٢٧\١٢\٢٠١٢
نامەکانى
با...

یوسف
خەلیل
هاورێ
بەیانیت تنۆکێکە لە رۆح...
دنیایەکە لە دەریاى سڵاو و
باخێکە لە گوڵەباخ
تەمەنێکە لە سۆزى لێو
ماچێکە لە هەنسکێ
کە شەونم لەسەر گەڵا جێدێڵێ.
* * * *
هاوڕێ
لەگەڵ گزنگى بەیاندا
تیشکى دیدەت
بەئاگاى هێنام
بێ هۆش مام...
بەرەو ئەودیو سنوور...
بە مەلى هیوا و
زەردەخەنەى خۆشبەختى
ڕۆژێکى نوێی سپاردم.
* * * *
هاوڕێ
ئەى خۆرى...
کڵاوڕۆژنەى هەستە ناسکەکان
مەلى ئالوودە بەڕۆحى ئاسمان
من لە کەناری تۆدا
تاوێ سەرخەوم شکاند
کە چاوم کردەوە هەناسەتم هەڵمژى
ئاسودەم کە لێرەوە
سەر لە نوێ ژیانم دەستى پێکردەوە.
* * * *
ئەى هاژەى ئاو..و
چلورەى بەفر..م
نمەى پڕ سۆز..و
هەوێنى شیعر..م
لەگەڵ نەغمەى پاساریدا
نامەکانى بام ناردە لات
دەبووایە بم کردایە
ئەى زەردەخەنە و
فریشتەى هزر و
رۆحى پەرى ئاسا...
تۆم گەرەکە...
تا بۆ جوانترین کچى دنیا
سەرلەنوێ هەستمەوە.
Yousif_kazh@yahoo.com
|