٢٥\٧\٢٠٢٢
نامەیەک بۆ سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا.

عامر سابیر
بەڕێز ئەنتۆنی ئەلبەنیزی
سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا
ئەدرەسی پەرلەمانی ئوسترالیا
تەلەفۆن و فاکس
بەروار: ٢٦\٦\٢٠٢٢
بابەت: جولیان ئەسانج
بەڕێز سەرۆک وەزیران.
من ئەم نامەیە ئەنووسم لەسەر مەسەلەی جولیان ئەسانج، کە لە ماوەی ١٢
ساڵی ڕابردوودا لە بەریتانیادا بە شێوەیەک لە شێوەکان لە زیندان توند
کراوە. هیچ گومانم لەوە نەبووە کە ئەگەرجێرمی کۆربین و جۆن ماکدۆناڵ،
هەڵبژاردنی ڕابردوویان لە بەریتانیادا ببردایەتەوە، ئەوا ئێستا جولیان
بە ئازادی لە ئوسترالیا ئەسوڕایەوە. بەداخەوە جێرمی نەیتوانی ئەوە بەدی
بهێنێ، بەڵام تۆ ئەتوانی.

کەیسی جولیان ئەسانج یەکێکە لەو کەیسە سەرەکیانەی کە حکومەت و سەرۆک
وەزیرانێکەتی پێ هەڵئەسەنگێندرێ. لە ڕاستیدا چاوەڕوانیم ئەوە بوو کە
یەکەم سەفەری خۆت و وەزیری دەرەوە، بۆ سەردانی زیندانی بیڵمارش بێت لە
بەریتانیا بۆ دیداری جولیان. سەفەرێکی لەم جۆرە، پەیامێکی ڕوونی ئەنارد
بۆ هەردوو حکومەتی بەریتانیا و ئەمریکا، لە کاتێکدا کە ئازادی جولیان
ئەسانج خواستێکی بەربڵاوی زۆربەی دانیشتوانی ئوسترالیایە، کە ئەیانەوێ
جولیان ئەسانج هەرچی زووترە ئازاد بکرێ.
لە کاتێکدا کە دادگا لە بەریتانیا بڕیاری داوە و تەسلیمکردنی ئەسانج بە
ئەمریکا لە ئان و ساتدایە، کات گرنگییەکی بێ وێنەی هەیە لەم
مەسەلەیەدا. بۆیە وەک تاکێکی ئوسترالی داواکارم کە هەموو هەوڵ و
تواناکانی خۆت و حکومەتەکەت بخەیتە گەڕ، بۆ ئازادی جولیان و گەڕانەوەی
و کۆتایهێنان بەم کێشەیە.
بە هیوای لەم یەکەم سەفەرەتدا بۆ ئەوروپا، دوای مەدرید و پاریس، یەکسەر
بچی بۆ لەندەن بۆ زیندانی بیلمارش و چاوت بە جولیان بکەوێت. بە هیوای
ئەوەی کە خۆت و حکومەتەکەت چی لە تواناتاندایە بیکەن بۆ هێنانەوە و
ئازاد کردنی جولیان، کە ئوسترالییەکی زۆر شایستەیە و پیویستە لە وڵاتی
خۆیدا بێ و ئازاد بێ. تۆ لە تواناتدایە کە کۆتایی بەم دڕندایەتییە
بهێنی لە دژی ئەم ئینسانە گەورە و بێ تاوانە.
ئاواتەخوازم هەرچی زووترە جولیان ئەسانج لە وڵاتی خۆیدا بە ئازادی
ببینم.
چاوەڕوانی وەڵامی بەڕێزتم.
ڕێزی زۆرم
عامر سابیر
ئەدرەس و تەلەفۆن و فاکس و ئیمەیڵ:
______________________________________
تێبینی:
جولیان ئەسانج، جۆرنالیستێکی پێشکەوتووخواز و ئینسان دۆستی ئوسترالییە،
کە دامەزرێنەری وێب سایتی (ویکی لیکس)ە، کە زۆر دۆکیومێنتی سڕی وڵاتانی
جیهانی بڵاوکردەوە، بە تایبەت دڕندایەتی و کوشتنە بە ئەنقەستەکانی
سوپای ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان و ڤیدیۆکانی ئەو تاوانانە.
ئەمریکا بڵاوکردنەوەی ئەو دۆکیومێنتە نهێنیانە، بە خەتەری ئەمنی قومی
پێناسە ئەکات و داوای ١٧٥ ساڵ زیندانی بۆ جولیان ئەسانج ئەکەن، وە
هەندێ لە لیپرسراوانی ئەمریکا، داوای تیرۆرکردن و لەناوبردنی ئەسانچ
ئەکەن بە هەرڕێگەیەک بۆیان بکرێت.
ڕۆژی پێنجشەم ٢٨\٧\٢٠٢٢ سەعات ١٢ی نیوەڕۆ لە بەردەم پەرلەمانی
ئوسترالیا لە کانبیرا، خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی و ئازادی جولیان ئەسانج
بەڕێ دەخرێ.
لە ٢١\٥\٢٠٢٢ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئوسترالیا ئەنجامدرا و ئەنتۆنی
ئەلبەنیزی بردییەوە و بوو سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا. ئەلبەنیزی لە باڵی
چەپی حیزبی کریکارانە کە ئێستا دەسەڵاتی بەدەستەوەیە.
ماڵپهڕی عامر سابیر
|