په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٤\٢٠١٢

    نامەیەک بۆ نامەکانت.

هیوارەش

دەمێکە سەرسام لە شیعرە (تانە)کانت دەڕوانم
بە یەک و دوان و سیان واز ناهێنى
دەمێکە دەزانم ڕکن و وڕکن
تیرم تێدەگرى و
نەشتەر لە هەناوم دەچێنى!
من لێتدەگەم
بەڵام تۆ
لە زمانى باران ناگەیت و
نازانیت ئەو بۆچى؟
شێتانە لە بەهارەپایزەدا
لە دڵۆپە سەوزەکانیدا
زەرداو دەچۆڕێنێ!
پەى بە نەرمە ئاوازەکانى نابەیت و
بە پەنجە (ئەڵماس) ییەکانت
(ژێ) ى کەمانچەى عەشق دەکەیتە پەتى قەنارە و
نۆتەى ئەویندارى دەتاسێنى.
   *   *   *   *   *
ڕەنگى وەنەشەییم هێنا و
کردم بە بەرۆکتدا
گوڵە نێرگسم
وەکو تەوقە
لە سەرت دا
گوڵاڵەسوورەم چنى بۆ سوراوى لێوت
یاسەمینیشم پرژاند بە سنگ و مەمکتدا
بەڵام تۆ
لە زمانى ڕەنگەکانیش نازانى
منیش نازانم
چیت دەوێ و
بۆچى گلەیى دەکەى؟
ئەگەر سەریشم لە جەستەم بکەمەوە بۆت
بڕیارت داوە
لە زمانى عەشق نەگەى!
بڕیارت داوە
هەر گلەیى بکەى و
بمکەى بە شەوچەرەى خۆت.
   *   *   *   *   *
تاڵى تیشکى نیگا و
فۆنتى ناخ و
دێر بە دێرى هۆنراوەکانت دەخوێنمەوە
لە هەنسکى ڕک و
قوڵپى وڕک و
ڕوحى سوک و
سیماى وەک بوک و
لە ژوورى تەنهایى پڕ دڕکەزێتدا
بە جوانى دەتبینمەوە
بریا هەڵە نەبومایە و
ئەو کەسەم لە تۆ بدیبایە
کە شەوانە هەزاران جار
خۆم بە قوربانت و
خۆت بە قوربانم دەکرد
خۆزگە ئەو نیازە پاکەى هەمبوو
تۆش کەمێک سەرت لێدەردەکرد!
   *   *   *   *   *
تۆ ئاشناى چریکەى ئەوین نیت و
پەڕەسێلکەئاسا
بێئۆقرە لە هەستەکانى مندا
جێ بە خۆت ناگرى و
گەرمیان و کوێستان و
گلەیى دەکەى،
گوایە درۆزنانە
خۆم بە عەشقى تۆوە بەستبۆوە
هەرچى قسەى خۆت و
ماچى شەوانەى لێوت
تاسەى هەناسەى دوورى خۆت و
پاداشتى بۆنى سێوت
هەموویت بیر چۆتەوە
نازانم بۆ؟
لەم ساتەوەختەدا
بە ڕوومدا دەدەیتەوە
تۆ بڵێى چى ڕویدا بێ
وا قەتماغەى زامى کۆن هەڵدەدەیتەوە!
   *   *   *   *   *
تۆ چەشنى دواچۆڕى دواپێکى مەستیى
دڵم نەدەهات جێیبێڵم و
دڵم نەدەهات بیڕێژم و
نەمدەتوانى بیخۆمەوە
دەترسام لەوەى خوانەخواستە
لە دواییدا هەڵیبێنمەوە
بۆیە بڕیارم دا
وەکو نەمامی ناو زوقم
لە ناخى گەرمى خۆمدا بتشارمەوە و
لە دڵمدا بتنێژم
تا لە سەرمابردەڵەیى بتپارێزم
ئازیزم.

ئازیزم ، هەرچى بە زارتدا دێ
قەڵەمەکەت تا کول دەبێ و
خەیاڵدانى شیعرت تا کام مەنزڵگا
بڕ دەکا
کام نەشتەرت جەستەى من سڕ و
ئەنجن ئەنجن دەکا !
کام ڕم
لە جەرگى من سەر دەکا
هەمووى هەڵڕێژە
دواتیرى نێو کەوانت بهاوێژە
چى دەبێژى
بێژە
شیعرەکانى تۆ بۆ من بەرماڵە و
جنێوەکانیشت دەسنوێژە.
   *   *   *   *   *
بمبورە کەوا لەسەر ڕیتمى جنێوە شیرینەکانى تۆ
ئەمجارەشیان هاتمەوە گۆ.

 

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک