١\١\٢٠١١
نامەیەک بۆ مامۆستا فەرهاد پیرباڵ.

جهمال
عهزیز
مامۆستا فەرهاد سڵاو: بەڕێز من تاکو ئێستا ئامادەی وانەکانت(محازەرە)
نەبووم لەناو زانکۆ، خۆم بەقوتابیەکی دەرەوەی زانکۆ دەزانم ئاشنام بە
نووسین و سەرنج و کۆڕو کۆبوونەوەکانت تەنها لەڕێگەی کۆمپیوتەرەکەمەوە،
ئەم نامەیەت بۆ دەنێرم هەروەک نامەکەی مامۆستای گەورەی کورد بەڕێز
مەسعود محمد بۆ گورباچۆڤ سەرۆکی یەکێتی سۆڤێتی جاران بەناوی( بۆ
گورباچۆڤ سڵاو و تکا)ببورن تکایە من نامەوێ بڵێم وەک مامۆستای گەورەی
کورد مامۆستا مەسعود محەمەدم، مامۆستا گیان ئەم جەنگەی لەنێوان دوو
جەمسەر بەرپا بووە سەدان ساڵە درێژەی هەیە، لەزۆر جێگەی ئەم جیهانە گڕی
شەڕ مرۆڤەکان دەسووتێنێو بەردەوامیشە لەسووتاندن، تۆ یەکێکی
لەسەرکردەکان، زانست و زانیاریت، ڕۆشن فکریو بیرکردنەوەت، دڵسۆزی
وخەمخۆریت بۆ کۆمەڵگا تۆی کردە سەرکردە، هەروەک چۆن بووێری و ڕاست بێژی
مەنسووری حەلاجی کردە سەرکردە ئاواش تۆ و چەندانی وەک تۆ سەرکردەن لەو
مەیدانی جەنگەی کەدرێژەی هەیە، مامۆستا (عبدولخالق معروف) ئاڵاکەی
داوەتە دەست تۆ و ڕۆشن فکرە بەرچاوەکانی ناو ئەم کۆمەڵگایە.
جەنگی بەردەوام لەنێوان پیاوانی ئاینی و ڕۆشنبیران ونوسەران لەهەموو
کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتیدا لەدوای سەرهەڵدانی دین تاکو ئەمڕۆ بەردەوامەو
هەربەردەوامیش ئەبێت، ئەم جەنگە دەبێت بەردەوام بێت تاکو لایەک چۆک
دادەدات، بەڵام هیچ لایەکیان کۆتایی بەژیانیان نایەت،واتە هەردوولایەنی
بەشەڕهاتوو لەژیاندا دەمێنن، زۆر لەمێژە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دابەش بووە
بەسەر دوو باڵی دژ بەیەک، لایەک دەیەوێ مرۆڤایەتی لەخاڵێکی چەق
بەستوودا نەمێنێتەوە ، دەیەوێ ڕاستیە نەوتراوەکان بە کۆمەڵگا بڵێ،
دەیانەوێ مرۆڤەکان ئاشنابکەن بە ڕووی ڕاستەقینەی ئەو ئاوێنەیەی
پێیدەوترێ ژیان، ئەو لایەنەی دەیەوێ خەڵکی لەخەونێک بەخەبەر بێنێ
کەلەشیوەی مردندایە،ئەم توێژەی ناو کۆمەڵگا بە توێژی ڕۆشنبیرو
پێشکەوتووخواز، نوێکار، داهێنەر، بەسەرنج لەهەموو شتێک ناسراون ،
توێژێکن هیچ شتێک لەدنیادا بەڕەها نازانن، هیچ کەسێک پیرۆز ناکەن تاکو
ڕادەی پەرستن، چونکە باش گەشتوون بەو ڕاستیەی هەرکەس پیرۆز کرا مانای
سێبەری دکتاتۆر بەدی دەکرێ لەسەرکۆمەڵگا .
لایەنی بەرامبەر بۆ ئەم جەنگە درێژ خایەنەی ژیانی مرۆڤایەتی پیاوانی
ئاینیو کەسانی باوەڕدارن بە دنیای خەیاڵ و ژیانی ناو فردەوس، ئەم
مرۆڤانە لەهەر کۆمەڵگایەکدابن لەهەر سەدەیەکی کۆن و نوێدا بن بۆ
بەردەوامی لەژیانی تایبەتی خۆیان هەموو یەک بیرکردنەوەیان
هەیە،لەهەندێک شوێنی ئەم گۆی زەویە پیاوانی ئاینی لەو جەنگەدا دۆڕاون
چۆکیان داداوە لەبەردەم مرۆڤایەتیدا، بەناچاری باوەڕیان بە ئازادی ،
دیموکراتی، ڕەخنەگرتن، ڕایی جیاواز هێنا، دەیانەوێ لەژیاندابمێنن
لەسایەی ئەو دنیایەی کەئەوان بەدنیای شەیتان ناویان دەهێنا هەرچەند
تاکو ئێستاش هەربەتەمای گەڕانەوەی مێژوون.
ئەو جەنگەی کەمەلاکان و پیاوانی ئاینی مشەخۆر لەکوردستان هەمیشە
ئامادەن بۆ بەرپاکردنی دژ بەنووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد، سەرچاوەیەکی
ئاشکرای هەیە، هەروەها وزەی بەردەوام بۆ پەرەپێدانی جەنگ خەڵکی
ساویلکەو کەم ڕۆشنبیری گەلەکەمانە، ئەم توێژەی ناو کۆمەڵگا لەخەیاڵ
پڵاودا دەژین ناڕازین بەوتنی ڕاستیەکان، ئاو دەکرێتە ژێریان گەر خەڵکی
کوردستان بەرچاوڕوون بن، نایانەوێ کۆمـەڵگاکەمان بەبیری نەتەوەی
هۆشمەند بن ،چونکە دەزانن ئاشنا بوون بە دنیای بێ جیاوازی ،بە ژیانی
سەربەستیو بێ ملکەچی بۆ خەیاڵ و بۆ دنیای غەیب، بازاڕی ئەمان کزدەبێت
و گەر سەتڵێک ئاویش بخۆنەوە کەسێک نیە پێان بڵێ نۆشی گیانتان بێ، ئەم
توێژەی ناو کۆمەڵگاکەمان کە سەرکردەی ئەم جەنگە دەکەن دژ بەئێوە
بەتایبەتی و خەڵکی کوردستان بەگشتی باش دەزانن گەر خەڵکی ئاگادار
بکرێنەوە لەڕاستیەکان ئەوا دنیای خەیاڵی ئەمان وەک بڵقی سەرئاوی
لێدێت،وەک سەراب سەیردەکرێ، هەروەها کەم نین ئەو کەسانەی کەخۆیان بە
چینی ڕۆشنبیر دەزانن بگرە هەندێکیشیان لە فەرمانگاکانی کوردستاندا پلەو
پایەی بەرزیشیان هەیە تاکو دەگاتە دادگاکانیش ئەمانە بارگراوەندێکی
ئاینییان هەیەو زۆر بەشێوەیەکی ناحەز لەتۆ و لە هاوفکرەکانت دەڕوانن،
دەبێ ئێمە باش ئەوڕاستیە بزانین کەئەم توێژە زۆرەی ناوکۆمەڵ هەرگیز حەز
بەپێشکەوتنی کۆمەڵگا ناکەن،چونکە بەزانستو زانیاری ئەمان دەخرێنە
لاوەو دەبن بە مێژوو بەڵام مێژوویەکی گوماناوی.
هەروەها لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزم بۆ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حوکمەتی هەرێم،بۆ
خەباتو تێکۆشانیان، بەڵام نازانم تۆی بەڕێز چۆن دادو بێدادی خۆت
دەبەیتە بەردەم سەرۆکی هەرێم ،چونکە بەڕێزیان لەبەر دوو هۆی گرنگ
نایەوێ پشگیری بیرو بۆچونەکەت بکات ،یەکەم لەبەر ئەوەی سەرۆکی هەرێم بۆ
خۆی لەبنەماڵەیەکی ئاینی گەورە بووەو بارگراوەندێکی ئاینی هەیە تاکو
ئێستاشی لەگەڵدابێت زۆر شانازی پێوە دەکات کەئەمەیان مافێکی تایبەتی
خۆیەتی من بۆم نیە هیچ جۆرە ڕەخنەیەکی ڕوخێنەری لێبگرم، بەڵام ئەوەی
کەجێگەی سەرنجی منە، ڕاستی پێکهاتەی زۆر لە حوکمەتو سەرکردەکانی هەموو
حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژهەڵاتی ناوینە، چونکە هەموو ئەو جۆرە
سەرکردانە باش ئەو ڕاستیە دەزانن بەپێشکەوتن و ڕۆشبیر بوونی کۆمەڵانی
خەڵک ،بەبوونی دەوڵەت بەدامەزراوەی مەدەنی ئەوان کاریگەریان لەسەر
گۆڕەپانەکە کەمدەبێتەوەو ئەو پیرۆزیەیان نامێنێ کە هەیانبووە، نەک
تەنها سەرۆکی هەرێم بەڵکو هەموو ئەوجۆرە سەرکردانە حەزبە دەستوورو
یاسایەک ناکەن کە لەسەر بنامەی دینی نەبێت، حەز بە دەستوورێک ناکەن کە
دەستوورێکی مەدەنیانە بێت، مامۆستای بەڕێز نامەوێ نامەکەم زۆر دوور
بخەمەوە ئەوەی کەدەمەوێ بیکەم بەکۆتایی نامەکەم تەنها گەڕانەوەی تۆی
بەڕێزو هەموو ئەو ڕۆشنبیرو نووسەرانەیە کە بوونەتە سەرکردەی ئەوجەنگە
دژ بە دواکەوتووی ، دژ بە ئەو پیاوە ئاینیانەی دەیانەوێ ڕاستیەکان
ئاشکرا نەکرێ، ئێوە زیاتر لەکۆمەڵانی خەڵک نزیک ببنەوە زیاتر ڕۆشنبیری
و زانیاریەکانتان بگەیەنن بە خەڵک ،زیاتر کۆمەڵانی خەڵک چەکدار بکەن بە
بیرو بۆچوونی ئازاد بە ڕەخنەی داهێنەر، بە نەترسی لە وتنی ڕاستیەکان ،من
دڵنیام هەروەها تۆی بەڕێزیش ئەوڕاستیە باش دەزانی کە سەرکەوتن هەر بۆ
بەرەی ئازادی خوازان دەبێت ،چونکە لە ئەوروپاو زۆربەی جێگاکانی سەرگۆی
زەوی ئەو جەنگە لەبەرژەوەندی بەرەی پێشکەوتوخوازانە ، بەڵام جەنگ
هەرگیز تەواونابێ.
لەگەڵ ڕێزی هەمیشەیم بۆتان.
ماڵپهڕی جهمال عهزیز
|