په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٣\٢٠١٢

نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان.

کامیل ژیر*     

 

ئاخۆ چی لەوە باشتر ئەبێ کورد مافەکانی بە ئاشتیانە و لە رێگه‌ی وتووێژەوە بەدەسبێنێ وەک لە زۆر بۆنەدا بەڕێزتان جەخت لەسەر ئەم چەمک و دید و بۆچوونە ئەکەنەوە!؟


من نازانم ئەم قسەیەتان بۆسیاسەتە ؟ یا لە تەواوی باوەڕتانەوەیە ؟ بۆ ھەر مەبەستێبێ ، ئەوا ھیچ کام لەو دەولەتانەی کوردستانیان داگیر کردوەو مافەکانی کوردیان زەوتکردوە ، نە بەم قسەیە ھەڵئەخەلتێ و نە ھیچ مافیکیش بەئاشتیانەو لەریگەی وتوویژەوە بەکورد رەوا ئەبینێ . بۆ راستیی ئەم قسەیەمان ، با ئاوڕێک لەمیژوو بدەینەوە : لەتیکچوونی دەولەتی مادەوە ، کام لە دەسەلاتدارەکانی تورک و فارس و عەرەب ، نەک مافی چارەنووس ، بەلکومافی خویندن و نووسینیشیان بەکوردی بەکورد رەوا بینیوە !؟ خۆ بەدرێژایی ئەو سەدان سالە کورد ھەر بە شەرو بەچەک داوای مافەکانی خۆی نەکردوە ! راستییەکەی ئەنجامی پێکەوە ژیانی کوردو ئەو نەتەوانە بە دریژایی میژوو ، نەک ھەر لەکاتی شەردا بەلکو لەکاتی ئاشتیشدا ، ھەر کوشتارو تواندنەوەی کوردو تالانکردنی سامانی سەرزەوی و ژێرزەویی کوردستانبوە .زلھیزەکانی دنیاش ، بە یەکیتیی سۆڤیتی جاران و روسیای ئیستەشەوە ، ھەمیشە ھەر لایەنگر و یارمەتیدەری ئەوانبوون.


ئەگەر لە دیوی ئاوەژووی ئەو چەمک و دیدو بۆچوونەشەوە ھەلویستەیەک بکەین ، ئەبینین کە ئەگەرجارجاریک کورد نیمچە مافیکی دەسکەوتبێ ، تەنیا و تەنیا لەریگەی ھێزەوە دەسیکەوتوە . لە عیراقدا : شۆرشەکانی شیخ مەحمودو راپەرینی ٦ ی ئەیلول وایکرد کە خویندنی سەرەتایی لەناوچەی سلیمانیدا بەکوردیبێ . شۆرشی ئەیلول (بەیانی ١١ی ئازار)ی وەبەرھێنا ، شۆرشی گولان و شۆرشی نوێ کارکردی یارمەتیدەربوو بۆ ئەم قەوارەیەی ئیستای ھەریم. لەتورکیاشدا لوولەی توفەنگەکانی پەکەکەیە رژیمی تورکی ناچارکردوە بۆ کرانەوەی دیموکراتیوئیستا دان بەوەدائەنین کە لەتورکیادا کوردیش ھەیە ، جارەناجاریکیش ئەگەر لە ھەلیکی ئاشتیانەدا دەسکەوتیکمان بۆ ریکەوتبێ وەک ئەوەی پەیمانی سیڤەر یا کۆماری کوردستان لە مھاباد یا دەستوورەکەی قاسم، ئەوا چونکە ئەوانە بە بازوەکانی کورد خۆی نەبوون و دواییش ھیزیکی چەکداری کاریگەری کوردی نەبوە بیانپاریزێ،زۆری نەخایاندوە بە کزەبایەک ھەموو گەلاکانیان ھەڵوەریوە .ئەومژدە خۆشەش کە لە وتاریکدا ئاماژەتان بۆکرد،ھەرچیبێ، ئەویش ھەر بەھێز ئەپارێزرێت !.. لەسەر ئاستی جیھانیشدا ، بۆ نموونە : ھاوسەنگیی ھیزی چەکداری ئەلمان و فەرەنسا کۆتایی بەکیشەی ئەلزازو لۆرین ھینا ، بۆمبا ئەتۆمیەکانی ئەمریکا کۆتاییان بە جەنگی جیھانیی دوەم ھینا . بەکورتی ، لەسەرەتای میژووەوە ، ھەر ھیزو چەک کارکردی یەکلاییکەرەوەی کێشەکانبوە . ئیستەش ئەو کۆمەلگە دەولەتی و مرۆییانەی گۆرانیی خۆشی ئاشتی و مافی مرۆڤ ئەچڕن ، لەھەر کاتیکیدی زیاتر گەشە بە ھەموو جۆرە چەکەکانیان ئەدەن!


لەسەرەتای سالی ١٩٩٤ەوە بۆنی خوینی شەری ناوخۆ ئەھات .وەک ھەولیک بۆریگرتن لەو شەرە، رۆژی ٣٠/٣/١٩٩٤ لە سەری رەش ھاتمە دیدارتان . یەکیک لە تەوەری باسەکانمان ئەوەبوو وتم باشترین ریگری لەو شەرە ، ئەوەیە پارتی و یەکیتی ببن بەیەک ، با ھەر ئێوە سەرۆک و مام جەلالیش سکرتیربێ و... ھتد پێشتریش رۆژی ٢٣/٣/١٩٩٤ لە قەلاچوالان بۆ ھەمان مەبەست دیدەنی بەرێز مام جەلالم کرد ، لە وەلامدا بەرێزتان سەرگروشتەی ئەو کابرایەتان بۆگیرامەوە کە لەگوێ دەریایەک ھەر بەجامێک ئاوی دەرئەھیناو رۆیئەکردەوە ناو دەریاکە !! لێیانپرسی ئەوە چیئەکەیت ؟ وتی ئەمەوی ئەم دەریایە بکەم بەماستاو ! وتیان جاچۆن ئەوە ئەکرێ ؟ وتی منیش ئەزانم ناکرێ، بەلام ئەگەر کرا ، ئاخۆ چ خێرێکم دەسئەکەوی َ !؟ئنجا وتتان راستە ئەگەر ئەو دوو حیزبە ببن بەیەک ئاخۆ چ خێریکمان دەسئەکەوێ ، بەلام ئەو بوونبەیەکە وەک ئەو ماستاوەیە !. ئەوەبوو دوای ھەلگیرسانی شەرەکەش ، لیژنەی کۆششی نەتەوەیی کەوتە ھەولیکی زیاتر بۆ راگرتنی ئەو شەرەو ھەندەی نەمابوو ئەو لیژنەیەش بکەویتە بەر دەزریژی کەمینیک و چارەنووسیان ببیتە چارەنووسی شەھیدی کوردایەتی و ھەولی ناوبژی خوالیخۆشبوو جەلالی حاجی حسەین کە ئیستا ناوی لەکولەکەی تەڕیشدا ناھێنرێ . ئیستە جێی خۆیەتی منیش بپرسم : ئایا مەسەلەی مافی کورد بەئاشتیانەو بەوتوویژ ، وەک ماستاوەکەی ئەو کابرایە نیە !؟یابەبێ ھێزیکی چەکداری ھاوتای ھیزی چەکداری عیراق ، ئەم قەوارەیەی ھەریمیش ھەمان چارەنووسی کۆمارەکەی مھابادی نابێ ھەرکاتێ عیراق کەوتەوە سەرپێو بوەوە بەعیراقەکەی جاران ؟؟ ئاخۆ ئیستە لەپایچی دەسەلاتی بەغداد لەمامەڵەیەکدا ھەر لە ئەمریکابایی ٣،٥ملیار دۆلار چەک ئەکڕێ؟ لەکاتیکدا لەژێر ھیچ ھەرەشەیەکی دەرەکیدانیە بەحوکمی ئەوەی ئەندامی UNە کە ئەبوو لەبەرامبەردا دەسەلاتی ھەولیریش نیو ئەوەندە چەکی بەرگریی بکڕیایە لەبەرئەوەی لەژیر چەندین ھەرەشەی دەرەکیدایە.


شاردراوە نیە کە بەدریژایی میژوو ، ماف ھەر بە زەبری ھیزوچەک سەندراوە . ئەگەر ھەندێ جاریش بە وتوویژ وەرگیرابێ، ئەوە لەپشتی ئەو وتوویژەوە ، چەک و ھێز ھەبوە .ئەم ھاوکیشەیە ھەر وابوەو ھەر وایەو ھەر واش ئەبێ. کوردواتەنی : کوتەک ئەزانێ قۆناغ لە کوێیە . بۆیە ئەبوو ئیستە لەھەندێ بۆنەدا بە سەدان دەبابەو فرۆکەی جەنگیەوە نمایشی سەربازی لە شەقامەکان و ئاسمانی ھەولیردا بکرایە ، بۆ ئەوەی لەترسی ئەو ھیزە ، مافەکانی کورد دابینبکرایەو بپاریزرایە و ھیچ نەیاریک پڕکێشی ئەوەی نەکردایە پێبخاتە خاکمان ، نەک لەبەرخاتری قسەی خۆشی (ئاشتیانەو وتوویژ!!) یا خۆخەڵەتاندن بەدەستوور کەھیچیان لێ سەوز نابێ.. بووجەی ھەریمیش ئەوەی تیائەبێ ئەگەر تالاننەکرێ. داھاتەکانی ھەریمی کوردستان ، بەبەراورد لەگەڵ رێژەی دانیشتواندا ، لە ھی ھەندێ ولاتی دەوروبەر زیاترە کەئەوان پێیبوونەتە خاوەنی ھەموو جۆرە چەکیکی زەمینی و ئاسمانی .. گوێش مەدەنە دەستوور ریگەی ئەوە ئەدا یانا؟ کێ لە عیراقدا کۆڵی بە دەستوورەوە ھەڵگرتوە ؟ ئەگەر دەستوور پەیرەو بکرایە ،ئەبوولەپیش ٢٠٠٧ەوە مادەی ١٤٠ جیبەجیبکرایە!! ئەوە لەبێھیزیی ئیمەوەیە کە ناوچە داگیرکراوەکان ناخرینەوە ئامێزی ھەریم . دەستوور لەم ولاتانەی دەوروبەردا ، وەک سەدام ئەیوت (پەڕەکاغەزیکە ئەمرۆ ئەنوسرێ و سبەینێ ئەدڕینرێ، دلنیام ئیوەش پیتانخۆشە ھیزیکی بەرگریی لەو جۆرەمان ھەبێ ، بەلام چاو ئەبینێ و دەس کورتە( العین بصیرة والید قصیرة) دواییش دێمە سەرئەوەی بۆچی ئەو دەستە کورتە ؟باجارێ ئاماژەیەکی خێرا بۆ حکومەتی ھەریم بکەین :


لەھەموو دنیادا خەلک بۆیە حکومەت ھەلئەبژیری ، بۆئەوەی ئەو حکومەتە فەرمانرەوابێ و یاسا سەروەربێ. کەچی لەم ھەریمەی ئیمەدا تا ئیستەش تەنیا دووحیزبەکە فەرمانرەواو سەروەرن ! ئەوەش گرێکوێرەی ھەموو کیشەکانە . ئەشێ بەریزیشتان ئەوەی پیخۆشنەبێ . بەلام ھەر پیخۆشنەبوون بەسنیە . ئەبێ یا ئەم دیاردەیە نەھێڵن ، یا ئەو سەرۆکایەتی ھەریمەتان قبووڵ نەبێ.چارەسەریش کاریکی ئە وەندە گراننیە . لە ھەلبژاردنەکانی داھاتوودا ، ھەر ھەلبژاردنێکی پاکژ ، لەھی پەرلەمانەوە تا ھی سەندیکا یەک ، چ لایەک زۆرینەی دەنگی ھینا با ئەو لایەنە دەسەلات وەرگرێ وئەوانیدی ببنە چاودێر بەسەر دەسەلاتەوەو واز لەو ھاوپەیمانیە بینن کە لەپیناوی دابەشکردنی ساماندایە . ئەوھاوپەیمانیە دریژەدانە بە دیاردەی شوومی پەنجا بەپەنجاو ھەموو گەندەلیەکان بە شەڕە شەرمەزارەکەی ناوخۆشەوە . بەلێ ھەر ئەو دیاردەیەیە بۆتە ھۆی ئەم ئەنجامە خراپانە:


١- یەکنەگرتنەوەی دوو ئیدارەکە بەتەواوی .ئاخر ئەمە ھەتاکەی !؟ ئیستە کەس نازانێ ئەم ھەریمە یەک حکومەتی ھەیە یا دوو!؟ راستیەکەی لە نیوان یەک حکومەتی و دوو حکومەتیدا حکومەتێکی کارا ونبوە ، یائەکرێ بلێین حکومەتیکی کەمئەندام(معوق)ھاتۆتە بەرھەم!! بەھەمانشێوە پەرلەمانیش !!.ئەم مۆدیلی دووسال بە دووسالەی حکومەت و پەرلەمانەش ھەر دریژەدانە بەدیاردەی شوومی پەنجا بەپەنجاکە!
٢- تالانکردنی سامانی ھەریم لەلایەن دەسڕۆیشتووی حیزبەکانەوە.ئەمەشیان تا کەی و کەی پڕئەبن !؟پێویستنیە حیزب بەسامانی گشتی بژی ، یاحیزب سوودمەندی یەکەمبێ لەپرۆژە گشتیەکان . لەدنیای دیموکراسیدا حیزب بەئابوونەی ئەندام و پرۆژەکانی خۆی ئەژی .ئیتر کاتی ئەوە ھاتوە کۆتایی بەو مۆدیلە حیزبیە بھێنرێ کە خەلکانێکی بێ بەرھەم کردویان بە خەڵوەتگەی پەککەوتوان(دار العجزە) بۆ بژێوی و دەولەمەندبوونی خۆیان!
٣- دروستنەکردنی سوپایەکی یەکگرتووی بەرگری و پڕچەککردنی، ئەی ئەمەیان بۆکەی !؟نابێ لەوەزیاتر چاوەروانی رەزامەندیی کەسانیدی ببن .ئەوە ئەرکی سەرۆکی ھەریمە و ئەنجامنەدانی لەئەستۆی ئێوەیە .
٤- رەھانەکردنی دەستی دیوانی چاودیری دارایی و پێکنەھێنانی دەزگایەکی پاکژی(نەزاھە)ی کارا بۆبنەبڕکردنی گەندەڵیەکان . تاکەی!؟
٥- چەندین و چەندین پرسیاریتری بێ وەلام .....


ئەوانەن بوونەتە ھۆی دەسکورتیەکە.


جگەلەوانە، لە رووی دەروونی(سایکۆلۆجی)شەوە ، وتاری (ئاشتی و وتوویژ) و پەروەردە نەکردنی تاکی کورد و سوپایەکی کوردی بە گیانی کوردایەتی شۆرشگیرانە، لە حەماسی نەتەوەیی و ئامادەیی بۆ خۆبەخشین لەپیناوی کوردستاندا، کەم ئەکاتەوە. بە بێ َحەماسی نەتەوەییش، ئەرکی ھیزی چەکدار، بەھیزی پیشمەرگەشەوە ، لەئەرکیکی وەزیفیی رۆتینی تیپەڕناکا و نابیتە ئەو ھێزەی لەرۆژی تەنگانەدا پشتی پێببەسترێ ھەرچی چەندێ ژمارەی زۆر و چەکی زۆربێ! کوردستانیش ھەر بریتینیە لەم ٣ پاریزگایە. ھیشتا کاروانەکە زۆری ماوە بگاتە مەنزڵ .


سەدام حسەین لەوتاری (خندق واحد ام خندقان)دا ئەلێ: ئەبێ کاریکی وابکەین کورد نە لەباری مادی(ھیزی چەک) نە لەباری مەعنەوی(دەروونی) نە لە ئیستاداو نە لەپاشەرۆژدا دەسەلاتی ئەوەی نەبێ لەعیراق جیابیتەوە- واتا دەولەتی سەربەخۆی خۆی نەبێ و ھەر کۆیلەبێ ! .نەبوونی سوپایەکی کوردیی پڕچەکی کاریگەر، خواست و ئاواتەکەی سەدام و ھەموو نەیارانی کوردە!


بە ھیوام ئەم چەند دێرە بە سنگیکی فراوانەوە وەرگرن و ھاوکارییەک بێ بۆ گێڕانەوەی ھاوسەنگی بۆ ترازوە لاسەنگەکان کە ئەوە ئەرکی سەرشانی ئێوەیە و ھیچ بیانوویک نابیتە پاساو بۆ ئەنجامنەدانی، ئەگینا مێژوو رەحم بە کەس ناکا.
لەگەڵ رێز و سوپاسم.

_______________________________________
* سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانی لە باشووری کوردستان.

 

ماڵپه‌ڕی کامیل ژیر

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک