په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٧\٢٠١١

نامەیەکی کراوە سەبارەت بە پێنج منداڵی بێ ناسنامەی کورد لە باشووری کوردستان.


بۆ بەڕێزان:
- سەرۆکی هەرێمی کوردستان..
- سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان..
- سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان..
- سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارە دڵسۆزەکان..
- کەسایەتی و رووناکبیرە خەمخۆرەکانی مافی مرۆڤ..


ئەم کاتەتان باش..
بەڕێزان تکایە بە خوێندنەوەی ئەم نامەکراوەیە سەرتان سووڕنەمێنێت و تووشی شۆک نەبن، ئەوەی لەم نامە کراوەیەدا هاتووە، ئەوە سەد دەر سەد راستەو زۆر بەداخەوە لەم هەرێمەی ئێمەدا، تا ئێستا منداڵی وا هەبن بێ ناسنامەبن و لە خوێندن بێبەش بن و کەسیش ئاوڕێکیان لێ نەداتەوە، بە کورتی ئەم (5) منداڵە کە ئێستا لەگەڵ دایکوباوکیاندا لە یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شارۆچکەی پردێ نیشتەجێن، لە ئەنجامی هەڵەیەکی باوک و دایکیانەوە لەم دونیا پان و بەرینەدا لە هیچ تۆمارگەیەک و لە هیچ شوێنێک ناویان تۆمار نەکراوە، چونکە بە فەرمی هاوسەرگیرییان نەکردووەو تۆماری رەگەزنامەی ئافرەتەکەش نادیارە. کێشەکەیشیان بەم شێوەیەیە:


باوکی ئەم منداڵانە خەڵکی هەولێرەو ناوی (یونس عەوڵا کامل)ـەو دایکیشیان ناوی (ماهرە کاتب تاهیر)ە، لە ناوەڕاستی نەوەدەکان ئەم ئافرەتە عەرەبەی کە لە عەرەبە هاوردەکانی کەرکوکە هەڵگرتووەو لەگەڵ خۆی بۆ هەولێری هێناوە. ئێستا ئەم پێنج منداڵەیان هەیە بەناوەکانی:


1. سەمیر یونس عەوڵا لە دایکبووی ساڵی 1997.
2. ئەمیر یونس عەوڵا لە دایکبووی ساڵی 2000.
3. نەورۆز یونس عەوڵا لە دایکبووی ساڵی 2002
4. کامل یونس عەوڵا لە دایکبووی ساڵی 2005
5. وەنەوشە یونس عەوڵا لە دایکبووی ساڵی 2009.


من وەکو رۆژنامەنووسێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان زیاتر لە ساڵێکە دەرگا نەماوە لێی نەدەم و هەر شوێنێکم شک بردبێت، سەرم پێداکردووە، پارێزەرو دادگاشم تاقیکردۆتەوە، بەڵام هەر بێسوود بووەو هیچم بۆ نەکراوە کە بۆ ئەم پێنج پەپوولە چاوگەشە بیکەم، چونکە ماڵی باوکی کچەکە لە کەرکوک نەماون و شوێنی نیشتەجێ بوونیان لە ئێستادا نادیارەو ئافرەتەکەش کاتی خۆی ناسنامەی لەگەلڕ خۆی نەهێناوە.


بۆیە وا بە ناچاری ئەم نامە کراوەیە ئاراستەی ئێوەی هێژاو بڕیار بەدەست دەکەم و تکام وایە کە ئەم نامەکراوەیە بە وەڵام نەدراوەیی نەمێنێتەوەو بەهەر شێوەیەک بێت، چارەسەرێکیان بۆ بدۆزرێتەوە، لەبەرئەوەی ئەمە ئاییندەی (5) مرۆڤە لەم وڵاتەدا. باوەڕیش ناکەم یاسایەک نەبێت ئەم کێشەیەی پێ چارەسەر نەکرێت، بەڵام پێویستی بە بڕیارو بەدواداچوونی ئێوەی بەڕێزە.


هاوکاری و بە دەنگەوەهاتنی ئەم منداڵانە، ئەرکێکی مرۆیی و نەتەوەیی و نیشتیمانییە.

لەگەڵ رێزی دووبارەم..


رابەر رەشید - کەرکوک - شارۆچکەی پردێ
07701262254
rabersaley@yahoo.com

 

ماڵپەڕی رابەر رەشید

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک