٧\٢\٢٠١٢
نامەیەکی کراوە بۆ
سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی.

بەکر عوسمان
سەرەتا سڵاو!
بەبۆنەی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، وەک
عادەتی ھەموو حکومەت و کابینەکانی پێشوو لە کوردستان لە پەیامی خۆتاندا
کۆمەڵێک بەڵێنتان بە خەڵکی کوردستان داوە. بەڵام ئەم بەڵێنانە بەر
لەوەی مەرەکەبی نووسینیان وشک بێتەوە ڕوبەڕوی پرسیاری گەورە دەبنەوە،
یەکێک لەو پرسیارانەش کەیسی سەرکوتی ناڕازیان و کپ کردنەوەی دەنگە
ئازادەکانی کوردستانە. نمونەیەکی بەرجەستەی ئەو پرسیارەش کە ھەر لە
یەکەمین ڕۆژەوە لەسەر مێزی ئێوەیە کەیسی فڕاندن و تیرۆرکردنی
ڕۆژنامەنووس و خوێندکار سەردەشت عوسمانە..
کارەساتی تیرۆری رۆژنامەنوس و قوتابی سەردەشت عوسمان. ئێستا ساڵێک و ٨
مانگ بەسەریدا تێئەپەرێت، حکومەت و دەزگا بەرپرسەکان لەبەرامبەر ئەو
تاوانە گەورە و غەدرە گەورەیە بێدەربەست بوون. جگە لەوەش لێژنەی
لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی تیرۆری سەردەشت، بە دارشتنی سیناریۆیەکی
ھەڵبەستراو تاوانێکی گەورەی بە حەقی سەردەشت و خانەوادەکەی ئەنجامدا.
ھۆنینەوەی چیرۆک و سیناریۆیەکی وا دووبارە تیرۆرکردنەوەی سەردەشت و
کەسایەتی سەردەشت و بریندارکردنەوەی ئێمە خانەوادەی سەردەشت و ھاوڕێیان
و خەڵکی کوردستان بوو.
ئێستا بە دوای ساڵێک و ٨ مانگ لە تیرۆری سەردەشت من دووبارە پێ لەسەر
مافەکانی خۆمان وەک خانەوادەی سەردەشت و مافی سەرەتایی خەڵکی کوردستان
لە ئازادی و پاراستنی ئەمنیەت و ژیانی تاکەکانی کوردستان دادەگرمەوە و
تەئکید دەکەم کە ئەوانە سەرەتایی ترین ئەرکی ھەر دەسەڵاتێکە چاوی لەوە
بێت ڕەوایی و شەرعیەتی لەلایەن خەڵکەوە پێ ببەخشرێت. دەسەڵاتێک مافی
ژیانی تاکەکانی کۆمەڵ نەپارێزێت ناتوانێت ھیچ ڕەواییەکی ھەبێت . لەم
ڕوانگەیەوە من بۆ جاری چەندەم ئەم خواستانە لە بەرانبەر حکومەتی ھەرێمی
کوردستاندا ڕادەگەیەنمەوە:
١. لیژنەیەکی پسپۆڕی بێلایەن بە بەشداریی نوێنەرانی ڕێکخراوە نێو
دەوڵەتیەکانو ڕۆژنامەنووسانو نوێنەرانی ڕێکخراوە مەدەنیەکان پێک بێت،
کە لە لیژنەیەکی واشدا نوێنەرایەتی ئێمە وەک خانەوادەی سەردەشت ماناو
جێگای دەبێت.
٢. ئەو لێژنەیە دەسەلاتی ئەوەی ھەبێ چاوپێکەوتن لەگەل ھەر بەرپرسێکی
حکومەتی ھەرێم و حیزبەکان بکات بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون.
٣. ھەڵوەشانەوەی سیناریۆی لێژنەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی تیرۆری سەردەشت
عوسمان، لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە دارێژەرانی ئەو سیناریۆیە قێزەونە
و دادگایکردنی ئەوانەی لە پشتی داڕشتنی ئەو سیناریۆیە بوون.
٤. لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لەو کەس و دەزگایانەی لەدوای تیرۆری
سەردەشت، ھەڵساون بە ھەڕەشە و فشارھێنان و ناڕەحەتکردنی خانەوادە و
ھاوڕێیانی سەردەشت عوسمان.
بێدەربەستی لەبەرامبەر ئەم دۆسیە، خاڵێکی ڕەشە بە تەوێڵی دەسەڵات و
حکومەتی ھەرێمی کوردستان. وەڵامنەدانەوە ی ئەم دۆسیەیەش ئێوە دەخاتە
بەردەم بەرپرسیاریەتییەکی مێژوویی گەورە.
لە کۆتاییدا بە پێویستی ئەزانم ئەوەش بڵێم کە مەسەلەی سەردەشت ئێستا
مەسەلەی منە وەک برایەکی سەردەشت، پەیوەندی بە ئەندامانی تری
خێزانەکەمەوە نییە. ھەر شتێک پەیوەستە بە مەسەلەی سەردەشت من لێی
بەرپرسیارم.
ماڵپهڕی ئارام عهلی
|