په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\١١\٢٠١٢

نامەکان لە زیندانەوە!


بەشدار عوسمان      


هاتنە دەرەوەی دوو نامە لە زیندانەکانی هەولێر و دهۆک ،خەیاڵ و بیرکردنەوە و نیگاکانمانی گەڕاندەوە بۆ دواوە، لەکۆنترۆڵی خۆمان نەبوو بردینەوە زەمەنێکی تاریک،سەردەمێکی ناخۆش و شوم لە ژیانی خەڵک لە عێراق و کوردستان،گەڕاینەوە بۆ هاتنە دەرەوەی نامەکان لە زیندانەکانی ئەبوغرێب و ئەمنە سورەکە و دائیرەی ئەمن،هەست و ئیحساس و بیرکردنەوەمان چویەوە بۆ هاوار و نزای گەنجانی کورد لەژێر ئەشکەنجەی پیاوانی بەعس و جەلادەکانی،خەیاڵمان بردینەوە بۆ ئەو مەشهەدە تراژیدیا و مەرگ هێنەرانەی کە کەسوکار و خانەوادە و خێزانی گەنجانی کورد بەدەستی رەفیقەکان دەیانچێشت،تەنها لەبەر ئەوەی رۆڵەکانیان بەرنامە و بیرکردنەوەی بەعس و پیاوەکانیان قبوڵ نەبو،زوڵم و زۆرداری و دکتاتۆریەتی بەعسیان رەتدەکردەوە،خۆیان دەخرانە زیندانەکان و چارەنوسێکی نادیاریش چاوەڕوانی خۆی و کەسوکار و خێزانەکەی دەکرد.


هاتنە دەرەوەی ئەو نامانە و نزاو تکاکانیان کە گیانی خۆیان و خانەوادە و کەس و کاریان پارێزراو بێت،نەک هەر بردینەوە بۆ خاڵی سەرەتا،بەڵکو پەشیمانیەکی قوڵ بویە میوانی خەیاڵ و بیرکردنەوەی هەموو مرۆڤێکی ویژدان زیندوو کە دڵی بۆ ئازادی و خۆشبەختی ئینسانەکان لێداوە ولێدەدات،من دڵنیام دوای هاتنە دەرەوەی ئەو نامانە و بڵاوبونەوەیان، سەدان و هەزاران لەو کەسانەی کەبۆ ئازادی و سەربەخۆیی خەباتیان کرد و سینگیان کردە قەڵغانی گوللەی پیاوانی بەعس ئێستا پرسیار لەخۆیان دەکەن و دەڵێن : ئێمە ئاوارەیی و دەربەدەری و قوربانیمان نەدا کە ئێستا رۆڵەکانمان لەسەر گوتن و نوسینی چەند ووتارێکی رەخنە ئامێز و نارەزای بونیان لە ناعەدالەتی و گەندەڵی و رۆتیناتێک کەسەراپای دامودەزگاکانی بەرێوەبردنی گرتۆتەوە( بەرپرسانیش ئەمە رەتناکەنەوە)،برفێندرێن و لەزیندانەکان نئاخنرێن و هەوڵی دەرمانخواردنیان بدرێت و کەس و کارەکانشیان وەکو کەسوکاری ئەمان بکەونە ژێر هەڕەشە و فشار و ئیهانە کردن،ئەو دەسەڵاتەی کە بەخوێنی هەزارەها گەنج لەکەسوکاری سەردەشت و سۆران و عبدالستار و کارزان و سید ئەکرەم بەو رۆژە گەیشت،بۆچی دەبێت باجی رەخنە و قسەکردن و ئاشکراکردنی ووردە گەندەڵیەک کوشتن و سجن و ژەهراوی کردنیان بێت؟!


ئەو هەموو گەنجە خوێنی خۆیان نەکردە کاسەوە تا ئەو دەسەڵاتەی کە بەخوێنی ئەوان دێتە سەر حوکم، سەردەشت و سۆرانەکان لەسەر نوسینی چەند ووتارێک گوللە بنرێن بە دەم و سینگیانەوە،خەڵکی کوردستان روبارێک خوێنیان نەرژاند( کەم خانەوادە هەیە رۆڵەیەک یان زیاتری بەدەستی بەعسیەکان تیانەچوبێت )، تا کارزان و سید ئەکرەم لەسەر ئاشکراکردنی چەند گەندەڵیەک بخرێنە زیندانەوە و ژیان و چارەنوسی خۆیان و خانەوادەکانیشیان لەژێر هەرەشەدا بێت،خەڵکی کوردستان ماڵ و سەروەت و سامانی نەکردە قوربانی شۆرشێک تاکو ئێستا دەسەڵاتدارەکانی خانو و موڵک و زەوی ا باغو باغاتی ئەو وڵاتە لەسەر خۆیان تاپۆ بکەن.


ئەگەر هەمو قسەکانی پێشوترمان لەبارەی ئەو ئەزمونە ناسک و پێ نەگرتوە،زیادەڕۆیی بێت و دەستمان لەپشت بێت و ئاژاوەگێڕ و تێکدەر بین !،ئەوا لەئاواز و فۆنەتیک و ووشە شاشەکانی ئەو دوو نامەیە و رووداوە و کەیسەکانی تەنها سێ ساڵی رابردو،ئەوە بۆ هەموو لایەک رۆشن دەبێتەوە کەدەسەڵات لەکوردستان دەسەڵاتێکی عەشایەری و خێلەکیە و زەڕەیەک نزیکایەتی بە مەدەنیەت و مافی مرۆڤەوە نیە،ئێستا ئیتر بۆ کەس جێگای گومان نیە کەسەربەخۆیی دادگا و دەسەڵاتی قەزای لەفەرهەنگی دەسەڵآتی سیاسیدا جێگای نابێتەوە، ئەوەی لەدەرەوەی دادگاکان بۆیان ناچێتە سەر بۆ تەسفیەکردنی نەیاران و رەخنەگران و خەڵکانی نارازیو کە دەیانەوێت ئەو ئەزمونە بکەوێتە سەر پێی خۆی و دەکرێت و ئیمکانی هەیە وەزعی خەڵک زۆر لەمە باشتر بێت ئەگەر لەدەستی کەمایەتیەکی کەم دەربهێندرێت، لەدادگاکان مەحکومیان دەکەن.


ئیتر ریاکاڵی و ئیدعاکان لەم بارەیەوە بەگوێی خەڵک ناچیت و بەپولێلی قەڵپ ناکردرێت چونکە خەڵک خۆیان بوارە عەمەلیەکەی دەبینن.


لەو دوو نامەیەدا ئەوە دەخوێنینەوە،کەئومێد و ئارەزوویەک گەنجان و خەڵکی ئەو وڵاتە بیست ساڵە لەچاوەڕوانیدان و ئاخی بۆ هەلدەکێشن و کاری بۆدەکەن و قوربانی بۆدەدەن و سەبریان بۆی گرتوە، بۆگەیشتن بەئازادییە فەردی و مەدەنیەکانیان،بۆ دەستڕاگەیشتن بە خۆشی و رەفاهەتیەکانیان،بۆ بەهرەمەند بونی ئینسانەکان بەژیانێک کە ماف و کەرامەت و شخێیاتیان پارێزراو بێت، جگە لە وەهمێک و خۆشباوەڕییەک هیچیتر نەبووە.

 

ماڵپه‌ڕی به‌شدار عوسمان

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک