٣٠\١٢\٢٠٢١
نالی دەگەڕێتەوە
بۆ "خاک و خۆڵ".
- شارۆیەک بە نێو ڕۆمانی
"میرنشینی خاک و خۆڵ"دا -

هۆمەر
سەردەمانێک
لە ھەر ھەموو پارەکانی کوردستاندا دەکارھێنانی زمانی کوردی بۆ نووسین،
یاساخ و قەدەغە بوو بەڵام مرۆ پەرۆش و خەمخۆرەکانی زمان و کولتووری
کوردی ھەرگیز لە تاریک و نووتەکترین ڕۆژگاردا لە ھەمبەر ئەو مافە ڕەوا
مرۆییەدا بێدەنگ نەبوونە و سەرەڕای کەند و لەندەکانی بەردەم ،بە
درێژایی دیرۆکی کوردان، ڕاژە و خزمەتی زمان و چاندەکەی خۆیان کردووە.
ئەم ڕەوتە ھەتا ھاتووە بەرچاوڕوونیی زێتری بەخۆوە بینیوە و سەرباری
ھەموو ئارێشەکانیش، بەردەوام بەرەو پێشەوە ڕێی بڕیوە. لە ڕۆژگارێکدا
حەزی مرۆی کورد بۆ خوێندنەوە و نووسین بە زمانەکەی خۆی لەبەر
باڵادەستبوونی زمانی دەستەڵاتە زاڵەکانی نێو کوردستان فرەتر لە ڕێی
شیعرەوە خۆی دەردەخست ، ڕووناکبیرانی کورد بەردەوام لە ھەوڵی
بەرفرەوانترکردنی بازنەکەدا بوونە تا زمانی زەنگینی کوردی ھەر لە
چوارچێوەی شیعردا قەتیس نەمێنێتەوە. ھەر بۆیە ئەرچی ناحەزان ھەمیشە
کۆسپ و لەمپەری بەردەم گەشەسەندنی زمان و فەرھەنگی کوردی بوونە لێ،لە
سای مرۆ پەرۆش و زانستوەر و ڕووناکبیرەکانەوە، ئەم ڕەوتە بەردەوام
گۆڕانی بەسەردا ھاتووە و ھەنووکە ئەم زمانە دەوڵەمەندە لە ئاستی زمانە
زیندووەکانی جیھاندا ھەژمار دەکرێت و خاوەنی سامانێکی فرەوانی
ڕۆشنبیرییە. کەچی جێی داخ و کەسەرە وەک پێویست خزمەتی زانستیی نەکراوە
ھەر بۆیە زمانی کوردی کەوتۆتە بەر فەرتەنە و باھۆزێکی ترسناک و لەبەر
خەمساردیی و کەمتەرخەمی بنکە و ناوەند و لایەنە زانستییە بەرپرسیارەکان،
ئێستاکە بە تووش گێژاوێکەوە ھاتووە و کەسیش لەو نێوانەدا خۆی لە ھەمبەر
ئەم دۆخە ھەژێنەرەدا بە بەرپرسیار نازانێت. ڕۆژانە بە دەیان پەڕتووک و
کتێب بە زمانی کوردی چاپ و بڵاو دەبێتەوە کەچی چاودێرییەکی ئەوتۆی
زمانیی و تەکنیکی بەسەرەوە نابینیرێت و ھەر ئەم پرسەیش زمانی کوردی
تووشی پاشاگەردانی و خوێنەریش بە تووش چەواشەییەوە دەکات. لەو بەینەدا
گەلێک کتێبت بەردیدە دەکەوێت کە تەمەکە دەڕەوێنێتەوە و ئۆخژێنک بە دڵ
دەدات.
یەکێک لەو پەڕتووکە گرانباییانە کە ئەم ماوەیە بە خوێندنەوەی،ئۆقرە و
سوکنایەکم بە دڵ بەخشی و چێژێک بە گیان،ڕۆمانێکە لە ژێر ناوی "میرنشینی
خاک و خۆڵ" بە قەڵەم و خامەی شاعیر، ڕۆژنامەوان و ڕۆماننووسی زمانپاراو
"نەبەز گۆران".
نەبەز گۆران،بە زمانێکی سادە و ساکار لێ،کاریگەر و لە ڕێی ھونەری
گێڕانەوەوە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی میرنشینەکان و یەک لە
شائەستێرەکانی نێو ئەدەبی کلاسیکی کوردی.
زمانی گێڕانەوەی نووسەر لەم ڕۆمانەدا،ئەوەندە پاکژ و لە دڵەوە
نزیکە،خوێنەر نایھەوێت ھەتا دواپەڕ دەستبەرداری خوێندنەوەی کتێبەکە
ببێت. ڕەنگە ھۆکاری سەرەکیی ئەم پرسەیش،ڕووی لەو کەسایەتییە بێت کە
نووسەر تیشکی خستۆتە سەر.
"میرنشینی خاک و خۆڵ"،ناونیشانێکی باڵکێش و پڕ بە پێستی ئەو گەوھەرەی
نێو تۆرەی کوردییە کە نەبەز گۆران بۆ ڕووبەرگی ڕۆمانەکەی دەستنیشانی
کردووە. ڕووناکبیر و وێژەوانێکی وردبینی نێو میرنشینێک تا لە نزیکەوە
دەبێت و خاکەڕایانە و خۆبەخشانە خزمەت بە زمانەکەی خۆی دەکات،ڕۆژانە بە
تووش دەیان ئارێشەوە دێت و بە ھەزاران تیر و توانجی تێدەگرن و سەدان
تۆمەتی دەدرێتە پاڵ و بە دژە دین و لادین و ئاژاوەگێڕ ناوزەد دەکرێت.
ئەمە ھەمان پەندی کوردییمان وەبیر دێنێتەوە کە "دار ھۆرەی لە خۆی
نەبێت،ناقەڵیشێت" یان "دار بە پوازی خۆی ئەقڵیشێ".
نەبەز گۆران، بە خوێندنەوەیەکی ورد و قووڵ بۆ زمان و کەسایەتی و
سەردەمی ئەم گەوھەرە درەوشاوەیە،لە ڕێی پێنووسێکی خەیاڵاوییەوە،تابلۆ
ڕاستینەکانی ئەو سەردەمەی ناو کۆمەڵی کوردییمان دەخاتە پێش چاو.
سەردەمێک،کۆمەڵ نوقمی نێو کۆنەپەرستی و نەخوێندەواری و گیرۆدەی دەست
بتەکان دەبێت و ئەوەی ڕووناکاییەک بە کۆمەڵەکەی ببەخشێت،ھەزاران تۆمەتی
دەدرێتە پەنا.
ڕاستە ڕۆمان،بەرھەمی بیرێکی بەرفرەوان ،ھزرێکی داھێنەر و خەیاڵێکی
قووڵە لای نووسەر لێ،زۆر جاریش لە دنیای واقیعەوە گەلێک نزیکە و دەڵێی
خودی ڕاستییەکان دەگێڕێتەوە. بۆیە نەبەز گۆران لەم ڕۆمانەدا دەڵێی
پەردە لە ڕووی ڕاستییەکانی ژیانی ئەو سیما پرشنگدارەی نێو ئەدەبی کوردی
ھەڵدەداتەوە و ئەوە وانەیەمان بۆ دەگوێزێتەوە کە مرۆی خەمخۆر تا لە
پەناماندا دەبێت، ڕۆژانە تیری ژەھراوی تێدەگرین و لە ڕێی کۆمەڵە
مرۆیەکی نەخوێندەواری دژە فەرھەنگەوە، شاربەدەر دەکرێت.
ھەوێنی ئەم ڕۆمانە زەنگینە،خودی سەرگورشتەی حەزرەتی "نالی"یە کە ھەمیشە
ھەگبەکەی، نیشتمانی تێدایە و لە کوێ بێت،ھەر دڵی بۆ نیشتمانەکەی لێ
دەدات.
ڕۆماننوس زۆر ورد و ژیرانە و بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش و ئاوێتە بە
زمانێکی زەنگینی کوردی و پانتاییەکی بەرفرەوانی خەیاڵ،دیوە شاراوەکانی
ژیانی نالیی مەزنمان بۆ دەردەخات.
باس لە خۆشەویستی و توانەوەی نالی لە نێو زمانی کوردییمان بۆ
دەکات،وێنەی ئەوین و ئەشقە بێگەردەکەی لە ھەمبەر حەبیبەی گراوییمان بۆ
دەکێشێت کە ئەرچی عالەم بە [خێل]ی دادەنێت بەڵام لای وی، خودی ڕاستینەی
ئەشقە.
ڕۆماننووس ھەر بە شاپەڕی خەیاڵ و ڕۆشنبیریی باڵای خۆی،دنیابینی و ھزر و
ئەندێشەی قووڵی نالی بە نیگاری ڕستەی نیگارینی کوردی دەنەخشێنێت،بیری
تیژ و وریایی ئەم سیما تیشکاوییە دەخاتە بەر دیدەی خوێنەر. باس لە
زۆرینەی شوێنکەوتەی دەسەڵات و مرۆی ھەلپەرستی زەمانە و ڕۆژگار دەکات و
وەک کامێرا بەدەستێکی وریا،مەنزڵەکانی نالی، یەک بە یەک بەسەر دەکاتەوە.
پێمان دەڵێت، نالی ھەر لە پێناو نیشتمانەکەیدا کەشکۆڵی غوربەت لە کۆڵ
دەکات کەچی ھەرگیزای ھەرگیز بۆ ساتێکیش ناتوانێت تەنانەت واز لە
خۆشەویستیی سێبەری نیشتمانەکەیشی بێنێت.
ئەم ڕۆمانە،داگەڕانێکە بە ژیانە پڕ ھەوراز و نشێوەکەی نالیی مەزندا و
خوێنەر قۆناخ بە قۆناخ لە ھەست و نەست و ھەناسەی نالی نزیک دەبێتەوە و
تا دواپەڕ ڕاست لە نێو خودی نالییدا دەتوێتەوە.
"میرنشینی خاک و خۆڵ"،ئەوەمان پێ دەڵێت مخابن گەوھەرەکان تا لە
نزیکەوەن،نرخیان نییە کەچی ھەر کە لێمان دوور دەکەونەوە، بە حەسرەتەوە
باسیان دەکەین. ئەم پرسە بەرۆکی خودی نالیی شاعیریش دەگرێت و تا لە
نیشتمانەکەی دەبێت، ڕۆژانە سەدان ئاستەنگ و کێشە و گرفتی دێتە سەرڕێ و
لە لایەن دینداری دوورە دینەوە وەبەر پەلامار دەدرێت،چونکە نالی بۆ خۆی
خودی ڕووناکییە و دەیھەوێت تیشکەکەیشی بۆ کۆمەڵەکەی بگوێزێتەوە و مرۆ
وەھزرین بخات و پەردە لە ڕووی ھزرە وشک و ڕەشەکان ھەڵبداتەوە.
ئەم ڕۆمانە نازەنینە، دەیان شاڕستەی لە دووتوێدایە کە نرخی بەرھەمەکە
چەند ھێندە فرەتر دەکات و نووسەر بۆ ھەر چەند ڕووپەڕێک،یەک لەو
شاڕستانە لە دوابەشدا وەک کرۆک و مەغزا و پەیام بە دیاری بە خوێنەر
دەبەخشێت.
("ئازار،بۆ ھۆشیارکردنەوەی مرۆڤ پێویستە.
مرۆڤ نەتوانێت خەونەکانی بکێڵێت،ناتوانێت ئومێدێک دروست بکات.
سەیرکردنی گیانەوەران،بەچێژترە لە خواردنیان.
ھەتا کێوەکان بەرزتر بن،سپیترن.
مرۆڤ ئەو کاتە خەسار بوو،فێری چاوەڕوانی بوو.
مرۆڤەکانی ئێستا بە شێوەیاندا ھەڵدەسەنگێنرێن،نەک بە بیرکردنەوەیان.
ئەو کاتەی مرۆڤ پەرژینی دروست کرد،ژەھراوی بوو.
بەھار،وەرزی کوشتنی نائومێدییە.
خاوەنانی خەونە گەورەکان،غەریبەکانی سەردەمی خۆیانن.
زەوی کاتێک وێران دەبێت،خۆشەویستیی ناو دڵەکان نامێنێت.
مرۆڤ،تارمایییەکەی جوانترە لە خۆی.
تەنھا خەونت ھەبێت،ئامانجیشت ھەیە.
ھەتا بازاڕەکان گەورەتر بن،فریودان گەورەترە.
گەر جوانیی فڕینی باڵندەیەک سەرسامت نەکات،گومان لە جوانییەکانی ناخت
بکە.
منداڵان ھەمیشە بە شوێن شتە جوانەکاندا دەگەڕێن.
باران،خەمگینی دەسڕێتەوە.
ھەتا شوێنە ئایینییەکان زۆر بن،عەقڵ کەمە.
ئەو خۆشەویستانەی لە خەیاڵدا دەمێننەوە،ھەمیشەیین.
ئەوەی خەونی گەورەی ھەبێت،ژیانی خۆی بیر دەچێتەوە.
یەکەمین خۆشەویست،یەکەمین برینە،تا مردن لە سینەدا دەمێنێتەوە.
کە فێری نانخواردنی ماڵان بوویت،ھەرگیز نابیتە خاوەنی سفرەی خۆت.
سەرەتای نووسین وەک منداڵییە،بە لاساییکردنەوە دەست پێ دەکات.")
(میرنشینی خاک و خۆڵ،نەبەز گۆران)
لەودیو ھەر کام لەم شاڕستانەوە،پەیامێکی درەوەشاوە خۆی دەردەخات و مرۆ
دنە دەدات ڤیانی زێتر بۆ کۆمەڵ بگوێزێتەوە و مرۆییتر بژییت. ئەزموونی
خوێندنەوەی ورد و ژیرانە لە پشت ھەر کامە لەم ڕستە نیگارینانەوەیە و
پێمان دەڵێت نووسەر تا چەندە قووڵ بیر دەکاتەوە و دەیھەوێت ھەموو
دەستکەوتەکانی خوێندنەوەی خۆی بخاتە بەردەست خوێنەر.
لە درێژەی ڕۆچوون بە نێو قووڵایی ڕووپەڕەکانی ئەم ڕۆمانە گرانباییەدا
ئەوەمان لە لا ڕوون دەبێتەوە کە نالی وەک ڕووناکبیرێکی مەزنی
سەردەمەکەی خۆی،زۆر زوو پەی بەو شوێن و مەکۆیانە دەبات کە بە نێوی دین
و ئایینەوە خەڵک لە خەو دەکەن و ناھێڵن توانا و ھێزی بیرکردنەوە و
ھزرین لای جەماوەر بپشکوێت؛ھەر بۆیە بەردەوام وەبەر تیری ژەنگنی
بتەکان(میر،شێخ،مەلا و ...)دەکەوێت. بۆیە تەنیایی، ھاوڕێ و یاری
ھەمیشەیی نالی دەبێت و لە سووچی خەڵوەتی زەمانەدا بیری پتر باڵا دەکات
کە دواتر ڕووناکایی بە ئەدەب و تۆرەی نەتەوەیەک دەبەخشێت.
بێگانەپەرستی و بە سووک و نزم سەیرکردنی سیما پرشنگدارەکانی نێو خودی
خۆمان،یەکێکە لە دەرد و پەتا کوشندەکانی نێو کۆمەڵی کوردی و بە درێژایی
مێژوو،ئەم پەتایە ئەوکی ئێمەی کوردی بەر نەداوە و ئێستایشی لەگەڵ
بێت،ھەر خەریکە شۆڕتر و درێژتر دەبێتەوە.
نالی لە سەردەمێکدا زمانی کوردی بۆ نووسین دەکار دێنێت کە بەداخەوە
زۆربەی ڕووناکبیر و پێشکەوتنخوازەکانی خودی کورد،سڵ لە زمان و بوون و
ناسنامە و شوناسی کوردیی خۆ دەکەنەوە و بەردەوام ئەو تۆمەتە دەدەنە پاڵ
نالی کە گوایە کەسێکی دەمارگر و شوێنکەوتەی ئەقڵییەتی خێڵەکییە و
نایھەوێت زمانی باڵا دەکار بێنێت. بە لای ئەم جۆرە مرۆڤانەوە،گەر پشت
لە زمان و چاند و فەرھەنگەکەی خۆت بکەیت و زمانی نووسینی بێگانە و
باڵادەست(فارسی،عەرەبیی و تورکی) دەکار بێنیت،دەبیتە نووسەرێکی پێشڕەو
و پێشکەوتنخواز. بۆیە نالی بەردەوام بەرەنگاری ئەو ئەقڵییەتە دەبووەوە
و ھەر لەسەر ئەوەیش،تووشی گۆشەگیریی و ماڵ وەکۆڵیی و غوربەتێکی زۆر ھات
کەچی بەردەوام خەمی نیشتمان و زمانەکەی لە کۆڵ نابوو.
ھەندێکجار مرۆ بۆ ئەوەی بەھرەکانی زێتر بپشکوێت،پێویستە لە شوێنیکدا
قەتیس نەمێنێتەوە و بەردەوام سەفەر بکات. بۆیە نالی ھەرگیز خۆی بە
شوێنێکەوە نابەستێتەوە و ھەمیشە لە سەفەردایە و ھەر لە سەفەریشدا،پتر
خۆی دەدۆزێتەوە و فرەتیش خۆی دەناسێت. ئەو ھەموو گەشت و سەفەرە،ئەو
نالییە دروست دەکات کە ھەنووکە کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ئەدەبەکەی ئێمەیە و
ھەمیشە شیعرەکانی بەرامەی تازەییان پێوەیە و تا زەمەن پتر
تێدەپەڕێت،نرخی شیعری نالی زێتر دەبێت. چونکە ھەڵگری ئەزموونێکی فرە
کۆمەڵە.
نوێخوازیی و داھێنان ھەمیشە باجی قورسە و کۆمەڵ ھەر وا سووک و سانا
ناچێتە ژێرباری. زمانە نوێیەکەی نالی ئەوەمان پێ دەڵێت و خودی نالی لەو
پێناوەدا تووشی زەحمەت و دەردەسەرییەکی فرە دەبێت و بەردەوام بە لادەر
و گێرەشێوێن تۆمەتبار دەکرێت.
ڕووناکبیر،بە کەسێک دەوترێت کە ھەرگیز لە شوێنێک ناوەستێت و بەردەوام
خەریکی نوێکردنەوەی خۆی و کۆمەڵەکەیەتی با باجەکەیشی قورس بێت. نالی بە
دڵ دەچێتە ژێرباری ئەم ئەرکە گرانە و دەرەنجامەکەیشی ئەوە دەبێت لە ماڵ
و دیارەکەی خۆی وەدەر دەنرێت و ھەگبەی ئاوارەیی و غوربەت لە کۆڵ دەکات.
کورد گوتەنی"ئاو لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە،دەگەنێ"یان" ئاوێ لەبەری
نەڕوا،بۆگەنی دەبێ". مرۆی ڕچەشکێن،بوێرە و بۆ ئەم پرسەیش،خەتەر دەکات و
سڵ لە مەترسییەکانی سەرڕێ ناکاتەوە.
وەک پێشتر ئاماژەی پێ درا ،ئەم ڕۆمانە دەیان پەند و پەیڤی زەنگین لە خۆ
دەگرێت کە نرخی ڕۆمانەکە بۆ خوێندنەوە چەند ھێندە دەکات. بەڵام لە
ھەمان حاڵدا ڕەخنەیشی لەسەرە و دڵنیایشم نووسەر بە سینگفرەوانییەوە
وەرگری ڕەخنەکان دەبێت.
لە گەلێک شوێنی ئەم ڕۆمانە بەپێزەدا زۆر ھەڵەی ڕێنووست بەرچاو دەکەوێت
کە بۆ بەرھەمێکی ئەوەندە نەخشین،ئەمە بە گوناح دادەنرێت و حەیفە نووسەر
لە ھەمبەر ئەم پرسەدا خەمسارد بووە. ھەر چەندە ڕەنگە لە کاتی پیتچنیندا
ئەم پرسە ڕووی دابێت بەڵام بەرپرسیاری یەکەم،خودی نووسەرە و دواتر
دەزگەی چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرھەمەکە. زۆر ڕستەیشت بەردیدە دەکەوێت کە
ڕۆحی کوردی تێدا نییە و لای خوێنەری وریا وایە کە ئەم ڕۆمانە لە
زمانێکی دیکەوە کراوە بە کوردی.
ھەروەھا نووسەر لە بڕێک شوێندا دەست بۆ داڕشت، وشە و دەستەواژەی زەقی
فارسی دەبات کە ئەمە بە خاڵێکی نەرێنی و کەموکووڕییەکی بەرچاو بۆ
نووسەرێکی وەک نەبەز گۆران دادەنرێت؛ڕاستە نووسەر شارەزا بە زمانی
فارسییە و خوێندنەوەی باشی لەم زمانەدا ھەیە بەڵام زۆر باشتر لە من
دەزانێت ئەرچی کوردی و فارسی لە یەک خێزانە زماندا پۆلێنبەندی دەکرێن
بەڵام دوو زمانی سەربەخۆ و جیاوازن و وشە و دەستەواژەکانیش لەم دوو
زمانەدا ھەڵگری واتا و مانای جیاوازن.
نەفەسێکی قووڵی ناشییانە،ل١٠٠(داڕشتەکەی تەواو فارسییە و ڕۆحی کوردی
تێدا نابینرێت)
کەڵەشێر خوێندی،ل١٩١(کورددەڵێ،قووقە یان قوولەی کەڵەشێر)
قووتی نان،ل٢٢٨(قووت بۆ خۆی نانە و چ پێویستی نەدەکرد نانەکەیش بخرێتە
پەنایەوە)
وشەی [داستان] لە زمانی کوردی و فارسیدا دوو واتای جیاوازیان ھەیە.
کورد ،داستان زێتر بۆ ئەفسانە،حیکایەت و قارەمانەتی و حەماسەت دەکار
دەھێنێت)
عەتتار نەیشابووری دروستە نەک نەیشاپووری(نەیشابوور، شارێکی پارێزگەی
خۆراسانی ڕەزەوی لە ئێراندایە)
بایەزید بەستامی دروستە نەک بایەزید باستام
[ھەیاھوو،ل ٢٣]،وشەیەکی بە تەواوەتی فارسییە و نابێت نووسەری وەک نەبەز
گۆران بیخاتە نێو نووسینی کوردییەوە. سەراسیمە،بەقاڵ،زشت و چەندان وشەی
دی،ھەموو فارسیین و فڕیان بە کوردییەوە نییە. زمانی سەردەست کارێک بە
مرۆی بندەست دەکات کە ھەموو شتێکی خۆی بەسەردا دەسەپێنێت. بەداخەوە
شاڵاوی فەرھەنگی بەم چەشنە دەست پێ دەکات کە دواتر خۆ قوتارکردن لەم
ھێرشە، ماندووبوونێکی درێژخایەن و پلانی وردی فەرھەنگی گەرەکە.
قسە لە دەمی نەکەوتبووە خوارەوە(کورد دەڵێ ھێشتا قسەی لە دەم
دەرنەچووبوو)
پارچەیەک نان،داڕشتەکەی ناکوردییە و زمانی کوردی چەندان ھاوتای لەم
پێوەندییەدا ھەیە،ل١٣
قوستەنتەنییە دروستە نەک قوستەنتینە، ل٢٤٠
ئەمما،ھۆشیاری،ڕووە سەوزەکەی بە سەوەزەکەی ھاتووە،ھەڵدەگەڕا،دەگەڕا(بە
ھەڵدەگەرا و دەگەرا ھاتوون)،دەگێڕا(دەگێرا)،جووتیارەکە نەک
جووتیارە،تێپەڕی(تێپەری)،سەرسامییەوە(سەرسامیەوە)،خوێناوییانە(خوێناویانە)،عەبا
لە شان(عابالەشان)،بە
زەردەخەنەوە(بەزەردەخەنەوە)،ماندوویت(مادوویت)،بچکۆلە،بچووکەلە نەک
بچۆکەلە،تێدەپەڕی(تێدەپەری)،بگەڕی(بگەری)،دەستشۆرییەکان(دەستشۆریەکان)ھاوڕێکەی(ھاوێکەی)،بفڕێت(بفرێت)،کردووە
یان
کردبوو(کردوو)،جیاوازییەکی(جاوازییەکی)،پڕمەیەکی(پرمەیەکی)،کاسبییەکی
دروستە نەک
کاسپییەکی،بازاڕ(بازار)،کردەوە(کردوە)،دوورەوە(دورەوە)،مزگەوت(مزگەوەت)،گوناھبار(گوانھبار)،دەگرت(دەگرد)و
بە دەیان ھەڵەی تر.
زۆر وشەی دووانەیش بە سەر یەکەوە نووسراون ئەوە لە حاڵێکدایە کە زۆر
جار وشە دووانەکان ھەڵگری واتای جیاوازن و گەرەک بە جیا بنووسرێن.
سەرباری ئەم خاڵانەی کە ئاماژەیان پێدرا،ڕۆمانی "میرنشینی خاک و خۆڵ"ی
نەبەز گۆران،یەک لەو ڕۆمانە ھەرە بەپێزانە دێتە ئەژمار کە بەم ساڵانە
چاپ و بڵاو بووەتەوە و شیاوی چەند جار خوێندنەوەیە.
جێی ئاماژەپێدانە کە شاعیر ،ڕۆژنامەنووس و ڕۆماننووس"نەبەز گۆران"بە
یەک لە دەنگ و سیما دیارەکانی ھەنووکەی نێو ڕووبەری ڕۆشنبیریی کوردی
دادەنرێت کە ساڵی ١٩٧٧(١٣٥٦ی ھەتاوی)لە شارۆچکەی "بیارە"ی باشووری
کوردستان لەدایک بووە و ھەتا ئێستایش چەندان ڕۆمان و بەرھەمی شیعری و
ئەدەبی چاپ و بڵاو بووەتەوە.
_________________________________________
ژێدەر:
• میرنشینی خاک و خۆڵ،نەبەز گۆران،ڕۆمان،چاپی یەکەم،٢٠١٧،چاپخانەی
ئەندێشە،سلێمانی.
• پەندی کوردی لە باخچەی گەردی،حەمید گەردی،چاپی یەکەم،٢٠٠٦،چاپخانەی
وەزارەتی ڕۆشنبیری،ھەولێر.
h_noryawi@yahoo.com
|