په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٨\٢٠١١

نامەیەک بۆ خالیدى خولەسوور.

لە ئەندامێکى (کەمپینى رادەستکردنى تۆمەتبارانى ئەنفال بۆ بەردەم دادگا)ەوە.

 

هیوا ره‌ش     

 

هەروەکو ئاگادارن کە چ چەلەحانێیەکى بەردەوام لەکاردایە لە نێوان داڵدەچییانى ئەنفالچییان و قوربانییەکاندا ، ڕۆژانە چەقۆى ئەنفالى سەرۆک و فەرخە سەرۆکەکانمان بە هەستى ئێمە دەمەزەرد دەکرێتەوە و لە کالانى ئەنفالچییەکاندا دەبریسکێتەوە ، بێمنەتى ئەنفالچیى و بێباکیى داڵدەچییەکانیان ، تاوانى ئەنفالى خستۆتە پەراوێزەوە .

کاکە خالەى خولەسوورى غەوارە ، زۆرم پێخۆش بوو کەوتیتە بەردیدى بینەرانى شاشەى تەلەفزیۆن ، لێ ئەوەى نیگەرانى کردم ، نەزانانە ئاخافتیت و وەکو مارکەى نوێى کەلوپەل ، گەرەنتى بێتاوانى خۆت بە گوێماندا دا گوایە ئەموئەو مۆرى سەرمۆریى بێتاوانییان پێتانەوە ناوە ! بێگومان ئەو گەرەنتییەش چەشنى مارکەکان بۆ هەتاهەتا نییە و ڕەنگە ماوەیەکى کەم بخایەنێت و بەسەر بچێت ، پێم وایە لەگەڵ زیاتر تۆکمە بوونى پایەکانى دیموکراسى و سەروەرى یاسادا ، ئیتر شتێک ، کەسێک ، بزوتنەوەیەک ، حیزبێک و سەرۆکێک نامێنێ و ناتوانێ گەرەنتییەکەتان بەردەوامیى پێ بدا .

لام نامۆ نیە کە خۆت بێتاوان پیشانمان بدەیت ، ئێمەش لە کاتى ڕاگەیاندنى کەمپینەکەماندا ، پێمان باش بوو لە برى - تاوانباران - ڕەچاوى ئەوە بکەین کە تۆمەتبار بێتاوانە تا ئەو کاتەى تۆمەتەکەى بەسەردا ساغ دەبێتەوە ، بۆیە - تۆمەتباران - مان بە شیاوتر زانى بەرامبەر هەموو ئەوانە بەکارى بهێنین کە دادگاى باڵاى تاوانەکانى عێراقى فیدراڵ داواى کردوون ، لەم ڕوانگەیەوە منیش دەستى بێتاوانیى جەنابت دەگووشم و بەهیوام چیت وتووە و چۆنت سەلماندووە و چەندێک قەرزت بەسەرمانەوەیە ، نەزاکەت و پاکیى خۆت لەبەردەم دادگادا یەکلا بکەیتەوە ، تا ئێمەش لە حزورى تەمەنى خوێناویتدا سەر دابنەوێنین !

ئەگەر تۆ هێندە پاک و نیشتمانپەروەرى بێغەوشیت ، دیارە دەبێت کەسوکارى 182 هەزار ئەنفالکراو کڕنوش بۆ ویسامى ڕافیدەین و نۆتى شوجاعەت بەرن ، قەسەم بە ڕیشى تۆ بخۆن و لەسەر بەڕماڵى جاشایەتیت نوێژ بکەن ، قوربان ، منیش پێم ڕاستە کە تۆ ( نیشتمانپەروەر ) ى بێعار و بێعەیارى ، شۆڕش گێڕ بیت یان شۆڕش چەوت ! گرنگ ئەوەیە فورسانى فاریسولفورسان بوویت ، سەدوهەشتا و دوو هەزار ئەنفالکراو هەموویانت پەنا دابێت خۆ دوو کەست کردۆتە دیاریى سەر خوانى عۆجەییەکان ، بۆیەپێویستە سووکە میواندارییەکى دادگا بکەیت ، تا دادگا دارى خۆى هەڵبڕێ و تاژیى بەعس دەرکەوێت .

تۆش هەقتە و کوردەواریى خۆمان وتوویانە : ( کەس بە دۆى خۆى ناڵێ ترشە ) ، جا کە وایە بۆ دەبێت لە ڕێگەى پیاوماقوڵ و ڕیش سپى و کۆسرەت ڕەسول و مەسعود بارزانییەوە چاوەڕێى شەفاعەت و مەرحەمەت بکەیت ، خۆ ئێوە گوندەى بەعس بوون و جەستەى دەیان هەزار گوندنشینى کوردى بێتاوانتان لە قەسابخانەکەى قائیدولعروبەدا بە زیندوێتیى خستە چاڵەوە ، جا چ ئیجاب دەکات لەمولەو بپاڕێنەوە ؟ ! بەڵام دەبێت بزانن کە زەمەنى مەجلیسى قیادەى سەورە و عافوواتى ڕەئیسەکەى بەسەرچووە و باوى نەماوە ، بۆیە لە باتى خۆبادان بەوانەى بۆیان نیە گەمە بە مافى ستەملێکراوانەوە بکەن ، دەبوو بە ڕووزەردییەوە لەبەر پێى پیرەژنێکى کەسنەماوى لە ئەنفال گومناودا بهاتنایەتە چۆک و داواى لێبووردنتان بکردایە ، بەوە گەورە دەبووى ، نەک وەکو ئێستا خۆت چوووک بکەیتەوە .

تۆى کاک نەوشێروان ، فەتاح بەگى مام جەلال و قاسم ئاغاى کاک مەسعود ، هەریەکەتان خاوەن سەرکردەیەکى کاریزماى خۆتانن و لەوانەیە بە مردنى ئاساییش بمرن ، وەکو هەندێک لە هاونۆکەرەکانتان ( شەهیدان ) ەشتان بە پەنجا هێندەى قوربانییانى ئەنفالەکانتان بۆ ببڕنەوە ، ئێمەش گەل سەرکردەمانە و گەلیش مێژوو ، ڕۆژێک دێت مێژوو بێتە گۆ ، سەرکردە و جاشکردەکانیان ، بنکردە و بنکڕەکانیان ببنە میوانى شەرمنى دادگاى گەل ، ئەوسا تاوانبار بە جیا و داڵدەدران جیاتر ، هەریەکەو سزاى مێژوو وەربگرێ.

ئەم حیزبانە لە سایەى جاشەوە، ئێسکى ئەنفال دەکەنە ئاشەوە

جەستەیان ئەنجن ئەنجن دەهاڕن، دەیپەستنە قوڕگى داڵاشەوە.
 

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک