١٢\٦\٢٠١٦
نامەیەکی کراوەی
بەپەلە بۆ دەمیرداش.

کامیل ژیر
با ئەمجارە مێژو خۆی دوبارەنەکاتەوە! با جارێکیکەش سەرکردەکانی کورد
نەبنە مەڕی قوربانی وەک سەرکردەی ئەو میرنشینیانەی بەپێی خۆیان چونە
پایتەختی داگیرکەران و کوژران، یا وەک قازی، وەک چوار ئەفسەرەکە، یا
وەک ئوجەلان کە بە کڵاوێک گیراو ئێستا باجی ئەو هەڵەیەی ئەدا کە نەچوە
قەندیل!. ئەوە ئێوەی پەرلەمانکارەکانی هەدەپە، بۆچی وا بێخەم پاڵتان
لێداوەتەوە!؟ نابینن ئەردۆگان چۆن تەڵەتان بۆئەنێتەوەو دوای ئەم
لابردنی پارێزبەندییە ئەتانخاتە زیندانێکی تاریکتر لەوەی ئوجەلان!؟
بەتەمای ئەوە نەبن گوایە رای گشتی جیهانی
لەسەرتان هەڵبداتێ و فریاتان بکەوێ. ئیتر
لەوە زیاتر شوێن کڵاوی بابردوی خەباتی
دیموکراتیک مەکەون. ماف لە لولەی چەکدایە. هەڵەیەکتانکرد مەیکەن بە دو،
بەوەی پارتەکەتان کرد بەپارتێکی تورکی لەپێناوی چەن کورسییەکی زیاتری
پەرلەماندا! ئێ، بەوە بونبەچی!؟ دیارە ئێوە هیچ پەندێکتان لەئێمەی
باشور وەرنەگرتوە کە ٩٠ ساڵە گەمەی پەرلەمان
ئەکەین لەبەغداو لەو رێگەیەوە هیچمان بەهیچ نەکردوە! ئێستەش ئێوە فریای
خۆتانکەون، خۆتانمەدەن بەدەستەوە. هەرچی زوترە یەکێک لەم رێگایانە
بگرنەبەر:
١- خۆتان
بشارنەوەو دەسکەن بە خەباتی ژێرزەمین تا هەلتان بۆئەڕەخسێ بۆ گرتنەبەری
یەکێک لەم دو رێگەیەیتر.
٢- بچن بۆ
دەرەوەی وڵات و پەرلەمانەکەتان بکەن بەپەرلەمانی باکور لەتاراوگە.
٣- خۆتان
بگەیەننە قەندیل و لەسەر ئەو چیایە ئاڵای دەوڵەتی باکوری کوردستان
هەڵکەن. ئەشێ ئەم رێگەی سێیەمە باشترینیانبێ، بەتایبەتی ئێوە رەوایەتیی
یاساییتان هەیە بۆ ئەو کارە، چونکە هەڵبژێردراوی گەلی باکورن.
ماڵپهڕی کامیل ژیر
|