسەری بووش، یاخود
ئەشێ لەوەش گەورەتر و شتێکی رێکخراو بێ و لە پشتیەوە ئیرادەیەکی سیاسی
هەبێ و وەک چالاکییەکی سیاسی و پاڵەوانێتییەکی نەتەوایەتی بیری
لێکرابێتەوە.
ئەسڵی کارەکەی ئەلزەیدی قابیلی تێگەیشتنە ئەگەر چی هاوپیشەکانی و
رێکخراوەکەیان دەتوانن تۆمەتباری بکەن بە ئیستیغلال کردنی پیشەی
رۆژنامەگەری و بەکارهێنانی شێوازی ناشایستە بۆمەبەستی دەسکەوتی
تاکەکەسی. کاردانەوەی شەقامی عەرەبیش وەک شەقامێکی ناکامی بەسۆزهاتوو،
هەر دەکرێ دەرک بکرێ. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرسوورمانە کاردانەوەی زۆرێک
لە رۆشنبیرانی عەرەب بوو. زۆر لە رۆشنبیران ور رێکخراوە پیشەییە رەسمی
و نارەسمییەکان ئەم کارەیان وەک پاڵەوانێتییەکی نەتەوەیی باس کرد. لە
رێپێوانێکی رۆژنامەنووسانی میسریدا بەرپرسێکی رۆژنامەنووسان ئەم کارەی
بە "کارێکی ئیستیشهادی" ناوبرد و کابراش بە پاڵەوانێکی نەتەوەییی.
بیستمان و بینیمان چۆن ژمارەیەکی زۆر سیاسی و رۆژنامەنووس و رۆشنبیر
بەیت و بالۆرەیان بەم کارەدا گوت و بۆیان هۆندەوە وخستیانە ریزی
سەروەرییە میللییەکانەوە! راستە جارجار گوێمان لە هەندێ رۆشنبیریش
دەبوو کە مەوزووعیانەتر ئەم رووداوەیان لێک دەدایەوە دوور لە شکۆمەندیی
نەتەوەیی سۆزی شەقام. دڵنیام گەلێکی تریش هەن لەم بابەتە. بەڵام
وادیارە ئەمانە کەمینەن و پێدەچێ زۆر لە رۆشنبیرە مەوزوعییەکان هەر
نەشوێرن (شەرم بکەن) رای خۆیان دەربڕن نەبادا بکەونە بەر تەشەری بێگانە
پەرستی.
رۆشنبیری زاڵی عەرەب (ئەوانەی زیاتر چالاکن و دەنگیان دەبیسترێ) پێدەچێ
وازی لەوەهێنابێ هەوڵ بدات ئاستی شەقام بەرزبکاتەوە و لەجیاتی ئەوە
لەهەولێ بەردەوامدایە بۆ دابەزین بۆ ئاستی شەقام و شانازی بەوەوە دەکات
کە لەپاشکۆی جەماوەردایە. رۆشنبیری عەرەب پێدەچێ نائومێد بووبێ و چیتر
توانای ئەوەی نەمابێ لەبەرامبەر عەقڵی قین بەستووی جەماوەری بێئومێد و
ناکام دا راوەستێ و بەناچار هەمیشە پەلەی ئەوەیەتی خۆی بخزێنێتە ناو
هەراو هاوار و کەفوکوڵی شەقامەوە پێش ئەوەی خۆی وەک تاکێکی بەئاگاتر لە
جەماوەر، لێکدانەوەیەکی مەنتیقی و مەوزووعی بۆ رووداوەکان بکات، نەبادا
بخرێتەلیستی خائین و نۆکەرانی ئەمەریکاوە. رۆشنبیری عەرەب پێدەچێ چیتر
جورئەتی ئەوەی نەبێ بچێتە بنجوبناوانی رووداوەکان و وەک چاودێرێکی
مەوزوعی لە کێشەکان بروانێ چونکە نایەوێ بەهیچ کلۆجێک گومان بخاتە سەر
خود، نایەوێ هیچ دان بەوەدا بنێ کە سەرچاوەی زۆربەی کێشەکان لە ناوەوە
هەڵدەوقوڵێ، هەر لە مەنتیقی تاکەکانەوە تا ئایدیۆلۆجی نەتەوەیی و ئاینی
و دەسەڵات و دیکتاتۆریەت و ئەسارەتی مێژوو.
ئەم کارەی زەیدی پێدەچێ نیشانەی دیاردەیەکی خەمناک بێ کە ئەویش ئیفلاسی
رۆشنبیری عەرەبە، مەبەستم دەنگە زاڵەکەیە. ئایا هیچکام لە میدیا
عەرەبەکان باسیان لەشەهامەتی کاردانەوەی بووش کرد؟ ئایا کەسیان بیریان
لەوە کرەوە ئەگەر ئەو کەوشانە بگیرایەتە سەرۆک یا شاو ئەمیرێکی عەرەب ،
یا تەنانەت لە وڵاتێکی تری عەرەبیدا بگیرایەتە میوانێکی لەوجۆرە، چ
بەڵایەک بەسەر خاوەن کەوشدا دەهات؟ ئایا بەراستی رۆشنبیری عەرەب لەو
باوەردایە ئامانجەکانی میللەتی عەرەب بە تاودانی قینی جەماوەر لە دژی
رۆژاوا دێتە دی؟ ئایا بەراستی رۆشنبیری عەرەب لەوباوەرەدایە تێگرتنی
جوتێ کەوش بەکارتر دەبێ لە هەڤدە ساڵ بەردتێگرتن بۆ رزگارکردنی قودس؟
ئایا بەراستی رۆشنبیری عەرەب بەلایەوە ئیفتیخارە لەژێر خێمەکەیدا کەوش
بگرێتە میوانەکانی! ئایا بەراستی رۆشنبیری عەرەب لای وایە ئیهانەکردنی
سەرەک کۆماری ئەمەریکا ئەبێتە هۆی ئەوەی تاکی عەرەب لە وڵاتە
عەرەبییەکاندا زیاتر هەست بە کەرامەتی خۆی بکات؟
پێ دەچێ شەقامی عەرەبی ئەوەندە خۆی بە بەش خوراوو ناکام و و ئیهانەکراو
بزانێ ناچاربێ دڵ بە هەموو رووداوێک خۆش بکات، چەند هیچ و بچووک، کە
بۆنی ئەوەی لێ بێ بتوانێ وەک تۆڵەسەندنەوە لە دوژمنە دەرەکییەکانی لێکی
بداتەوە. هەموو بەڵایەکی سروشتی و خودایی و رێکەوت و دەستکرد و بەکورتی
هەر موویەک لە بەرازی دوژمن بێتەوە ئەکرێتە موناسەبەیەکی نەتەوەیی و
شایلۆغانی سەرکەوتن!!! شەقامی عەرەبی کە لەراستیدا زیاتر بەشخوراوو
سەرکوتکراوی دەسەڵاتی ناوخۆیە و زۆربەی کات رێگەی ئەوەی نیە راستەوخۆ
بەرامبەر رژێم راوەستێ، هەموو رقی خۆی گواستۆتەوە بۆ دەرەوە و دەیماڵێ
بەسەری ئەمەریکاو ئیسرائیلدا. دەسەڵاتیش، چ دۆستی ئەمەریکا بێ و چ
دوژمنی، ئەمەی پێ خۆشە چونکە لە رژێمی دکتاتۆریدا هەمیشە ئەبێ
شەیتانێکی وەهمی هەبێ بەرپرسی هەموو شکستەکانی میللەت بێ و تا
تاکەکانیش بێئاگاتر و بێ تواناتربن ئەوا شوورای دەسەڵات بێ مەترسیتر
دەبێ. پەیامی رۆشنبیر ئەبێ بەرزکردنەوەی هۆشیاری جەماوەربێ بەڵام کێشەی
رۆ شنبیری زاڵی ئەمرۆی عەرەب لەوەدایە کەوتۆتە دوای ئەم قینە عاتیفییەی
شەقام و توانای لێکدانەوەی مەوزووعیی روواوەکانی نەماوە. بەم کارەشی
نەک هەر رێگەی لە بەرەوپێشچوونی خۆی و هۆشیارکردنەوەی جەماوەر گرتووە
بەڵکوو بووەتە مووشەدەمەیەک بۆ گەشاندنەوەی کوورەی قینی جەماوەر و
ئاراستەکردنی بەرەو لایەک کە باوەرناکەم هیچ کۆمەکێک بە کەمکرنەوەی
چەرمەسەرییەکانی تاکی عەرەب بکات.
|