٩\٣\٢٠١١
نامەیەکی کراوە بۆ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ''مەسعود بارزانی''.

مەناف کەریم
بەڕێز هەروەکو خۆتان دەیبینن لە سەرجەم عەرەبستان و ڕۆژهەلاتی ناوەراست
دا بارێکی شۆرشگێرانەی وەها هاتۆتە ئاراوە کە گەورەترین گۆڕانکاریی
مێژوویی بەسەر ناوچەکەدا دێنێ و بەدڵنیاییەوە کوردستانیش بەشێک دەبێت
لەم ڕێنیسانسە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستی یە وبەدوور نابێت لەکاریگەریەکانی.
دەسەڵاتی سیاسی لەکوردستاندا خاوەنی یەک کاراکتەری ناسیۆنالیستی
باوکسالاری ڕۆژهەڵاتی یە. بەداخەوە دەسەڵاتی سیاسی لەکوردستاندا لە
تەمەنی بیست ساڵی قەڵەمڕەوییدا نەیتوانی و نەشیویست نمونەیەکی
جیاوازمان لەدەسەڵات پێشان بدات لەوەی کەلەناوچەکەدا هەیە گەرچی
کۆمەڵگای کوردستان وەکو کۆمەڵگایەکی تامەزرۆی ئازادی ئەمەی زۆر پێویست
بوو و لەم ڕوانگەوە بنەماکانی هەنگاوێکی لەم چەشنەش لەئارادا بوو.
بەڵام ناسیۆنالیزمی وابەستەی کورد بەو کاراکتەرەوە کەهەیبوو نەیدەتوانی
بەکارێکی لەم چەشنە هەستێ. بۆیە هەر لەسەرەتاوە ئەوە چاوەڕوان دەکرا
لەم دەسەڵاتە کە خۆی لەبەرەی دژ بە خەڵکدا ببینێتەوەو وەهمی گەلی کورد
پێی بەکاربهێنێ بۆ یاری کردن بە ژیان و چارەنوسی خەڵکی کوردستان.
شەڕی براکوژی و هەژاری وبرسێتی جەرگبڕی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو و
هەڵاتن و ڕووکردنە هەندەران و گیان لەدەستدانی هەزاران لەلاوەکانمان
وناچار بوون بەژیانی ئاوارەیی ئەم دەسەڵاتەی نەهەژاندو نەیگەیاندە ئەو
باوەڕەی، لەدوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام وگۆڕانی باری ئابووریی کوردستان
چاکسازی لە دەسەڵاتدا ئەنجام بدات. ئەم دەسەڵاتە نەیویست تەنانەت ئەو
بارە مۆڵەق و ناسکە ڕەچاو کات کە کوردستان دەیگوزەراند، لە جێی ئەوەی
ئەو سامانە زۆرەی کە دەهاتە کوردستانەوە بۆ ساڕێژی زامەکانی خەڵکی
کوردستان بەکار بێنێ و ئەو کەمە ئازادی یە میللی یەی کەبەدەست هاتووە
پتەو تر کات و ترس و دڵەراوکێی خەلکی لەشەری میللی بڕەوێنێتەوە، بەڵکو
ئەو ترسەی زیاتر دەکرد و و کێشەی میللیی وەکو ئامرازێک بۆ دەسکەوتی
سیاسی و حیزبی بەرتەسک وابەستە کردنی زیاتری خەلکی کوردستان بەخۆی و
حیزبەکانیەوە بەکار دەهێنا و ئەو سامانەی بە هەدەر دەدا.
لەبری چارەسەری ڕیشەیی و مرۆیی یانەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، دەستی
دەستی بەم کێشانەوە دەکراو وەکو پەروەندێکی بێ گیان تەنها
لەهەڵبژاردنەکاندا ڕوح دەکرایەوە بەبەریاندا. لە هەرێمێکدا کە لە
لوبنان و ئوردون و فەلەستین پێکڕا سامانی زیاتری تێدا دەگوزەرێ،
خەڵکانێک هەن لەبرسانداو لەبەربێدادی پەنا دەبەنە بەر خۆکوژی، ئەی "جەنابی
سەرۆک"، ئایا لەکوێی دونیادا بووە موچەخۆر مانگانەکەی بەشی کرێی
خانوەکەی نەکات! کاتێ دەسەڵاتێکی دەوڵەمەند بە مووچەخۆرانی ئەوەندە
مووچە نەدات کەبتوانن ژیانی مرۆیی خۆیان و خێزانیان زیندوو ڕاگرن، ئەوا
ئەو دەسەڵاتە هەزاران نیشانەی پرسیاری دێتە سەر.
ئەمڕۆ دەرگای حیزبەکانتان بوونەتە تەنها دەروازەیەکی ژیان و هیچ کارێک
ناچێتە پێش ئەگەر سێبەری حیزبی لەپشتەوە نەبێت. هەڵمەتی بە حیزبی کردنی
هاوڵاتیان زۆر زەق و بەرچاوەو کولتوری بەعس لە بە حیزبی کردنی هەموو
کۆمەڵگادا هێشتا لە کوردستاندا بەسەروەری ماوەتەوە و پەیڕەوکەری هەیە.
مرۆڤەکان لەم وڵاتەدا ڕۆژانە هەستی مرۆییان دەکوژرێ و دەکرێنە بەشێک
لەو ماشێنە حیزبی یەی کە نیوەی بودجەی کوردستان بۆ خۆی بە مفتە دەبات.
جەنابی سەرۆک ئێوە بەدرێژایی ئەم بیست ساڵەی دەسەڵاتتان هەرگییز
هەوڵتان نەداوە ژیانێکی دەستوری لەکوردستاندا سەروەر بێت، بەڵکو
بەردەوام لەسەر ئەوە کارتان کردوە کە دەسەڵاتێکی شموولیی حیزبی
لەکوردستاندا بەرقەرار بێت. ئاکاری ئەم ڕوانگەیەش بەزیانێکی گەورە بۆ
خەڵکی کوردستان تەواو بووە.
لە هەناوی حیزبەوە نەک هەر دوو حکومەت و ئەدایەکی سیاسی نەخوێندەوارانە
و ملکەچی ی سیاسی درووست بوون، بەڵکو دەیان هەزار مشەخۆر هاتوونە دەر
کە "مەسئوول" یان پێ دەڵێن و هەروەکو حیزبی دایک کەوتونە جەستەی شەکەتی
کۆمەڵگای کوردستان و ئەوەی لێی خورابێ خواردویانەو لە جێشیدا گەندەڵی و
لەشفرۆشی ئیداری و سیاسی یان بڵاو کردۆتەوە . ئایا پێت وا نیە کە تۆ
وەکو سەرۆکی حیزب و هەرێم بەرپرسی لەم ڕووداوانەو دەیان ناهەقیی تر کە
رۆژانە بەرامبەر بەهاوڵاتیان ئەنجام دەدرێن. ئایا پێت وانیە کە هەموو
ئەمانە بەسبن نەک هەر بۆ خۆپێشاندان بەڵکو بۆ ڕاپەڕین و شۆڕشیش.
ئایا پێت وا نیە کە تائێستا وەکو بێگانەیەک سەیری کوردستانت کردبێت و
لە هاواری بەردەوامی خەڵکەکەی تێنەگەیشتبی. بەداخەوە چ ئێوەو چ جەنابی
تاڵەبانیش پشتتان لە جەماوەرەو ڕووتان لە ئەمریکایە و پایەداری خۆتان
لە پشتیوانی ئەمریکادا دەبینیەوە نەک جەماوەری کوردستان و پیتان وایە
دڵسۆزیی زیادتان لەخزمەت کردن بە ئەمریکا ئەو پایەداریەتان پێدەبەخشێ،
نەک خەڵکی کوردستان.
ئەمانەتان هەموو بەبیر دێنمەوە، چونکە پێم وایە بەبێ هەڵوێستەیەکی جیدی
لە سەر ئەم کارنامەیە، ئەستەمە بتوانرێ خوێندنەوەیەکی دروست بکرێت بۆ
ڕوداوەکانی ئێستا.
بەڕێز گۆڕانی سیمای سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە حەتمیەتی مێژوو و
هەر ڕوودەدات، بەڵام شێوەی مامەڵەکردنیش لەگەڵ ئەم حەتمیەتەدا بۆ
دەرچوون بەکەمترین زیانەوە جورئەت و هۆشیاریەکی مەزنی دەوێت.
بە ڕوحی بەرپرسیاری و خەمخۆریەوە و بۆ بەرگرتن
بە خوێنڕشتن لە کوردستاندا و لەبەر ڕۆشنایی ئەزموونی شۆڕشەکانی
ناوچەکەدا ئەم تێبینی و پێشنیارانەتان دەخەمە بەردەست:
١- لە ئەنجامی بیست ساڵ لە بەڕێوەبردنی ناتەندوروستی کوردستان کەندێکی
مەزن لەنێوان خەڵک و (بەرلەهەموان لاوان) و دەسەڵات دروست بووە.
زۆرینەی خەڵکی کوردستان نەک هەردەسەڵات بە خۆیان نامۆ دەبینن، بەڵکو
خۆیان لە دژایەتیی ئەو دەسەڵاتەشدا دەبیننەوە. لاوان لەهەموو کونجێکی
ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەم کۆمەڵگەیەدا خۆیان لەبەرامبەر سیستەمێکی
سیاسی-کۆمەڵایەتی ئامادەو وشک هەڵگەڕاودا دەبیننەوە کە نەک هەر بە دیدو
ڕێجکەی ژیانی ئەوان نامۆیە، بەڵکو ڕۆژانە هەست بەفشاری بەردەوام دەکەن
بۆ ملدان بەو سیستەمە ژیان لە سایەیدا.
٢- ئەمریکا دۆستی هیچ کەس نی یە، ئەو تەنها دۆستی بەرژەوەندیەکانی
خۆیەتی. دۆستایەتی ئەمریکا لەمرۆوە بۆ سبەی دەگۆڕێت. ئەمریکا لە پێناو
بەرژەوەندی یەکانی دا هەر ڕۆژە بەخۆدا دەچێتەوەو سیاسەتی دەگۆڕێ و
دۆستە کۆنەکانی دەکاتە قوربانیی گۆڕانکاری یە نوێکان.
٣- پرۆپاگەندەی چەواشەکەرو ناوزراندن و هەڕەشەو توندو تیژی و هێزنواندن
لەبەرانبەر شۆڕش و ڕاپەڕیندا نەک هەر کاریگەریی نیە بەڵکو هەموو
پردەکانی ووتووێژ دەڕوخێنێ.
٤- لە بارودۆخی وەهادا ڕوداوەکان بەخێرایی یەکی هێندە مەزن ڕوودەدەن،
کە پێشنیارەکان بەر لەوەی بخرێنە ڕوو کۆن دەبن و شۆڕش بەسەریاندا
تێدەپەڕێت. بۆیە تەنها ڕێگای ئابڕوومەندانە بۆ دەرباز بوون، ڕەخنەیەکی
قووڵ و ڕیشەیی یەو هەنگاونانێکی ڕاستگۆیە بەرەو جەماوەر و
داواکاریەکانی و بەدوور لە هەر دەستی دەستی و گەمە پێکردنێک.
لە پێناو فەراهەم کردنی بنەمایەکی دروست
بۆگۆڕینی هێمنانەی هاوکێشە سیاسیەکان و بەدوورگرتنی کۆمەڵگای کوردستان
لەشەڕ و کوشتار و دوژمنایەتی و پارچە پارچە بوون پێویستە:
١- دەسەڵاتی سیاسی بە خودی سەروکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و ڕابەرایەتی
هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار و نەوشێروان مستەفاش بە فەرمی داوای لێبووردن
لە خەڵکی کوردستان بکەن بۆ شەڕی براکوژی و خراپیی ئادای سیاسی و ئیداری
و دارایی دەسەڵات و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و ئەو ناهەمواریانەی
بەرانبەربە خەڵک ئەنجامدراون.
٢- هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئۆڕگانەکانی دەسەڵات لە سەرۆکایەتی هەرێم و
حکومەت وپەرلەمان و درووستکردنی کۆمیتەیەکی ڕابەرایەتی بەرفراوان کە
هەموو لایەنەکان بە یەکسانی دەنگ و بەدەر لەقەوارەیان لەخۆبگرێت و
نوێنەرایەتی لاوان لەم کۆمیتەیەدا بەپێی ڕێژەیان لەچاو دانیشتوانەوە
بێت. ئەم کۆمیتەیە تەمەنی شەش مانگ دەبێت و بەرزترین یەکەی دەسەڵات
دەبێت لە کوردستاندا ولەگەڵ درووست بوونیدا دەست بەکار دەبێت بۆ
ڕاستکردنەوەی هەموو نالەباریەکانی ناو کوردستان و بۆ ئەمەش ئەم
هەنگاوانە دەگرێتە بەر:
ا- درووست کردنی حکومەتێکی تێکنۆکرات کەکاری بەڕێوەبردنی ژیانی سیاسی و
ئیداری کوردستان دەبێت.
ب- دامەزراندنی دادگای باڵایەکی تەمییزی بێ لایەن و سەربەخۆو جێی
باوەڕی خەڵکی کوردستان.
ج- کۆتا کردنی دەستی حیزب لە هەموو بوارەکانی وەکو دادوەری و ئیداری و
ئەمنی و سەربازی و پەروەردەو خوێندن لە هەرێمی کوردستان و یەکخستنەوەی
دەستبەجێی یان لە هەردو ناچەی ژێردەسەڵاتی یەکێتی و پارتی.
د- کۆتاکردنی دەستی حیزب بەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی خەڵکەوەو ڕێگرتن لە
مۆنۆپۆل کردنی هزری خەڵک.
ه- دامەزراندنی هەیئەتێک بۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی و دادگایی کردنی
بەرپرسیارانی.
و- هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو یاسایانەی کە دژ بە بەرژەوەندی هاوڵاتین،
یان هەڵاواردنیان تیایە و بەرژەوەندی دەسەڵات و ئۆرگان و کەسەکانی
بەشێوەیەکی تایبەت ڕەچاو دەکەن.
ز- دامەزراندنی هەییئەتێکی پسپۆڕو بێلایەن بۆ ئامادە کردنی ڕەشنووسی
دەستوور کە لەژێر چاودێری کۆمیتەی ڕابەرایەتی و دادگای گشتیدا دەبێت.
٣- ئازادکردنی هەموو گیراوە سیاسیەکان و هەڵگرتنی هەموو بەربەستەکانی
بەردەم ئازادی یە سیاسی و مەدەنی یەکان.
٤- واڵاکردنی دەستی ڕۆژنامەگەری و هەلوەشاندنەوەی دەستبەجێی هەر
یاسایەک کە سنوورداری دەکاتەوە.
ئازادی ڕۆژنامەگەری پێوەری ئاستی تەندروستی سیاسی هەر کۆمەڵگایەکە.
هەربەرتەسککردنەوەیەکی ئەو ئازادی یە گەواهی لە دیکتاتۆری و سەرکوتی
سیاسی دەدات.
بە هیوای تەندروستیتان.
____________________________________________________
رووکردنەوەیەکی
پێویست:
ئەم نامەیە لە ٢٧-٢-٢٠١١ نووسراوەو لە ٢٨-٢-٢٠١١ بەمەبەستی بڵاوکردنەوە
بۆهاوڵاتی و لە ٣-٣-٢٠٠١ بۆ گۆڤاری لیڤین نێردراوە بەڵام لەبەر هەر
هۆیەک بێت تا ئێستا بڵاونەکراوەتەوە. دواکەوتنی گەیشتنی ئەم نامەیە بە
ڕای گشتی کوردستان هاوڵاتی و لیڤین بە رپرسیارن لێی.
٨\٣\٢٠١١
manaf.karim@yahoo.com
|