١٥\٨\٢٠١٧ نامەکانی شێرکۆ بێکەس لە پەرتووکێکدا.
لە ڕاستیدا، نامەی نێوان نووسەران، زۆر جار لە باس و خواسی نێوانییان و ھەواڵپرسینی یەکتری دەبێتە پانتایەک بۆگۆڕینەوەی بیروڕا و دیالۆگ لە نێوان یەکتری، لە بارەی بابەتێکی ئەدەبی یاخود سیاسی و فەرھەنگی. بە دەربڕێنێکی تر، ئەگەر نامەی نێوان دووکەس ھەر بۆ ئاگاداربوون لە ھەواڵی یەکتری بێت، ئەوانامەی نێوان دوونووسەر ڕەھەندێکی فراوانتری ھەیە. لەو ڕوانگەیە شەوە ئەو نامانەی شێرکۆبێکەس، بە شێکییان بۆ بە سەر کردنەوەی ھاوڕێکانی بووە، بە شێکی دیکەش گۆڕینەوەی بیروڕابووە. زمانی ئەو نامانە، ھێندێک جار زمانی ئاسایی گفتوگۆیە، لە ھەندێ کاتی دیکەشدا، نامەکان زمانێکی پڕ لە وێنەی ھونەری و شیعریەت و دارشتنی ھونەریانەی شێوە پەخشانێکی ئەدەبی لە خۆ دەگرن. دیارە ئەمەش بۆ ئەو پاشخانە فەرھەنگی و شیعریەی شاعیر دەگەڕێتەوە. بەومانایەی چونکە خۆی شاعیرێکی دیاربوو، ئیدی ئەو زمانە شیعریە زاڵدەبێت بە سەر نووسینی نامەکانیش. ھەر ئەمەشە بۆتە ھۆی ئەوەی خوێنەر لە خوێنەوەی ئەو نامانادا، چێژێکی ئەدەبی وەربگرێت. سەرەتای ھەر نامەیەکی شاعیر بە دەستەواژەی(بەھیوای ھەمیشە چاوودڵروونی و سەرفرازیتانم)دەست پێدەکات. شاعیر زۆربەی ھەرە زۆری نامەکانی، بەو سڵاوەوە دەست پێکردووە. ئیدی چۆتە نێو باس و بابەتەکان و لە ھەندێکییان بە کورتی و لە ھەندێکی تریشیان بە درێژی دەدوێت.
بە شێک لە نامەکان، ھەر تەنھا ھەوڵپرسینە، وەلێ بە شێکی دیکەشیان گۆڕینەوەی بیر و ڕاو دیالۆگە لە نێوان خۆی و ئەو کەسەشی کەنامەکەی بۆناردووە. لەنامەیەکدا، بۆ حمە باقی شاعیر، شێرکۆ بێکەس بە درێژی لە بارەی ڕەھەندەکانی شیعری سیاسی و شۆڕشگێڕی دەدوێت و ئاماژە بۆ ئەزموونەکانی خۆی دەکات و شانازی بەوە دەکات، کە بۆتە شاعیری پێشمەرگەکان و دەیان قە سیدەو شیعری، بۆ شەھیدان و تێکۆشەرە قارەمانەکان نووسیوە.شێرکۆبێکەس لەنامەکەدا دەڵێت:(من شاعیری خاک وخەڵکم شاعیری ئەو کارەساتانەم کە ھەرگیز ئەدۆنیس نەیدیوە). ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەوەی، کە بەشێکی زۆر لە شیعرەکانی شاعیر ڕەنگدانەوەی ئەو کارەساتانەن و گوزارشت لەو شوناسە کوردبوونە دەکەن، کەوەک گوتار و پڕۆژەیەکی شیعری لە ئەزموونی خۆیدابووە بە شوناسێکی شیعری. ئەو لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێت:( کە گوللە دەنگی زوڵاڵی پێشمەرگە بوو من شیعرم کرد بە فیشەکدانی ئەوان). دیارە ئەو کاریگەربوونەی شاعیر بە پێشمەرگەو شۆڕش، پەیوەندی بەوەوە ھەبوو، کە خۆی ساڵانێک لە چیا، لە نێو دەنگی تۆپ و گرمەی فڕۆکەو گازی خەردەل، لە گەڵ پێشمەرگەکان ژیاوە. شاعیر لە نزیکەوە قارەمانیتییەکان، کارەساتەکان، شەھیدبوونی پێشمەرگەو مناڵی بینیوە. تێَکدانی سرووشت وژینگەی بینیوە. ئیدی ناکرێت شاعیرێک لە نێو ئەو ھەموو کارەساتانە بژیت و شیعریش بنووسێت، بەڵام گوزاشت لەو ھەموو کارەساتانە نەکات. لە بەشێکی دیکەی نامەکاندا، ئەوانەی دوای چوونە دەرەوەی شاعیر بۆ مەنفا نووسیویەتی ھەمیشە ھەست بە غەریبی دەکات و تاسەی گەڕانەوەیەتی بۆ کوردستان.
لە نامەکاندا، باسی ژیانی پێشکەوتووی دنیای خۆر ئاوا دەکات، بەڵام ئەو ژیانە بۆ ئەو نامۆیەو بەردەوام وەک خۆی لە نامەیەکدا دەڵێت:( ھەمیشە خەون بە بێگەردەوە ئەبینێت). بەردەوام خەیاڵی لە گەڕانەوەدایە بۆ کوردستان. بێگومان بینیشمان کاتێ ھەر تەنھا چەند مانگێک بە سەر ڕاپە ڕین تێپەڕیبوو، شاعیر گەڕایەوە کوردستان و دوای ھەڵبژاردن بووە وەزیری ڕۆشنبیری. بەڵام لە پیشەی وەزیریشدا، وەک خۆی لە نامەیەکدا باسی دەکات، نەیتوانیوە لە بەرامبەر ئەو ھەموو کێشەو کێماسی و ملمڵانێ حزبییە بێدەنگ بێت. بۆیە کاتێ ھەست دەکات کاری وەزیری لە گەڵ دنیای تایبەتی و شیعری ئەو ناگونجێت، ئیدی دەست لە کار دەکێشێتەوەو دەگەڕێتەوە ھەندەران. بێگومان ژیانی ھەندەران بۆ شاعیر، ژیانێکی جیاواز بوو.شێرکۆبێکەس کاتێ لە شاخەکانی سەرگەڵو بەرگەڵو وەوە دەچێتە ھەندەران، ئیدی دەبێتە شاعیرێکی ناسراو، کە چەندین کۆڕی شیعری لە وڵاتانی دەرەوە ئەنجام دەدات و شیعرکانی وەردەگێڕدرێنە سەر چەندان زمانی بیانی.تا دواجار خەڵاتی بە بەھای تۆخۆڵسکی وەردەگرێت. نامەکانی شێرکۆ بێکەس لە پاڵ ئەوەی پرس و بابەتی ئەدەبی و سیاسییان تێدایە، لە گەڵ ئەوەشدا ھەندێ جار بە زمانێکی کۆمەڵایەتییانە، باسی پەیوەندی نێوان خۆی و ھاوڕێکانی دەکات.
لە نامەیەکدا بۆ جمال شارباژێڕی شاعیر کە ھاوڕێی شێڕکۆ بێکەس بووە، دەڵێت:-(سەروپێ کەمان نەخوارد، بۆ کوێ دەچی ھەر دەیخۆین). یاخود لە نامەیەکی دیکەدا،باسی مشک و ھەڕەشەی مشکەکان دەکات لە ژوورێکدا. شێرکۆ بێکەس لەو نامانەدا ھەر تەنھا وەک شاعیرێک نەدواوە، بەڵکو وەک کەسێکی سادەو کۆمەڵایەتی لە بە شێک لە نامەکان دەردەکەوێت. ھەر وەک لە کۆتا بە شی پەرتووکەکەدا، چەندین نامەی کورت کورتی یەک دێڕی و دوو دێڕی دەبینین، کە پەیوەندییان بە کاروبارە ئاساییەکانی ژیانی ڕۆژانەی خۆی و ھاوڕێکانیەوە ھەیە لە دەزگای سەردەم و شوێنی کارکردنی.
لە بەشێک لە نامەکاندا، ئامادەکاری پەرتووکەکە، چەندین نووسین و دەستەواژەیەکی لابردوون، بە ھۆکاری ئەوەی کە بڵاوکرنەوەیان ڕەنگە بۆ ئێستاکارێکی باش نەبێت. بەڵام ھەمان دەستەواژەو دەربڕینەکان کە ئامادەکاری پەرتووکەکە لایبردوون، لەکۆپی بنەڕەتی نامەکاندا، واتە دەستنووس کە لە بە شی دواوەی پەرتووکەکەیە، ھەرماون و لاینەبردوون.کە بە بۆچوونی من وەک خوێنەرێک دەکرا وەک ئەمانەتێکی مێژوویی ناوەڕۆکی نامەکان وەکو خۆی بڵاوبکاتەوە.دیارە خوێنەوەی نامەش وەک ھەر ژانرێکی دیکەی ئەدەبی، چێژ بە خوێنەر دەبەحشێت. لە کۆتاییدا سەرنجم لە بارەی نامەکانەوە ئەوەیە، کە دانەری پەرتووکەکە نامەکانی بە بێ ڕێز بەندی مێژوویی و بەرواری نووسینیان لە چاپ داون. واتە ڕەچاوی مێژووی نووسینی نامەکان نەکراوە. کە ئەگەر بە پێی مێژووی نووسین و ساڵەکانیان نامەکان دانرابان، جوانتر و گونجاوتر دەبوو. بۆ نموونە: نامە ھەیە لە ساڵی ١٩٩٦ نووسراوە، لە پێشەوەی نامەیەک بڵاوکراوەتەوە کە ساڵی ١٩٩٠ نووسراوە. بە ھیوام بەرگی دووەمی نامەکانیش چاپ و بڵاو بکاتەوە.
|