په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

نامەیەکی کراوە بۆ هەموو بەرپرسەکان،
ئەمە قەیرانی ویژدان و که‌رامەتە!

سەلام عەبدوڵا   


لە جیهان بە پلەی یەکەم قەیرانی ئابووری زاڵەو پرشی بەر کوردستان کەوتووە، بەڵام پاش خوێندنی هەواڵی زیادکردنی موچەی ئەندام پەرلەمانەکان پاش زیادکردنی موچەی وەزیرەکان، ئەم حەقیقەتە حاشاهەڵنەگرە بۆمان دەرکەوت کە لە کوردستان قەیرانی ئەقڵ و ویژدان و کەرامەتی مرۆیی ئەوانە هەیە کە قەت ماندوو نابن لەباس و دروشمدانی برایەتی، تەبایی، هاووەڵاتبوون و دادپەروەری کۆمەڵایەتی. ئاخر چۆن دەبێ ملیونان مرۆڤ لەسەر قەرز بژێن یان موچەکەیان لە 500هەزار تێنەپەڕێت و هەزاران پێویستیان هەبێت و بەردەوام لەبەردەم منداڵەکانیان رەنگیان زەردببێ و لەهەمان کاتدا موچەی وەزیرو ئەندام پەرلەمان بۆ7ملیون و500هەزار زیادبکرێ؟


فەرموون وەڵامی ئەم دوو پرسیارە بدەنەوە: بە گوێرەی کامە پێوەری ئینسانی، ئەخلاقی، کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەم کارە دەکەن؟ ئایا خەڵک بۆ گیرفان پڕکرن ئێوەیان هەڵبژاردووە؟


ئێوە بەو ئەقڵییەتە کچان و کوڕانی وەڵاتەکەمان نامۆدەکەن و درزێگی گەورە دەخەنە نێوان خۆتان و خەڵک. ئەوانەی ئێوەیان بەو پلەوپایە گەیاند، نەفرەت لەو رۆژە دەکەن کە ژیانی خۆیان و کەسوکاریان تاڵ و وێرانکردو بەشێوەیەک لە شێوەکان لە پێناو بەدیهاتنی گۆڕان خەباتیان کرد. دڵنیابن، ئەگەر ترس لەنانبڕین و هەڕەشەو پەراوێزکردن نەبێت، کێ لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگ بەم ناعەداڵەتییە دەدا؟! هەروا جارێکی تریش دڵنیاتان دەکەمەوە کە پلەو پایەتان ئەوەندی تر بەرزترو گەورەتر بێت، لەبەر جیاوازی شێتانەی نێوان موچەکەتان و موچەی بێکاران، کەمئەندام، پێشمەرگە، خانەنشین، فەرمانبەر، پۆلیس، سەرباز، رۆژنامەنووس و پاسەوانەکان، کەسوکاری ئەنفال، ئاوارەکانی بۆردومانەکانی ئێران و تورکیا هەزار پرسیارو گومانی جۆراوجۆر لەبارەی"حکومەتەکەی خۆمان" لە مێشکیان دەورووژێنن.


ئەوە چ یاسایەکە رێگا بە قووڵکردنی ئەو جیاوازییە لەنێوان موچەی ئێوەو موچەی هاوڵاتیان دەدا؟ ئایا ئەو یاسایە ناعەداڵەتی لەناو کۆمەڵگا ناچێنێ؟! هێزی خەڵک پەرتەوازو بێئومیدو رەشبین و بێزار ناکات؟ هەژاری و سۆزانی و ناپاکی و کێشەی ناو خێزان و لە ریزی گەنجان بە کچ و کوڕ زیادناکەن؟ ئەمە سووکایەتی نییە بە خەڵک دەیکەن؟ ئایا ئەمە چاوچنۆکی نییە ئەگەر بۆ نموونە بزانین کرێی کاری رۆژێکی کرێکاری بیناسازی 15هەزار دینارەو خزمەتگوزارێکی قوتابخانە بە گرێبەستی کاتی 100هەزار دینار بۆ مانگێک وەردەگرێ؟


گەورەترین دوژمنی سەرسەخت و تاوانباری ئەزموونی نوێی کوردستان نە رژێمی حکومەتەکانی دەوروبەرەو نە بەعسییە فاشیستەکانی بەغداو وسوریایەو نە دڕندەکانی قاعیدەیەو نە شوفێنیست و کوردکوژەکانی ترە، بەڵکو ئەو ناعەدالەتییەیە کە ئێوە بە تەلارو زۆری لەرادەبەدەری موچەو داهات و بازرگانی و گەندەڵییەکانە کە دەریدەبڕن وخەڵکیش چاوی لێیە. ئەگەر ئەمە بگۆڕن((ئێوە هەر قووڵتری دەکەن))، هیچ هێزێک نییە لە دنیا بەر بە ئاواتە دێڕینەکانی خەڵکی هەژاری کوردستان بگرێ. هەموو باسەکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسی و کۆمەڵگای مەدەنی لە بەردەم بڕیاری زیادکردنی کەلێن لەنێوان بەرپرس و خەڵک، سیس و لاوازو بێ نرخ دەکەن. لێرەدا دووبارە ئەم پێشنیارە دەکەم: جیاوازی لەنێوان موچەکان کەم بکەنەوە. ئەمە ئینسانیترو بە ئەمەکترو دڵسۆزترەو موستحیل و خەیاڵی نییە.
 

________________________________________________
 

ئەمەش دەقی هەواڵەکەیە کە لە سایتی چاودێر رۆژی 7/4/2009 وەرگیراوە:

 

موچه‌ی‌ پارله‌مانتارانی‌ کوردستان زیادکراوه‌.

بڵاوکرایه‌وه.‌ Tuesday، April 07له

رۆستایی: ئه‌و زیاد کردنه‌ به‌ یاسا بوه‌.
موچه‌که‌
7.500.000دیناره‌.
سایتی‌ چاودێر: زانا رۆستایی ئه‌ندامی‌ پارله‌مانی‌ کوردستان ئاشکرای‌ کرد موچه‌ی‌ پارله‌مانتارانی‌ کوردستان له‌ دوای‌ زیاد بونی‌ موچه‌ی‌ وه‌زیره‌کانه‌وه‌ زیاد کراوه‌، وتیشی‌ ئه‌و زیاد کردنه‌ به‌ یاسا بوه‌ و به‌ یاساش ده‌نگی‌ له‌سه‌ر دراوه‌..رۆستایی وتی‌: له‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ زیاد کردنی‌ موچه‌ی‌ پارله‌مانتاران بڕیاری‌ له‌سه‌ر دراوه‌، به‌ڵام بڵاو نه‌کراوه‌ته‌وه‌.
به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ که‌ روداو بڵاوی‌ کردۆته‌وه‌ به‌ پێی‌ زیاد کردنه‌که‌ موچه‌ی‌ پارله‌مانتاران ده‌گاته‌ حه‌وت ملیۆن و پێنج سه‌د هه‌زار دینار.

 

 

خانەقین

07701929872
dwaroj@yahoo.de