په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١١\٢٠٢٤

ناڵەی جودایی: گەڕانەوەیەک بۆ ناخی نیشتمان.


ئەرسەلان مەحمود      


لە هەموو ئەو بێباکی و بێدەنگییە جیهانییەی کە باڵی بەسەر مێژووی نەتەوەی کورددا کێشاوە "پێشەوا مەحمود" دەنگە نوێ و هاوچەرخەکەی هونەری شێوەکاری، وەک هاوارێکی بێدەنگ، داهێنەرانە هاتووەتەوە گۆ، ئەمجارەیان لە رێگەی خەتی دەستییەوە ئەو ئازارەی کە لە ناخی هەموو کوردێکدا هەیە، دەکات بە تابلۆ و بە وێنەیەکی زیندوو.

لە ڕووی تەکنیکییەوە، پێشەوا توانیویەتی بە شێوازێکی زۆر سەرنجڕاکێش کۆنتڕۆڵی جوڵەی دەست و مەرەکەب بکات. ئەو لە ڕێگەی گۆڕینی گۆشەی قەڵەم و گوشاری دەستەوە، دینامیکییەتێکی تایبەتی بە خەتەکان ببەخشێ، ئەمە وای کردووە هەر وشەیەک، سەرەڕای پابەندبوون بە یاساکانی خۆشنووسی، خاوەن کەسایەتی و دەربڕینی تایبەت بە خۆی بێت.

مرۆڤ کاتێک سەیری "ناڵەی جودایی" دەکات، بە تەنها هەر تابلۆیەک نابینێت، چیرۆکی نیشتمانێک دەبینێت چەند پارچە کراو و داگیر کراو، نەتەوەیەک دەبینێت ستەملێکراو، ئەم کارە نوێیە هونەرییەی "پێشەوا" ڕەنگدانەوەی هەمان ئەو واقیع و هەمان ئەو حەقیقەتەیە.

لە ڕووی کۆمپۆزیسیۆنەوە، پێشەوا بە هۆشیارییەوە بۆشایی و پڕی بەکارهێناوە، بۆشاییە سپییەکان لە نێوان وشەکاندا تەنها بۆشایی نین، بێدەنگییەکی قورس و رامانێکی قووڵن، ئەم دیالۆگەی نێوان بۆشایی و نووسین، وەک میتافۆرێکە بۆ پەیوەندی نێوان بێدەنگی و هاوار، نێوان نەبوون و بوون.

ببینە چۆن وشانەکان بەسەر کاغەزەکەدا ڕژاون، چۆن بوون بە جۆگەلەی فرمێسکی دایکانی کورد، بەسەر ڕووپەڕی سپی دا دەڕژێن و هەر دڵۆپەیەکیان چیرۆکی ئازارێک دەگێڕێنەوە. لێرەدا هونەرمەند توانیویەتی ڕیتمێکی شاعیرانە بە جووڵەی خەتەکان ببەخشێت، کە هەر وشەیەک وەک نۆتەیەکی مۆسیقی، بەشێک لە سیمفۆنیای ئازارەکان پێکدەهێنێت.

هەروەها، گرنگە ئاماژە بە تەکنیکی بەکارهێنانی مەرەکەب بکەین، پێشەوا لە ڕێگەی کۆنتڕۆڵکردنی چڕی مەرەکەب و شێوازی وشککردنەوەی، توانیویەتی تۆنی جیاواز بەرهەم بهێنێت، ئەم جیاوازییە لە تۆندا وادەکات هەندێک وشە وەک هاوار و هەندێکی تر وەک بەرگری و بەرەنگاربوونەوە دژ بە داگیرکاری و ستەمکاری دەربکەون، ئەمەش قووڵایی زیاتر بە کارەکە دەبەخشێت.

هێمن موکریانی، ئەو شاعیرە مەزنەی کە لە تاراوگەدا ئەم شیعرەی نووسی، نەیدەزانی ڕۆژێک دێت هونەرمەندێکی تاراوگەنشینی وەک پێشەوا، وشەکانی دەکات بە پەیکەرێکی زیندوو و سنوورەکانی نێوان وشە و وێنەکان تێکدەشکێنێ و وشەکان تەنها وشە نەمێنن بەڵکو ببنە هێمان بۆ هەموو ئەو بەربەستانەی کە دەمانەوێت تێکیان بشکێنین.

سەیرکە وشەکانی ناو تابلۆکە لە سەرەوە ورد دەردەکەون، وەک چۆن دەسەڵاتە داگیرکەرەکان لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ هەوڵیانداوە کورد بچووک بکەنەوە، بەڵام هەر چەند بەرەو خوارەوە دێی، وشەکان گەورەتر دەبنەوە، بەهێزتر دەبنەوە، وەک چۆن ویستی ئازادی لە ناخی هەر کوردێکدا ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر دەبێت، ئەمە تەنها کارێکی هونەری نییە، بەڵکو مانیفێستۆیەکە بۆ مانەوە و بەرخۆدان.

پێشەوا، لەم کارەیدا مەرەکەب ناکات بە ئامرازی نووسین، بەڵکو دەیکات بە چەکێک دژی لەبیرچوونەوە، هەر پیتێک لەم کارەدا هاوارێکە دژی ئەو بێباکی و بێدەنگییە جیهانییەی دەیەوێ ئەم پەراوێزگیرییە وەک ئەبەدییەتێک بەسەر کورد دا بسەپێنن، پێشەوا لە ڕێگەی هونەرییەوە پەیامی نەمریمان پێدەڵێت: "ئێمە لێرەین و دەمێنین".

١٥٠×٧٠٠ سانتیمەتر، وەک قەبارە و چوارچێوەی کارە هونەرییەکەی پێشەوا، تەنها پێوانەی فیزیکی نییە، پێوانەی قووڵایی ئازارێکە کە نەوە دوای نەوە لەگەڵماندا ژیاوە، کاغەزی سپی وەک نیشتمانێکی پاک و بێگەرد و خەتی ڕەش وەک ئەو برینانەی کە لەسەر جەستەی نیشتمان دروست کراون بەدیدەکرێن.

لێرەدا، هەر وەک برایەکی "پێشەوا" نا، وەک نووسەرێکیش شانازی بەوەوە دەکەم کە وەک هونەرمەندێک توانیویەتی زمانێکی نوێ بۆ گێڕانەوەی دیرۆکی نەتەوەکەمان بدۆزێتەوە، زمانێک کە لە خەت و ڕەنگ و هەست پێکهاتووە، زمانێک کە سنوورەکان دەبەزێنێت و دەگاتە ناخی هەموو ئەوانەی کە تامی تاڵی جودایی و تاراوگەیان چەشتووە.

ئەم کارە هونەرییە نموونەیەکی بەرزە لە یەکگرتنی فۆرم و ناوەڕۆک، 'پێشەوا' توانیویەتی لەڕێگەی بەکاربردنی تەکنیکی پێشکەوتووی خۆشنووسی و تێگەیشتنی قووڵ لە هونەری هاوچەرخ، پردێک لە نێوان نەریتی دێرین و دەربڕینی مۆدێرن دروستبکات، ئەمە کارەکەی بەتەواوی کردووەتە بەڵگەنامەیەکی هونەری گرنگ و ناوازە کە هەم لە ڕووی جوانیناسییەوە زۆر سەرنجڕاکێشە و هەم پەیامێکی قووڵی مرۆیی و نەتەوەیی لەخۆیدا هەڵگرتووە.
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک