په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٨\٨\٢٠١٤

نامەیەک بۆ هەمووان.


ستار محەمەد قادر   

بۆ/
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
هەموو سەرکردە و هێزە سیاسیەکان
بۆ هەموو کوردێک لە هەر شوێنێک


کاتێک ئەم چەند دێڕە دەنووسم، ئازارێکی زۆر دەچێژم، بەڵام دەبێت درۆ لەگەڵ خۆمدا نەکەم و لەکاتی خاڵ خستنە سەر پیـتەکاندا ویژدانی خۆم ئاسوودە بکەم، بەڕێزان قەدەر تا ئێستا ئێمەی کوردی بەشێوەیەک وێنا کردووە، کە لەگەڵ یەک بژێین، ئەمەش بۆ خۆی کارەساتە، هەر ئەمەش بووە بەهۆکاری ئەوەی تا ئەمڕۆ بۆ یەکتری نەژێین، تکایە با بۆ یەک ژیان بەرجەستە بکەین نەک لەگەڵ ژیان، تکایە کورد دەبێت خۆی ببێت، ئەوجار سەنگ و قورسایی دەبێت، ئێوە تەماشای پۆلێنکردنی خۆمان بکەن، بزانن چۆن لەدابەشکردنی سایکس بیکۆ زیاتر چەقۆمان خستووەتە سەرگەردنی کورد وەکو میللەتێک چۆن ئەشکەنجەی رۆحی کوردبوونمان دەدەین، ئەوان خاکەکەمانیان دابەش کرد، ئێموەیش ئیرادەی کوردتان هەنجن هەنجن کرد، بەڕێزان شوورەییە بۆ کورد نەژیان!


ئاخر خۆ ئێوە فتبۆڵێن بەم میللەتە ناکەن؟ یان ریال مەدریدو بەرشەلۆنە نین تەنها سەرقاڵی گۆڵ تۆمارکردن بن بۆ یانەکانتان؟ ئێوە لەچارەنووسی گەلێک بەرپرسیارن، تەماشا کەن هێندەی شەقی دووژمنان، شەقی ئێوە ئەم میللەتەی شەکەت و ماندوو کردووە!


سەیرکەن؛ ئەم میللەتە چۆن بەدەستی ئایدۆلۆژیای حیزبەکانتان و ئایدیای ئێوە بووە بە لیبۆک، ئایا ئا ئەمەیە پاداشتی ئێوە بۆ میللەتێک کە باوەڕی بەئێوە هەیەو لەخەیاڵدانیدا ئێوەن کەشتیەکەیان بەرەو شوێنێکی ئارام دەبەن؟


تکایە با کۆتایی بەو سیناریۆیانە بهێنین، کە هەموو کاتێک تەنها بە قسە مژدەی گەورەمان پێ دەدەن و لە پراکتیکیشدا چەواشەمان دەکەن؟ با ئەزموون لەم شەڕە وەربگرین، تەماشای میللەتەکەتان بکەن، پەندیان لێ وەربگرن، باچیتر نەکەوینە داوی ناحەزانەوەو شەڕی یەکتری نەکەین، کوا تورکیا؟ ئەی ئێران لەکوێیە؟ ئەی ئەو وڵاتەی وا کورد بەردی بناغەی دانایەوە؟ بەحەقیقەت کاتێک ئەم چەند دێڕە دەنووسم، بێ ئومێدترین ئینسانم، هەر چەندە ئومێدێکی زۆرم بە گەلەکەم هەیە، بەڵام ئەوەی بێ ئیرادەمان دەکات، دووژمنانمان نین، بەڵکو ئێوەو ئایدۆلۆژیاو بەرژەوەندی تەسکی حیزبەکانتانن؟!


هزری سیاسی کورد و گرفتی نەبوونی دەوڵەت؟!


نەبوونی دەوڵەت و چەمکی دەوڵەت لەهزری سیاسی و سەرکردەکانی کورددا، گرفتی گەورەو کێشەی هەمە لایەنەی بۆیان درووست کردووە، هەر ئەمەش بووە بەهۆکاری ئەوەی لە چرکە ساتە هەستیارو دژوارەکاندا بکەونە ژێر کاریگەری دیدو تێڕوانینە لۆکاڵیەکانەوە، بەچاوێک تەماشای رووداوەکان دەکەن، رەهەندی نەتەوەیی و پاراستنی ئەمنی قەومی تێدا پەراوێزو فەرامۆش دەکەن، لەرووانگەیەکەوە قسە لەسەر تراژیدیاکان دەکرێت، لەشوێن دەسکەوتی نەتەوەیی لەهەوڵی ئەوەدان دەسکەوتی حیزبی بچننەوە، ئەمەش تەنها لای سیاسیەان نەبووە بەمۆدەو نۆرم، بەڵکو لەهەموو ئاستەکاندا رەنگی داوەتەوە، لەنێو هەموو تۆێژەکانی کۆمەڵگەدا دەقی گرتووە!


ئەمڕۆ ئەگەر هەر چاودێرێکی بیانی، سەرنجی کەناڵە بیستراو یان بینراو یانیش خوێندراوەکانی کورد بدات، ئەوەی بۆ روون دەبێتەوە، کورد چەند ساویلکانە سازش و مامەڵە بە بوونی خۆیەوە دەکات، سیاسیەکان تا چ ئەندازەیەک کوردیان لەقاڵب داوەو لەئاستی حیزبەکانیان بچووکیان کردووەتەوە، حیزبەکان چۆن بەرژەوەندیەکانی خۆیان خستووەتە سەرووی بەرژەوەندیەکانی ئەم میللەتە ستەمدیدەیەوە، ئەوەیان بۆ ئاشکرا دەبێت، کە لەهەگبەی ئەم حیزبانەدا خەیاڵی درووستکردنی دەوڵەت بوونی نیەو ئەوەشی باس و قسەی لەسەر دەکرێت، بەهیچ شێوەیەک بەردی بناغەی بۆ دانەنراوە، ئاخر چۆن دەکرێت، بۆ ئەمریکایەکی زلهێز رەوا بێت بەردەوام تیشک بخاتە سەر ئەمنی قەومی و ئیبرازی بکات؟ بۆ کوردێکی ستەملێکراو، خاک داگیرکراو، لەلای سیاسیەکان نەبووبێت بەشوێنی سەرنج و قسەی جیددییان لەسەر نەکردووبێت؟


بۆیە ئەوەی دەیبیستین و ئەوەی دەیخوێنینەوەو ئەوەی دەیبینین، هەر هەموویان بارگاوین بە ئایدۆلۆژیای حیزبەکان و لەژێر کاریگەری ئەواندان، بە ژمارەی پەنجەکانی دەست خەڵکانێک هەن خاوەنی رەهەندی نیشتیمانی و نەتەوەیین و کار بۆ تەوزیفکردنی هەستی نیشتیمانی و نەتەوەیی دەکەن لەناخی تاکەکاندا، بەڕاستی ئەمە دیاردەیەکی زۆر مەترسیدارە، ئەمە شێرپەنجەی بیرکردنەوەو دونیا بینی سیاسیەکانە، ئەم راوەستانە، خۆ کووشتنە، خۆڵ لەچاو کردنە، چاو بەستنە، مل شکاندنی میللەتێکە، لەبار بردنی خەون و دۆگما بوون و مت بوونە، ئەمە کووشتنی ئیرادەو بێ ئیرادە کردنی کوردو تاکی کوردە، تا لەتواناماندا نەبێت ئەم وەرەمە لەناخ و هزرماندا بسڕینەوەو لەناوی بەرین، تا دەست بەئیدارەکانەوە بگرین و ئیرادەکان پەرتەوازە بکەین، ناتوانین دەسبەرداری ئەو بیرکردنەوە لۆکاڵیانە ببین و نێو دەوڵەتیانە سیاسەت بکەین و وەکو سیاسمەتمەدارانی دونیا دەربکەوین؟!

 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک