په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٥\٢٠١٢

نامەیەکی کراوە بۆ مەکتەبی سیاسی (ی. ن. ک) و (پ. د. ک).


نووری حەمەرەئووف


ئاراستە کردنی ئەم نامەیە لەو سۆنگەیەوە دێ کە تا ئێستا دەسەڵاتی یاسا نەیتوانیوە سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت و لانی کەم ببێتە جێگەی متمانەی هاووڵاتیان. بەدیوێکی تریشدا دەسەڵاتی زاڵی ئێوە وەک دوو حیزبی دەسەڵاتدار بەشێکی جڵەوی یاسا لەدەسەڵاتی ئێوە دایە و لەم ئاستەشدا چ ئێوە و چ دەسەڵاتی یاسا غەدرێکی ئێجگار گەورەتان دەرهەق بە شەهیدان و ئەنفالکراوەکان کردوە.


لەو ڕوانگەیەوەی کە شەهیدی نەمر (شێخ ئەمین) لەڕابوردوودا بەشێکی ژیانی بۆ ی.ن.ک. تەرخان کردبوو وەک پێشمەرگەیەک، بۆیە ئۆباڵی گلەیی و گازندەکانمان ئاڕاستەی ئێوە دەکرێت.


ئومێدمانە لە ڕێگەی ئەم نامە کراوەیەوە گوێمان لە دەنگدانەوەی خۆمان بێت و دەسەڵاتیش کەمتەرخەم نەبێت لە جێ بە جێ کردنی یاسادا.

شێخ ئەمین لە ساڵی ١٩٥١لەدایک بووە. ساڵی ١٩٧٣ بووە بە پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ساڵی ١٩٧٨ پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە کردوە. ساڵی ١٩٨١ بووە پێشمەرگە لە تیپی ٥١ی گەرمیان. هەمان ساڵ بووە فەرماندەی مەفرەزە لە هەمان تیپ. لە ساڵی ١٩٨١ خۆی و چوار هاوڕێی تری لە لایەن حکوومەتەوە دەستگیرکران و پاش ماوەیەک حوکمی لەسێدارەدانیان دەرچوو، بەڵام لە لێبووردنێکی گشتیدا ئازادکران.


لە ساڵی ١٩٨٢دا بوو بە پێشمەرگە لە تیپی ٥١ی گەرمیان. کادرێکی سەربازی و تەنزیمی و کۆمەڵایەتی تیپی ٥٣ شێروانە بوو، کەسایەتییەکی ناسراو و دیاری ناوچەی گەرمیان بوو. دوای هێرشی بەدناوی ئەنفال بۆ سەر کوردستان، شێخ ئەمین وەکوو هەموو خەڵکی کوردستان بۆ دەربازکردنی خۆی و ماڵ و منداڵی ڕووی لە شارەکانی کوردستان کرد.


ئەو دەمە شێخ تەییب موستەشاری فەوجی ٢٠٣ بوو کە بە فەوجی دیفاع وەتەنی بەناوبانگ بوو، ئەم فەوجە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی فەیلەقی ١ بوو کە لە ژێر فەرماندەیی (عەقید عەلی فدهم عزیز) دا بوو.


دوای گفت و پەیمانێکی زۆر لەلایەن شێخ تەییب، دوور لە دابوونەریتی کوردەواری، دوای سێ ڕۆژ دەستبەسەراگرتن لە ناو ماڵەکەی خۆیدا، لە ڕۆژی ٥/٥/١٩٨٨ شێخ ئەمین و شێخ نەجیمی برای و دوو هاوڕێی تری تەسلیم بە (عەلی فدهم عزیز)ی کردن کە لێپرسراوی ئەمنی فەیلەقی ١ بوو لە شاری سلێمانی.


لە ساڵی ١٩٨٩ دوای یەک ساڵ شێخ ئەمین و هاوڕێکانی لە شاری دیوانییە لەسێدارە دران..


دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس، شێخ تەییبی کۆنە موستەشار و ڕەفیق حیزبیی بەعس ڕووی لە کوردستان کرد و وەکو نە بای دیبێ و نە باران، لە سایەی ئازادیی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا لە شاری سلێمانی جێگیر بووە و تا ئێستا هیچ لێکۆڵینەوەیەکی یاسایی لەگەڵدا نەکراوە.

 


nouribarzenji@live.se

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک