٢٠\٨\٢٠٢٥
نامەیەک بۆ دایکم.*

سێرگی یەسنین** |

و: نەژاد عەزیز
سورمێ |
هێشتا ماوی
پیرەژنەکەم؟!
هێشتا؟
سڵاوت لێ بێ، سڵاو!
خۆری تاقانەی ئێوارانت
بەسەر ماڵێدا ببارێ...!
بۆم دەنووسن:
تۆ نیگەرانیی و خۆت دەخۆیتەوە و
زۆرم لە خەم دای ..
زۆر جار بە بـاڵـتۆ دڕاوەکەتەوە
دەچیتە سەر ڕێگا..
بۆم دەنووسن،
بە تەنیا خەونێکی
تاریکایی ئێوارەیەکی ڕەش
وات لێ دەکا دڵنیا و سووربی ،
وەک بڵێی
کەسێک لە دەمەقاڵییەکی مەیخانەدا
خەنجەر لە دڵمدا دەچەقێنێ ..!
شتی وا نییە قەدەرگرانێ من !
دڵنیابە !
ئەوە لە وڕێنەیەکی دزێو
بەدەر نییە..
من ئەو بەدمەستە ڕەزاقوورسه نیم
بەرلەوەی بتبینمەوە بمرم..
هەر لەسەر پەیمانی جارانم
بەسۆز..
تەنیا خەون بە شتێکەوە دەبینم
زووتر بەرەو ماڵە بچکۆلەکەمان
بگەڕێمەوە و
لەو خەمۆکییە ڕاماڵە هەڵبـێم..
دەگەڕێمەوە
کە چڵ و پۆپ
لە باخچەی سپی بەهاریماندا
هەڵدەکشێن..
بەڵام نابێ دایە
لەگەڵ کازیوەدا
خەبەرم بکەیتەوە
وەک پێش هەشت ساڵان دەتکرد..
لە خەونە ون بووەکانم
بە ئاگام مەهێنە!
ئەوانەم لەلادا مەورووژێنە
بەدی نەهاتوون..
من هەر زوو ،
زۆر زوو
دەبووایە ،
ماندوویەتی و ون بوون
تاقی بکەمەوە..
فێری نوێژیشم مەکە دایە
پێویست ناکا
گەڕانەوە بۆ دواوە نییە..
تـۆ ،
تەنیا تۆی یارمەتیدەر و
شادی بۆ من..
تەنیا تۆی
ڕوناهی ئەفسووناویم.
کەواتە نیگەرانیی خۆت
لەبیرکە دایە !
خەمم زۆر بۆ مەخۆ
تکایە ئیدی
نەیەیتە سەر ڕێ
بە بـاڵتۆ شڕە کۆنەکەتهوه...
________________________________________
*
له ماڵپهڕێكی تایبهت به شاعیر، به وهرگێڕانی (ثائر زین الدین) بۆ
عهرهبی كراوه به كوردی.
**
شاعیری ناسراوی ڕووس (١٨٩٥ - ١٩٢٥).
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|