په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١١\٢٠١٠

نامەیەک بۆ ژن، وەڵامێک بۆ پیاو.


سیروان عەلی

پێشکەش بە ھاوسەری ئازیزم (فاییزە)


ھەموو ڕۆژێک زەردەزیڕەی گوومان، بە ناو باخی ئەوینتدا دەگەڕێ‌ و بە دوای ھەنگی خۆشەویستیمدا چاودەگێڕێت, کە چۆن مەست نابێ‌ لە تەڕی ئاونگی سۆزت، لە نیوان پەلامارەکانی ئەو و بەرگرییەکانی مندا ، لە ژێر تەپوتلی جەنگدا لەتەک سەرەبزێوییەکانی تۆ و دەست بە کوتەگەکەی ئەودا، تەنیا گوڵە ڕوتەڵکەی گیانت و پژانی خوێنی خەندەت، سەوزبوونی نامۆبوونێکی ھەتا ھەتایی لە جیگەیدا ماوەتەوە. وا زیزبوونت تا سەر ڕیشاڵی تەمەنت ڕۆدەچێت. ئیتر گوڵەکانی نێو قەدەت بۆ ھەتایە بۆنی گوڵاوی ئەوینداری نابەخشن، لە چاوەڕوانی ھیچ ھەنگێکدا تەڕوتۆشی و ئاونگی شیلەی ئەوین ھەڵنامژن.


تۆ لە بەردەم ھەورێکی ڕەشی کیناوی یەخەت دادڕیوە لە بێکەسیدا ئەو دەدوێنی. یاخیت و نەفرەت بۆ ڕۆژی لە دایکبوونت دەنێری. ئەوەندە لە بوونتدا نامۆی چەکەرەی کردووە، باوک و دایکت وەک دوو جەمسەری پرتکردنی ھەوەسبازی دەچوێنی. تۆ چەندە لە بەژن و باڵات بە ڕکی، سەد ئەوەندەش باڵای براکەت تا تواندنەوە ئەبوغزێنی.


بەردەوام کوشتەی دەستی میردەزمەیەکی کە لە مێژە دایکت لە چەشنی چەند مرورەی وشەیەک کردی بە بەرۆکی بوونتەوە : تۆ لەو ڕۆژەوەی لە دایکبووی، ھەر نەگەبەتی و بە نگبەتی دەمریت. چی وتەیەکی ڕەشپۆش و نائومیدە. چەندە لە باخی دڵت بە پەنھانی چەکەرەی کردووە، چۆن شۆڕبۆتەوە بۆ ناخی ھیواکانت تا ھەڵبوونی خۆرێ‌ رزگاربوون لە ناختدا بتۆرێنێ‌ . دەبێ‌ چ ھێزێک بتوانیت ئەو تەختە ڕەشەی تەمەنت سەرلەنوێ‌ بنووسێتەوە و چ پەندێکی گەشبین ژیانێکی ئاسوودەی لە نەستتدا بچەسپێنێ. کام وشەی خام و چالاک توانای شەڕکردنی لەتەک ئەو مەعریفە ئەفسوناویەی لە پشت ئەو واتایانەوەن، ھەیە. یان بەرخودانی باخی تەمەنت توانای وشەسازی و دەمکوتانی جەنگی لەتەک مرۆڤێکی پیر و مێژووی پڕ شارەزای نەگبەتی ھەیە؟ تۆ بڵێی وشە ڕەنگ پەمییەکانی من ھێزی شکاندنی نەخشی کۆنکریتی دایکتی ھەبێ‌؟


ئاخۆ دایکت مەبەستی لە تەونکردنی ئەم وشانە چی بێت. کاتێ‌ دەڵێت "تۆ لەو ڕۆژەوەی لە دایکبووی، مەبەستی لە تۆ، تۆیە یان خۆیەتی یان مەبستی سەرجەم مێیە. من سەرسامم چۆن ئەم وتە تەماویانە وەک لاولاو بە قەد و باڵای تەمەنتا ئاڵاوە. کاتێ‌ دەڵێت"ھەر بەنەگبەتی لە دایکبووی" مەبەستی ئەوەیە تۆ مێیت و بۆ ئەو بووی بە نەگبەتی، یان بە مێ‌ لە دایکبوونت نەگبەتیەیەکی ھەتاییە؟. کاتێک دەڵێت "ھەر بە نەگبەتی دەمریت" لێرەدا پێت دەڵێت، من ئەوەندە ژیرم چارەی سبەی تۆ دەبینم یان شوناسی مێ‌ بوونتان بەم چەشنەیە. یان ئەمە ئەو وتەییە، کە ھەمووتان یەک لە دوای یەک نەوە، لە دوای نەوە بە چرپەوە دەیگوازنەوە و یەکتری پێ‌ یەخسیردەکەن. ئاخ ئەم فەلسەفەیە، کە تۆی زنجیر کردوە، چەندە تەلیسماوییە، کە تۆ ھیشتا لە مێی بوونت نکۆڵیت و لە نێربوونم بە داخیت.


ئازیزم ئەم وشانم دەخوازن ئاوێنەی ناخت بن، بۆسەیەکی چاونەترسی ئەفسانەی نێرینەکانی بەردەم ماڵت بن.


تۆ قەڵمبازی یاخی بوونەکانت نابینی. تۆ چەندین جار برینێکی لە لاشەی پیاوەتی. تۆ لە کاتێکدا گورز ھەڕشەی دەکرد، باڵی فرینت جۆشی گرت، ئەویش لەتەک گۆچانی باپیرانیدا پێی دەسەڵاتی درێژ کرد. تۆ لە وەرزی ژار و زناردا،چنارێکی باڵا بەرزی سەربەستیت. تۆ پێش ئەوەی پیاوەتی ماڵتان باڵ بگرێ‌، فڕیت. تۆ پێش ئەوەی ئەو وشە فێربێت، نووسیت. تۆ پێش ئەوەی کەلەپچەی ھەبێت، شورەکانت شکاندن. تۆ پێش ئەوەی ئەو کۆێلە و بەند بێ‌، ئاسۆت بینی. تۆ پێش ئەوەی چەکی ھەبێ‌، ترست بەزاند. تۆ پێش ئەوەی ئەو با لە کوێ‌ بێ، جیگەی خەوی ڕابخات، خەونت بە ھەتاوەوە بینی. تۆ پێش ئەوەی گۆزەی پولی پڕ ببێ‌، بوونت کردە ئاوات. تۆ پێش ئەوەی ئەو لە منداڵی بوونی نامۆ بکرێ‌، شیری سۆزت دا بە منداڵی. تۆ پێش ئەوەی لە بۆسەی گومان دڵی شەقبێ‌، لە ناو مێرگی ئەویندا خەوت لێکەوت. تۆ پێش ئەوەی ئەو بۆ پیاوەتی تەمەنێکی پڕ پەشیمانی و عیبرەت بێ‌، ورشەی ئەستێرەت لە یەخەی تەمەنی خوشکەکانت دا.


ئەو بە تین و تەوژمێکی کیسەڵی و بە ھەناسەی تەنگ دەجنگێت، تۆش بە شەقاوێکی گەورە و چاوێکی تیژەوە ھەنگاو دەنێیت. لە لوتکەی بڕواکانتەوە سیمای ئەو بە شێوەی دۆزەخ، گڕ دەگرێ‌. لە لەترەدان و ساتما و بەدەما کەوتنت، شادمانتر ئەسرینی بەزیت بۆ دەڕێژێ‌. لە ساتی گەستنەوەی پەنجەی پەشیمانبوونەوەی دەستی لێبوردنی میھربانی بۆ درێژ دەکەی. چاوت ئەشکی خوێنین بڕژێ‌، ئەوجا کەفوکوڵی ڕەقی سەردەکەوێ‌ت. ئیتر چیرۆکێ‌ مەبە، کە تۆزقاڵێک ھیوا بە ملکەچی ببەخشی. نەگبەتی و بەخت رۆژێکن لە ڕۆژمیری نەزانی و تاریکی کوا باڵی ھەیە بفڕی بە سەر عەرشی سەربەستی.


سەربەرزییەکانی ئێوە لە دەسەڵاتی خوێناوی پیاوەتی بڵندترن، تۆمارگەی مێژوو بۆ میھرەبانی ژن شایەتە لە دایکدا سومبولی سۆز و خاک باوەشی دڵنەوای، پێاویش سومبولی ئازارھێنن و بە زەبر و ئاڵا و لە خوێنی ڕۆڵەکانی. ئێوە فێرگەی ئاشتین لە جەنگەکاندا. ئێمەش پاڵاوانی ھاوجۆرکوژی، منداڵکوژی، ژنکوژی . لەو ڕۆژەوەی ھێزی بازوو باڵادەستە، جوانی لە سەر گۆی زەوی سەری خۆی ھەڵگرت. لەو ڕۆژەوەی سەردەمی دایک لە بەین چوو، مرۆڤ بۆتە قەڵادۆشکانی دڕندەکان، لەو ڕۆژەوەی پیاو سەردارە، زیندانێکی ھێناوەتە بوون و خۆی بووەتە زیندەوانی خۆی و ژنیش زندگی ناو زیندانەکان...


ئازیزم بۆ بوونت ئازاد بە ، بۆ جوان ناوەڕۆکی ئامانجێک بە ، بوونت بکە قۆزاخەی ناو ڕوباری ئاشقانی سەرچنار، دڵی میھربانت ئاوێزانی خۆشەویستیم کە، ئەی یار، من پیاو نیم ، حاشا من لە توخمی بکوژانی دوعا نیم ، من ناسنامەی مرۆڤی یەکسانم ئەی خۆشەویست.


١١
/١١/٢٠١٠
kakmasood@yahoo.com