٢١\٣\٢٠٢٢
نامێق
نامێقی مەلا بەزێن.*

کارۆخ
گوللە ئاژینم کەن وەک خولە پیزە سەر دانانەوێنم بۆ ئەو پیاوە حیزە (گۆرانی
لە سەر خولە پیزە).
لە سیلەی قەبران ھاوارە، حاکم بمدا لە سێدارە، قەت نانێم مەیلی ئەو
یارە (حەسەن زیرەک).
چەتە و چەتەگەری دیاردەیەکی باڵکێش و سرنج ڕاکێشی کۆمەڵگای کوردەواری
بوو کە ھەڵگری ئاکاری تاک ئانکۆ کۆمەڵی بچووکی وەڕز و ھەراسان بووی
کۆمەڵگاکە بوو کە پشت بە بنەمای گیانی یاخی بوون و خۆبەدەستەوە نەدان و
نەبەزین و نەڕووخان لە دژی دەسەڵاتی داگیرکەر ئەیاندا بە کەژ و کێوا و
زۆر کات تا ئەمردن شەریان ئەکرد . ئەوەی تاکە کەسێک وەک حەمە تاڵی بانە
و سەی عەتا و ھەروەتریش کۆمەڵێکی بچووک وەک ئەوەی نامێق و خولەپیزە
ئەچوون بە گژ دەسەڵاتی زڵ و زەبەلاحی داگیرکەر ، ئەو گیانە نەبەزەی
خەڵکی کوردستان دیاری ئەکات کە حەمەدۆک ئاسایی بیر لە چەند و چۆن و
لێکدانەوە ناکات وەک لەو دوو دێڕە ھۆزانەی سەرەوە دەرئەکەوێ یان وەک
ئەوەی مام ھەژار لە مەڕ ئەڤینداری و خۆشەویستی مێرووڵەی گراوی ئەڤین ،
لە وەرامی پاشای دوور لە ئەوینداری ، ئێژێ ڕاگواستنی کێوێک داوای
دڵدارەکەیەتی و ئەوەی بۆی ئەکرێ یان نا ، ئیتر لە کارا نیە (لێکدانەوە
لە فرمانی ئەوینداری جێگەی نیە). کرداری چەتە ژی وەک ئەم چیرۆکەی
مێروولەکەی ھەژار وایە.
یاخی بوونی مرۆڤ بە گشتی و ئی دە کوردان بە تایەبەتی ، خۆڕسک و سروشتی
یە . یەکەم یاخی بوونی منال لە یاخی بوون لە دایک و باوکەوە دەس پێ
ئەکاتن . یاخی بوون بنەمای دەروون ناسیی دیاردەی چەتە لە کوردەواری بوو
کە پێشمەرگەش (ئی دە کۆن) ئەگرێتەوە و ھەر ئەمەش ئەوان لەوانەی ئیرۆ لە
باشوور وەک پیشە پێشمەرگایەتی ئەکەن جیا ئەکاتەوە . گیانی یاخی
پێشمەرگە دەبا ڕێزی لێ گیرابا و بپارێزرابا . گۆچانەکەی دەستی مام و قژ
رنینەکەی، ئەڕای وێنە ، ئەمەی ناس نەئەکرد و بووە ھەوێنی ئاریشەی قووڵ
. چل ساڵ لەمەوبەر ویستم ئەم دیاردەی یاخیبوونەی مرۆڤ بە چیرۆکە
ڕۆمانێک بە ناوی یاخی ڕوون بکەمەوە کە پێشمەرگایەتی یاخی بوونە و سەری
نەگرت بۆم .تا پێش ئەوەی چاچیەکەی مھاباد ناوی پێشمەرگەمان لۆ دابھێنێ
، شەڕی چەتەگەری بۆ شەڕی پارتیزانی کە تازە ھاتبووە ناو فەرھەنگی کوردی
، دائەنرا و گەر ھەڵە نەبم ئەمین زەکی بەگ ئەڕای ئەو مەبەستە بەکاری
ئەھێنا .خەڵکی ئاسایی کورد لە چەتە نەئەترسان و جۆرە ڕێزیکی تایبەتیان
ھەبوو بۆیان و وەک لە مامە عەبەی مالوومە کە لەگەڵ خولە پیزە بوو ،
بیستم خەڵک یارمەتیان ئەدان.
چەتە وەزەنی قورس و گرانی بۆ خەڵک و نەمازە خەڵکی ھەژار و ئاسایی نەبوو
. لە سلێمانی کاتێک خەڵکێک کڵاوی ئابووری لە سەریان ئەنرا دەیانگوت ،
ئێ قەی ناکا ، وای دائەنێم کە لە کەلی گۆیژە ڕووتیان کردوومەوە. ئەمەش
تێ ئەو واتا کە خراپترین کردەی چەتە (ڕووت کردنەوە) وەک دەسبڕ و گوێ
نڕێکی شاران ئەبینرا . مەلا سەید ڕەشید، فەقێی قانع ئەیگێڕایەوە کە
جارێک قانع تووشی چەتە دێت و کابرای چەتە ئەیکا بە ھات و ھاوار و
ھەڕەشە و گۆڕەگۆڕ. قانع بە ھەندی وەرناگرێ و بە یەک لە فەقێکانی ئیژێ "بەردی
گەورە نیشانەی لێ نەدانە – پەیڤی عەجەمی" ھەرە پێش لێی . فەقێ ئازایانە
خۆی لە چەتەکە نزیک ئەکاتەوە و بە دەنگی بەرز تێی ئەخوڕێ و کابرای
چەتەش راست و چەپ دوو قوناخە تفەنگی تێ ئەسرەوێنێ و تەختی ئەکات . ئەو
جا قانع ئەچێ بە ھاواریەوە و ئیژی ھەستە کوڕم بەخوا بۆ تۆ نیشانە
لیدانە . گەر دوو برا کوڕەکانی شوان ئەحمەد کە لە بۆکان تیر باران کران
وەگەرد قوڵەئاغاکانی بۆکان کە بەدرۆ بوونە کمۆنیست و لایەنگری کرێکاران
و زەحمەتکێشان لە کوردستان ، بەراوەرد بکرێتن دێ ڕوون دەبێتەوە کێ
ھەڵگری دژایەتی خەڵکی ھەژار بوو . بە ھەر ھەموو چەتەکان بە قەدەر
قوڵەئاغایەکی بە ڕەچەڵەک مەغوول زوڵم و ستەمیان لە خەڵک نەکردوە.
لەم دواییانەدا کۆمەڵێک نەزان و ھێڕ وەک پ ک ک کە نامۆن بە فەرھەنگی
کورد و مێژووەکەی ، دەستەواژەی چەتە بەمەست ، خراپ بەکار تێنن و ھۆڤ و
پیاوکوژان و تێرۆریستی ئیسلامی داعش بە چەتە ناو ئەبەن . ئەمەش لە
کاتێک دایە کە خەڵکی شارەزا لە مێژووی فەرھەنگی کوردی ئەزانن کە چەتە
ناو و ناوبانگی فرە خراپی نیە . ئەمەی پ ک ک لە فەرھەنگی داگیرکەرانەوە
سەر چاوە ئەگرێتن و دووپاتی ئەو "عەسابە و ڕاھزەن و سارقی موسەلەح"ی
داگیرکەرانە کە ئەیان دایە پاڵ خەباتکارانی سیاسی و چەکداریی کورد و تا
ئەو ڕادەیە ڕۆیشتووە کە کابرای خۆ بە مێژووزانی کورد، بۆ دەسەڵاتی
سیاسی باشوور کاوێژی ئەکاتەوە.
چیرۆکی حەمەدۆکی یاشار کەماڵ کە مەلا عەبدۆڵای حەسەنزادە(حەیاکی)
وەریگێڕاوەتە کوردی نەک ھەر ھیچ بۆنی خراپی و سووکایەتی چەتەی لێ نایەت
، بەڵکو پێمان ئووشت کە ئەوە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی بوو کە
ئەشێ لێی تێبگەین . سەردەمی قولیزادەی شای عەجەمان فیلمی سینمایی "
سادق کوردە" ساز کرا کە گیانی یاخی تاکە کوردێکی نیشان ئەدا کە دەستی
دابووە چەک و بە تەنیا باڵی دژی ئەو ناپیاوەتیەی لەگەڵی کرابوو شەڕی
ئەکرد . وەک لە حەمەدۆک و سادق کوردە دەرئەکەفێ گرفتی چەتە پتر
کۆماڵایەتی بوو و فڕی بە سەر سیاسەتەوە نەبوو، ھەر چەند ئی دە خۆلەپێزە
ھەنەک جیاوازترە . ئەمەیچ ئەو چتەسە کە نامێق و ھەڤاڵانی بەرەو
چەتەگەری پاڵپێوە نا.
((ناوی حەمەدۆک (ئینجە مەمەد = حەمە چکۆل) سۆرانی نیە و لەوانەیە مەلا
عەوڵا لە نازناوی باوکی قاسملووی ئاغای وەرگرتبێ کە ئاغاکانی کوردستان
بۆ حەمەئاغای کوێرە سوننی باوکی قاسملوو بەکاریان ئەھێنا بە مەبەستی
گچکە کردنەوەی و ئەوەش ئەزانرا کە قاسموو دژی ئەو ناوە بوو)).
نامێق پیاوێکی ڕانک و چؤخەی مورادخانی لە بەر و کەڵەگەت و لە سەرەخۆ و
خاوەن ئاکار و ڕەوشتی بەرز و زانا بوو .دەست بە پشتەوە ، پیاسەی بەرەو
مال لە سەروژووریەکەی جادەکەی (نامەوێ ناوی پیسی ئەو جادە کە بە
سەرماندا بڕابوو بھێنم) گەڕەک ھێمای ئەو پیاوە بوو کە بەشێک لە مێژووی
شارەکە و دۆخی ژیانی خەڵکی کوردی نەخشاند .پێش ئەوەی دەست داتە چەک و
شەڕی دەسەڵاتی داگیرکەر بکات ، وەک خەڵکی شارەکە (سەقز) - ئەمەیچ
تایبەتمەندێکی دیکە فەرھەنگی کوردە کە ھەرکەس لەنامان حەوابێتەوە ، لە
خۆمانی ئەزانین بەبێ گوێدانە ئەوەی لە شار و گوند و نەتەوەیەکی دیکەوە
ھاتبێ - لەگەڵ بەشی کاسبکار و ئاسایی خەڵکی سەقز تێکەڵ بوو ، بە تایبەت
چێودار و کۆتاڵ فرۆشان و چاچیەکان بەوەی کەسپ و کارەکەی پێوەیانی گرێ
دابوو . ھەر لە سەقزیش ژنی ھێنا و باوپیارەی حەمەی شامحەمەدی ھاوڕێی
مناڵێم بوو.
شتێکی فرە دەگمەن لە کوردەواری ھەبوو ئەیش ئەوە بوو کە خەڵکی ئاسایی
ملیان لە مل مەلاکان ئەنا و پرسیاری ڕەوا و بەجێیان لە مەڕ ئەو شتەی بە
ناوی ئیسلامەوە دەرخواردیان ئەدرا ، لێ ئەکردن و مەلاکانیش خوا ھەڵ
ناگری بە دڵێکی گاورە و فراوانەوە گوێان لێ ئەگرتن و جار و باریش
ئەبووە ھەوێنی گاڵتە و خوەش ڕابواردن، وەک ئەوەی کە حاجی مەجی سەلیم
خەمێ لەل مەلا سەید حەکیمی مزگەوتی شێخ مەلا زاھیدی سەقزی کردی و لە
ڕۆژانی رەمەزان و مۆعیزەی مەلا کە ئەچووینە مزگەفت ، پاش بیستنی چیرکی
ھەڵبەستراوی برایم و سەربڕینی کوڕەکەی و ھەناردنی بەرانێک لە بەھەشتەوە
، بە مەلای گوت کە واتە بەھەشت ئەشێ گەوڕ و گەلەخان و کادێن و شوانێشی
ھەبێ. ئەوەیش لەم ڕەوتەدا مەلاێەکی ئەبەزان لەناو خەڵکا پێان ئەوت مەلا
بەزێن . لە ناو چێودارەکانا ئەم نازناوە درابووە نامێق کە ئاماژەیە بۆ
ژیری و زانا بوونی و ڕێز لێ گرتنی و ئێمەی مناڵیچ دووپاتمان ئەکردەوە
بە بێ ئەوەی بزانین ھۆکەی چەس.
نامێق و برادەرەکانی ھاتووچووی گەرمیانیان ئەکرد و چایی و کۆتاڵیان
ئەھێنا و لە شارێک وەک سەقز ساخیان ئەکردەوە و باجی مشەخۆرانی
ژاندارمری (ئەمنیە) شیان ئەدا . دەو دەمەی دا مۆڵگەی ژاندارمری بە کرێ
ئەدرا بە چەکدارانی رژیمی قولیزادە و سەرچاوەی داھاتیان باج لە خەڵک و
قاچاخچی سەندن بوو و ساڵانە ئانکو مانگانە دەبا رادەیەکی دیاریکراوی
داھاتیان ھەبێ . لە دوا کاری نامێق و ھاوڕێیانی ، ئەوان باجە ئاسایی
یەکەیان دابوو بە ژاندارە بوودەڵەکان کەچی سەرەڕای ئەم نەرێتە باو و
زاڵە ، بار و کەل و پەلەکانیان گرتن و تاڵانیان کردن. نامێق و ئەولمەجی
و کوڕانی شوان ئەحمەد(تێکڕا ۹ کەس بوون) دەستیان دایە چەک و تۆڵە
سەندنەوە لە ژاندارم. حەمە شەربەت کە لەگەڵیان بوو و فاتمی خێزانی
کۆتاڵەکانی بە ناو شارا ئەگێڕا و ساخی ئەکردەوە ، ئەوەی نەکرد و وازی
ھێنا و وەک فریەکی تر (حەمە چەتە. سەی عەتا ، سەی عەلی و سەی محەمەد و
سەی کەریم و ساڵەی عەبەی خەیاڵ کە دواتر بوو بە جاش) خەریکی کاسبی دەس
فرۆشی بوو لە سەقز و تەنانەت کوڕەکەشی چووە رێزی سپای عەجەم . دوای
کوشتنی حەمە تاڵ ، دوو کچەکەیان دابوو بە دوو ژاندرم (یەکیان بە ڕەگەز
تورک بوو ) و ئەوانیش لە سەقز گرسانەوە و دادە چکولەکەیان بوو بە
خەلیفەی کاکە ئەحمەدی بابا شێخ و مناڵەکانیان ھیچ بۆنێکی باپیرەیان
لێوە نەدەھات. دیاردەی چەتە تا ئەم ڕادەیە لە شارێکی بچووکی ئەو دەم
وەک سەقز تێکەڵ بە ژیانی ئاسایی خەڵک بووبوو.
ساڵانی شەڕی نامێق و ھاوڕێکانی زۆری خایاند و ڕژیمە بوودەڵەکەی
قولیزادەیان وەزاڵە ھێنابوو . ئێواران چەکداری ڕژیم بە زرێپۆشێکەوە
بەرەو سەرشیو ئەڕۆیشتن و دواتر ئەمان بیستەوە کە لە دەشتایێک ڕایان
ئەگرت و وایان ئەنواند کە زرێپۆشەکەیان تێک چووە و خەڵکیان ناچار ئەکرد
کە بە چراتۆڕەوە دەورەیان بگرن و بیانپارێزن . ئێمەش (من و عوسمانی -
تیری - حاجی مەجی ھاوڕێی مناڵیم) ئەچووینە بەر قازاخانە قامکمان ئەکرد
بە کونی جێ گوللەکەی نامێق و بە جنێوی بوودەڵەی ژاندارم ڕامان ئەکرد .
شەوێک ھەواڵی شەڕی نامێقمان لە سەرشیو (کەچەڵمیان ) ئەبیست و دواتر
ئەمانزانی کە ھان لەم پەڕی گەورک یان فیزۆڵابەگی . لووتکەی شەڕەکانیش ،
شەڕی خەیەر لە لای خوارووی سەقز بوو کە لە دەمەو ئێوارەیەکی پاییز دا
پەلاری پادگانی سەقزیان دا . خەڵکی شار ، نەمازە ھی گەڕەکەی نامێق (خیابانی
ناوە پیسەکە) ھەموو چوونە سەربان بۆ سەیری شەڕەکە و گەورەکان لەسەری
ئەدوان و ئێمەی منالیش گوێمان لێئەگرتن. بۆ یەکەم جار وێکچوونی گەنەم
برژاندن و دەسڕیژی شەست تیری عەجەمم بیست لە ڕابێ کوڕانە، یەک لەو
خانمانەی پەتاتەی کوڵیوی ئەفرۆشت لە ناوبازاڕ و ھاوسێی ماڵی نامێق بوو
. پادگان باسی خەساری خۆی ھەر نەکرد لێ بۆ بەیانیەکەی تەرمی کەسێکان بە
ناو شارا ئەگەڕان و ئەیان وت یەک لە چەتەکانە. دواتر خەڵکی خەیەر ھاتن
و گوتیان شوانێکی بەستەزمانی خۆیانە و وەریان گرتەوە و لای خۆیان بە
خاکیان سپارد و ھەڕەشەیان لێ کردبوون کە قرووقەپ بگرن و نەکەن باسی ھیچ
بکەن وەک گوێ بیستی بووین.
جارێک لە ناکاو ھەواڵی ئەوە بڵاو ئەبووەوە کە نامێق ھاتووەتەوە بۆ ماڵی
حاجی شەریفی خەزوورەی و خەڵک و کاک عوسمانی مام ڕەحیمی گاریەچی ھاوڕێم
ئەوەندی دیکەیان پێوە ئەنا و ھەواڵەکەیان خۆشتر ئەکرد . یەک دوو کەسی
فسۆس ناویان دەرکرد کە کار بۆ عەجەم ئەکەن و بە دوای نامێقەوەن . نامێق
شەوێک ھاتە سەر یەکیان لە کەریم ئاوا و لای ماڵی كەڕەی کرێکاری
دوخانیات (کە تەنیا لە گەڵ دایکی و ئاسکە جوانەکەیان لە بناری تەپەی
ساڵح ئاوا ماڵیان کردبووەوە) لای دابوو . دوای ئەمە پای فەقێ ئەحمەدی
لیفەدروو و میرزا قەڵەم کوڵەکەی مامۆستای - ک ڕ - لە سەرشیو بڕا و
شەوانە لە ماڵی خۆیان نەئەنووستن.
ئەو شەڕە دەگمەنەی خەیەر ھێمایەک بوو بۆ ئازایەتی و بوێری دەستەکەی
نامێق کە بەو چەند کەسەوە و چەکی سووک پەلاماری ئەو دەزگا زەبەڵاحەی
ڕژیمان دا و بوو بە چیرۆکی سەرزاری خەڵک لە ڕۆژان و مانگانی دوایی .
ئەمەیچ ئەچێتە ناو بازنەی گێڕانەوەی سەرزارەکی مێژوو کە دیارەدەیەکی
زەقی فەرھەنگی کوردە . لە مناڵیمدا فرەیەک لەم بابەتە گێڕانەوە لە سەر
جەعفەر ئاغای شکاک ، سمکۆ ، حەمە ڕەشی خان و گۆرانی تایبەتی "حەمە ڕەشی
خان، دوو قتوو لە گیرفان"، عەلی حەبیبی تیلەکۆ و ھەوەتوو ، شەڕی جاقل و
سەرا و بارزانیەکان ، بۆمبارانی کاتی شەڕی جیھانی دووھەم کە تێدا
ئەولمۆمنی خزممان ( بەناوەکەی ئەشێ خەڵکی سنە یان تیلەکۆ بووبێت)
بریندار بووبوو، ھەڵاتنی حەمەتاڵ کە زیندانی عەجەم و ھتد، دەبیست .
کاریگەری و گێڕانەوەی شەڕی خەیەر وای لە من و عوسمان و فرەیەکی دیکە
وەک ئێمە کرد کە بێژین کە گەورە بووین ئەبین بە چەتە وەک نامێق . ڕاوە
ماسیمان ئەکرد و ماسیەکانمان ناو ئەنا و ئەوەی لە ھەموویان گەورەتر
بووایە ئەو ناوی نامێق بوو لامان.
ڕژیمی بوودەڵەی قولیزادە بە دەستەکەی نامێق نەئەوەستان و دۆش دامابوون.
پەنایان بۆ شۆڕشی بارزانی برد . ئەوانیش فرە نامەردانە چوونە سەریان و
بە باڵبەستراوی رادەستی سپای عەجەمیان کردنەوە. ئەمەشیان لە ئازایەتی
نەبوو وەک دواتر خەڵکی شلێر و شەرشیوی سەروو ئەیان گێڕاوە نامێق شەڕی
پێشمەرگەی نەکرد و ملی دا بە داواکەیان و خۆیان ڕادەستی ئەوان کرد . لە
ھێنانەوەی دەستەکەی نامێق بۆ سەقز کردیانە ھەرا و بەزمی مەرگیان و لە
ئێوارەیەک دا نامێقیان ھێناوە بۆ قازاخانە . بە ھەر ھەوڵێک من خۆم
گەیاندە ئەو و دەستم گرت بە پشتوێنەکەیوە. ھێندێک باش و نەباشیان
ھێنابووە قازاخانە بۆ سووکایەتی کردن بە نامێق و ئەویش مێشێک میوانی
نەبوو وەک ھەمان خەڵک بۆخۆیان ئەیانگێڕایەوە. ڕۆژ، ڕۆژی ئەو
ناماقووڵانە ( موعتەمەد محەلی ) بوو کە پیاو و جاشی ڕژیم بوون.
نامێق و ھاوڕێکانی گەر لە ئازایەتی بوێری و زانایی دا لە موراد شیرێژ
فرەتر نەبان ئەوە چتێکیان لەو کەمتر نەبوو .ئەحمەد توفیقی سەرکردەی
حزبی دێمۆکڕاتی کونگرەی دووھەم ، مەلا عەبدۆڵای مەلا عوسمانی پێشمەرگە
و ئەندامی کۆنی کۆمەلەی ژ ک و خەڵكی بادینئاوێی ناردە سەری و بردیانە
لای خۆیان و دواتر وەک پێشمەرگەیەکی ئازای کوردستان شەھید بوو . ئائەمە
دەبا چارەنووس و دواڕۆژی نامێق و ھەڤاڵەکانی با . دواتر مەلا سەید
ڕەشیدی ھاوڕێم و ئەندامی کومیتەی ناوەندی دێمۆکڕاتی کونگرەی دووھەم و
خەڵکی ناوچەکە - سەرشێو ، بۆی باس کردم کە ئەوان ئەو کات بەو ئەرکە
ڕانەگەیشتن و نەیان توانی ئەوەی لەگەڵ موراد شیرێژ کردیان ، لەگەل
دەستەی نامێقیش بیکەن و تا لایان کردەوە کار لە کار ترازابوو و حزبیش
بۆخۆی تێک چووبوو و دەستی ئەوان بە سەر دەستی ڕژیمی قولیزادە لە ناو
شۆڕش زاڵ نەبوو.
لە ڕۆژی گوللەبارانکردنی نامێق پادگان جاڕی دا بە ناو شارا کە بچن بۆ
سەیری . جەنابی مستەفای کەیوان و شەھلایی زۆر ھاواریان کرد کە بەری پێ
بگرن و نەھێڵن خوێندکارەکانیان بچن بۆ ئەو شانۆی پیاوکوژیەی ڕژیم کە بێ
کەڵک بوو و تەنانەت حەرام کردنی سەیرەکەش کاری نەکردە سەر خوێندکارەکان
. ڕۆژی یەکەم سەرەی ئەولمەجی بوو لە سەقز. پیاوێکی دەستەپیاو و ڕەشتاڵە
و زیت و نەفس بەرز کە ئەوەی ناوی ترس و پەشۆکان لە دەمی دوایی ژیانا لە
گۆڕەپانی گوللەباران بێت پێوەی دیار نە بوو . پیاوێکان (مەحمووی
ئامۆزای) بانگ کرد ( شەوی پێشوو لە شەوگەڕی زەماندێکی گەڕەکەمان ھەڵ
ئەپەڕی) و چووە لای و دەستی لەملی کرد و بەگریانەوە ھاتەوە ناو خەڵکەکە.
ساڵانی دوایی لەگەڵ ئەو کاک مەحمووە دا پێکەوە کرێکاریمان ئەکرد لە
دورستکردنی مزگەوتی کەریم ئاوا ، لە وچانێک دا بێلاسنەکەی وەک چەک نا
بە شانیەوە و سیرەی لە کوورەخانەکەی حاجی مێھری گرت . لێم پرسی
ئەولمەجی چێ وت بەر لە گوللەبارانەکەی . گوتی ھیچ ، ھەر ئەوەندە کە
دوای گەردن ئازایی وتی گریانی ناوێ و بەس تەرمەکەم بشارەوە.
ڕۆژی دوای ئەولمەجی سەرەی نامێق ھات و خێزانەکەی بە دەم شیوەنەوە لە
ناوخەڵکەکە بوورابووەوە . کە ھێنایان ھەمان پیاوی کەڵەگەت و ھێمن و بە
جەربەزە . نازانم چۆن بوو ، بەڵام لە سەرداوای خۆی وتارێکی کورتی دا بۆ
خەڵکەکە و رای گەیاند کە ھێچ دوژمنایەتێکی لەگەڵ خەڵک نەبووە و دوژمنی
ئەو تەنیا ژاندارم و پیاوانی ڕژیم بووە و داوای لێبووەردنی لە خەڵك کرد
. ئەم وتاردانە لەو کاتەدا پڕ بە پڕ کاڵای باڵای نامێق بوو و لەوانەیە
تەینا لە کەسایەتی دەگمەنی ئەو پیاوە ئەوەشایەوە . کابرای بوودەڵەی
عەجەم کە دوا گوللەی ئەنا بە سەریەوە کەوتبوو لەرزە و پەشۆکان و
بەرپرسە باڵاکەی شانی گرت و ڕای تەکاند و پاڵی پیوە نا بۆ ئەرکەکەی .
ئەمەش بۆ ئێمە و خەڵکەکە ھێمای ئەوە بوو کە ئەوان تەنانەت لە تەرمی
مردووی نامێق ئەترسان و زراویان تۆقیبوو . لە مردنا بەرەو رووی قیبلە
کەوت و زۆرێک وەک ھێمای ىێ تاوانی نامێق لێکیان ئەدایەوە . دواتر
تەرمەکەیان برد بۆ سەر چەمی کانی نیاز و شۆردیان و لە گوڕستانی کانی
نیاز بە خاکیان سپارد . تەرمی ئەولمەجی لە کارێزە بە خاک سپێردرا.
وێنەگریی تەھامی لە سەقز چەند وێنەی لەو ڕۆژە و لە نامێق گرت و ڕۆژانی
دوایی لە بەر پەنجەرەی دووکانەکەی دا بە گەورە کراوەیی دای نابوو .
خەڵک و نەمازە ئی دە گوندان ئەو وێنانەیان ئەکڕی و لە ماڵا ھەڵیان
ئەواسی. لە کاتێک دا کە بیری سیاسی و کوردێنی و پێشمەرگایەتی لە
تاریکستانی ڕۆژھەڵات شتێکی نەبوو و نەزانرا و نەناسیاگ بوو ، نەترسی و
ئازایانە بەرەو ڕووی مەرگ بوونەوەی ئەولمەجی و نامێق بوو بە ھێمای
ئاکاری کوردانە و ھەر ئەمەش بوو کە لای خەڵک و ئێمەومانان بەرزی
کردنەوە ، جا با ئیتر وتاردانەکەی نامێق بوەستێ. چێرۆکی گوللەبارانی
جووتە برای کوڕانی شوان ئەحمەد لە بۆکان تەواوکەری داستانی ئەم
ئازایەتیە کوردانە بوو. ئەوان شەڕی ئەوەیان بوو کە براگەورە یان برا
بچووک لە ڕێزی یەکەمی گوللە باران بێ و کامیان ئەوەی بە مافی خۆی
ئەزانی کە یەکەم کەس بێت گوللەی بەربکەوێ و لەوەوە بچێت بۆ براکەی ، لە
کاتێک دا کە ھەرتک پشتاوپشت بە یەکەوە بەسترابوونەوە . ئاکاری ئەو
مروڤە کوردانە ھەڵپەی ڕژیمی قولیزادەی لۆ چاوترساندن پووچەڵ کردەوە و
رەق لە ڕژیم و ڕێز بۆ قوربانیەکانی ئەو مرۆڤ کوژیە وەک ئاگری بن خۆڵە
میش کاری خۆی کرد . کوڕێکی تری شوان ئەحمەد لە سەقز بوو و دووکانی
وردەواڵەفرۆشی ھەبوو. لە سەردەمی ڕاپەڕین یەکەم کەس بوو کە چەکی ھەڵگرد
. دواتر لە شەڕی دژی پادگانی سەقز لە تەپەی ماڵان ناپیاوانە لە پشتەوە
بە یوزی تەقەی لێ کرا و شەھید بوو.
دە گۆڕەپانی سیاسی و کوردێنێ دا داستانی عەلی بەگی شێرزاد لە بن پەتی
سێدارە لە بۆکان سەر لە ئاسمان ئەسوێ. ئەو مێرخاسە لە بن پەتی
سێدارەکەی دا شەق لە ئەفسەری عەجەم ھەڵ ئەدا و تێی ئەخوڕێ "من ژنرالێکم
و تۆ ئەفسەرێک ، کوا سلاو و ڕێزی سپاییت " . داستان و ئەفسانەی
شێرەژنەکەی سەقز و خوشکە لەیلا و تەوار و سەدان و ھەزاران ژن و پیاوی
میراتگریان کە بە بزە و پێکەنینەوە پەتی سێدارەی دڵ ڕەش و ڕەشپۆش و بیر
ڕەشی داگیر رائەمووسن پێمان ئێژێ کە نەترسی و بەزاندنی مەرگ لە خوێنی
کورد دایە و لە کاتی شکان و لە بن پەتی سێدارە و ئەشکەنجە ئەگەشێتەوە و
ئەخەملێ و قانع واتاش بیری ئازادیمان لە زیندان فراوان تر ئەبێ و کونجی
زیندانمان لێ ئەکاتە قوتابخانەی مێرخاسی و کۆل نەدان و بەرخوەدان .
داری ئازادی بێکەسی گاورە لە کوردەوە و بۆ کورد ھۆنراوەتەوە و کارنامەی
مێژوویی مانە . جا با ئیتر کەس ئەو نەزانیەی نەبێتن کە خەڵک و مەردمێک
ھانا بە ژێڕدەست و ھیوا بڕاو بزانێ.
داخم بۆ مەلا ڕەشی ئایچی و مامەشا کە لەگەڵ دێمۆکڕات بوو و گیرا و لە
ژێر ئەشکەنجەی ساواکی سەقز شەھید کرا و تەرمەکەیان لە سەر چەمی سەقز بە
بی نازی فڕی دابوو . پیرە شەمێی مامەشا و کەر و باری دۆکەی و
گۆرانی"ھەی شەمێ ماڵم شەمێ"مان ئەناسی لێ ھیجمان لەمەلا ڕەشی نەئەزانی
ھەتا مەلا سەید ڕەشیدی حوسیەنی ھاوڕێم لە شەونایەکی خۆی لە سەردەمی
ڕاپەڕێن کە ڕۆژنامەکان داخرابوون باسی نەکرد کەس ھەر ئاگاشی لێ نەبوو و
ھەتا ئیسەیچ وەک شەھیدێکی بێ ناز ماوەتەوە . خۆڕاگری و مەرگ بەزاندنی
مەلا ڕەشی بەوە دەرئەکەوێ کە ھیچ کەس لە پێوەندی لەگەڵ ئەو نەگیرا و
ئەشێ گیانی ئازایەتی ئەویش لە ژێر ئەشکەنجە دا خەملیبێ و بە مەرگی خۆی
بوودەڵەی ساواکی بەزاندبێ ، وەک ھێمایەکی زەقی کورد بوون.
___________________________________________________
*
ساڵێک لەمەوبەر نیشتمانپەروەری دێرین کاکە عەبەی فەلاحی (کاردۆخ) لە
تەمەنی ٦٧ ساڵی، رێکەوتی ١٦\٢\٢٠٢١
لە شاری لەندەن کۆچیدوایی کرد. ھەر لە تەمەنی لاویدا و لە سەردەمی
رژێمی حەمەڕەزاشا تووشی گرتن و زیندان و شکەنجە بوو. دوای رووخانی
رژێمی پاشایەتیی بوو بە ئەندامی سەرکردەیەتیی یەکەم رێکخراوەی نەتەوەیی
رۆژھەڵاتی کوردستان (کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان). دوای کوژرانی رێبەری
کۆمەڵەی یەکسانیی (مەلاسەید رەشید) لە ساڵی ١٩٧٩ یزاینیی، ئەرکی
سەرۆکایەتی و درێژەپێدانی خەباتی نەتەوەیی کۆمەلەی یەکسانیی کوردستانی
گرتە ئەستۆی، تا دواھەناسەی ژیانی لە خەباتی پیرۆزی نەتەوەیی لاینەدا
و، خیانەتی لە بیروباوەڕی نەکرد. کوردیزانێکی کەموێنە و نەتەوەییەکی
کەموێنە و پاگژ و خەباتکارێکی راستینەی رێبازی پیرۆزی سەربەخۆیی
کوردستان بوو. ناسینی ئەز لە گەڵ مامۆستا عەبەی فەلاحی بۆ زیاتر لە چل
ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و لەم سالانەی دواییشدا لە پێوەندیی
بەردەوامدا بووین. دوو مانگ بەر لەوەی بە یەکجارەکیی ماڵئاوایی لە
ھاوبیرانی و بنەماڵەکەی و لە کوردستان بکات، لە گفتوگۆیەکی تایبەت بە
رووداوی گوللەبارانکردنی چەند کوردێک لەلایەن ھێزەکانی رژێمی
حەمەڕەزاشا لە سەقز و بۆکان بوومان و مێژووەکەی بۆ ٥٥ ساڵ لەمەوبەر
دەگەڕێتەوە، وتارێکی نووسی و ناردی بۆم. وەک وەفایەک بۆ ئەم ھاوبیرە
ھێژا و خۆشەویستەم و بۆ یادی کۆچیدوایی یەکساڵەی پێشەنگێکی پاکی رێبازی
سەربەخۆیی کوردستان، وتارەکەی لەگەڵ ئەم یادنامەیە دەنێرمە خزمەتتان.
ھەزاران چەپکە گوڵی داوێنی چیاسەربەرزەکانی کوردستان پێشکێشی مەزاری
کاک عەبە و ھەموو رێبوارانی کۆچکردووی رێبازی پیرۆزی سەربەخۆیی
کوردستان بێت! ناو و خەبات و رێبازیان بەرز و بەڕێز رادەگرین.
سیروان کاوسی
١٤\٣\٢٠٢٢
٢٣\١٢\٢٠٢٠
ماڵپهڕی
کارۆخ
|